نامەیەكی كراوە بۆ بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ... مەسعود بارزانی

Saturday, 05/09/2009, 12:00

1904 بینراوە


دوای سڵاو ...
جەنابتان سەرۆكی هەرێمی كوردستانن, جگە لە بەڕێوەبردنی كاری سیاسی و ئابووری, كاری كۆمەڵایەتی و كلتوریش ئەكەوێ ئەستۆی بەڕێزتان, بۆیە پێویستە لە هەموو ورد و درشتێكی هەرێمە خۆشەویستەكەمان ئاگادار بن.
من پسپۆڕی بواری دەروونیم و حەز ئەكەم زۆر بە راِشكاوانە لەگەڵتاندا بدوێم, ئەوەی من مەبەستمە بیگەیەنمە بەڕێزت خەتەرناكی ئەو بێ ماناییەیە كە لە تەلەفزیۆنی كۆڕەكەوە مێشكی گەنجان و مناڵانی كوردی پێ سڕ ئەكرێت, بە تایبەتی بەرنامەی (كۆڕەك ستار), لەم بەرنامەیەدا دەشنێ پێشكەشكەری بەرنامەكەیە و دوو خاتوونی تریش لە لیژنەكەدان, شێوازی خۆگۆڕین و قسەكردن و ماكیاژ و تەنانەت گفتوگۆشیان بە جۆرێكە كە كاریگەری دەروونی و فسیۆلۆژی و كەلتووری خەتەرناكی هەیە لەسەر تاكەكانی گەنجانی وڵاتەكەمان, من چەند جارە سەیری ئەو بەرنامەیەی ئەكەم لە خۆ ڕووت كردنەوەی دەشنێ و ئیغراكردن و سنگ و مەمك دەرخستن و قاچ ڕووت كردنێكی بێ مانا بەولاوە هیچی تری پێ نییە, تەنانەت كلیپەكانیشی هەمووی ئیغرائن, ئەمە جگە لە دوو خاتوونەكەی تری ناو لیژنە كە بە جۆرێك خۆیان گۆڕیوە و خۆیان نمایش ئەكەن هەموو ئەو پیاوانەی لە لیژنەكەیا دانیشتوون مێشكیان لای خۆیان نیە (من وەك پسپۆڕێك ئەوەم لە چاویانا ئەخوێندەوە), ئایا بەڕێزت خۆت بە باوكی مناڵان و گەنجان دەزانیت؟ دڵنیام وەڵامەكەت بەڵێ یە و هەر واشە, بەڵێ جەنابتان باوكی ڕۆڵەكانی نەتەوەكەمانن, بەڵام ئایا باوك بەو جۆرە پەروەردەی منداڵەكانی ئەكات؟ ئایا وانەی بەڕەڵایی و بێ ئەخلاقیمان فێر ئەكەن؟ ئایا ئەم جۆرە خۆ ڕووت كردنەوە و خۆبادان و ئیغرائاتە لەگەڵ كەلتووری جوان و پاكی كوردا ئەگونجێت؟ نەخێر هەرگیز ناگونجێت, ئەو سێ خاتوونە ڕووت و قووتە ئەگەر شتێكیان پێ بوایە بۆ خزمەتی كورد دڵنیابە هەرگیز خۆیان ڕووت نەدەكردەوە بەو جۆرە, بەڵام لەبەر ئەوەی بەتاڵن و فاشیل بوون لە هەندەران ئەیانەوێت بەو جۆرە خۆیان هەستێننەوە (ئەمە لە زانستی دەروونیدا پێ ی دەوترێت Defense mechanism) , هیوادارم چۆن باوكی مەسروور بارزانیت و بەلاتەوە گرنگ بووە كە خاوەن خووڕەوشتێكی بەرز بێت ئاواش خۆت بە باوكی هەموو گەنجێكی كورد بزانیت و دووریان بخەیتەوە لەو شتە خراپانەی لە ئەوروپاوە بۆمان ئەهێنن و شتە باشەكانی ئەوروپاش فەرامۆش ئەكەن, لە جیاتی دەشنێ یەكی ڕووت و بێ ڕەوشت یان ئەو دوو خانمە ڕووتەی تر, بەرنامەیەك دابنێن كە هانی گەنجان بدات بۆ كوردایەتی و خوێندن و زانست و ڕۆشنبیری, خەڵات بدرێت بەسەر قوتابییە سەركەوتووەكاندا, ئەو كەسانەی كە بەهرەمەندیشن هان بدرێن بۆ بەردەوامی و سەركەوتن, بەڵام با لە كەلتووری كوردایەتی دەرنەچێت.

سوپاس بۆ خوێندنەوە و پەرۆشی بۆ نامەكەم.
سوپاس بۆ كوردستان پۆست بۆ گەیاندنی ئەم نامەیە, تكا ئەكەم هیچ دێڕێك یان وشەیەكی ئەم نامەیە لامەبەن, لەگەڵ سوپاس و ڕێزمدا بۆتان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە