خەباتێکی نوێ یان چۆکدادان وخۆبەدەستەوەدان

Saturday, 13/08/2011, 12:00

1334 بینراوە






لەوانەیە یەکێ لە گەورەترین ناهەمواری ژیان ئەوەبێت بەرامبەرەکەت نەزانبێت ، هێندە نەزانبێت کە نەزانێ هەوڵ وکۆشەش وخەباتت مانای چی یە ، من دەڵێم لەوەش ناهەموارتر لەوانەیە ئەوەبێت کە بەرامبەرەکەت گێل بێت، هێندە گێل بێت کە بێدەنگی تۆ بەوە بزانێت کە سیناریۆ بێتامەکانی بەسەرتا تێپەریووە.لەوانەیە لەوانەش ناهەموارتر ئەوەبێت کە کەسێکی نەشیاوو نەزان چارەنووسی زۆرینەی بەدەست بێت ،پەرلەمانی کوردستان کە سەرووترین دەزگای هەرێمی کوردستانە دەبوا کەسایەتی یەکی شیاوو زانا سەرۆکایەتی بکردایە نەك کەسێ کە دەبێ لە ئەلف وبێ ی رەوشت ورفتاری کۆمەلایەتیدا تاقیکردنەوەی سەرەتایی ئەنجام بدا وهەر هیچ نەبێ هەندێ زانیاری دەربارەی سیاسەت وخەباتی مەدەنی هەبێ،بەهەر حاڵ من لێرەدا ئەمەوێ هەڵوێستی چەند پەرلەمانتارێکی بە هەڵوێست بەرزبنرخێنم لە فراکسێونی گۆران ، کە دوای کۆشەشێکی زۆر بۆیان دەرکەوت کە ناتوانن ئەو ئەرکەی بۆیان دیاری کراوە بە ئەنجامی بگەیەنن وچونیان و هاتنیان ودەست بەرزکردنەوەیان وهەڵسان وقسەکردنیان بێ ئاکامە ، ئەوەی دەیکەن یارمەتی دانێکی بێ ئاگای پلانی دەسەڵاتە بۆ پیشاندانی روویەکی مۆدرێنی پەرلەمانی کە گوایە پەرلەمانێکی تەندورستە وبەرهەڵسکاری هەیە .بەڵام بەداخەوە بە هیچ شێوەیەك وەك دەرکەوت نەیانتوانی کاری خۆیان رایی بکەن ،بۆ یە پاشەکشێی خۆیان خستە روو دیارە پرسیارەکان زۆرن لە دوای ئەم هەوڵە بۆ ولەبەر چی ئەم بەرێزانە لەکاری پەرلەمانی دورکەوتنەوە ،بەرای من وەك لە سەریشەوە ئاماژەم پێیدا ،دورست بونی ئەو هەستە بووە کە نەویستی ئەو کەسانە یە بۆ لەوە زیاتر بە بچووک بوونەوە ،دیارە من ناڵێم ئەوانی تر خۆیان بچوك دەکەنەوە بەمانەوەیان لە هۆڵی پەرلەمان لە ژێر سایەی نەزانترین نەزانەکانی دنیا ،چونکە دورستبوونی لەو جۆرە هەستە پەیوەندی بە باوەرهێنانی تاکە بە بێهوودەیی کارێك یان رفتارێك یان وابەستەبوون بە شوێنێکەوە،هەر ئەم هەستەیە وات لێدەکات بریاری وا بدەی کە ئەستەمە بەرامبەرەکەت لێت بگات ،یەکێ لە تێگەیشتنەکانی تر ئەوەیە کە ئەم بەرێزانە خۆیان تەرخان دەکەن تاکو بتوانن لە شوێنێکی ترەوە خزمەت بە مەبەستەکانیان بکەن،بۆ نمونە لە ئەنجومەنی پارێزگاکان من دەڵێم گەر ئەوان نەیانتوانی بێ لە بەرزترین پێگەی دەوڵەت کاری خۆیان بکەن لە شوێنێکی تر ئەستەمە بتوانن خەونیش بە بەدیهێنانی مەبەستەکانیانەوە ببینن .بۆ یە بەبروای من ئەمەی ئەم بەرێزانە کردیان پەلەکردنی پێوە دیار بوو من ناڵێم هەڵە بوو چونکە بۆ ئەم هەڵوێستە لەوانەیە جارێ زووبێ بریاری لەسەر بدەی.ئەو کارتەی لە دوای دەس لەکارکێشانەوەیان پێشکەشیان کرد بەلای منەوە جێ ی دەسخۆشی یە ، زۆر گرنگیشە رۆشنبیران ونوسەران ئەم دەسپێشخەری یە بەرزبنرخێنن ،پشتیوانی لێبکەن خۆ گەر یاسای خانەنیشی وەزیر وئەندام پەرلەمانتاران وەك خۆی بمێنێتەوە ،لە پەنجا ساڵی داهاتوودا نیوەی خەڵکی کوردستان خانەنیشینی وەزیر و ئەندام پەرلەمان دەبن یان کەس وکاریان سوودمەند دەبن ، ئەوەی جێ ی ئاماژەیە کە هەر ئەندام پەرلەمانێ ئەگەر بە و یاسایە رازی بێ لای من ئەوە ئەگەیەنێ کە کارەکەی وەك وەزیفە وەرگرتووە وهیچ مانایەك وجێگایەك بۆ دڵسۆزی وهاو خەمی نامێنێتەوە لەگەڵ خەڵكی وئەو پردەی نێوان خەڵك ونوێنەر زوو زوو ئەپچرێ و بەرژەوەندی تایبەتی نوێنەر زۆر جار لە گەڵ خەڵك یەك ناگرێتەوەولەوەش زیاتر زۆر جار دژ بەیەك ئەبنەوە ،هەر بۆیە کەسانی هەڵبژێردراوو دەبێ کەسانێ بن تەماشای کارەکەیان وەك ئەرك وهەڵوێست بکەن .ئەمە بێجگە لە وەی یاسای خانەنیشی وەزیر وئەندام پەرلەمانەکان چینێکی نوێ ی تەمبەڵ دوورست ئەکات ،ئەمانە وزۆر لایەنی خراپتریش کە لە دووتوێی ئەم جۆرە یاسایانەن ،کە دەبێ جارێکی تر پەرلەمان وخەلکی چاوی پێابخشێننەوەو لە بەرژەوەندی گشتی ژیانی هاوڵاتیان وووڵێت رێكبخەن وئەوکاسانەی بۆ بەرژەوەندی ووڵات و گەل کۆشەش دەکەن وهەوڵ وتەقەڵا ئەدەن بەرز بنرخێن چونکە بمانەوێ یان نا مێژوو رۆژێك لە رۆژان ناویان لە گەشترین شوێنەکانی ئەنوسێتەوە.
 

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە