ڕونكردنەوەى لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازیى دەربارەى ڕاگەیاندنى ئەنجامە بەراییەكانى هەڵبژاردن

Thursday, 30/07/2009, 12:00

1762 بینراوە


جەماوەرى خۆڕاگرى كوردستان ! هێزو لایەنە سیاسیە بەڕێزكان !
سەبارەت بە دەرەنجامە بەرایی یەكانى هەڵبژاردن كە ڕۆژى 29/7/2009 لەلایەن كۆمسیۆنى هەڵبژاردنەكانەوە ڕاگەیەندرا ، لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازیى ئەم تێبنی یانە دەخاتە ڕوو :
یەكەم / ئێمە ڕاى گشتى كوردستان و چاودێرانى ناوەوەو دەرەوە ئاگادار دەكەینەوە كە پێش ئەنجام دانى پڕۆسەى هەڵبژاردن بەنزیكەى مانگێك ڕۆژى 26/6/2009 یاداشتنامەمان گەیاندە كۆمسیۆنى باڵاو ، ژمارەیەك سەرنج و تێبینى خۆمان سەبارەت بە ئەگەرى گزیكارى و خروقات خستە ڕوو ، دواتر لە نیوەڕۆى ڕۆژى هەڵبژاردن لە 25/7/ دا وەفدێكى ڕەسمیمان ناردە كۆمسیۆنى باڵاو لەگەڵ چەند سەرنجێكى تردا ئاگادارمان كردنەوە كە ماوەى دەنگدان درێژنەكەنەوە و بەڵێنیشیان داینێ كە شتى وا ڕوو نادا ، بەڵام بەداخەوە كاتژمێر 5 ى عەسر كۆمسیۆن بەبێ هیچ پاساوێك و بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ قەوارەكان و تەنها لەسەر داواى لیستى حزبەكانى دەسەڵات ، سەعاتێك مۆڵەتەكەیان درێژ كردەوەو ، ئێمە ناچار بوین بەیاننامەیەكى ناڕەزایى بڵاو بكەینەوەو ، مەترسى خروقات بخەینە ڕوو .. هەر ئەوەش ڕوى دا كەبینیمان و ، رێژەى بەشداربووان لەو یەك دوو سەعاتەى پاش عەسردا لە 55% وە گەیەنرایە 78,5% بەبێ ئەوەى هیچ قەرەباڵغییەك لە بنكەكاندا بەدى بكرێت .
دووەم / ئێمە لەلیستى خزمەتگوزارى و چاكسازیى بەدەر لەو یاداشتنامەو بەیاننامانەش بەردەوام لەگەڵ كۆمسیۆن لەسەر خەت بووین و ، ڕۆژى هەڵبژاردن و ڕۆژى دوایى 640 حاڵەتى سكاڵامان گەیاندە كۆمسیۆن .
سێ یەم / بەو هەڵسەنگاندنەى ئێمە هەمانە تێبینیمان لە پڕۆسەكە لەچەند ڕویەكەوەیە : لەسەرێكەوە لەسەر ڕۆڵى كۆمسیۆن و چاودێرەكانى ، لەسەرێكى ترەوە لەسەر ڕۆڵ و كاریگەریى دەسەڵاتى كوردستان و ، هەماهەنگى یان لەگەڵ كۆمسیۆن و میكانیزمەكانى .
چوارەم / بەو پێیە ئێمە دەرەنجامە بەراییەكانى دەنگ و ڕێژە ڕاگەیاندراوەكانى 29/7/2009 كۆمسیۆن قبوڵ ناكەین .
پێنجەم /لە ئەگەرى نادیدەگرتنى سكاڵاكانى لیستەكەماندا لەلایەن كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكانەوە جەماوەرى خۆمان و خەڵكى كوردستان لە هەڵوێستى نوێى خۆمان ئاگاداردەكەینەوە .


لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازیى
29/7/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە