خواست و ناڕەزایەتى و خەڵكى شارۆچكەى پیرەمەگرون، بەرهەقە!

Thursday, 24/12/2009, 12:00

1560 بینراوە


كۆمیتەى سلیمانى* ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێكەوتى 23/12 خەڵكى زەحمەتكێشى شارۆچكەى پیرەمەگرون بۆ دەربڕینى ناڕەزایەتى هێزى جەماوەرى خۆیان هێنایە بەرامبەر سەرۆكایەتى شارەوانییەوە و بۆبەرپەچ دانەوەى تۆمەت و قسە پڕوپوچەكانى سەرۆكى شارەوانى كەلەكەناڵى تەلەفزیۆنى نەورۆزەوە دەرهەق بەدانیشتوانى ئەم ناوچەیە كردبووى، بەبەستنى ڕێگاى نێوان سلێمانى و دوكان گەیشت و لەبەرامبەریدا دەسەڵاتداران وەك پیشەى هەمیشەییان بەهێنانى پۆلیس و ئاسایش و هێزى چەكداریان كەوتنە ترساندن و تەقەكردن لەخەڵكى ناڕازى، تا لەمڕێگایەوە بەر بەشەپۆلى توڕەیى و بێزارى خەڵكەكە بگرن. ئەمەلەكاتێكدایە كەخەڵكى زەحمەتكێشى شارۆچكەى پیرەمەگرون چەندین جارە ناڕەزایەتى و بێزارى خۆیان سەبارەت بە بارخراپى ئاستى خزمەتگوزارى لەم ناوچەیەدا بەڕووى دەسەڵاتداراندا دەربڕیوە و ئەوانیان لەخواستەكانى باشكردنى ئاو وكارەبا و خانوبەرەو ڕێگاوبان و تەندروستى ئاگاداركردۆتەوە. بەڵام پشتگوێ خستن و بەپیرەوە نەهاتنى دام ودەزگاكانى حكومەت و بەفەرامۆش سپاردنى ژیانى ڕۆژانەى دانیشتوانى ئەم ناوچەیە، سەڕەراى بەڵَێن و وەعدەكانى سەردەمى هەڵبژاردنەكان، بەناچار خەڵكى ئەم ناوچەیەى لەحاڵەتێكى ناڕەزایەتى بەردەوامدا ڕاگرتووە و هیچ بووارێكى لەبەردەمدا نەهێشتونەتەوە جگەلەوەى كەپەنا بۆ خۆپیشاندان وهێنانەمەیدانى ڕیزى جەماوەرى خۆیان بەرن.

ناڕەزایەتى خەڵكى شارۆچكەى پیرەمەگرون گۆشەیەك لە ئیعتراز و ناڕەزایەتى خەڵكى سەرجەم شارەكانى كوردستان بەڕووى نەبوونى خزمەتگوزارى و بەتەنگەوە نەهاتنى دەسەڵاتدارێتى بۆرژوازى گەندەڵى بزووتنەوەى كوردایەتى دەخاتەڕوو كە لەلایەكەوە خەریكى دزى وگەندەڵى و گیرفانپركردن وپێكهینانى ژنانى فیرعەونانەن بۆخویان ولەلایەكیتریشەوە ڕاگرتنى خەڵكیان لەبێدەرەتانى و نەبوونى خزمەتگوزاریەكاندا كردۆتە كارنامەى سەرەكیان. خەڵكى زەحمەتكێشى شارۆچكەى پیرەمەگرون و باقى شارەكانى ترى كوردستان بەو ڕاستیە ئاشنان كەسامان و داهاتى كۆمەڵگاى كوردستان لەدەستى تاقمێكى كەمى مشەخۆر وچەك بەدەستى هەردوو حزبى میلیشیاییدا قورغكراوە و لەولاشەوە زۆرینەى خەڵكى شەریف وئازادە بێبەرین لەسەرتایى ترین ئاستى خزمەتگوزارى. ئەم ناعەدالەتیەش بنەماى هەربزووتنەوەیەكى هەقخوازانەى خەڵكى كریكاروزەحمەتكێشى كوردستانە. هاتنەمەیدانى خەڵكى شارۆچكەى پیرەمەگرون جارێكیتر ئەوڕاستیە دەسەلمێنێتەوە كەتەنها بەخەبات و هاتنە مەیدانى ڕیزى یەكگرتووى جەماوەر دەتوانرێ ڕیشەكانى ئەم نایەكسانى و بێدەرەتانیە هەڵكەندرێ و دەسەڵاتداران ناچار بكرێن بەباشكردنى ژیانى رۆژانەى هاولاتیان.

خواستەكانى خەڵكى شارۆچكەى پیرەمەگرون لەدابینكردنى خزمەتگوزارى وپیداویستیەكانیان، خواستیكى ڕەواو بەرهەقە. هەردەستەو تاقمێك كەئیدعاى حكومەت و دەسەلات دەكات ئەركیەتى ژیانى شارساتیانەو مەدەنى بۆهاولاتیانى بندەستى خۆى دابین بكات. حزبى كۆمۆنیستى كرێكاریى كوردستان بەتەواوى تواناوە لەپشت ئەم نارەزایەتیەو خواستەكانى خەڵك ڕادەوەستێ وبانگەوازى ڕابەران و هەڵسوراوان و كەسایەتى ئەم نارەزایەتیەى شارۆچكەى پیرەمەگرون دەكات كەلەدەورى ئەم خواستانە كۆببنەوە و بەتێكۆشانى سەربەخۆى خۆیان بەر بە هەرپیلانێكى سەركوتگەرانەى دەسەلاتداران بگرن:

دابینكردنى دەستبەجێى خزمەتگوزارەیەكان ئەركى دەسەلاتدارانە.

دەست لەكاركێشانەوەى سەرۆكى شارەوانى و دادگایى كردنى، خواستى بەرهەقى خەڵكەو دەبێ دەسەلاتداران مل بەم خواستەى خەڵك بدەن.

سپاردنى بەڕێوەبردنى ژیانى ئەم شارۆچكەیە بەنوێنەرانى هەڵبژێردراوى خەڵك و كونترۆڵى بۆدجەو پرۆژەكان لەلایەن نوێنەرانى خەلكەوە تەنها وەلامە بەراگرتنى گەندەلى و بەفەرامۆش سپاردنى ژیانى ڕۆژانەى هاولاتیان.

تەواوى خەلكى زەحمەتكیش وئازادیخوازى كوردستان ئەركیانە بەشێوەى گونجاوى خۆیان پشتگیرى لەخواستەكانى شارۆچكەى پیرەمەگرون بكەن وئەوان لەسەنگەرى تەنهاییدا رانەگرن.



*حزبى كۆمۆنیستى كریكاریى كوردستان

23/12/2009


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە