كاك نەوشیروان پشت بە عەلى باپیر و سەلاحەدین مەبەستە

Sunday, 05/07/2009, 12:00

2021 بینراوە


حكومەتى كوردى یان راست بڵێن ئەو ماڵە باجێنەیەى كە باشوورى كوردستان لە ژێر دەستى چەند كەسێكدا بەڕێوەی دەبات. بۆ راگرتنى حكومەتەكەیان ئامادەن دەست بدەنە هەر كارێك. هەموو ئامرازەكانى سەردەمیانە و بن دەمیانە بەكار دێنن. تاوەكو دارە دارەى حكومەتە ساواكەیانى پێبكەن. بەكار هێنانى لایەن و كەسایەتى و حزبەكان بووەتە بنێشتە خۆشەى سەر زارى بەرپرسان و هەل پەرستانیش خەریكى قۆستنەوەى پارە چەورەكەى كوردستانن و بەهەموو لایەكدا پەلامارى ئەو پاروە چەورە دەدەن.
عەلى باپیرى نەوسنى دەسەڵات و سەلاحەدینى عاشقى ئیسلامى عروبەى ئیخوان. هەردوو سوشیال عەشایرە بە ناوبانگەكەى مەدرەسەى لالۆ ماركس. كە حەیاى بیر و رەوتى چەپیشیان لە جیهاندا بردوە و بە تێزێكى نوێ و راڤەیەكى پرۆفیشناڵیانە و خوێندنەوەیەكى وردى كاكە حەمەیان و كاكە قالەیانەوە بۆ مانفیستى كۆمۆنیست ئەویشیان كۆڵەوار كرد. ئەو رەوتە بەدبەدختە لە كوردستاندا گرۆڵەى لە لێژى بوو، كەچى كاكە حەمە و كاكە قالە لێژ تریان كردوە و ئەوەندەشى لە هزر و بیرى روناكبیراندا وەك تێز و ئایدیا مابویەوە ئەویشیان زیندە بە چاڵ كرد. دەستورى هەرێم بە پەلە پروزە هاتە پەسەند كردن، ئەوەى جێگاى سەرنج بێت بەو دەستوورەوە ناكرێت پێشكەوتن و گۆڕان لە كوردستاندا بكرێـت، بۆیە هەر زوو رەوت و لایەنە ریفۆرمخوازەكان و گۆڕانخوازەكان هاتنە مەیدان و بە توندى دژ بەو دەستوورە وەستانەوە، ئەمەش ئۆمێدێكى لاى جەماوەرى كوردستان دروست كرد بەوەى، كە ئەو دەستوورە بە ئاسانى لە كوردستان دەرباز نابێت، ئەو ژمارە لە پەرلەمانتارانەى رەوتى ریفۆرم و لیستى ئیسلامیەكان و دوو سێ كورسیەكەى حسك و زەحمەتكێشان ئۆمێدێك بوو بۆ لیستى گۆڕان و باڵى ریفۆرم، كە رێگە نەدەن ئەو دوو حزبە بە ئارەزووى خۆیان لە كاتى زیاد كراوى گەمەى نێوانیان گۆڵى زێرین لە جەماوەر بكەن و دەستورێك بۆ خۆیان و هیچ بۆ گەل، سەركەون. كەچى لە كاتى زیاد كراو بە هەڵەیەكى كوشندەى عەلى باپیر و سەلاحەدین، كە بۆ چەند سەفتە دۆلارێك و چەند بەرژەوەندیەكى شەخسى و حزبى خۆیان كە لە دەستوور جێگریان كرد پێشى گۆڵى گەلیان بەرداو بە لێدانێكى بەهێزى موفتى و كەركوكى، كە ئاراستەى گۆڵى گەلیان كرد دوایەمین گۆڵ تۆماركرا.
بەو گۆڵەى كە لە گەل كرا، ئۆمێدێكى كەمتر بەدى دەكرێت لە ئایندە ، چونكە
1. هەر چەندە پێویستە زیاتر هەوڵبدرێت، بەڵام گومانى بەهێز هەیە، كە لەوانەیە دەستوور بەرێبكرێت.
2. ئەو ئۆمێدەى كە هەبوو بە لیستى ئیسلامیەكان كە ببنە ئۆپۆزیسۆنێكى بەهێزى پەرلەمانى داهاتوو، هاوكات وەك توخمى سەرەكى گۆڕان و چاكسازى پێناسە دەكران، بوویە بڵى سەر ئاو.
3.بۆ هەموو لایەك روون بوویەوە، كە لیستى ئیسلامیەكان ناكرێت جێگاى ئۆمێدى لیستە گۆڕانخواز و پێشكەوتووەكان بێت بە تایبەتى لیستى گۆڕان و خودى بەرێز نەوشیروان مستەفا.
لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەى كە لیستى ئیسلامیەكان كە دوو حزبی تریشیان بەگەل خۆیانداوە. لە ژێر كاریگەرى عەلى باپیر و سەلاحەدین بەهادین و بە رێنمانى دەرەكى و ئاغاكان و برایانیان لە سعودیە و ئێران. ئەو پارە چەورەى كە لە دەسەڵاتدارانى حكومەتى و هەردوو حزب وەرگرتووە. هەڵوێستێك كە چاوەڕوان دەكرا ببێتـە جێگاى ئۆمیدى گەلێَكى خێر لە خۆ نەدیوە. هەرزان فرۆشكرا. ببورن كە دەڵێم هەرزان فرۆش بۆ ئەوان هەرزانە، ئەگەر نا ئەوە پارەیەى كە سەلاحەدین و عەلى باپیر وەریان گرتووە بەشى ئاوەدانكردنەوەى هەموو هەڵەبجە و گەرمیان و سارێژكردنى برینەكانى دایكانى شەهید و خێزانە بەجێماوەكانى ئەنفال و كیمیاباران دەكرد.

هۆشمەند جەلال
هەڵەبجەى شەهید

[email protected]
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە