لەچلەى ماتەمینیتا,چل هەزارگوڵ بۆڕوحى پاكت(حەمەجەزا)ى مەزن,ئەوهونەرمەندەى فێرى خۆشەویستى نیشتیمانت كردم!

Sunday, 07/11/2010, 12:00

1442 بینراوە



ئەو بەرلەهەرشت پێشمەرگەبوو, ئەو بەرلەوەى هونەرمەند بێت ئینتیماى بۆخاك وسەروەرى دایكى شەهیدو ڕوسورى خوشكى شەهید بوو, ئەوخەمى گەورەى ئازادبونى نیشتیمان بوو, ئەو بەڕاستى هونەرمەندبوو!, پێشمەرگەبوو!, مرۆڤێكى كوردپەروەرخودان هەڵوێست وخاك پەرست وسونبولێكى مەزنى كوردبوون وكوردایەتى بوو!.
ئەولەڕۆژگارێكى پڕوەهم وشەوگارێكى كابوسستان, ووشەى شیرینى پێشمەرگەو ناوی پیرۆزى شەهیدو ژووانى شەوانى كەژاڵ وچێژى بادەو بوكى ئازادى ووڵاتى فێرى كوڕوكچانى خوێنگەرمى نیشتیمان دەكرد.
ئەگەرچی زوبو بەجێمان بێڵیت وماڵئاواى یەكجاریمان لێبكەیت, هێشتا زۆرمابوو بۆئەم كۆچە ناوادەت ,چونكە سەروەرم ئێستا لەهەردەم زیاتر پێویستمان پێت بوو بۆخزمەتكردنى زیاترى ئەوهونەرە بێخاوەنەى كەهەر ڕۆژەو نەزانێك دێت بەناوى پێشكەوتن خوازیەوە كلكێكى تێوەردەدات!, بەڵێ ئەو هونەرەى كە دەناڵێنیت بەدەست ووشە سێكسیەكانى (وەیش! وەى! ئۆو! واو! ئۆف!)وە.
ئەى هونەرمەندە مەزنەكە, ئەى ئەو مامۆستایەى تامردن شانازیت پێوەدەكەم كەلەتەمەنى منداڵیمدا وشەى شیرینى پێشمەرگەو خۆشەویستى نیشتیمانت فێركردم.
زۆرمنداڵ بووم وەك ئەو مەنتقەى ئەمڕۆ پیاوەكانى دەسەڵات پێمان دەڵێن منداڵ وساویلكە!, وەك ئەو منداڵە چەتونانەى كەئەمڕۆ درك بەخیانەتە یەك لەدواى یەكەكانى ڕابردوى سەرۆك و سەدان فەزیحەى ئەم دەسەڵاتە گەندەڵو, تۆتالیتارە دەكەن!.
بەڵێ ئازیزم زۆرباش لەیادمە وەك بەشێك لەو خیانەتانەى كەسیاسیەكانى ووڵات بەبەرچاوى من وگشت منداڵانى سەردەمى منداڵیم كردیان و تائەم ساتەش شانازى پێوەدەكەن, زۆرباش لەیادمە وەك هاوارە نامۆكانى جەستەى نیشتیمان لەوادەى شەڕى براكوژیدا, وەك سەرەتاى ئەوسەردەمەى كە لافاوى كۆچى گەنجانى وڵاتەكەم دەستیپێكردوو تائەم ساتەش هێورنەبۆتەوەو حاشادەكەن لەنیشتیمان!.
ئازیزم سوێند بەمەزنی تۆ زۆرباش لەیادمە سەرەتاى لەدایكبونى بەرهەمى (هۆكاكى پێشمەرگە)بوو, ئەوبەرهەمەى هەرلەسەرەتاوە بەكۆرپەى لەناو ئەشكەوتێكى ساردوسڕداو لەباوەشى خێزانە مەزنەكەى (تیپى مۆسیقاى شەهید كارزان)لە دایك بوو, ئەوبەرهەمەى میوانێكى خنجیلانەى گشت ماڵ و سەرتەنوربان وئێوارانى مزگەوت وهەوارو ژوانگەى كوڕوكچانى خوێنگەرمى نیشتیمان بوو, بەڵێ سەروەرم منیش وەك منداڵێكى ئەوسەردەمە بەدیار تەجیلە شڕۆڵەكەى باوكمەوە هەڵدەكوڕمام وگوێم لە(هۆكاكى پێشمەرگەكەى)تۆ دەگرت, دەیانجار بەدەم گریانەوە داوام لەباوكم دەكرد تائەو سرودەم بۆ بنوسێتەوە, بەڵام دواجارباوكم هەرداواكەى قبوڵ نەكردم منیش ناچاربووم تەنهابەگوێگرتن سرودەكەى تۆم وەك ناوى خۆم لەبەركردو تاڕۆژێك بەئایدیا جوان وبێگەردەكەى منداڵی و بێخەبەر لەدڕندەى وفاشیزمى دەسەڵاتە شۆڤێنیەكەى ئەو سەردەمە, ڕۆژێك كارەساتێكم دروست كرد كەبەبەرچاوى سەرپەرشتیارى پەروەردەى و بەڕێوبەرو تەواوى مامۆستاو خوێندكارەنى خوێندنگاكەمەوە هەستام وبەبێ سڵەمینەوە لەوترسەى كەبەرۆكى هەموو تاكێكى ئەوسەردەمەى گرتبوو یەكبەخۆم وپڕبەگەروم هاوارم كردو كەوتمە وتنى سروودى هۆكاكى پێشمەرگەكەى تۆ!, كەئەوكات لە پۆلى یەكى سەرەتاى بووم,دواجار كارەساتێك دروستبوو مەگەرخوابزانێت چۆن پینەوپەڕۆكرا!.
ئەمەجگەلەوەى یەكێك لەكارەساتە ناخۆش وترسناكەكانى سەردەمى منداڵیمبو, وەلێ یەكەمین زەنگى خۆشەویستى نیشتیمان بوو, بۆیە سەروەرم هەرلێرەوە شانازیت پێوە دەكەم كەوەك مامۆستایەكى مەزن لەسەردەمى منداڵیمدا وسەرەتاى درك كردن بەجوانیەكانى ژیان, ئەوتەمەنەى كەمرۆڤەكان درك بەدەرەنجامەكانى هیچ شتێك ناكەن, ئەوسەردەمەى كەتەواوى نەفەسەكانى ژیان لەدەستى دەسەڵاتێكى تۆتالیتاریزم دابوو بەراورد لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە خۆماڵیەى ئەمڕۆى خۆماندا كەهیچ جیاوازى نیەو حوكمى مرۆڤەكان لەدەستى عەقڵیەتى خێڵەكى دوو بنەماڵەدایە, ئەى سەروەرم تۆئەوكات فێرى خۆشەویستى نیشتیمانت كردم, ئەونیشتیمانەى كەتائەمڕۆش هاواردەكات بۆئازادى!, لێوان لێوە لەخیانەت!, لەیەكەمین هەناسەكانى قوتاربونیەوە هاوارى قوتاربونێكیتردەكات!, نیشتیمانێك بەهەناسەیەكى سوارەوە وجەستەیەكى ساردوسڕەوە كەچى هێشتاگەنجەكانى تف لەناوچەوانى دەكەن وبەبێنازى بەجێى دێڵن!, ئەونیشتیمانەى كە هەر ڕۆژەو سەرۆك ومۆتەكەكانى دەسەڵات هەزارانجار بەدایك ودایكیشیان بەنیشتیمان دەنرخێنن, وەلێ رۆژ لەدواى ڕۆژ نیشتیمانى دایك هەڕاج فرۆش دەكەن!!.
دواجار ئەوەى ماوەتەوە بۆ ووتن, چەندە كۆچى ناوادەى تۆى مەزن, تۆى هونەرمەند,تۆى مامۆستام, وەك هەرمرۆڤێكى هونەردۆست وئازادیخواز ئازاریدام, دووئەوەندەش بینینى ئەومرۆڤە خۆفرۆشانەى كەلەمەراسیمى پرسەو بەخاك سپاردنتا دەبینران وخۆیان نمایش دەكرد,كەڕۆژگارێك تۆى مەزن خۆت وخانەوادەكەت سەرتان لەبەرامبەر زوڵموستەمى دەسەڵاتێكى شۆڤێنی دانەنەواندو ڕێگەى شاختان هەڵبژارد, ئەوانیش بەفەخرو شانازیەوە لەسایەى دەسەڵاتى بەعسیزمدا دەیان بابەت وپەخشانیان لەڕۆژنامەو گۆڤارەكانى ئەوسەردەمەو دەیان نەشیدو تەهریلەیان لەڕێگاى رادیۆو تەلەفزیۆنى بەغداوە بەسەربەژنوباڵاى مامەسەدام ودەسەڵاتە شۆڤێنیەكەى بەعسدا دەنوسی ودەهۆنیەوە, تەنانەت بەشێكیان ئەمڕۆش هەڵگرى هەمان ڕێبازەكەى دوێنێن و لەبرى مامەسەدامەكەى دوێنێ مامەو كاكە خۆماڵیەكەى ئەمڕۆ بێبەش نەبوون لەمەرحەمەتى ئەو سیسارگانەى كەلەڕاگەیاندنەكاندا بە(شاعیرو ئەدیب و نووسەرو هونەرمەندى مەزنى گەلەكەمان)دەنرخێندرێن!.


 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە