" مەست وسەر خۆش "

Monday, 21/04/2014, 12:00

2284 بینراوە



مەست وسەر خۆش کە دەژین داییمە بێ رەنگ وڕیان
لە سەدان زاهید ودیندار کە دەڵێن پیاوی خودان
باشترن چون کە بێ زەڕ وبە بێ دەردو بەڵان
تالی و تیژی مەی دەخۆن نەوەکو خوێنی کەسان .
(١٩٩٠ز / مهاباد)

" من و شەم "
شەم دەسوتێ تاکو رووناکی بەشی پەروانە بێ
سوڕی پە روانە بەدەوری ئەشقە گەر جانانە بێ
من کە سوتاوی وڵات ونیشتە جێ و خاکو گەلم
سەیرە سوتانم بە وێنە مۆموو وەک پەروانە بێ
نییە بە لامدا خۆشەویستر بۆ منی وێرانە ماڵ
با هەزارانی وەکو من سەر لە رێگەی دابنێ.
 (٣٠/٧/١٩٩٧ / قەیسەر/ تورکیا)



" وەرزی نامۆ "
چوار وەرزی ژینم داییم بەفرانبارە
دڵ لەدەروندا مات وخەفەت بارە
چۆن زووتێپەڕی ساڵانی تەمەن
رۆژان تەم ومژ شەوان تاسەبارە .
(٢٠/٦/ ٢٠٠٤/ ی/ فەنلاند)

" ژان وژیان "
تەونی تان وپۆی تەمەنی پڕ ژان
هێرشی شەوتار زەختی بێ وچان
داییم وەک سێبەر هاورێی ژینم بوو
کۆتایی نەهات تا دوایی ژیان .
(١٣/ ٩/ ٢٠٠٢/ ی/ فەنلاند)

" سەرخۆش "
مەی گێڕ دوا هەناسە بە تاسە دێتە دەرێ
کەس نازانێ دوارۆژ چۆن دێ کەسەرێ
تێکە مەی بۆم بۆ زامی لەشو دەرون
خۆشە سەر خۆش بم کە گیان دێتەدەرێ .
(١/ ١٢/ ٢٠٠١/ ی/ فەنلاند)

" دڵی بێ قەرار "
ئارام بە دڵ داری ژینت باخەوانی گەرەکە
رۆژی خۆش وئاوی پاک وپاسەوانی گەرەکە
پەلکە زێڕینەی هەتاوی ئاسمانی ژینی تۆ
هەوری گریانی بەگرمەو گەورە ژانی گەرەکە.
(١/ ١٢/٢٠٠١/ ی/ فەنلاند)

" تۆزی ڕنوو "
تۆزی ڕنوو دایپۆشیوە جەستەی وڵاتی مل بە کۆت
پەنجەی تەزوو گرتویەتی بینەقاقای گەرووی ژیان
بەستەڵەکی تۆفی زەمان بۆتە فەڕشی سەروژوورم
رمبی تیژی داگیرکەران کوردوستانی کرد گۆڕەپان .
 ٧/ ١/٢٠٠٥
جەعفەر کەریمی



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە