كێ دەزانێ خانمی یەكەمی هەرێم هەیە یان نا؟

Sunday, 05/09/2010, 12:00

1452 بینراوە




لێرە و لەوێ لەسەر پرسە كۆمەڵایەتی و چارەنووس سازەكان قسە دەكرێت و پیاوان وەك هەمیشە بەكۆمەڵی قسەی بریقەدارەوە پێشوازی لە رۆژی جیهانی ژنان(8ی مارس) دەكەن ، كەچی دواجار ئامادەنین هەر ئەو رۆژە پیرۆزبایی ئاڕاستەی ژنەكانیان بكەن و چەند قسەیەكی خۆشیان لەگەڵ بكەن، ئەو بەناو رۆشنبیر و سیاسیانەی كە لە شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە پیرۆزبایی بۆ ژنانی خەڵك دەنێرن و داوای ماف و ئازادی بۆ ژنانی خەڵك دەكەن، بەڵام ئامادەنین ماف و ئازادی بەژن و كچ و خۆشكەكانی خۆیان بدەن، لێرەوە من دەمەوێت ئەم بابەتە هەندێ لەشمولیەت دوور بخەمەوە و بیهێنمە سەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان و قسەی جدی لەبارەی بیرو باوەڕوی ئەو بەڕێزە بكەم سەبارەت بە پرسی ژن.
 ئایا سەركی هەرێمی كوردستانەكەمان باوەڕی بەئازادی ژن و مافەكانیان هەیە؟ ئایا تەنها لەو رۆژەدا پیرۆزبایی خۆی وەك سەرۆكی هەرێم ئاڕاستەی ژنان و رێكخراو و فیدراسیۆنەكانیان دەكات؟ یان لەرۆژانی دیكەشدا گرنگی بەكێشە و كەم و كوڕییەكانیان دەدات؟ ئەمانە كۆمەڵێ پرسیاری گرنگن و پێویستە ئێمە وەك هاونیشتیمانی لەخۆمان و خێزان و ژن و مناڵەكانمانی بكەین و بەدوای وەڵامی جدیدا بگەڕێین.
ئەگەر سەرۆكی هەرێمەكەمان مەسەلەی ژن بەگرنگ نەزانێ و بایەخی تەواوی پێنەدات، ئەوا لەسەر هەموو ژنان و ئافرەتان و خانمان (كە ئەمەش لە مەسەلەیەكی سیاسیدا دابەشكراوە) دەنگ بەو سەرۆكە نەدەنەوە و لەساڵانی ئایندەدا كەسێك هەڵبژێرن كە خەمخۆری ئەوان بێت، هەروەها گرنگی بە پرسەكانیان بدات و رێز لە پرۆژە و خەون و داواكاریەكانیان بگرێت و جێبەجێی بكات.
ئێستا من كەلێرە باسی بەڕێز مەسعود بەرزانی سرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەم، گومانم هەیە لەوەی كە ئەو بەڕاستی مەسەلەی ئافرەتی بەلاوە گرنگ بێت و بایەخی پێبدات، چونكە ئەوەندەی ئێمە دەبینین و ئاگادارین تەنها لە رۆژی جیهانی ئافرەتاندا بروسكەیەكی پیرۆزبایی دەنێرێت و لە هەموو كەناڵەكانی راگەیاندنی كوردیدا دەخوێندرێتەوە و تا یەك ساڵی رەبەق ئەو پیاوە بەڕێزە باسی ئافرەت ناكاتەوە، وابزانم خۆیشی لەبیری نامێنێت و بەیەك رۆژ پێش یادەكە دەیخەنەوە بیری، بەبەڵگەی ئەوەی تا ئێستا دیاردەی ژن كوژی بەناوی شەرەف و مەسەلەی ئەخلاقیەوە لە كوردستان ماوە و نەتوانراوە بنبڕ بكرێت، ئەوەتا دوعا و هەزاران دوعا لە پێدەشتە وشك و برینكەكانی ئەم خاكە هەزار بەهەزارەدا دەكوژرێن و كەسیش ئازاریان بۆ ناچێژێت، ئەسڵەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان تائێستا نەیهێشتووە خێزانە بەڕێزەكەی كە خانمی یەكەمی هەرێمەكەمانە دەركەوێت و كەسێك بیبینێت، یان ئەگەر رۆژی لەباشووری ئەفریقیا یان نەمسا یان ئوستورالیا بینیمان بیناسین و پێی بڵێین خانمی یەكەمی هەرێمی كوردستان ئێمەش خەڵكی خاكەكەی ئێوەین و گەر گەڕایتەوە كوردستان بەسەرۆك بڵێ ماف بە خوشك و دایكە مەزڵومەكانی ئێمەش بدات، یان تا ئێستا كێ بینیویەتی ئەو خانمە بەڕێزە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنێكەوە بێت و تەنها بڵێ "من وەك خانمی یەكەمی هەرێمی كوردستان لەم رۆژەدا پیرۆزبایی خۆم وەك خانمی یەكەم ئاڕاستەی هەموو ژنان و خانمانی كوردستان دەكەم و چاوی دایكی شەهیدان ماچ دەكەم".
خەڵكینە بەڕاست ئەم قسانە چیە من دەیانكەم؟ ئەسڵەن كێ دەزانێ خانمی یەكەمی هەرێم هەیە یان نیە؟ كێ دەزانێ خانمی یەكەمی هەرێم ماوە یان خوانەكا گوێی شەیتان كەڕبێ كردووە.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە