دەسەڵاتێكى نادیموكراس و ئۆپۆزسیۆنێكى ناكارا

Tuesday, 23/10/2012, 12:00

1390 بینراوە






جێگەى داخە دەسەڵاتى كوردى ماوەى 21ساڵە لە ئەزمونێكى نادیموكراسی بەولاوە شتێكى پیشان نەداین، ئاماژەبێت بۆكرانەوەو عەقڵانیبونى ئەم هێزانە.
سەرەتا بەشەڕى ناوخۆ دەستیان پێكردو پاشان بە تراوگەى رێكەوتنى ستراتیژى گیانى فرەرەنگى و ململانێى لیبرالیان لە پرۆسە جیاكانى كوردستاندا لەباربرد.
ئەم دەسەڵاتە بەدانپیانانى خۆیان گەندەڵیەكى سیستماتیكیان بەرهەم هێناو خۆشیان لەئاستى چارەسەركرنیدانین، چونكە گەندەڵى بە لەشكرێكى گەورەى بەرژەوەندیخوازان ئابڵۆقەدراوەو پارێزگارى لە پایەكانى دەكەن.
ئەم دەسەڵاتە ستراتیژیەكى نیشتمانى روون و جێگیرى نی یە، هەرجارەو لەگەڵ ووڵاتێكى هەرێمایەتى و جیهانى گەرم دەبن یاخود دژە ئاراستەى ئەوان وەردەگرن، بەكورتى لەكوێ بۆنى بەرژەوەندى حیزبى هات لەوێ ئامادەدەبن و هێلكەكانى پارتەكانیان دەكەنە سەبەتەى ئەو بەرەو ئاراستانەوە، بۆیە گەر بەوردى بەدواداچوون بۆ بزاوت و جوڵەى دیبلۆماسى ئەم هێزانە بكەیت، بەسانایى دەردەكەوێت ستراتیژیەكى رون و ئاشكرا لە ئەجێنداى دیبلۆماسیاندا نیە.
لە بەرامبەر ئەو هەموو كەم و كوڕی و لاوازیانەدا كە دەسەڵات لە ئەزمونى حكومڕانیدا بەرجەستەیان كردووە و بۆ راى گشتى خەڵكى كوردستان دەركەوتوەو ئاشكرابووە.
ئۆپۆزسیۆنێك هەیە لەپەرلەماندا پێگەى تایبەتى خۆى هەیە و سێ هێزى جیاواز پێكیان هێناوەو خاوەنى چەندین دام و دەزگاى راگەیاندن و مەدەنى و حیزبین.
سەرەتاى دەستبەكاربوونیان هیوایەكیان لاى بەشێك لە خەڵكى كوردستان دروستكرد، بەڵام زۆرى نەبرد وەك پێكهاتەیەكى لاوازو پەرتەوازە دەركەوتن و سەرەتاى ئەو پەرتەوازەیى یەش لە رۆژانى یەكەمى خۆپیشاندانەكانى 17ى شوباتەوە بەئاشكرا بینرا، كە هەر لایەنەو واخۆى نیشان دەدا ئەو رابەرى بزافە مەدەنیەكەیە و تەنانەت لەسەر ووتارو پەیامە سیاسیەكانى كادێرەكانیان ركابەرایەتى و دژایەتى شاراوەى تێدابوو.
دواتر ئەم هێزانە لە ململانێكانیاندا لەگەڵ دەسەڵات كەوتنەوە نەرمى نواندن و سەرسام بوون بە كۆبوونەوە لەگەڵ سەرانى دەسەڵاتداو مەستبوون بە لێدوانى رۆژنامەوانى و خۆنمایشكردن لە پرێس كۆنفرانسەكانى سەركردەو خواركردەكانیاندا.
دەبوو ئەم ئۆپۆزسیۆنە وەك بەرەیەكى یەكگرتوو بەرامبەر دەسەڵات بوەستانایەتەوەو چاودێریەكى ووردى حكومەت و دەسەڵاتیان بكردایە و حكومەتى سێبەریان لە نێوان خۆیاندا رابگەیەندایە و تاكە رایەڵەیان لەگەڵ حكومەت و دەسەڵاتدا هۆڵى پەرلەمانى كوردستان بوایە.
ترۆپكى ئەوپەرتەوازەبوونەش دەتوانین لەم خاڵانەدا دیارى بكەین:
1- دابەش بونیان لەبەغداد بەسەر فراكسیۆنى كوردستانى و گۆراندا بەتەنها لەدەرەوەى ئەو فراكسیۆنە.
2- دابەشبونیان بەئاشكرا لە پرسى سەندنەوەى متمانە لە مالكى.
3- دابەش بونیان بەسەر بەرەى (پارتى ــ توركیا) لەلایەك و (یەكێتى ــ ئێران) لە لایەكى ترەوە.
4- لێدوانە دژ بەیەكەكانیان لە میانەى كۆبونەوەكانیان لەگەڵ دەسەڵات و قەرەبوو كردنەوەى زیانەكانیاندا.
5- لێكنزیكبوونەوەیان لەسەرەتاوە لەدەسەڵات لە چوونەناو رێكخراوە حیزبى یەكانى دەسەڵاتەوە دەستى پێكردو بەوەرگرتنى پۆستە كانى ناو ئەو سەندیكایانە ئەلقەیان گۆڕى یەوە و پاشان پەرتەوازە بونیان لەوەى كە لەناو ئەو رێكخراوانەدا هەر بەرهەڵستكاربن یان لەناو یەكدابتوێنەوە و ئەوانیش بن بەبەشێك لەوان، یاخود لەحاڵەتى بوون بەبوكەڵە و شكڵى بوونیاندا بێنە دەرەوەو هەڵوێستى جیاوازیان هەبێت.
هەموو ئەمانە ئەو راستیە دەخەنە روو كە دەسەڵات لەكوردستاندا خۆش بەختە لەگەڵ ئەو هەموو لاوازیانەدا، ئۆپۆزسیۆنێك ركابەریەتى لەئاستى گەورەیى و هەستیارى قۆناغەكەدا نی ناكارایەو هەر یەكەیان دڵخوازو كوشتەى (لەیلا)یەكن كەجیاوازە لە هینەكەى مەجنون.

پیرەمێردى شاعیر راست گوتووە:
كەئیش كەوتە دەست، تەبیعەت مردوو
فاتیحە دادەن، بۆرۆحى زیندوو





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە