هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ لاپه‌ڕه‌ ره‌شه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیری‌...چیرۆكی‌ خه‌رجكردنی‌ 48 ملیۆن دۆلار بۆ ساڵێك.

Thursday, 23/04/2009, 12:00

1541 بینراوە


بودجه‌ی‌ وه‌ۆاره‌تی‌ رۆشنبیری‌ له‌ ساڵی‌ رابردوو 48 ملیۆن بووه‌، هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ی‌ كه‌ ئه‌م پاره‌ی‌ پێوه‌رگیراوه‌، وێنه‌ راسته‌قینه‌كانی‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ نمایش ده‌كات كه‌ ئه‌و به‌شه‌ی‌ ناویان ناوه‌ رۆشنبیری‌ وه‌ه‌ك زۆربه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ دی‌ بێ‌ به‌ش نییه‌ له‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی‌ سه‌رتاپای‌ جه‌سته‌ی‌ حكومه‌تی‌ گرتووه‌ته‌وه‌.


بەر لەوەی بچینە ناو وردەكاری خەرجكردنی پارەكانەوەو حیكایەتە سەیرەكانی وەزارەتی رۆشنبیری بخەینەڕوو، دەبێت بپرسین ئایا وەزارەتی رۆشنبیری بە قەد ئەو پارەیەی خەرجی دەكات دەستكەوتی هەبووە كە بە زمانی بازاڕی 4 هەزارو 800 دەفتەر دۆلارە، ئەی ئەگەر ئەو بەرهەمەی نەبووە كێ هەیە لە خورانی ئەم بڕە پارە زۆرە بپێچێتـەوە؟ ئەگەر بەرهەمیشی نییە كێن ئەوانەی قبوڵ دەكەن سامانی نیشتمانی ئەم وڵاتە بەرەو ئەو ئاقارە بچێت و بیخرێنە ناو گیرفانەكانی خۆیانەوە، ئایا كابینەی پێنجەم كە ناوی خۆی نابوو كابینەی ئاوەدانكردنەوە ناكرێت بە كابینەی بردنی سەروەت و سامانی نیشتمان ناوی ببەین؟ بۆچی حكومەت هەرگیزاو هەرگیز لەو بودجەیە ناپێچێتەتەوە لە وەزارەتەكان بەو شێوە خەرج دەكرێت؟ كێ خاوەنی حكومەتە؟ ئەو وەزارەتەی ناونراوە دارایی و كاری سەرەكی پڕكردنی گیرفانەكانی یەكێتی و پارتییە، لەبەرامبەر چیدا ئەم پارەی بەخشیوە؟ بۆ رازی كردنی لەشكرێك نەخوێندەوارە كە خۆیان ناو ناوە رۆشنبیر؟ یان بۆ تێركردنی بەشێكی تر لە كوڕە گوێگرەكانی خۆیان پارەی میللەت بەهەدەر دەبەن؟ چەند رۆشنبیری راستەقینەی ئەم وڵاتە وەزارەتی رۆشنبیری بە ماڵی خۆیان دەزانن؟ بۆچی هەمیشە وەزارەت ئەو كارانە دەكات لەدەرەوەی بازنەی كاری رۆشنبیریین؟

دوای ئەم پرسیارانە دەبێت بڵێین جیهان، لەرێگەی سەرچاوەیەكی بەرپرسی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە، تەواوی خشتەی بودجەی ئەو وەزارەتەی دەستكەوتووە.

بەپێی ئەو خشتەیە، وەزارەتی رۆشنبیری بۆ ساڵی 2008 داوای 155 ملیارد و 451 ملیۆن دیناری كردووەو وەزارەتی داراییش رەزامەندی لەسەر 56ملیارد و 974 ملیۆن دینار داوە.



هەڵڕشتنی پارە.

یەكەم خاڵ گرنگە تێبینی لەسەر بدەین ئەو خشتە ناتەندروستەیە وەزارەتی دارایی بۆ وەزارەتەكانی تری دانەوە، هەر یاساناسێك یان ئابووری ناسێك تەماشای خشتە وەزارەتەكان بكات تێدەگات وەزارەتی دارایی بۆ ئەوە ئەم خشتەیەی داناوە رێگە بدات وەزارەتەكان بە ئارەزووی خۆیان بتوانن بڕە پارەی زۆر رابكێشن و بیخۆن بەبێ هیچ كێشەیەكی یاسایی، چونكە خودی خشتەكە كردنەوەی دەرگایە بۆ گەندەڵییەكی گەورە لەناو وەزارەتەكاندا، هەر وەزارەتێكیش بەپێی ئەو خشتەیە كار بكات بەبێ پێچوپەناو دەكەوێـتە ناو ئەو بازنەیەی دەتوانێت مەبلەغێكی زۆر پارە ببات و كەسیش تێبینی لەسەر دیارنەمانی پارەكە نەدات، واتە دەكرێت بوترێت گەر وەزارەتەكان مەیلی بردنی سامانی نیشتمانی وڵاتیان هەبێت ئەوە وەزارەتی دارایی بەپێی خشتەكەی بۆی داناون ئەم رێگایەیان فێر دەكات. لە خانەی یەكەمی بودجەكەوە، دەبینرێت وەزارەتی رۆشنبیری بە هەڵڕشتنی پارەیەكی زۆر دەستی پێكردووەو داوای 29 ملیارد و 688 ملیۆن دیناری كردووە بۆ قەربووكردنەوەی فەرمانبەران (تعویڤات موزفین) و وەزارەتی داراییش رەزامەندی لەسەر 18 ملیاردو 921 ملیۆن دینار داوە، ئەم بەڕە پارەیە كە دەكاتە 16 ملیۆن دۆلار هیچ پەیوەندی بە مووچەی فەرمانبەرانەوە نییە، چونكە لە خانەكی تردا، وەزارەتی رۆشنبیری داوای 25 ملیارد و 775 ملیۆن دیناری كردووە بۆ مووچەو پاداشتی كار (رواتب واجور) وەزارەتی داراییش رەزامەندی 16 ملیارد دینارو 253 ملیۆن دینار داوە. لە خانەیەكی تردا وەزارەتی رۆشنبیری داوای 22 ملیارد و 146 ملیۆن دیناری كردووە بۆ مووچەو پاداشتی نەقدی (رواتب واجور نقدیە) و وەزارەتی داراییش رەزامەندی لەسەر 16 ملیارد و 253 ملیۆن دینار داوە، لەخشتەیەكی خوارتردا وەزارەتی رۆشنبیری بەناوی مووچەو پاداشتی بنەڕەتییەوە (رواتب والاجور الاساسییە) داوای 22 ملیارد و 146 ملیۆن دیناری كردووە و وەزارەتی داراییش رەزامەندی لەسەر 15 ملیارد و 153 ملیۆن دینار داوە، ئەوەی لەم خشتەی بودجەدا دەردەكەوێت جگە لە فەوزا هیچی تر نییە، چونكە لە خوار هەموو ئەو خانانەی كە بە ناوی مووچەوە پارەی لێوەرگیراوە جارێكی تر وەزارەتی رۆشنبیری بەناوی مووچەوە (رواتب) داوای 18 ملیارد و 351ملیۆن دیناری كردووە وەزارەتی داراییش رەزامەندی لەسەر 13 ملیارد و 343 ملیۆن دینار داوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم خانەنەداو لەچەندین شوێنی جیاواز و بەچەند ناوێكی جیاوازەوە داوای پارە كراوە بۆ مووچەو وەزارەتی داراییش راستەوخۆ كەمی كردووەتەوەو ئەم بڕە پارانەش بە دووبارەبوونەوە داوا نەكراون، چونكە هیچ كام لەبڕە داوكراوەكان وەكو یەك نییە، لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت، ئەگەر ئەو پارانە بۆ مووچەیە (وەك ئەوەی وەزارەتی رۆشنبیری داوای كردووە)، چۆن دەبێت بۆ نیوە كەمبكرێتەوە، چونكە ئاشكرایە مووچە بڕێك پارەی دیاری كراوەو ناگۆڕێت، ئایا دەكرێت داوای 29 ملیارد دینار بكەیت بۆ مووچە، بەڵام بە 18 ملیارد دیناریش تەواوی مووچەكان بدرێت؟! ئەی ئەگەر بەكەمی وەزارەتی دارایی پارەی ناردوە بۆ مووچە، وەزارەتی رۆشنبیری ئەو پارەی لەكوێ پەیداكردوە تا مووچەی فەرمانبەران بدات؟ یان بۆچی هیچ نووسراوێكی نەكردووە بۆ وەزارەتی دارایی و داوا بكات مووچە وەك خۆی بنرێت و بەكەمی نەینێرێت، چونكە مووچە بڕە پارەیەكی دیاری كراوە بەبێ زیادو كەم، یان بەناوی مووچەوە پارە وەرگیراوەو وەزارەتی دارایی و رۆشنبیری هەردووكیان ئاگایان لەم كەین و بەینە هەیە؟

هەر لەبەشی پارە بەخشینەوەدا وەزارەتی رۆشنبیری داوای ملیاردێك و 990 ملیۆن دیناری كردووە بۆ موكافئەی كارمەندەكانی (المكافئات للمنتسبین)و وەزارەتی داراییش رەزامەندی لەسەر 900 ملیۆن دینار داوە.

مووچەی خانەشینی بڕێك پارەی دیاری كراوەو ناكرێت كەموزیادی پێبكرێت، بەڵام وەزارەتی رۆشنبیری داوای ملیاردێك و 419 ملیۆن دیناری كردووەو وەزارەتی داراییش 800 ملیۆن دینار داوە.



كاتێك فەلەكەدین كاكەیی دەبێتە سەرۆكی زانكۆ

لەبەشێكی تردا، وەزارەتی رۆشنبیری، وەك ئەوەی بۆ خۆی لێبووبێتە زانكۆ داوای 177 ملیۆن دیناری كردووە بۆ كرێی وانەبێژی (اجور المحازرات)و وەزارەتی داراییش وەك ئەوەی تەنیا ئەركی كەمكردنەوەی پارەی داواكراو بێت نەك لەهۆكاری داواكردنی پارەكە رەزامەندی لەسەر 22 ملیۆن دینار داوە، باشە وەزارەتی رۆشنبیری وانە بە كێ دەڵێت؟ كوان ئەو قوتابیانەی لە زانكۆكەی وەزارەتی رۆشنبیری دەچوون و پلەی باڵایان وەرگرتووە؟ ئەی ئەگەر وەزارەتی رۆشنبیری پارەی زانكۆ وەردەگرێت بۆ وانە وتنەوەی ئەی زانكۆ پارەی كێ وەردەگرێت؟

لەخانەی خوارتردا وەزارەتی رۆشنبیری داوای 81 ملیۆن دیناری كردووە بۆ مۆڵەتپێدراوانی خوێندن (المجازین دراسیا)، بەڵام خۆشبەختانە وەزارەتی دارایی لەمەیاندا زانیوویەتی ئیشی وەزارەتی رۆشنبیری چییەو هیچ بڕە پارەیەكی بۆ تەخان نەكردوون.

لەبەشێكی تردا، وەزارەتی رۆشنبیری داوای 123 ملیۆن دیناری كردووە بۆ پاداشتی لیژنەكان (اجور اللجان)، وەزارەتی داراییش بە بێ ئەوەی بپرسێت كام لیژنە، رەزامەندی لەسەر 85 ملیۆن دینار داوە.



دەرماڵە، هونەرێكی تر بۆ راكێشانی پارە

وەزارەتەكەی فەلەكەدین كاكەیی داوای 2 ملیارد و 346 ملیۆن دیناری كردووە بۆ دەرماڵەو وەزارەتی داراییش رەزامەندی لەسەر ملیاردێك و 100 ملیۆن دینار داوە.

ئەكرێت ئێمە پپرسین ئیشكردن لەوەزارەتی رۆشنبیریدا چی مەترسییەكی هەیە، وەزارەتی رۆشنبیری داوای 680 هەزار دیناری كردووە بۆ دەرماڵەی مەترسی (مخێێات الخگورە) و وەزارەتی داراییش رەزامەندی لەسەر 223 ملیۆن دینار داوە، ئەی باشە وەزارەتی رۆشنبیری چ مەترسییەكی لەسەرە نە كارێكی مەزنی كردوە نە كەسەكانی هێندە مەترسیدارن تاخۆیان بپارێزن؟ وەزارەتێك كارە سەرەكییەكەی كتێب و فەرهەنگ و ڤستیڤاڵ و وشە بێت دەبێت بۆچی بترسێت وپارەی مەترسی وەربگرێت؟

كاك فەلەكەدین كاكەیی، وەك ئەوەی وەزارەتەكەیان ئەوەندە كاری گرنگ و گەورەی هەبێت لەكاتی دەوامی ئاساییدا فریای نەكەوێت، بۆیە داوای 176 ملیۆن دینار دەكات بۆ (اعمال الایچافییە) و وەزارەتی داراییش رەزامەندی 60 ملیۆن دینار داوە.

لەبەشێكی تری دەرماڵەكاندا، وەزارەتەكەی فەلەكەدین كاكەیی داوای 45 ملیۆن دینار كردووە، بۆ دەرماڵەی نیشتەجێبوون (مخێێات السكن)، وەزارەتی داراییش رەزامەندی لەسەر 14 ملیۆن دینار داوە، لەكاتێكدا ئەم پارە هیچ پەیوەندی بەكرێی خانوو ونۆژەنكردنەوەوە نییە، چونكە كرێی بیناو خانوو و نۆژەنكردنەوەیان پارەیەكی زۆر گەورەی بۆ تەرخانكراوە، بۆچییە، دەبێت لەوەزارەتی دارایی بپرسین.

لەخانەیەكی تردا وەزارەتی رۆشنبیری داوای 141 ملیۆن دیناری كردووە بۆ دەرماڵەی میوانداری (مخێێات الچیافە) و وەزارەتی داراییش رەزامەندی 46 ملیۆن دینار داوە.

ئەوەی زۆر جێگەی سەرنجە، بەناوی دەرماڵەی تایبەتەوە، كە بە بێ ئەوەی بزانرێت دەرماڵەی تایبەت (المخێێات استپنائییە)، وەزارەتی روشنبیری داوای 2 ملیارد و 100 هەزار دیناری كردووە، وەزارەتی دارایی لەبەرئەوەی تەنیا بەهەدەردانی پارە ئەركی ئەوە، رەزامەندی لەسەر تەرخانكردنی 690 ملیۆن دینار داوە.

وەزارەتی رۆشنبیری لەچەند خانەیەكدا داوای هەندێك پارەی كردووە، بەپێی گوتەی شارەزایەكی بواری داڕشتنەوەی بودجەی ئەو پارانە هیچ پەیوەندی بە وەزارەتی رۆشنبیرییەوە نییە.



فەلەكەدین كاكەیی لەبەرەكانی جەنگدا

وەزارەتی رۆشنبیری داوای 285 ملیۆن دیناری كردووە بۆ پاداشت و مووچەی نموونەی (اجور ورواتب العینییە)، وەزارەتی رۆشنبیری وەك ئەوەی لەبەركانی جەنگدا بێت داوای 166 ملیۆن دیناری بۆ تەئمیناتی ژیان (التئمین علی حیاە)، لەخانەیەكی دیكەدا وەزارەتەكەی فەلەكەدین كاكەیی داوای 116 ملیۆن دیناری كردوە بۆ بۆ تەئمینات لەكارەسات و بریندار بوون (التامین چد الحوداپ و والاێبات)، بەڵام لەتەواوی ئەم خانانەدا وەزارەتی دارایی هیچ بڕە پارەیەكی تەرخان نەكردووە، دەبێت بپرسین ئەوانە لەخانەقین و سنووری توركیا بەرگرییان لەم وڵاتە كرد كارمەندی وەزارەتی رۆشنبیری بوون تا داوای پارەی برینداران بكات یان لە هێزی پێشمەرگە؟ ئەی باشە بۆچی وەزیری رۆشنبیری داوی پارەی بۆ بریندار كردووە خۆ ئەوە چەند ساڵێكە بەبۆنەی ئارامییەوە كەس لەم وڵاتە بریندار نەبووە؟ ئەی ئەگەر وەزارەتی رۆشنبیری بەرگری كردبێت، لەم وڵاتەو ئێمە نەمانزانیبێ ئەی باشە كاری وەزارەتی پێشمەرگە چییە؟ رەنگە ئیشەكان گۆڕابن وەزارەتی پێشمەرگە ڤیستیڤاڵی هەڵپەركێ و كتێب چاپ كردنە و وەزارەتی رۆشنبیریش بەرگری بكات بۆیە وەزارەت داوای ئەو بڕە پارە زۆری كردووە بۆ بریندارەكانیان.
22-4-2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە