هەڵبژاردنی كوردستان چۆن بەڕێوە دەچێت؟ كێ گزیی وساختەكاریی دەكات؟

Wednesday, 01/07/2009, 12:00

2379 بینراوە


مانگێكی دیكە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردستان وسەرۆكایەتی هەرێم دەستپێدەكات. بڕوای زۆرینەی شارەزایان وەهایە هەڵبژاردنەكە لەهەموو لایەكەوە دەیسەلمێنێت هەڵبژاردنێكی ئاسایی نییە، وەك ئەوەی لەهەندێ لەوڵاتانی خۆرئاوایی بەڕێوە دەچێت، بەپێچەوانەوە لەژێر كڵاورۆژنەی ئەو واقیعەی هەر لەئێستاوە دەیبینین پرۆسەكە زیاتر شێوەی گەردەلوولێكی لەخۆگرتووە كە بەشێكی بەرچاوی وێنەی سیاسیی لەكوردستان لەگەڵ خۆیدا رادەماڵێت ولەجێگەیدا مۆدیلێكی دیكە چێ دەكات.
ساختەكاریی و گزیی
لەكوردستان هیچ هەڵبژاردنێك ئەنجام نەدراوە كەم تا زۆر ساختەكاریی تێدا نەبووبێت، زۆربەی جاریش دەوترێ هیچ هەڵبژاردنێك نییە لەم دنیایە بەبێ ساختەكاریی بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەوی دەگۆڕێت رێژەو قەبارەی ئەو ساختەكارییەیە ئەنجام دەدرێ. لەكوردستان لەهەڵبژاردنەكانی پێشوودا بەئەندازەیەكی بەرچاو ساختەكاریی ئەنجامدراوە كە زۆرجار ئەو ساختەكارییانە بەس بوون بۆئەوەی بڕوا بەئاكامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان نەكەین.
ئەگەرچی پارتی ویەكێتی رایدەگەیەنن پابەند دەبن بەیاساوەو ئامادەنین هیچ گزیی وساختەكارییەك بكەن، بەڵام تێبینی دەكرێت هەر لەهەنووكەوە لەئامادەكارییدان بۆ گزییكردن لەلیستەكانی تر، بەتایبەت ئەمجارە لەرێگەی رەشكردنەوەی دەنگی لیستەكانی ترەوە ژمارەیەكی زۆر لەدەنگی كیانەكان رەش دەكەنەوە، ئەمەش لەدوا ئاكامدا كار دەكاتە سەر ئەنجامەكەو بەقازانجی هەردوو حزبی باڵادەستی ئێستا دەیشكێنێتەوە، جیا لەمەش هەنووكە پێش ئەوەی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بەتایبەت دوای گەیشتنە یەقینی كەمبوونەوەی رێژەی دەنگدەران وكورسییەكانیان لەپەرلەمانی داهاتوودا رێگەی دیكەیان گرتۆتەبەر بۆ درێژەدان بەدەسەڵات ومانەوەی سەرچاوەی بڕیار لەدەستی خۆیاندا، پەسەندكردنی دەستووری هەرێمی كوردستان كە زۆر كەموكوڕیی تێدایە لەلایەن پەرلەمانێكی ماوە بەسەرچوو وشەرعیەت نەماوەوە جۆرێكە لەساختەكاریی وگزیی بۆئەوەی تا لیستەكانی تر نەهاتوونەتە پەرلەمان، مەودای دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم هەرچی زیاتر بكەن، چوون بەگوێرەی ئەم دەستوورە سەرۆكی هەرێم بۆی هەیە خودی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، هەروەك چۆن بەپێی ئەو دەستوورە سەرۆكی هەرێم فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەیەو دەتوانێت باری نائاسایی لەوڵاتیش رابگەیەنێت. دەكرا ئەم دەستوورە دوابخرایە بۆ پاش تەشكیلەی نوێی پەرلەمان، وەك "جەوهەر نامیق" وتی: حەوت هەزار رۆژە كوردستان بێ دەستوورە، با شەست رۆژی تریشی لەسەر بووایە. هەر بەم هۆیەوە هەندێك لەلیستەكان لەساختەكاریی دەترسن وپێیانوایە پارتی ویەكێتی بەهەر نرخێك بووە هەوڵدەدەن رێژەی دەنگی خۆیان زیاد بكەن، ئەوەش ساختەكاریی دەكاتە كردەیەكی پلە یەك. "موشیر سورچی" ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی پارێزگارانی كوردستان، رایدەگەیەنێت "ئێمە بەگومانین لەهەڵبژاردنەكانی ئەمجارەش، چوونكە لەهەڵبژاردنەكانی پێشوودا بەچاوی خۆمان بینیمان چ غەدرێكمان لێكرا لەسووتاندنی دەنگەكانمان، تەنانەت هەڕەشەی كوشتن لەئەندامانی حزبەكەمان كرا". بەبۆچوونی كارناسانی رامیاریش زۆرینەی گزیی وفزییەكان لەلیستی گۆڕان ولیستی خزمەتگوزاریی وچاكسازیی دەكرێن، چوون ئەو دوو لیستە بەهۆی بەهێزیی پێگەی جەماوەرییان دەتوانن دۆخی سیاسیی كوردستان تا ئەندازەیەكی باش بگۆڕن ودەسەڵات لەگەڵ دوو پارتەكە بەشبكەن وكۆتایی بهێنن بەتاكڕەهەندیی وتاك دەسەڵاتییان. ماوەتەوە بڵێم ئەگەرچی رێوشوێنی زۆریش گیراونەتە بەر، من وا بڕوا دەكەم هەڵبژاردنی 25 تەمووز بێبەش نابێت لەو هەوڵانەی پارتی ویەكێتی دەیدەن لەتەزویرات وگزیی، لاموانییە زیادەڕۆیی بكەین ئەگەر بەراشكاویی بێژین: هەڵبژاردن لەكوردستان ساختەكاریی لەكەداری دەكات، چوونكە پارتی ویەكێتی ئەگەر سەد رێگەیان لێبگیرێ سوودی نییە، چوونكە هەزار رێگەو رێچكەیان بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكردووە، بگرە ئەوان مامۆستای ساختەكاریی وگزیبازیین لەهەڵبژاردنەكاندا.
چاودێریی دەرەكیی و ناوخۆیی
یەكێك لەئومێدەكانی لیستە ئۆپۆزیسیۆنەكان لەوەدایە چاوی دنیا لەسەر كوردستان دەبێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بێجگە لەوەی لیستەكان خۆیان لەئامادەكارییدان بۆ چاودێرییكردنی وردی پرۆسەكە لەرێی دانانی ژمارەیەكی زۆری چاودێرانەوە لەبنكەكانی دەنگدان، ئەمەریكاو بەریتانیا وەك دوو زلهێزی جیهانیی لەنزیكەوە سەیری هەڵبژاردنی كوردستان دەكەن ولەوانەشە رازی نەبن پارتی ویەكێتی بەهۆی ساختەكارییەوە ئەنجامی راستەقینەی دەنگدانی هاووڵاتیان بگۆڕن لەبەرژەوەندیی خۆیان، ئەم راستییە لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختی لەسەر كراوەتەوە كەئەوان بەوردیی چاودێریی پرۆسەكە دەكەن ودەیانەوێ ئەو هەڵبژاردنە بەشێوەیەكی دیموكراتی بڕواتە پێشەوە. هەرچی ئەمەریكییەكانن بەهۆی ئەو دەسەڵاتەی لەناو عێراقدا هەیانە كاریگەریی پتریان دەبێت لەو راستایەدا. "لوسی تاملین"ی سەرۆكی تیمی ئەمەریكی بۆ ئاوەدانكردنەوە لەهەرێمی كوردستان، رایدەگەیەنێت "یەكێك لەكارەكانی ئێمە لێرە، چاودێرییكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنە، بۆ ئەمەش گوێ لەخەڵك دەگرین، بۆئەوەی بزانین چی دەڵێن، هەروەك چاودێریی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەش دەكەین، بۆئەوەی بزانین چۆن وبەچ شێوەیەك بەڕێوە دەچێت، بەم پێیە تێبینی هەر شتێك بكەین راپۆرتی لەسەر دەنووسین و بۆ باڵیۆزی ئەمەریكای رەوانە دەكەین لەبەغداو ئەوانیش لای خۆیانەوە بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكای بەرز دەكەنەوە". لەئاستی ناوخۆشدا بەوتەی "عەلی قادر"ی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، ئەوانیش بەئاگاییەوە چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكەن وهەر خروقاتێك رووبدات بێ چەندو چوون تۆماری دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوی پەیوەندیی بەناوەڕۆكی ئەم باسەوە هەبێت ئەوەیە: بێگومان ئەگەر ساختەكاریی رووبدات پارتی ویەكێتی دەیكەن، ئەگەر پارتی ویەكێتی ئەمجارە خروقات وساختەكاریی كەمتر لەپێشان بكەن، پەیوەست نییە بەباوەڕی ئەوانەوە لەهەمبەر پرۆسەیەكی ئاوها گرنگ، بەڵكو لەژێر گوشار وبەهۆی چاودێریی ناوخۆیی ودەرەكییەوەیە.
فشارو پاڵەپەستۆ
لەماوەی هەژدە ساڵی رابردوو، هەموو وەك تاك لەنزیكەوە ئاشناین بەگوشارو رێگرییەكانی پارتی ویەكێتی لەسەر هەموو دەنگەكانی دەرەوەی خۆیان، رێگەی توندوتیژ وجەنگیشیان داسەپاندووە بەسەر هەر هێزێك بیری لەگۆڕینی دەسەڵات كردبێتەوە یان ویستی هەبووبێت بۆ تاقیكردنەوەی شانسی خۆی لەفەرمانڕەواییكردندا. جیاواز لەهەموو ئیدعاكانی ئەو دوو حزبە باڵادەستەی ئێستا لەبارەی دیموكراسییەوە، هێشتا قوتاریان نەبووە لەكولتووری دیكتاتۆرە ناوچەییەكانی وەك بەشار ئەسەدو شاهەكانی كەنداوی فارس. لەگەڵ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردندا گوشارەكانی ئەو دوو پارتییە بۆ سەر هێزەكانی تر، توندیی زیاتری بەخۆوە بینیوە، قەدەغەكردنی لیستی هیوا كە بێگومان جۆرێك لەداخوازیی پارتی ویەكێتی تیابووە نموونەیەكە، بەڵام گوشاری راستەوخۆی یەكێتی بۆ سەر لایەنگرانی لیستی گۆڕان هەموو پێوەرێكی سیاسیی وئەخلاقی تێپەڕاندووە، تەنانەت ئەو پارتییە سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان لەسەر كار لادەبات، لەبەرئەوەنا كار بۆ گۆڕان دەكات، بەڵكو لەبەرئەوەی لێپێچینەوەی لەگەڵ سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەكە نەكردووە كە ناوی لەلیستی پاڵێوراوانی گۆڕاندایە. یەكێكی تر لەو سیاسەتانەی لەبەرامبەر هەڵسوڕاوانی گۆڕان پیادەی دەكەن، گواستنەوەو لەسەر كارلابردنی كادرانی سەربازیی وئەمنییە چ لەریزەكانی هێزی پێشمەرگە چ لەسنووری چالاكیی وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەتا بریكاری وەزارەتی ناوخۆی یەكێتی "جەلالی شێخ كەریم" بەراشكاویی دەڵێت "یەكێتی بڵێت كەسێك بگوازەوە چوونكە دژی من كاردەكات، ناچارم بیگوازمەوە". لەلایەكی ترەوە "مەلا بەختیار" كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەكۆبوونەوەیەكی لەگەڵ رێكخراوە پیشەیی ومەدەنییەكان وێڕای ناوزەدكردنی دەنگی میدیا ئەهلییەكان بەزەڕەی گوێدرێژو چوواندنی هەڵوێستی چوار حزبەكە بەكەری ناو جۆگە، هەڕەشەیان لێدەكات ورایدەگەیەنێت "لەدوای هەڵبژاردنی تازەوە چیتر ئەو هەڵوێستانە لەو چوار حزبە قبوڵ ناكەین پێیەكیان لەناو حكومەت وپێیەكیان لەناو ئۆپۆزیسیۆندا بێ و وەك كەری ناو جۆگە بن ولەهەردوو بەر بخۆن". ئەمە لەسنووری فەرمانڕەوایی یەكێتیدا، لەسنووری پارتیشدا جگە لەگوشارەكان بۆ سەر لیستی گۆڕان ولیستی هیوا، فشارێكی زۆر گەورەو ناڕەوا هەیە لەسەر لایەنگرانی بزووتنەوەی چاكسازیی كە لەبارزانییەكان پێكهاتووە، عەبدولمسەوەر بارزانی‌ لەچاوپێكەوتنێكی سایتی "چاوی خەڵك"دا دەربارەی هەڕەشەكردن لەهەوادارانیان دەڵێت: بەداخەوە هەڕەشەكردن لە13-4-2009 دەستیپێكرد، بەشێوەیەك لەگەڵ یاساو بنەما دیموكراتییەكان ناگونجێت، تائێستاش بەردەوامە، چونكە دەیانەوێت بەزۆر‌ خەڵكانێ‌ كەپشتگیریی‌ لەلیستی‌ بزووتنەوەی‌ چاكسازیی‌ كوردستان دەكەن بەڕێگای‌ هەڕەشە مەجبووریان بكەن هەڵوێستیان بگۆڕن. خولاسە لەگەڵ بوونی چاوێكی تیژی وڵاتانی ناوچەیی وجیهانیی لەسەر كوردستان وهەڵبژاردن هێشتاش پارتی و یەكێتی لەنەریتی گوشاری سەر هێزە سیاسییەكانی دەرەوەی خۆیان بەردەوامن وزۆریان ماوە ئەم خووەی لەشیرەخۆریی فێریبوون ئاوها لەم پیرە تەمەنەدا وازی لێبهێنن.
پڕوپاگەندەی نادروست وجەنگی میدیایی
میدیا حزبییەكانی كوردستان هەموو رۆژێك زیاد لەجارێك باس لەبێلایەنیی پیشەیی وپابەندبوون بەئیتیكی كاری رۆژنامەنووسییەوە دەكەن، كەچی هەر خۆیان زۆرترین چەواشەكاریی دەكەن بەتایبەت لەم سەروەختی هەڵبژاردنەدا، من باسی چركەساتەكانی شەڕی ناوخۆیی ناكەم كە میدیای حزبی چ رۆڵێكی نەرێنی گێڕاوە، بەڵكو باسی هەنووكە دەكەم. ئەگەر چاوێك بەسایت ورۆژنامەی چاودێر وهەولێرو رۆژنامەی كوردستانی نوێ و گۆڤاری بەڵگەو خەڵك و..هتد بگێڕین بەر ژمارەیەكی ئێجگار زۆر لەنووسین وهەواڵی بێ بنەماو چەواشەكاریی دەكەوین كەنەك لەگەڵ ستاندارو پرنسیپەكانی كاری رۆژنامەنوسیی نایەوە بەڵكو بەپێی یاسا تاوانن. ئەم میدیا حزبییە هەوڵدەدات بۆ ناشرینكردن وزڕاندنی ناوبانگی كەسایەتییەكان وبەسووك سەیركردنی مێژوویان، بۆ سەلماندنی ئەم فاكتە نموونەیەك لەرۆژنامەی رووداو دەهێنینەوە، "عەلی شەنگاری" نوێنەری مەسعود بارزانی لەدهۆك، رایدەگەیەنێت لیستەكانی دەرەوەی لیستی كوردستانی بەهاندان ودەستی بێگانە دروستكراون وزۆر بازاڕییانەش هێرش دەكاتە سەر "هەڵۆی برایم ئەحمەد"و دەڵێت "هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد تائێستا لەدەرەوەی وڵات بووەو یەك رۆژ ناخۆشییەكی نەبینیوە، دەیەوێ بەرێگەی خۆپاڵاوتنەوە خۆی بێنێتە پێشەوە، هەندێك لیستیش بەپشتیوانیی لایەنە دەرەكییەكان دروستكراون". ئەگەریش بێینە سەر رۆژنامەی "كوردستانی نوێ" تەنیا لەژمارە "4891" رۆژی 8-6-2009 پێنج وتارو ستوون بڵاوكراونەتەوە لەدژی گۆڕان وكەناڵی KNNو رۆژنامەو نەوشیروان مستەفا، ئەمە جگە لەوەی بەردەوام نووسەرەكانی وەك ئازاد جندیانی وجەمال عەبدوڵڵا لەرۆژنامەی هەولێر چەندان بابەتی چەواشەكارییان بڵاوكردۆتەوە لەدژی لیستەكان ولیستی گۆڕان كە هەمووی بەشێوازی جیاجیا دواجار چۆتە خزمەتی پارتییەوە، بەڵام لەهەموویان توندترو چەواشەكارتر هەردوو رۆژنامەی "چاودێر وهەولێر"ن، ئەم دوو بڵندگۆ چەواشەكارییە لەسەر پرنسیپی "دۆربكە درۆبكە تا بڕوات پێدەكەن"، كار دەكەن ودەخوازن لەسەر ئەو بنەمایە تۆمەتی قورس ودژوار بەسەر نەیارەكانیاندا بچەسپێنن.
رۆژنامەی چاودێر لەیەكێك لەژمارەكانیدا دەنووسێت: گوایە بەرەی توركمانی چوار لۆری ئازووقەی بۆ كۆمپانیای وشە ناردووە!. ئەم هەواڵە نەك جێگەی بڕوا نییە بەڵكو بەهەموو شێوەیەك مایەی گاڵتەجاڕیشە. رۆژنامەی هەولێر لیستی گۆڕان بەوە تۆمەتبار دەكات بەڵێنیان بەسوریاو داگیركەرانی كوردستان داوە دژی ئەم ئەزموونەی كوردستان كاربكەن ولەدوا چەواشەكارییدا بەگژاچوونەوەی پەسەندكردنی دەستووری هەرێمی بەپلانی مالیكی دەزانێت ودەنووسێت "دەربارەی هۆكاری ئەم دژایەتییكردنەی پڕۆژەی دەستووری هەرێم لەلایەن سەرانی كۆمپانیای وشەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار بەهەولێری راگەیاند، لەدوا كۆبوونەوەی نێوان نوری مالیكی وسەرانی كۆمپانیای وشەدا، مالیكی داوای ئەوەی لێكردوون نەهێڵن پڕۆژەی دەستووری هەرێم پەسەند بكرێت". لەكاتێكدا میدیا حزبییەكان رۆژنامە ئەهلییەكان بەوە تاوانبار دەكەن هەواڵەكانیان جێی بڕوا نییە بەو هۆیەی سەرچاوەی هەواڵ دیار نییە، كەچی دەبینین لەماوەی ئەم چەند مانگەدا خودی خۆیان هەزار بەرابەر بەمیدیای ئەهلی لەسەرچاوەی نادیارەوە لێدوان وهەواڵ بڵاودەكەنەوە، ئەگەر سەیری رۆژنامەو سایتەكانیان بكەین رۆژانە دەیان جار هەریەك لەم دەستەواژانە دووبارە دەبنەوە "سەرچاوەیەك لەمەكتەبی سیاسیی، چاودێرێك، پێشمەرگەیەكی دێرین، ئەندامێكی سەركردایەتی، شارەزایەكی بواری ...، سەرچاوەیەكی ئاگادار، عەول، مارف وچەندانی تریش"، كە كەس نازانێت كێن ودەبێت وەڵامی كێ بدرێتەوە، هەروەك لەو هەواڵەی سەرەوەی رۆژنامەی هەولێردا بەزەقیی هەستی پێدەكەین. زۆر بەكورتیی ئەگەر قەرارە یەكێك لەسەرەتادا بەچەواشەكاریی میدیایی تاوانبار بكرێت بێگومان میدیای دەسەڵاتە نەك راگەیاندنەكانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن.
نانبڕین
نانبڕین لەپێش هەر شتێكەوە ئەخلاقی دیكتاتۆرەكانە، ئەگەرنا لەهەر وڵاتێك رژێمێكی نادیكتاتۆریی وجودی هەبێت هیچ پاساوێك لەئارادا نییە بۆ بڕینی سەرچاوەی بژێویی هیچ تاكێك بەتایبەت لەسەر بیروڕای جیاواز. یەكێتی نیشتمانیی لەكاتێكدا بانگەشەی سۆسیال دیموكراتی دەكات، بەپشتیوانیی پارتی وبنەماڵەی بارزانی، هەڵمەتێكی توندی نانبڕینی دەستپێكردووە، بۆ ئەو مەبەستەش لەتێكۆشەرە دێرینەكان وپێشمەرگەكانی خۆیەوە دەستیپێكردووە. بۆ وێنە "دوای ئەوەی هەڕەشەی سوێندخواردن لەژمارەیەك سەربازی كەتیبەی 6ی سەرۆكایەتی ئەركانی هێزی پێشمەرگە دەكرێت، بۆئەوەی بزانرێت لایەنگری لیستی گۆڕانن یان كوردستانی، 9 لەسەربازەكان واز لەكارەكانیان دەهێنن، لەبەرئەوەی داوایان لێكراوە سوێندبخۆن دەنگ بەلیستی كوردستانیی دەدەن". هەندێكیش لەسەركردەكانی گۆڕان لەو بڕوایەدان ئەو شەپۆلە لەنانبڕینی لایەنگرانی لیستەكەیان و دەركردنی پاسەوانی بەرپرسانی كۆمپانیا وشە وپاككردنەوەی دامودەزگا حزبی وئەمنییەكان و وەدەرنانی ئەفسەرانی گۆڕان، لەسەر داخوازیی پارتی بووە، شەماڵ عەبدلوەفا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی ویەكێك لەسیما دیارەكانی گۆڕان ئەو دەنگۆیە تەئكید دەكاتەوە یەكێتی لەژێر بڕٍیاری ناچاریی پارتیدا پەنا بۆ ئەو كردەیە دەبات. پرسیاری جیددی لێرەیە: ئایا ئەم نانبڕینە بەتایبەت ئەگەر پارتی بەسەر یەكێتیدا سەپاندبێتی، واتای ئەوە نابەخشێت یەكێتی كۆتایی پێهاتووە؟ ئایا هاوواتای ئەوە نییە دەڵێن مام جەلال یەكێتی و چارەنووسی هەزاران كادرو پێشمەرگەی رادەستی بنەماڵەی بارزانی كردووە؟، بەهەرحاڵ وەڵامەكە هەرچییەك بێت ناتوانێت راستییەك بشارێتەوە: راستیی شكستی یەكێتی وبنەماڵەی تاڵەبانی لەبەرامبەر بنەماڵەی بارزانی، ناتوانێت بیشارێتەوە ئیدی نانبڕین ترۆپكی شكستە. لەگەڵ ئەوەی بێ ئەخلاقانەترین كار دەردەخات، رەنگە جۆرێك لەمەرگی سیاسیی یەكێتی وسەركردایەتییەكەی ئێستای نیشان بدات، چوون ئەم رەفتارە لەوەتی دنیا هەبووەو هەیە تەنیا لەسەركردە ملهوڕەكان ودیكتاتۆرە زلە دۆڕاوەكانی ناو وانەی مێژوو وەشاوەتەوە.
بەكارهێنانی سامانی نیشتمانیی
یەكێك لەرەفتارە دیكتاتۆرییەكانی پارتی ویەكێتی دەستگرتن بووە بەسەر ژێدەری ئابووری وبەكارهێنانی لەپێناوی بەرژەوەندیی تەسكی حزبییدا. لەكوردستان دەوڵەتێك بوونی نییە سەرپەرشتیی رێكخستنی ئابووری وڵات بكات ولەرێگەی پلانێكەوە داهات بەسەر كۆی چین وتوێژەكان وبەپێی پێویستییەكانیان بەشبكات، ئەوەی هەیە دوو بنەماڵەو دوو دیوەخانی گەورەیە، هەرچی داهاتی كوردستانە راپێچی دەكەنە سەلاحەدین و قەلاچوالان، ئیدی دوایی بەویست ولەپێناوی بەرژەوەندیی خۆیاندا تەخشان وپەخشانی دەكەن. ئەگەر هەر بڕی بوودجەی مانگانەی حزبەكان سەیر بكەین لەو راستییە دەگەین نە یاسا هەیەو نەحكومەت ونە ئەو دامودەستگەیانەی بەناو لەبووندان. بەپێی دوا زانیارییەكان یەكێتی وپارتی مانگانە زۆرتر لە30 ملیۆن دۆلار بۆ خۆیان دەبەن لەداهاتی كوردستان، ئەم بڕە لەساڵێكدا نزیك دەكەوێتەوە لەیەك ملیار دۆلار كە دەشێ بڵێین هێندەی داهاتی بەشێك لەوڵاتانی كیشوەری ئەفەریكایە لەساڵێكدا. مەلا بەختیار خۆی هەمان زانیاریی پشتڕاست دەكاتەوەو رایدەگەیەنێت "پارتی ویەكێتی هەریەكەیان مانگانە لەسی "30" ملیۆن دۆلار كەمتر وەرناگرن. زانیاریی وردم نییە، بەڵام دەزانم ئیشەكانی هەموو دەزگاكانی ئەم دوو حزبە چەند پارەی دەوێت". ئێستا كەهەڵبژاردن بەڕێوەیەو ترسیان لەگۆڕان بۆ پلەیەكی ئێجگار بەرز سەركەوتووە، لەهەموو كات زیاتر پەنا دەبەنە بەر بەكارهێنانی سامانی نیشتمانیی وداهاتی كوردستان لەرێی كڕینەوەی دەنگ وپێدانی ئیمتیازاتی زیاتر بەلایەنگران وشوێنكەوتووانیان. بەدەر لەگرتنەبەری ئەم رێگایە هیچ شانسێك نەماوەو نییە بۆئەوەی پارتی ویەكێتی بتوانن جارێكی دیكە سەركەوتن لەهەڵبژاردندا بەدەستبهێننەوە، خۆ ئەگەریش بۆ یەكجار دەستبەرداری ئەو خووە بن وسەروەتی نیشتمانیی وداهاتی كوردستان ئیستغلال نەكەن بۆ بانگەشەو كڕینی دەنگی هاووڵاتیان، بێگومان ئەوجارە وەها دەكەون كە بڕواناكەم هەتا دنیا دنیایە بتوانن هەستنەوە سەرپێ.
ئەگەری روودانی توندوتیژیی و قبوڵی دۆڕان
ساڵی 2005 پارتی نەیتوانی بەرگەی لیست جیایی یەكگرتووی ئیسلامی بگرێت ولەرێی سیناریۆیەكی فاشیلەوە پەلاماری بارەگاكانی یەكگرتووی دا، لەو رووداوەدا جیا لەزیانە ماددییەكان ژمارەیەك كەسی بێتاوان كوژران. لەوە دەچێت بارودۆخی ئێستا زۆر جیاوازتر بێت لەو دەمە، ئەگەرچی پارتی ویەكێتی بشخوازن شەڕ بكەن وتوندوتیژیی بەكاربهێنن بەڵام دۆخە بەفۆرمێكە هیچ یارمەتییەكیان نادات بۆ كاری لەو بابەتە، بەڵام ئایا پارتی ویەكێتی دەتوانن بەرگەی دۆڕان بگرن وشەڕ نەكەن؟، هەر كاتێك بیر لەوەڵامی ئەم پرسیارە دەكەینەوە، ناتوانین خەیاڵمان لەگەڵ شریخەی تفەنگ وناڵەی تۆپ وهاواری شەڕ جووت نەكەین، چوون هەرچەند بیرمان لەسەددام حسێن دەكردەوە، دەبووایە هەر بەچەك و زەبر بڕوات، بۆیە پارتی ویەكێتی ئەگەر بەهەڵبژاردن وئەنجامی دەنگدانیش دەسەڵات بدۆڕێنن ئەوە هەر بەشەڕ وپێكدادان وكاولكاریی دەورو تەسلیم دەكەن. ئەوەی چەند دەتوانن لەم هەڵبژاردنەدا هێز بەكاربهێنن، دەتوانن هێز بەكاربهێنن، بەڵام خۆیان نایەنەوێت نەك بڕوایان پێی نەماوە، چوونكە دڵنیان بۆ ئەم خولەش دەتوانن بەساختەكاریی وكڕین وبەڵێنی درۆ وئەو بنكە كزە جەماوەرییەی هەیانە، دەسەڵات بگرنەوە دەست وحكومەت لەنێوان خۆیاندا بەشبكەن، بەڵام بۆ هەر دەورەیەك هەستبكەن دەسەڵات لەدەستدەدەن وەك شا لویسی فەڕەنسا دەڵێن "دەبا لەدوای خۆمان دنیا كاول بێت". خولاسە جارێ لەلای دەسەڵاتەوە هیچ ویستێك بەدی ناكەین بۆ بەكارهێنانی هێز، لەبەرەی ئۆپۆزیسیۆنیشەوە هیچ ویست وحەزێك نییە بۆ ئەو كارە، مەگەر لەحاڵەتێكدا بەسەریاندا بسەپێنرێت وپەرچەكرداریان هەبێت. نەوشیروان مستەفا لەچاوپێكەوتنیدا لەگەڵ كەناڵی "ئەلجەزیرە" وتی: ئێمە بزووتنەوەیەكی سیاسین وهێزی چەكدارمان نییە، ئێمە پەنا بۆ دادگاو یاسا دەبەین، ئەگەر لەسلێمانی رێگەمان پێ نەدەن، پەنا بۆ دادگای فیدراڵی دەبەین لەبەغدا یان رێكخراوە نێونەتەوەییەكان، ئێمە پەنا بۆ چەك نابەین. لەراستیشدا ئەمجۆرە بیركردنەوەیە لەلای ئۆپۆزیسیۆن وا دەكات هەر نیەتێكی شەڕخوازانەی دەسەڵات پووچ بێتەوەو پرسەكە ببێتە یرسێكی یاسایی ولەدادگا یەكلابكرێتەوە نەك لەمەیدانەكانی جەنگ. بۆئەوەشی زیادەڕەویی نەكەین لەخۆشبینیدا هەرگیز نابێت حەقیقەتێكی رەها وكۆنكرێتیی هەیە لەپێش چاوی نەگرین، ئەویش ئەوەیە: پارتی ویەكێتی لەدواجاردا فیشەكدانەكانیان پڕ گوللە كردووە بۆ ئەو هێزو لایەنەی پێیاندەڵێت بڕۆن وفەرموون دەسەڵات چۆڵبكەن، جا گرنگ نییە ئەو هێزە بەشەمەندەفەری دیموكراسیی وهەڵبژاردن دێت یان بەدەبابەی جەنگ وكودەتاوە. چوونكە هەروەك "لیدا خەلیل" لەپەیمانگای‌ بروكینزی‌ ئەمەریكی‌ لەراپۆرتێكیدا لەسەر رەوشی باشووری كوردستان، روونیكردۆتەوە: ئەم هەرێمە "بارزانیستان"‌و "تاڵەبانیستانە".
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە