بەبەڵگەوە تەماشاكەن چۆن كۆسرەت و دكتۆر بەرهەم كار بۆ قۆناغى پاش مەرگى تاڵەبانى دەكەن

Monday, 29/11/2010, 12:00

975 بینراوە


دیارە دیارترین سیماى حوكمڕانى و پاوانكردنى دەسەڵات لە سەردەمى ئەمڕۆى ژیانى گیانەڵاى یەكێتیدا ، كلتوورى دەستەگەرێتى و خۆبەهێزكردنى سەرانى دەسەڵاتى باندەكانى ناو ئەم مافیایەیە كە خۆیان ناوناوە ى.ن.ك ، وەك پێشتریش زۆر چاودێر و سیاسەتمەدار و پسپۆڕ و شارەزا لە سەدان بابەت و وتاردا پێیان لەو راستییە ناوە كە چۆن یەكێتى بە پراكتیكى و بێ هیچ ئەگەر و گومانێك چۆتە قۆناغى كۆماى مەرگ و پووكانەوە و كۆتاییەكانى بوونیەوە وەك ئۆرگان و پارتێكى سیاسى ، منیش هەمان راستى هەزارپات ئەكەمەوە كە یەكێتى ئیستا لاكەیەكى گەن و لێكداترازاوە و موعجیزەكانى سەردەمى موعجیزەش نایگەڕێنێتەوە بۆ زەمەنى پێشووى و روحى بەبەردا ناكاتەوە .

دیارە ئەوەى یەكەم بزمارى داكوتى بەنەعش و تابووتى ئەم پارتەدا ململانێى نێوان بەرپرسەكانى بوو لەسەر دەسەڵات ، سەرەتاى مێژووى ئەمجۆرە ململانێیەش ئەگەڕێتەوە بۆ ركابەرێتى نێوان كۆسرەت و جەبار فەرمان لەسەر نفوز و داگیركردنى مەراكیزەكانى قووەت لەناو یەكێتیدا پاش ئەوەى ترسى نەوشیروان مستەفایان نەما لەگۆڕەپانى سیاسیدا لەسەرەتاى نەوەتەكانى سەدەى پێشوودا ، جەلال تاڵەبانیش هەمیشە سوودى لە بوونى ململانێى لەمجۆرە كردووە و پێگەى خۆى پێ بەهێزكردووە ، هەروەك چۆن سەرانى خیانەتكارى پارتیش بۆ بەرژەوەندى ستراتیژى ئایندەیى خۆیان بستیان بەقەرز لێ نەداوە .

لەهەموو جیهاندا لەوە گرنگترنیە مرۆڤ واقبین و راستگۆبێت بەتایبەتى لەمەسەلە چارەنوسسازەكاندا ، ئەوانەى ئیستاش بۆ گیرفان و پۆست و ئیمتیازات زوڕناى مانەوەى یەكێتى و جەماوەرێتى لێدەدەن ئەوانە بەدڵنییاییەوە یەكەم كەس درۆ لەتەك خۆیان ئەكەن و ناخى رەشى خۆیان چەواشە ئەكەن ، مەزنترین بەڵگەى ئەم بۆچوونەش هەرەسەكەى یەكێتى بوو لەهەڵبژاردنەكانى ئەم دوواییانەدا كـــــەچۆن بەلیستى بۆگەنى یەكێتى و پارتیش نەیانتوانى لەسلێمانى و دەوروبەرى هێندەى بزووتنەوەى سێ مانگ تەمەنى گۆڕان دەنگى هاوڵاتیان وەدەست بهێنن ، ئەوە یەكەم زەنگى هەرەسى یەكێتى و پارتى بوو بەڵام دوا زەنگ نەبوو زەنگە راستەقینەكە لە رووداوەكانى ئایندەى نزیكدایە هەر لە هەڵبژاردنەكانى یەكێتى مامۆستایان كە بێ یەك و دوو لیستى سەردەمى نزیك گۆڕان براوەى یەكەمە تاكــــــــــــو هەڵبژاردنەكانى ئەنجوومەنى پارێزگاكان كە تیایدا پارسەنگى هەموو هاوكێشە سیاسیەكان سەرەونخوون دەبێت .

ئیستا بەرژەوەندى و قۆناغى پاش مەرگى نزیك و موحەقەقى جەلال تاڵەبانى خرەفاو و ئاڵوودەى كورسیە تەشریفاتیەكەى سەرۆك كۆمار ، بۆتە خەمى هەرەمەزنى سەركردە مشەخۆرەكانى ناو یەكێتى ، ئەگەر مەسەلەكە بەرەیەكى یەكگرتوو نەبێت بۆ خۆئامادەكردن بۆ قۆناغى پاش مەرگى تاڵەبانى كەى گورگ و مەڕ وەكو ئیستا لەناو مەكتەبى سیاسى یەكێتیدا ئاویان خواردۆتەوە ، ئەگەر فووتێكردن و یەكگرتنى بەرەى پۆست و بەرژەوەندى پەرست نەبێ دكتۆر بەرهەم كەى لە ژیان و تەمەنیا زاتى ئەوەى كردووە نەك بەهیرۆى برایم ئەحمەد و خانمى یەكەم بەڵكە بە بەرپرسى مەڵبەندێكیش بڵێ پشتى چاوت برۆیە ، لەو رۆژەوەى لەكۆنگرەى دوایدا هیرۆ و شانازى خوشكى وەك بنەماڵە دەنگیان نەدا بەكاندیدكردنەوەى كۆسرەت و بەرهەم ئەحمەد بۆ پۆستى جێگرى سكرتێرى گشتى ئیتر كەلێنەكەى نێوانیان رۆژ لەپاش رۆژ فراوانتر دەبوو ، كۆسرەت رەسوول لە دكتۆر بەرهەم زیاتر خوێنەخۆرى هیرۆیە بەڵام ئەمڕۆ بەرهەم ئەحمەدى كردۆتە سەرەڕمى ئەم ململانێیە ، دكتۆر بەرهەمیش بەبەرنامەى كووتلە نوێكە دەستبەكاربوو بەوەى بودجەى دەیان پرۆژەى بڕى كە خودى هیرۆى خانمى یەكەم سەرپەرشتى دەكرد وەك كەناڵى خاك و منداڵپارێز و .. هتد ، لەهەموو مێژووى ى.ن.ك دا هیچ كات كۆسرەت و د. بەرهەم وەكو ئیستا تەبا نەبوون ، ئیستا شاڵاوى كوڕى كۆسرەت هەفتانە سەردانى د.بەرهەم دەكات و رێنمایى و پلانى كارى هەنوكەیى و ئایندەیى تاوتوێدەكەن ، كۆسرەت و د. بەرهەم وەلائى زۆربەى مەڵبەندەكانى یەكێتیان بۆلاى خۆیان راكێشاوە مەڵبەندە رووخاوەكەى هیرۆى بلەى ئەحە رەش نەبێ كە لەوێش زۆر لەجێگر و كارگێڕەكانى بەئاشكرا خۆیان بەپیاوى كۆسرەت لەقەڵەم ئەدەن ، لە كۆبوونەوەیەكى ئەم دواییەدا هیرۆ وتبووى ئەگەر كۆسرەت و د.بەرهەم لەكۆنگرەدا خۆیان كاندید بكردبا نیوەى ئەو دەنگانەیان نەدەهێنا كە من بەدەستم هێنا كەچى ئیستا دژایەتى شەرعیەتى بوونى من ئەكەن .

لەلایەكى ترەوە كۆسرەت و د.بەرهەم مەكتەبى سیاسیان كردۆتە گۆڕەپانێكى گرنگى ترى كاركردن بۆ قۆناغى پاش مەرگى جەلال تاڵەبانى ، پاڵەوانەكەشیان لەوێ حاكم قادرى دەست و داوێنپیسە كە توانیوێتى لەگەڵ زۆر لەئەندامەكانى تر مەلا بەختیاریش بەجۆرێ لەجۆرەكان كەنارگیر و تەحیید بكات ، بەوەى هیچ قورساییەكەى راستەقینەى نەبێت لەناو سیاسەتى گشتى مەكتەبى سیاسیدا ئەگەر بەرووكەشیش واخۆى نیشان نادات ، هــــەر لــــەم گۆڕەپانەدا دكتۆر بەرهەم بەشاهیدى هەموو ئەنجوومەنى وەزیران ماوەى چەند مانگێكە تاكە یەك نووسراوى ئاراستەكراوى مەكتەبى سیاسی نەبینیوە و نەخراوەتە بەردەمى بۆ واژووكردن كە بەمەش زۆر كار و بەرژەوەندى كادر و پێشمەرگە و فەرمانبەرى حیزبى و حكومى سادە خراوەتە ناو فرێزەرەوە بۆ ئەجەلێكى نادیار ، ئەمە لەكاتێًكدا كەنووسراوەكانى مەكتەبى سیاسى پارتى و فازڵ میرانى تاكە یەك چركە دواناخرێ نەبا دڵىمه‌سعودی پێ بڕەنجێ .

گومان لەوەدا نیە كە پارتى و سەرەانى دەسەڵاتى پارتى زۆر باش بەئاگاى ئەم گەمە و ململانێیەیى ناو یەكێتین و جاروبار بانزین ئەكەن بەسەر ئاگرەكەیا چونكە دیارە سەرانى پارتى بەشدارن لە دیاریكردنى سەركردایەتى نوێى یەكێتى پاش تاڵەبانى كە كۆسرەت سكرتێرى گشتیە و د. بەرهەم جێگرێتى و شێخ جەعفەریش كارگێڕى مەكتەبى سیاسى ، ئایندەى نزیكیش راست و دروستى هەموو ئەم بۆچوونانە روونتر نیشان ئەدات چونكە ئەمە شیكردنەوەى سیاسى و بۆچوونى سیاسەتمەداران نیە بـــــــەڵكە ئەمە حەقیقەتى بێ لەكەى حاڵ و گوزەرى ناوى بەناو یەكێتى نیشتیمانى كوردستانــــــــــــــە ...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە