سلێمانى ئەمڕۆ زامى شەقامەكانت نوێكرایەوە

Thursday, 21/04/2011, 12:00

1147 بینراوە


بەر لە30بۆ 35 ساڵ پۆستاڵى بەعسیەكان بە هەزاران زامیان لە هەناوتدا دروستكرد شارەكەم ئەى سلێمانى, بە هەزاران ڕۆڵەى چاونەترسى گەلەكەت خۆیانكردە قوربانى ساڕێژكردنى زامەكانت شارەكەم ئەى سلێمانى، هەر لە پێناوى سەربەرز و ئازادی و وەدەرنانى جەلادەكانى بەعسی دایكانى شارەكەم هەزاران ڕۆڵەى تریان پەروەردەكرد كە ئاڵاى ئازادىو ڕۆشنبیریان بەرزكردەوەو پەیمانیان دا چیتر نایەڵن هیچ سەربازێكى بێگانەو دوژمن پێبخاتە ئەم شارەوە.
بەڵام شارەكەم ئەى سلێمانى ئەمڕۆ كە هاتمە دەرەوە لەماڵ وەك سەربازگەیەك تۆم بینیەوە بەهەزاران چەكدارى كوردى كە هەمان جلى بەعسەیەكانیان لەبەردا بوو بە هەمان پۆستاڵى بەعسیەكانەوە هەزاران زامى نوێیان بۆ دروستكردى و زامە كۆنەكانیشیان بۆ هەڵئەكەندیتەوە، ئائاىىىىى كە هەمان كڵاوى بەعسەكانیان نابوە سەر، دارەكانى دەستیان ڕائەوەشاند و بە چاوێكى پڕترسەوە سەیرى تاكە بە تاكەى هاوڵاتیانى ئەم شارەیان دەكرد.
لە ڕوخساریاندا وا دیاربوو كە بڵێن: خەڵكى ئەم شارە چەند چاونەترسن، لێیاندەیەینو دەیانگرینو ئازاریانئەدەین كەچى هێشتا بە چاوێكى بەزەییانەوە لێمان دەڕوانن وەك ئەوەى كە غەدرێكى گەورەمان لێ كرابێت وەك ئەوەى ئەو هەموو برینو ئازارانەمان لە هەناوى خۆمان كردبێت، خەڵكى ئەم شارە زۆر بەسەبرن ئەوەتا بەهانەیان پێدەگرینو بەكەیفى خۆمان داواى پێناسەكانیان ئەكەین گەر موبایلیلن بەدەستەوە بێت لێیان دەستێنن، كەچى بەورەو باوەڕییەكى بێوێنەوە كە لە چاوەكانیانەوە دیارە لە ناخەوە پیمان دەڵێن : برا ئەو بتەى لە ناو مێشكتدا لە هەناوتدا دروستكراوە ژیانى لێتاڵكردویت ڕێگەم بە با هاوكاریت بكەم تا وردووخاشیكەین چونكە تا ئەو بتە لە ناو مێشكتدا بێت تۆ نەمن دەناسیتەوە كە براتم نە دەتوانیت پێناسەیەك بۆ خۆت دانێت.
ئاى سلێمانى ئەمڕۆ شەقامەكانت دەناڵێنن هاوار دەكەن دەڵێن: ئەى ڕۆڵە ئازادەكانم نەكەن ئەمڕۆ كارێبكەن كە زامەكانم هێندەى تر قوڵكەنەوە ئەوەى چەقۆو دارلاستیكو دارو چەكیشى بە دەستە هەر ڕۆڵەى منە بەلام بەبت كراوە و كۆنترۆڵى بەدەستى خۆى نیە ناتوانێ وەك ئێوە خۆى ئازاد بكات، ئێوە دەبێت هاوكاریانبكەن تا ئەوانیش بتوانن بتەكانى ناو مێشكیان بشكێننو بێنە ڕیزى ئێوەى سەربەرزو ئازاد.
منیش دەڵێم ئەى شارەكەم سلێمانى شارى ڕۆشنبیرىو هەڵمەتو قوربانى زامى دڵم لەگەڵ زامەكانى تۆدا كولایەوە هاوارم لەگەڵ هاوارى شەقامەكانتە، ناڵەم لەگەڵ ناڵەى بەردەكانى سەراى ئازادیە كە ئەمڕۆ لەگەڵ ناڵى شەهیدەكانى 17ىشوبات تێكەڵببوو بە چەكدارەكانیان دەوت: تخوا تخوا دڵى برایەكى ترم لە لێدان مەخەن ئەمڕۆ.
  20/4/ 2011



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە