پشتیوان عەبدوڵڵاش شەڕی هەریسەکە ئەکات!

Friday, 16/08/2013, 12:00

2004 بینراوە


کاک د. پشتیوان عەبدوڵڵا داستانی شکست و شۆکبوونی خۆی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بە دوورو درێژی ئەگێڕێتەوە. تازە ئەوەی بڵاویکردۆتەوە بەشێکی (خیبه‌ امل)یەتی‌و ڕەنگە درێژەشی پێبدات. پێئەچێت پڕۆژە شەخسییەکەی ئەو لەگەڵ گۆڕان هەرەسیهێنابێ. عاقیبەت، ژێر بەڕە کەوتە سەر بەڕە! ئۆباڵی فەشەلی پڕۆژەکەی دکتۆر لە ئەستۆی خۆی‌و بزووتنەوەکەی خۆیدایە، بەڵام لەپای چی ئەم شێرو ڕێوی هێنانەوەیە ئەداتەوە بەگوێی خەڵکیدا!؟ تەنیا پاساوێک بۆ ئەم کارەی ڕەنگە بەکارهێنانی بێت وەکو کارتێکی گوشار بۆ سەر بزووتنەوەی گۆڕان! خەڵکی کوردستان تاقیکردنەوەی زۆریان هەیە سەبارەت بە تەماحی پارەو چاوچنۆکیی بەسەر سامانی ووڵاتەوە! ئەمەیان چیرۆکی نائومێدبوونی یەکێکیانە!

کاک پشتیوان هەرچەند هەوڵیداوە شکست و شۆکی خۆی تێکەڵ بە مەسەلەی "عەدالەتی کۆمەڵایەتیی‌و خەبات دژی گەندەڵی"بکات، بەڵام زەبری شۆکبوون‌و جەوری پەشیمانی پاڵی پێوە ناوە بۆ درکاندنی هەندێ ڕاستی نێو بزووتنەوەی گۆڕان، نەک پێداگریی لەسەر بەرگری لە دادپەروەری‌و ووتنی ڕاستیەکان! جگە لەوەش، سەرەڕای هەر پێشهات‌و دەرئەنجامێکی پڕۆژەی شەخسی پشتیوان عەبدوڵڵا، هیچ پاساوێک نییە بۆ پەنابردن بۆ تەشهیری شەخسی، وەکو ئەو بەرامبەر بە (محەمەد ڕەفعەت)ناوێک ئەنجامی داوە. ناوزڕاندنێک کە کاک دکتۆر دەستی بۆی بردووە، جگە لە شڵەژانی ویژدان و تێکچوونی باڵانس‌و کۆنتڕۆڵی خۆی، ئاکامگیریی تر نایگرێتەوە. کەمتر بە عەقڵدا ئەچێت ئەم شڵەژان‌و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵە، وەکو پێداگریی‌و سووربوون لەسەر هەڵوێستێکی سیاسی لە دکتۆر پشتیوان وەربگیرێت. ئەگەر دکتۆر نیازی وای هەبێت، باشترە واز لە نووسینەوەی بەشەکانی تری ئەم "شکستنامەیە"ی بهێنێت. چونکە زیاتر ئەچێتە قاڵبی هەڵچوون‌و تووڕەبوونی دوای لەدەستدانی بەرژەوەندییەکی ماددی‌و شەخسییەوە. سەرنجی ئەم ڕستەیەی کۆتایی پاراگرافی یەکەمی نامەکەی خۆی بدەن؛ "بەداخەوە، پیاوە کۆیلەکانی حیزب و کۆنە یەکێتییەکانی ناو گۆڕان و کوتلەچییەکانی شاری هەولێر و فەزڵدان بەهەندێ کاندیدی پارەپەرست، ئەم دەرفەتەیان لێسەندمەوە".(هێڵ هی منە). جێگای خۆیەتی هەر لێرەدا دکتۆر پشتیوان باگابهێنرێتەوە لە دەستبردن بۆ نێو ژیانی شەخسی خەڵکی‌و پێی بووترێت، ڕێپێدراو نییە سنووری تایبەتمەندی ژیانی خەڵکی (پرایڤسی) ببەزێنیت! ووریابە ناوزڕاندن‌و سوکایەتی کردن تەنیا نەریتی تۆڵەسەندنەوەیەو لە چوارچێوەی بانگەشە بۆ بەرپاکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی خاوەنەکەی ئەبێتە پەند.

پشتیوان عەبدوڵڵا پێبزانێت یان نا، ڕاستییەکی حەیاتیی دووپاتکردۆتەوە سەبارەت بە هەڵبژاردن‌و پارلەمان‌و کاندیدەکانیشی. ئەو دانی ناوە بە جەرگی خۆیداو وەکو گوایا "کاندیدێکی بەهێزی گۆڕان"، کە ئامانجی خۆشی‌و بزووتنەوەکەشی گوایا خەبات ئەبێت بۆ بەرقەرارکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی‌و خەبات لە دژی گەندەڵی، بەڵام سەرتاپای پرۆسەی دیموکراسی‌و هەڵبژاردنیش ئەکاتە گاڵتەجاڕ! دکتۆر ئەم کارەی کردووە تەنیا لەپێناو ئەوەدا لەبەردەم بزووتنەوەی گۆڕاندا سوێند بۆ خەڵکی کوردستان بخوات کە نییەتی ئەو پارەو ئیمتیازو دەسەڵات نییە! سەرنجی ئەم تێکستە بدەن لە سەرەتای پاراگرافی دووهەمی شکستنامەکەی دکتۆردا؛ "هیچ گەمژەیەک نییە، بتوانێ نکۆڵی لەوە بکات، زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی خۆیان بۆ ئەندام پارلەمانیی کاندید کردووە، بۆ مووچەکەی پارلەمان و تەقاعودییەکەی و ئیمتیازاتەکانیەتی، بەڵام ئەمە من ناگرێتەوە.". چۆن دکتۆر پشتیوان ئالوودەی ئەم تەماحە گەورەیە نەبووە، مەگەر تەنیا کاتێک باوەڕ بەو قسەیەی بهێنرێت کە شێرو ڕێوی هێنانەوەکانی دکتۆرمان لێ ببێت بە حکمەتی سەلمێنراوی مێژوویی!

بەڕای من، بەپێی فەزڵفرۆشییەکانی پشتیوان عەبدوڵڵا خۆی، کە بەسەر عەدالەتی کۆمەڵایەتی‌و خەڵکی کوردستان‌و هەڵبژاردن‌و پرۆسەی دیموکراسییەوە ئەنجامیئەدات، زیاد لە هەر جۆرە ڕەخنە یان گلەیی‌و گازەندەیەک ئەگەر بەرامبەر بە بزووتنەوەی گۆڕان هەیبێت، هێشتا زۆرتر ئاواتەخوازە خۆی بەسەر بزووتنەوەکەدا ساقکاتەوەو جێگای لەنێو کاندیدەکانیدا بۆ بکرێتەوە، نەک هیچ شتێکی تر. ئامانجی سەرەکی دکتۆر ئەمەیە. لە سەرەتای بەشی یەکەمی "شکستنامەکەیدا" ئەیەوێ پێمان بڵێ بە هەڵە کەوتۆتە نێو "کوتلەچییەکانی شاری هەولێر"ی بزووتنەوەی گۆڕانەوەو دادو بێدادی ئەو لەوەیە کە کاک نەوشیروان مستەفا ئەم "کاندیدە بەهێزو لەخۆبووردووە"ی بەهەند نەگرتووەو لە کوتلەکەی خۆی، یان نزیک لە خۆی داینەناوە. کارتی گوشارەکەی دکتۆر لێرەدا جوان دەرکەوتووە! دکتۆر ئاوا ئەنووسێت؛ "من ژیان و گوزەرانی خۆم لە هەندەران، پیشە و پۆستەکەی خۆم وەک پزیشکێک لە ئوسترالیا، هەمووی کرد بە قوربانی گۆڕان و بزوتنەوەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان لە دژی گەندەڵیی، لە ئوسترالیاوە هاتمەوە بۆ کوردستان، بۆ ئەوەی وەک کاندیدێکی گۆڕان بەشداریی هەڵبژاردنی پارلەمان بکەم و لە شاری هەولێردا، وەک چقڵ لەبەرامبەر پارتییدا بوەستینەوە. بەداخەوە، پیاوە کۆیلەکانی حیزب و کۆنە یەکێتییەکانی ناو گۆڕان و کوتلەچییەکانی شاری هەولێر و فەزڵدان بەهەندێ کاندیدی پارەپەرست، ئەم دەرفەتەیان لێسەندمەوە." (هێڵەکان هی منن).

ئەگەر سەرنجی دوایین پاراگرافی مەزڵوومنماییەکەی پشتیوان عەبدوڵڵا بدەین، ئەبینین کە سەرلەبەری شێرو ڕێوی نێو "شکستنامەکە"ی بۆ ئەوەیە بە بزووتنەوەی گۆڕان بڵێت؛ سەرباری "زوڵمێک" کە لێی کراوەو لە نێو لیستەکەی گۆڕاندا لابراوە، بەڵام هێشتا ئامادەیە کاندیدی نێو ئەم یارییە لێوانلێوە لە گزی‌و ساختەکار‌ییە بێت، هێشتا ئامادەیە لەنێو ئەم چەپاوڵەی بەناوی هەڵبژاردن‌و خەباتی پارلەمانییەوە لە کوردستان ئەنجامئەدرێت، بەشداری بکات، خوازیارە وەکو کاندیدێکی گۆڕان بۆ پارلەمانی کوردستان جێگەی بۆ بکرێتەوە. بەڵام فەرق‌و جیاوازی دکتۆر پشتیوان لەگەڵ کاندیدەکانی تری هەموو لیستەکانی دیکەش ئەوەیە؛ کە ئەم، یانی، دکتۆر پشتیوان عەبدوڵڵا، ئینسانێکی تایبەتمەندو جیاوازە، بۆیە لە ئوسترالیاوە گەڕاوەتەوە، مەرام‌و تەماحی پارەو چاوچنۆکی نییەتی ئەو نییە، ئەو پاک‌و بێگەردە، وە ئامانجی ئەو تەنیاو تەنیا بەرقەرارکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی‌و کۆتاییهێنانە بە گەندەڵی! بەڵام پشتیوان عەبدوڵڵا چاری ناچارییەو پێویستە لەپێناو "ئەم ئامانجەیدا" شانبەشانی کۆمەڵێک "کاندیدی نەفسنزم بۆ پارە، چاوشۆڕ بۆ عانە و بۆ دەسەڵات" وە لەنێو ئەو کاندیداتۆری‌و هەڵبژاردنە گاڵتەجاڕیەی کە زۆربەی هەرە زۆری کاندیدەکانیشی، خۆی ووتەنی؛ "بۆ مووچەکەی پارلەمان و تەقاعودییەکەی و ئیمتیازاتەکانی خۆیان کاندید کردووە"، ئەمیش دووبارە ئەم شانسەی تاقیبکاتەوەو داوابکاتەوە بەڵکو گۆڕان لێی تێبگات‌و ئەمجارە دەرفەتی لێ نەسەننەوە! تەماشاکەن لەم تێکستەی خوارەوەدا د. پشتیوان چۆن بە زمانێکی پاراو خۆی پێشنیار ئەکاتەوە جارێکی تر بۆ کاندیدی پارلەمانی کوردستان لەسەر لیستی گۆڕان؛

"هیوادارم وەک گۆڕان، زوڵمیان لەمن و لە چەندین کاندیدی تر کرد، زوڵم لەجەماوەری ناڕازیی کوردستان نەکەن و بە درۆی سیاسیی، هەندێ کاندیدی لاوازیان لەبەرچاو، خۆشەویست نەکەن. هیوادارم گۆڕان، درۆ لەگەڵ خەڵکی بەگاڵەهاتوو لەدەست گەندەڵیی و دزیی سامانی نیشتمانی لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە نەکات و هەندێ کاندیدی نەفسنزم بۆ پارە، چاوشۆڕ بۆ عانە و بۆ دەسەڵات، گەورە نەکەنەوەو لەشاشەی تەلەفزیۆنەکەیانەوە خەڵکی کوردستانی پێ نەگەوجێنن. بەو هیوایەی، لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا، ئەو کاندیدانەی کە بۆ پارە ئامادەن، هەر رۆژەی ببن بە حیزبێک و دین و ئیمان و ئەخلاقیان بە پارە بگۆڕنەوە، گۆڕان بایەخیان پێ نەدات، چونکە سەرەنجام خراپ پێوەی دەدەن. لەکۆتایی بەشی یەکەمدا، دەڵێم ریسوایی بۆ ئەو کاندیدانەی، لەسەر حیسابی ئەو زوڵم و زۆرداریی و ناعەدالەتییەی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێ، دەیانەوێ بە هەریسەکەی پارلەمان بگەن. داوەشین بۆ ئەو کاندیدانەی لەهەندەرانەوە، یەک رۆژ ئیشی رەسمیان نەکردووە، یەک رۆژ تەعین نەبوونە لە دائیرەیەکدا، کەچیی دێنەوە بە خەڵکی هەژاری کوردستان، دەڵێن، ئێمە دکتۆرین، پسپۆرین، ئەوەندە زمانە دەزانین! لەکاتێکدا، نە زمانەکەیان و نە شەهادەکانیان، قیمەتێکی نییە لەو وڵاتانەی لێیان وەرگیراوە، چونکە کواڵیتیەکەیان لەژێر سفرەوەیە."

دەرئەنجام د. پشتیوان عەبدوڵڵا، ئایا هێشتا هەر سوورو پێداگریت لەسەر ئەوەی کە بەڕێزتان تەماحی پارەو ئیمتیاز هەڵینەپێچاون تا لە ئوسترالیاوە بگەڕێنەوە بۆ کوردستان!؟ هیوادارم وەڵامی ئەم پرسیارەم لە بەشەکانی دواتری شکستنامەکەیدا وەربگرمەوە!
١٦ئاب٢٠١٣




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە