لەبەختی مەسعود بارزانی گەزۆ دەبارێت!

Monday, 22/04/2013, 12:00

2808 بینراوە


تاریق عه‌زیز دەڵێ ‌: "تاڵه‌بانی‌ هاوڕێم بوو مه‌سعود بارزانی‌_يش هاوڕێم بوو، باشیان ده‌ناسم و هه‌ڵوێستی‌ تاڵه‌بانیم بیرناچێت كه‌ ئیمزای‌ له‌ سێداره‌دانی‌ منی‌ نه‌كرد".
تاریق دەڵێ بەڵام من " نوری مالیکی "ناناسم. ئەمە پێمان دەڵێت کە نوری مالیکییه‌کان بەڕاستی دوژمنایەتی خۆیان لەگەڵ بەعسییه‌کاندا ڕاگەیاندوە بۆیە هەر بە هەمان ئازایەتیشەوە واژۆی لەسەر مەرگی سەدام کرد، لەکاتیکدا تاڵەبانی بەهەڵەداوان هاتەوە سلێمانی و خۆی لەو بەرپرسیارێتە مێژوویەیە شاردەوە، بەڵام ئامادەبوو سەدان گەنجی کورد بەدادگای شۆڕشگێڕانە بگەیەنێت ، بەتایبەتی نەیارانی و ئەوانەی دڵنیا بوو لەوەی کە عەشرەت و خێڵ لەپشتییه‌وە نین.

تاریق عەزیز دەڵێ: مه‌سعود بارزانیشم خۆش ده‌وێت، دەشڵێ، به‌ڵام داواكاریی ئه‌و بۆ مافی‌ چاره‌ی‌ خۆنووسین جێگه‌ی‌ دڵخۆشیی من نییه‌ و پێم باش نییه‌ ئه‌و داخوازییه‌ی هه‌یه‌. ئا لێرەدایە تاریق بەئاگایانە کار لە سەر تێکشکاوی مەسعود دەکات، زۆر شه‌یتانانه‌ وا بەگوێماندا دەدات گوایه‌ مه‌سعود بارزانی هاوڕێی داوای چارەنووسی گەلەکەی دەکات، به‌مه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌میش چاکه‌یه‌کیی له‌گه‌ڵدا بکات و خۆسه‌ویستی خه‌ڵکیی بۆ مسۆگه‌ربکات، لەکاتێکدا هەموو دەزانین کە لای بنەماڵەی بارزانی شتێک نییە ناوی ئازادی نەتەوە و مافی چارەنوس بێت .

مەترسیدارترین شت چ بۆ تاک چ بۆ کۆمەڵگا لە دەستدانی بڕوایە ، هەمووشمان دەزانین لەدەستدانی بڕوا هەزار جار ئاسان ترە وەک گەڕانەوەی، لەو سۆنگەیەوە تاریق عەزیزێکی غەرقی تاوان و دوژمنێکی سەر سەختی نەتەوەکەمان،کۆنە وەزیرێکی سەدام حسێن دێت و دەڵێ مەسعود بارزانی لەخەمی بەدەست هێنانی مافی چارەنوسی کوردایە و بۆ تاریق عەزیز جێگەی دڵخۆشی نییە . لێرەوە بێبڕوابوون بەخودی مەسعود بارزانی خەست تر دەبێتەوە . چونکە لە مێژە ئێمە گوێبیستی ئاغێکەی تاریق عەزیر بووین سەدام حسێن کە لە ڤیدۆ فلیمێکدا دەڵێ مەسعود لە خەمی خێڵەکەیدایە و ئنفیساڵی نییە .
هەر ئەوەی مەسعود مه‌لا مسته‌فا، ناوی بارزانی کردوە بەپاشناوی خۆی، پێمان دەڵێ کە من سەرۆکی خێڵی بارزانم و هەزار پیاوی پیاوانەم هەیە . ئەی بۆچی تاریق عەزیز دێت و ئەو هەموو ڕێزە بۆ تاڵەبانی دەنوێنێ ؟
ئەوە پێمان دەڵێ ئەو کاتەی بەعسییه‌کان کە حاکمی عێراق بوون و لێبوردنی گشتیان هەموو جارێک دەر دەکرد و ئەشیان ووت ئەم لێبوردنە (جەلال تاڵەبانی) ناگرێتەوە ئەوە شۆخیەک بوو ئێستا ئێمە باجەکەی دەدەین و مێژوو کرداری تاڵەبانی شتگەلی ترمان بۆ دەگێڕنەوە . کاتێک دەڵێم لەبەختی مەسعود گەزۆ دەبارێت ، ئەوە دەبینین چی لەناو مێدیا و تەلەفیزۆنەکانەوە لەسەر شەقام و لە لایەن دوژمنەکانی کوردەوە چ بەرخوردێک دەکرێت . لەکاتێکدا ئێرانیەکان خۆیان دەڵێن پارتی ٦٠٠ کوژراویان لەپێناوی ئێرانی کۆماری ئیسلامی کردۆتە قوربانی و لە زەمانی شاخیشدا دەزانین چەندە تاوانیان کردوە ، کەچێ کە لەگەڵ دیموکراتە پیرەکاندا قسە دەکەن دێن و ئەفسانە بۆ مەلامستەفا و مەسعود دروست دەکەن ، ئەوەتانێ (غەنی بلوریان) لە هاڵەکۆکدا مەسعودمان لێدەکاتە فریاد ڕەس و ئەفسانەیەک و چیرۆکێکی هۆنیوەتەوە مەگەر هەر لەدەمی بلوریانی بێت، پاشان ئەوەتانی سەدان فەرهاد پیرباڵ و کەمال مەزهەر سەدان و چەند سەدان خامەفرۆش مەسعود و بنەماڵەکەی دەکەنە قارەمانی ڕۆژە سەختەکان ، ئەی ئەوە گه‌زۆ بارین نەبێت چییە ؟
مەسعود بارزانی کەسایەتییەکە زۆر لە ژیانی خۆی دەترسێت. ئەو هەموو ژیانی ترس بووە لە نادیار، گومان بەچرکەش ئەو مرۆڤەی جێنەهێشتووە ، بۆیە هەمیشە دەستەکانی دەلەرزن و هەست دەکات ڕووداوێک لە تەنیشتیدا ئامادەیە و ژیانی له‌ مه‌ترسیدایه‌، هاکا هه‌موو ته‌مه‌ن و ژیانی تێدا ده‌چێت‌!، دەڵێت لەدڵی خۆیدا ئەمە یەکێکە لەو کاتانەی کە ژیانی مرۆڤی پێوە بەندە بەتاڵەموویەکەوە، ئەو لە دڵەخورپێدایە و دەیەوێت هەمیشە وەسفی کرێت . کاتێک تاریق عەزیز دەڵێت مەسعودیش هاوڕێمە، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ راست نییه‌، دەبوو مەسعود لەوەڵامدا بیووتایە، نا من هاوڕێ بەعسیم نییە، بەڵام ئه‌م ناتوانێت شتی وابڵێت چونکە خۆی و تاڵەبانی برای ئەندامی فەخری بەعسییه‌کان بوون . ئەوە نییە هەرچی بەعس لەماوەی حوکمیدا بۆی نەکرا ، مەسعود و تاڵەبانی بەزیادەوە بۆی جێبەجێ دەکەن؟ جاران ئەمنە عەرەبەکان لەشه‌قامە سەرەکییه‌کاندا کە خۆیان لەشارەکاندا حاکم بوون زیاتر نەدەڕۆشتن و گیانبازێک ڕۆحی دەکێشان ، کەچی مەسعود پەیمانی بەکوڕی تاریق عەزیز دا کە باوکیان بەرێتە هەولێر و وەک چاوی خۆی پارێزگاری لێبکات، ئەوەتانێ ،گۆرانی بێژە عەرەبە بەعسییه‌کان ئەوانەی بۆ سەدام و قادسیە گۆرانیان دەوت لەهەولێر لە ڕووداوی هاتوچۆدا مردار دەبنەوە ، نەک لەدادگای ئەنفال و تاوانی بەعسییه‌کاندا ، چونکە مەسعودەکان و تاڵەبانییه‌کان حاکمی کوردستانن.
چەندە شەرمەزارییە بۆ ئەندامانی پارتی و یەکێتی لەکاتێکدا دوژمنە سەرسەختە بەعسییه‌کان دەڵێن سەرکردەکانتان هاو ڕێمانن و سوپاسیان دەکەن، کە واژۆی لە داردانی ئەو جەلاد و کەڵبەسورانەیان نەکردووە لەتۆڵەی ئەو هەموو قوربانی یەی کەبەسەر گەلەکەماندا هاتوە . لێگەڕێن بادوژمنەکانمان زیاتر بدوێنین، ئەوان شتگەلی زۆرتریان لایە ، بەڵام ئێمە میللەتێکی خەوتووین، کوا میللەتی خانەنشین و خەوتوو قسە کاری لێدەکات؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە