هەڵبژاردن و دەنگدان بۆ گۆڕین و گۆشەنیگایەکی تر!

Sunday, 15/09/2013, 12:00

1555 بینراوە


کوردستان لەبەردەم کام ڕێگەدایە؟ 
پارتی و یەکێتی هەر لە سەرەتاوە، کە هەڵبژاردنیان ئەنجامداوە تەنیا بۆ یەک مەبەست بووە، ئەویش ڕەوادان بووە بە خۆیان و بە خۆسەپاندن.
عەتا سەراوی ڕاست دەکات، گەر بە سەد دەر سەدیش بیدۆڕێنن پارتی و یەکێتی وازناهێنن و پەنا دەبەنە بەر چەک. 
کەواتە ئەی خەڵک بۆ دەنگ بدات؟
ساڵی ٢٠٠٩ بۆ یەکەم جار ڕووبەڕوی ئەوە بوونەوە کە لە خەیاڵیاندا نەبوو، چونکە هێند گومڕابوون وایان دەزانی شەقام وەک پێشو تەختە و بە دڵی خۆیانە. ئەو کات کە نەوشیروان مستەفا بە لیستێکی جیا دابەزی پێیان وابوو چەند کورسییەکی کەم دێنێت و خەفەی دەکەن، بۆیە بێباکانە چونە ناو گۆڵمەزەکەوە، کە خۆیان گێڕابویان و ئەوەبو وەک خۆیان دەڵێن نەوشیروان لێیان بوو بە دێوەزمە!
ئەو کات نەوشیروان مستەفا داوای گۆڕانکاری کرد و بەرنامەکەی خۆی خستەڕو، توڕەیی و دوفاقی لە ڕێتوریکیدا دەبینرا، وا دەردەکەوت کە ڕاپەڕینێک بەرپا بکات. ڕاستە دەیگوت رێگەی مەدەنیانەی هەڵبژاردووە، بەڵام لای کۆمەڵگا چاوەڕێی شێوازی تری لێ دەکرا. خەڵکێکی زۆر لە پارتی و یەکێتی پڕ و توڕە بوون و داوای تۆڵەکردنەوەیان دەکرد. 
ساڵانێکی زۆر بوو ئەو دوو حیزبە کاریان بۆ بێ ئومێدکردنی مرۆڤی کورد دەکرد و بەری ئەو خەفەکردنەیان دەچنییەوە. 
موفاجەئەی هەرە گەورەی ئەو هەڵبژاردنە بزوتنەوەی گۆڕان بوو.
دوای ئەوەی ٢٥ کورسی هێنا ئیتر پارتی و یەکێتی کاریان بۆ لە قاڵبدانی کرد، ویستیان بەتەنیا لە سلێمانیدا بیهێڵنەوە و لە ڕێگەی جۆراوجۆریشەوە نەهێڵن حوکمی ئەوێش بگرێتە دەست.
ئیتر گەیشتنە ئەو بڕوایەی، ئەو مەبەستەیان هاتۆتە دی، بۆیە بێ باک بوون لە هەڵبژاردنێکی نوێ.
بۆ ٢١ ی نۆ چاوەڕێ نەدەکرا هیچ جۆرە موفاجەئەیەک بێتە ئاراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێدەچێت موفاجەئەی هەرە گەورە دەنگدەران بێت، هەرچەند پارتی و یەکێتی پێیان وایە، گۆڕانیان لە قاڵبداوە و ئیتر ٢٥ کورسیەکەش ناهێنێت پێدەچێت دەنگدەران بە جۆرێکی تر بیانەوێت لە هەلومەرجەکە تێبگەن.

دیارە ئەوانەی بۆ پارتی و یەکێتی ماڵن دەنگیان هەر بۆ دەدەن و ئەوانەش، کە دژن ئامادەبونیان بۆ دەنگدان لە ٢١ ی نۆدا بڕیار دەدات باری پارتی و یەکێتی تا کوێ لاسەنگ دەبێت. 

هەڵبژاردن لە هەر شێوەیەکیدا بێت رەوایی دەدات بە بەشداربووەکان، ئەوەی ڕونە ئەوەیە، ئەگەر هیچ لایەنێکیش بەشدار نەبن پارتی و یەکێتی هەڵبژاردنی خۆیان هەر دەکەن، بۆیە گرنگە ئەوانە لە دژی دەسەڵات دەنگ دەدەن زۆرترین ژمارەیان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. 

لەم بابەتەدا لەسەر ئەو گریمانەیە قسە ناکەم، کە گۆڕانیش بەشێک بێت لە یارییەکە و ژێربەژێر لەگەڵ پارتی و یەکێتی لێکتێگەیشتنیان هەبێت، بەڵکو لە دیدێکی ترەوە باسەکەم پەرەپێدەدەم.
ئەو گومڕایی و زەبروزەنگەی حیزبەکانی دەسەڵات پیادەیان کردوە بە مەبەستی ئەوە بووە لە زەینی دەنگدەراندا ئەوە جێگیربکەن کە دەنگدان لە دژیان بێ سود دەبێت. ئەمە دوو لایەنی بیرکردنەوە و مەبەستی هەیە، یەکەم ساردکردنەوەی دەنگدەران و دووەم دروستکردنی ئەو باوەڕەی، کە ئەوان تەنیا بە ڕاپەڕین و شۆڕش لە ناو دەچن. خۆی ئەگەر ئەوەی یەکەمیان بۆ بێتە دی ئاکامەکەی هەر ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداری دەبێت لە دژیان و بۆ لابردنیان ئیتر درەنگ بێت یا زوو. ئاسۆی ئەو ڕابوونەش جارێ کەس نایبینێت بەڵام حەتمیەتی مێژوو ئەوەی سەلماندوە کە یەکەم هەنگاونان بەرەو دیکتاتۆربون لەگەڵ خۆیدا هەنگاونانی بەرەو شۆڕش هێناوە.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە نەوشیروان مستەفا و گۆڕان بەرچاو ڕونترن. وتەکانی نەوشیروان مستەفا ڕون و گومان هەڵنەگرن. ئەوان دەیانەوێت دەسەڵات بگرنەدەست. خۆی ڕونیکردۆتەوە کە ڕێگەی ئەوان بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداری نییە و نایانەوێت بە نیازی تۆڵەکردنەوەوە بچنە دەسەڵات، ئەمەش ئەو گومان و پروپاگەندانەی پارتی و یەکێتی دەڕەوێنێتەوە کە گۆڕان دوای گرتنە دەستی دەسەڵات پەنا بۆ زەبروزەنگ ببات. لە لایەکی ترەوە پەیامێکە بۆ ناڕازیەکان، کە چاوەڕێی ئەوە نەبن گۆڕان ڕابەرایەتی وەرچەرخانی توندوتیژیی بکات.
ئەمجارە گۆڕان لە خۆی دڵنیایە و باوەڕی زۆرتری بە خۆیەتی و ئەو هێمنیەشی لەو باوەڕەوە هاتووە.
ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەچن ژمارەی دەنگەکانی زۆر زیادبکەن، کەواتە پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم هەڵبژاردنە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت؟
فاکتەری هەرە بەهێز بۆ ئەم جارە ئیحراجکردنی دەسەڵات و ئەگەریی هەبوونی فشارە دەرەکیەکانە. 
پارتی و یەکێتی ئەمجارە لە هەموو جارەکانی تر زیاتر پەنا دەبەنە بەر تەزویر، بەڵام دەنگدەرانیش جێگەدەستیان دیار دەبێت گەر بە زۆری بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بۆ گۆڕان بدەن. 
نمونەی وڵاتی شیللی پێمان دەڵێت، کە بۆی هەیە هەڵبژاردن بە پیچەوانەی تێڕوانینە باوەکانەوە ببێتە جێگرەوەی ڕاپەڕینی خوێناوی، چونکە پینۆشییە و دەسەڵاتەکەی زۆر لە پارتی و یەکێتی بەهێزتر بوون، ئەو هەڵبژاردنانەی ئەنجامی دەدا تەنیا بۆ شەرعیەتدان بوو بە خۆی، لە دواجاردا بووە هۆی لابردنی لە دەسەڵات. ڕاستە دوای دۆڕاندنیشیان عەسکەریەکان هەر بەهێزبون و ڕێگە نەدرا پینۆشییە و هاوەڵەکانی بە سزا بگەیەنرێن بەڵام مێژوو بە سزای خۆیانی گەیاند و شیللیش ئەو ئەزمونە قێزەونەی تێپەڕاند. دەنگدەرانی شیللی بارگاوی بوون بە هەست و خواستی تۆڵەکردنەوە، ئەوانیش لەوپەڕی ترسدا دەژیان، بەڵام کە بۆ یەکەمجار ڕکابەرەکەی پینۆشییە لە ڕوبەڕوبونەوەیەکی تەلەفزیۆنیدا پەنجەی ئاماژەی بۆ پینۆشیە درێژکرد و رەتیدایەوە ئیتر دیواری پۆڵاینی ترس لە پینۆشییە پسا. براوەی هەڵبژاردن، کە خەڵکی شیللی بو نەیان توانی تۆڵە لە پینۆشییە بکەنەوە بەڵام لەلایەکی ترەوە ئەزمونە قێزەونەکەی ئەویان تێپەڕاند و ئەو دێوەزمەیەیان لە کۆڵ خۆیان کردەوە. هەنگاویان نا بەرەو ئایندە.
پارتی و یەکێتی بە بارستایی پینۆشییە هێزیان نییە و بۆی هەیە لە حاڵەتی دۆڕاندنیاندا بە فاکتەری دەرەکی ئیحراج بکرێن. ئەو فاکتەرە دەرەکیانە نا کە لە بەرژەوەندیە نەوتیەکاندا لایەنگری پارتی و یەکێتین، بەڵکو ئەو لایەنانەی فاکتەرە دەرەکیەکە، کە بۆ هەڵبژاردنی دیموکراتیانەن و تا سەر ئێسقان بۆی هەیە ئیحراجیان بکەن.
با ئەو فەزا و ئەفسانە تەمومژاویەی دەسەڵات خولقاندویەتی نابینامان نەکات و فرسەتێک بدەین بە دەنگدەران قسەی خۆیان بکەن، لە ڕێگەی سندوقەکانەوە بڵێن نا. لە سۆنگەی ئەم تیڕوانین و شرۆڤەکردنەوە منیش پێم باشە دەنگ بدرێت و بێگومانیشم ئەم هەڵبژاردنە خاڵی کۆتاییە. ئەگەر گۆڕان دەرچوو ئیتر هەڵبژاردن دەبێتە ئامڕازی کاریگەر و گەر نەشی بردەوە، ئەوا پارتی و یەکێتی وەک پێشو بەردەوام بوون ئیتر گۆڕان دەبێت بیر لە ڕێگەی تر بکاتەوە.
لە پەراوێزی ئەم باسەدا
ئەکتەرەکانی هەڵبژاردن لە دوو ئاڕستەدا ڕەوت دەکەن، یەکەمیان ئەوەی مەسعود بەرزانییە و ئەوی تریان ئەوەی نەوشیروان مستەفایە.
نەوشیروان داوای حکومەتی هاوڵاتی دەکات و مەسعود بەرزانیش باسی یەکانگیربونی بەرزانی و سلێمانی دەکات، ئەمە دەمانباتەوە سەر پرسی ناوچە و ناوچەگەرێتی.
دەسەڵات نەوشیروان بە سلێمانچێتی تاوانباردەکات، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە خەڵکی کوردستان تێگەیشتنێکی دییان بۆ نەوشیروان و پرۆژەکەی هەیە. ئەو زیادبونە بەرچاوەی لایەنگرانی گۆڕان لە شارەکانی هەولێر و زاخۆ، لە بادینان، دەریدەخات کە پرۆژەکە ڕەهەندی نیشتمانی زیاترە لە قەتیسمانی لە سلێمانی، لە لایەکی ترەوە گەر سەیری مەسعود و جەلال حیسامەدین بکەین شورەتی بەرزانی و تاڵەبانی یان هەیە ئەوەش ئەوپەڕی ناوچەگەرێتی و مەنوسبیەتە. 
وتارەکەی مەسعود بەرزانی هەمان قسەکانی جارانە و شتی نوێی تیادا نییە، ئەو دەڵێت بەرزانی و سلێمانی لەیەک جیاناکرێنەوە، لە خۆمان دەپرسین سلێمانی و بەرزانی لە چیدا یەکانگیرن؟
سلێمانی هەرگیز ١٧ ی شوباتی لەبیر ناچێت، گەمارۆی ئابوری شەڕی ناوخۆی لەبیرناچێت، کە پارتەکەی بەرزانی خستبویە سەر سلێمانی، سلێمانی پێویستی بە بەرزانی نییە، پێویستی بە تواناکانی خۆیەتی و بە ئیدارەیەکی بە توانایە نەک بە حیزب و سەرۆکێکی ئێکسپایەر!
لە کاتێکدا نەوشیروان باسی یەکتر قبولکردن دەکات مەسعود باسی فەرزکردنی بەرزانی دەکات بەسەر ئیرادەی ئازادی سلێمانیدا.
دوا وتەم ئەوەیە پێم وا نییە گۆڕان بە بردنەوەی بتوانێت هەمو بەرنامەکەی جێبەجێبکات، بەڵام بە گرتنەدەستی دەسەڵات ئەو کلتوری خۆفەرزکردنە دەپسێت و کوردستانیش ئەو ئەزمونە قێزەونە تێدەپەڕێنێت، کە پارتی و یەکێتی بۆ کوردستانیان هێناوە و ئەزمونەکەی شیللی لە کوردستانیش دووبارە دەبێتەوە. بە زۆرینەی گۆران لە پەرلەمانی نوێدا بۆی هەیە دیوەخانەکە بگۆڕدرێت بە پەرلەمان و یەکەم کاری دەرکردنی یاسایەک بێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی کودەتاکەی ٣٠ حوزەیران.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە