نەبوونى جیاوازى فاشیزم بەرهەم دێنێ

Thursday, 20/05/2010, 12:00

1362 بینراوە




....زۆر باسى ئازادى و دیموكرسى كراوە بە درێژایى لە 19 لەلایەن بەر پرسانى حیزبە زلهێزەكانى كوردستان و حكومەتى هەرێمى كوردستان بەڵام
ئەوەى پێویستە جەختى لە سەربكرێتەوە ئەوەیە كەلەلایەن بەرپرسانەوە نەتواندراوە ئەم دیموكراسى و ئازادى یە كە خۆیان بانگەشەى بۆ دەكەن
پەرە بستێنێت سنوورى دەسەڵاتێكى تۆتالیتاریزمى سەردەم ببەزێنێت بەڵكو هاەتا ئەو شوێنەڕێى پێدرا كە بەرژەوەندى یەكانى دەسەڵاتداران بپارێزێت دەنا هێڵى سوور بۆ شۆربونەوەى یاساكانى دیموكراسى و جەوهەرى ئازادى ڕادەربڕین داندراوە.بەڵكو زۆر جار دروست كردنى ئەم بەربەستانە بۆ گەشەى فەرهەنگى شارەستانى و سیكۆلار و ئازادى هەنگاوێكى بە هێز بووە بۆ گێڕانەوەى فەرهەنگ و كەلتورى جەهل و خورافیاتى سەدەكانى ناوەراست.بەهۆى قبوڵنەكردنى ڕەخنە و جیاوازى بیروڕا و فكرى حیزبى جیاواز بۆتە هۆى گەشەى كەلتورو فەرهەنگى بیرۆكراتیەت و سەپاندنى تاك حیزبى لە ناو چەیەكى دیارى كراو هەر وەكو دیاریكردنى سنوورى میرنیشینە كۆنەكانى كورد,بەڵكو زۆر جار لە سەر بەزاندنى ئەم سنوورە زۆرێك لە ئینسانەكان بوونە قوربانى.قبوڵنەكردنى یاساكانى دیموكراسى و ئازادى بوو هۆكارێكى زۆركاریگەر بوو بۆ دروستكردنى شەرى نەگرسى ناوخۆ كە بە هەزارەها ئینسان بوونە قوربانى و بریندار و ئاوارە و دەربەدەربوون .قبولنەكردنى بیروڕاى جیاوازبوو كە شەڕى ناخۆ بەرۆكى سەرجەم حیزبە كوردى یەكانى گرتەوە .بەهۆى نەچەسپاندنى كەلتور و یاساكانى دیموكراسێ وە بوو كە دوو دەسەڵاتى جیاواز بە ناوى دوو حكومەتى هەرێم لە سێ پارێزگاى كوردستاندا دروستبوو .هەتا ئێستاش كاریگەرى یەكەى لە سەر تاكى كوردى هەر ماوە ئەمەش بەرهەمى قبوڵنەكردنى دیموكراسى یە چونكە لە هەر شوێنێك جیاوازى بیرو ڕاو ڕەخنە قبو ڵنەكرا ئەو شوێنە لە بارە بۆ بەرهەمهێنانى بزوتنەوەى فاشیزم .یەكێتى و پارتى بە درێژایى ئەو چەندین ساڵەى كە حكومەتى هەرێمى یان بەڕێوەبردووە بە جۆرێك مومارەسەى ئەو دەسەڵاتەیان كردووە كە لە بەرژەوەندى خۆیاندابێ دیموكراسى و ئازادى و كۆمەڵگاى مەدەنى كردویانەتە ئامانجێك لە پێناو مانەوەى خۆیاندا .لە ژێر دەسەڵاتى حكومەتى كوردى دا لە شارەكانى كوردستاندا بە چەندین رۆژنامە و گۆڤار داخران بە چەندین رۆژنامە نووس هەرەشەی كوشتنیان لێكرا بەڵكو زۆرێك زیندانى كران و بە شێوازى نادیار تیرۆر كران ئەمە لە شارەكانى سلیمانى و هەولیر و كەركوك و ...هیتد نموونەشە وەكو ڕۆژنامەنوسنانى وەكو (سۆرانى مامەحمە و عبدالستار تاهیر شەریف و بێگەرد قەڵاتى ومەتین و ....و..هیتد كە خەڵتانى خوێن كران و بوونە شەهیدى قەڵەم و ئازادى ڕادەربرین) هەر لەماوەى كاتى هەڵبژاردنەكانى كوردستان و هەڵبژاردنەكانى عیراقدا بوو بە چەندین رۆژنامەنوس بەر شاڵاوى پەلاماردان كەوتن و زیندانى كران هەروەها لەم ماوەیەدا لە سلیمانى هەرەشە و چاوسوركردنەوە بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان بەكارهاتووە ,بە پێى ئامارەكانى سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستان ئاماژەى بە (357) حاڵەتى توندوزتیژى لە دژى رۆژنامەنووسان كردووە.لە هەولێر رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان چەند رۆژ لەمەوبەر لەبەردەم كۆلیژى زمانى زانكۆى ێەلاحەدین لەلایەن چەند كەسێكەوە رفێندراو بۆ شوێنى نادیار ,تەرمەكەى لە شارى موێڵ دۆزرایەوە ,سەردەشت خوێندكارى قۆناغى چوارەمى زمانى ئینگلیزى لە كۆلیژى زمانى زانكۆى سەلاحەدین كارى رۆژنامكەنووسى كردووە .بەپێى هەواڵى ڕاگەیاندنەكان پێش چەند رۆژێك هەرەشەى لێ كراوە بەتەلەفۆن پاشان پۆلیسى ئاگادركردۆتەوە و هەروەها زانكۆشى ئاگادار كردۆتەوە بەڵام هیچیان بەهەندیان وەر نەگرتووە ,دواتر لە بەردەم كۆلیژى زمان رفێندراوە .دەبێ بۆچى گوێ بەكەسێك نەدرێ كە هەرەشەى كوشتنى لەسەربێ لە شارى هەولێر كە پایتەختى حكومەتى هەرێمى كوردستانە. هەر لە دواى تیرۆر كردنى سەردەشت عوسمان هەرەشەو چاوسووركردنەوە كراوە لە چەندین رۆژنامەنوس لە هەولێر و سلیمانى و شارەوكانى ترى كوردستان,ئەم كارەساتە سەرۆكى پەرلەمان و سەرۆكى حكومەت و سەرۆكى هەرێمیش لیى بەرپرسیارە پیویستە لە زووترین ماوەدا ئەم تاوانبارانە بگیرێن بە ئاشكرا دادگایى بكرێن بە سزاى خۆیان بگەن ,چونكە دیزە بەدەرخۆنەكردنى ئەم تاوانە حكومەت و دەسەڵاتى كوردى ناشیرن دەكات لەبەردەم خەڵكى كوردستاندا .هەر لە دواى تیرۆر كردنى سەردەشت لە گەڵ بەرزبونەوەى نارەزایەتى خەڵكى ئازادیخواز و یەكسانیخوازى كوردستان بۆ مەحكوم كردن و ڕیسواكردنى تیرۆرستان و ڕێگرانى بەردەم ئازادى ڕادەربڕین ڕۆژانە شەقامەكانى شارو شارۆچكەكانى كوردستان پر بوو لە كۆر و كۆبونەوە و ڕێپێوان و خۆپیشاندان و مانگرتن و ....و..هیتد ئەمانەش پێكهاتبون لە سەرجەم چین و توێژەكانى كوردستان ,خوێندكاران و مامۆستایان و رۆشنبیران و رۆژنامەنوسان و كرێكاران و جوتیاران و ژنان و سەرجەم خەڵكى ئازادیخواز و ئینسان دۆستى لە خۆ گرتووە بەڵام بە داخەوە دەسەڵات دیسان هەر ئامادەیە بۆ دروست كردنى لەمپەر بۆ ئازادى ڕادەربڕین و فشار دروست كردن و ئازاردان و زیندانى كردنى رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان ئەوەتا لە بەروارى 13/5/2010 لە كاتى ئەنجامدانى ڕێپێوان و ناڕەزایەتى دەربڕینى خەڵكى ئازادیخواز و ئینسان دۆست لە شارى سلیمانى كە لە دژى لە سێدارەدانى پۆلێك لە لاوانى سیاسى و رۆشنبیر و رۆژنامەنوسى رۆژهەڵاتى كوردستان كەلەلایەن رژێمى ئێرانەوە بەرێوەچوو , بەڵام بە گوێرەى ڕاگەیاندنەكان هێزەكانى ئاسایش و پیاوانى دەسەڵات پەلامارى رۆژنامەنوسانیان دا و كەوتنە لێدانیان و (ئافرەتێكى رۆژنامەنوسى ژاپۆنیش)بەر ئەو پەلامارە كەوتوە و كامیراكەیان لێسەندوە و شكاندویانە هەروەها سەرنوسەرى رۆژنامەى هاوبیر و چەند رۆژنامەنوسیتر بە گوێرەى ڕاگەیاندنەكان چارەنوسیان دیارنیە .بێگومان ئەم جۆرە دەنگ و باسانە ئینسان توشى شۆك دەكات لە وڵاتێكدا بەچەندین ساڵە بە ڕاگەیاندنى بیسترا و بیندر و هەیە گوێى خەڵكى كوردستانیان كاس كردووە هێندەى باسى ئازادى ڕادەربڕین و دیموكراسى و كۆمەڵگاى مەدەنى و...و..هیتد بكەن حیزبەكانى كوردستان چ لە كاتى هەڵبژاردنەكان بێ یاخود هەموو بۆنە و یادێكى نەتەوەیى و ئینسانى هەبێ ئەم ووشانە تكرار دەكرێنەوە ئەگەر خەڵكێك لە كوردستان نەبێ وادەزانێ كوردستان تەواو خەڵكەكەى بەختیار و ئازادانە ژیان دەگوزەرێنێت نازانێت لە هەر شارە و گوندێك جۆرە دەسەڵاتێك حكوم دەكات ئەوەى دەش گوترێت بانێكەو دوو هەوایە .لە ڕاستیدا ئەركى حكومەتە ئەمن و ئاسایشى گشت چین و توێژەكانى كوردستان زامن بكات ,مەبەست لە پێداویستى ئاسایش,دەربازبوونە لە هەموو سەرچاوەكانى مەترسى,واتە تاك هەست بەمتمانە كردن بكات لە تەندروستى و پیشەكەى و دووا ڕۆژ و ,خێزان ,ماف و جێگاو ڕێگاى كۆمەڵایەتى و رۆشنبیرى و سیاسى خۆى ,ئەم پێداویستى یەش لە پێداوستیە سەرەكیەكانى مرۆڤەكانە پێویسیەتى تێربكرێت,چونكە هەست بە ئاسایش نەكردن بۆ ماوەیەكى دوورو درێژ دەبێتە مایەى دروست كردنى دڵەراوكێ بۆ مرۆڤەكان .گەشەكردنى دڵە ڕاوكێ دەبێتە هۆى كەم بونەوەى متمانەیى تاكى هاوڵاتى بەرامبەر بەدەسەڵات و هەموو جۆرە یاسایەك .پێداویستى تاك بۆ ئاسایش و دڵنیاى سەلامەتى ,كاتێ كە پێداویستیەكانى ئاسایشى جەستەیى و ئابوورى و كۆمەڵایەتى و سیاسى و رۆشنبیرى جێبەجێ كرد و بە ئەنجامى گەیاند دەسەڵات ئەو كاتە كاردانەوەیەكى ئیجابى دروست دەبێ لەلایەن تاكى هاوڵاتێ وە بەرامبەر بە دروستكردنى متمانە بەیەكترى و متمانە بەدەسەڵات لە ناخى هەر مرۆڤێك ڕەنگ دەداتەوە .بۆیە پێویستە دەسەڵاتى كوردى دەست هەڵگرێ لە ڕێگرى و لە دانانى لەمپەرەكانى بەردەم گەشەى ئازادى ڕادەربڕین و ئازادى ڕاگەیاندن و ئازادى رۆژنامەنوسى و دیموكراسى پەرەپێبدات زیاتر لەوەى كەهەیە ,لەهەوڵى ئەوەدابێ پلانى زانستى و سەردەمى دابنێ بۆ چارەسەرى كێشەكانى ژنان و لاوان و گەنجان و كرێكاران و رۆشنبیران و...هیتد بە لێپرسراوان و گشت بەرپرسانى حیزبەكان و لێپرسراوانى حكومەت لە گەڵ هاوڵاتیانى كوردستان بە هەماهەنگى یاساكانى حكومەت بە سەروەر دابنێن و هەوڵى چەسپاندنى بدەن هەروەها ئەو یاسایانەش كە تعبیر لە چەو سانەوە و نابەرابەرى دەكەن پێویستە بە شێوەى كاراو لێهاتوانە هەنگاو بندرێت بۆ گۆڕینیان بە یاساى پێشكەوتوانەو یاسا یەكسانیخوازانە و ئازادیخوازانە ئەمەش لەپێناوى گەشە سەندنى كۆمەڵگەیەكى بەختیار بۆ هەموو لایەك .دەنا ئەگەر پێچەوانەوە كەم تەرغەمى هەر بەردەوام بێ و قبوڵى جیاوازى بیركردنەوە و جیاوازى ڕادەربڕین فشارى زیاتر بۆ بێت دەنگە ئازادیخوازەكان و یەكسانیخوازەكان كاڵببنەوە و دوورەپەرێزبكرێن بێگومان لە جێگەى دیموكراسى و ئازادى و ژیانى سیكۆلار و شارەستانى هاوچەرغ مەیدان جۆل دەبێ بۆ گەشەى بزوتنەوەى فاشیزم و فەرهەنگى تۆتالیتاریزم دەبێتە تارمایەكى ڕەش تەواوى كۆمەڵگاكەمان دەگرێتەوە .بۆ ئەركى هەموو مرۆڤێكە تێ كۆشان بكات بێسڵكردنەوە لە بەربەستەكان بۆ فراوان كردنى بازنەى دیموكراسى و ئازادى ڕادەر بڕین و ئازادى ڕاگەیاندن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە