نەوشیروان مستەفا باس لە کێشەی پارتی و یەکێتی دەکات

Wednesday, 02/01/2013, 12:00

2275 بینراوە


نەوشیروان مستەفا کەسایەتییەکە جودا لە کەسە دیارەکانی ناو سیاسەت لە باشوری ووڵات ، ئەو بە ئاگاییەوە بیرەوەرییە سیاسئئه‌کانی دەنووسێتەوە و قسەی لەسەر دەکات (کێشەی پارتی و یەکێتی) کتێبێکی نەوشیروان مستەفایە، ئەوەی شایەنی باسکردنە ئەم کتێبەکە دەوڵەمەندە بە زانیاریی وورد لەسەر یەکەمین هەڵبژاردن لە باشور، تێیدا نه‌وشیروان دیووی ناوەی پارتی و خودی مەسعود بارزانیمان بۆ دەخاتە ڕوو، کەچی ئەم کتێبە کەمترین قسەی لەسەر کراوە، یان هیچ قسەی لەسەر نەکراوە و بێدەنگ وەک زۆر کتێبی تر بە بەردەماندا گوزەری کردوە و هیچ هەڵوێستەیەکی پێ وەرنەگرتووین . ئەم کتێبە بە ڕێزێک به‌ ناوی "لوقمان عەباس" نووسیوێتییه‌وه‌ و ئامادەی کردوە و لە ساڵی ١٩٩٥دا لە هانکۆ / فینلاند بەچاپی گەیاندووە .
بۆ خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌که‌ فەرموون لە کتێبخانەی کوردستانپۆست دا بیخوێنەره‌وە :
http://www.kurdistanpost.info/kitebxane/PDK_PUK.pdf
سه‌ره‌تا ده‌بێت له‌وێوه‌ ده‌ست پێبکه‌م، که‌ نەوشیروان مسته‌فا چەندە بڕوای بەم کتێبە هەیە ، بەڵام بۆ مێژوو دەڵێم کردەوەکانی نەوشیروان لە چاو ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمەدا ئاسمان و ڕێسمانە . ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ی: نەوشیروان باس لە دوای ڕاپەڕین دەکات و زیاتر باس لە کێشەکانی ناو یەکێتی و پارتی . ئەو کاتەی که‌ گەمەی هەڵبژاردن هاتە ناو کایە سیاسییه‌کان ، زۆر بە وردی باس له‌ ڕۆڵی خۆی ده‌کات، که‌ چۆن بووە و کەسایەتی "مەسعود بارزانی"ش چۆن بووە ؟ ئێمە بۆ چاو ڕوونی هەندێک خاڵی گرنگ وه‌بیر خوێنەر دەهێنینەوە و قسەی لەسەر دەکەین .
ڕێکەوتنی پاریس لەبەینی پارتی و یەکیتی دا . مرۆڤ دەتوانێ لە ئاخری کتێبەکەدا خاڵبەندی ڕێکەوتنەکەی پاریس بخوێنێتەوە که‌ خاڵبه‌نده‌کان له‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانیی و پارتی بەر لەوەی واژۆی ڕێکەوتنەکە ووشک بێتەوە داویانە بە ڕژێمی تورکیا و ئێران ووتویانە یەکێتی لەپلانی دروستکردنی دەوڵەتی کوردییدایه‌. ئەمە ئەو مێژوویە کە لە ناو گەلی زیندودا خائینه‌ مردۆکانیشی لەسەر دادگایی دەکرێت، وەک ڕێکەوتنەکەی دەبلین ، نەوشیروان باس لە گەڕانەوەی خۆی دەکات لە ئەورپاوە بۆ کوردستان .


ئەودەم سەرۆکی ئاژانسی پاراستن مەسرور لە واشنتۆنەوە گەڕاوەتەوە و ڤیدیۆ کامێرەیەکی پێدەبێت لەگەڵ باوکیدا لە ئوتێل "ئەبو سەنا" لە سلێمانی نەوشیروان دەبین و ئەویش قسە دەکات بەردەوام مەسروریش وێنەی نەوشیروان و باوکی دەگرێ ، نەوشیروان باس لە حیزبە بچوکەکان دەکات و بە "ئیبتزازی" ناویان دەبات، مەسعودیش بۆ ئاژاوه‌گێڕان دوای گەڕانەوەی سەر و دانه‌ی ئەم فلیمە بۆ سەرکردایەتی حیزبەکان دەنێرێت.
سەیر لەوەدایە نەوشیروان لە بیرەوەریی خۆی و چونیان بۆ بەغداد و گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا باس لە ژووری ئوتێلەکان دەکات کە موخابەرات کامێرای تێداناوە و ئەوان چیان ووتوە ئەوان گوێان لێ بووە ، کەچی ئێستا مەسروور هەمان یاری لەگەڵدا کردوە دوای ٧ یان ٨ساڵ هەمان هەڵە دووبارە کراوەتەوە ، دەپرسین کەی ئێمە دەرس لە هەڵەکانمان وەر دەگرین؟
نەوشیروان دەڵێ، کە بڕیار درا هەڵبژاردن بکەین ، گرفتی سەرژمێریمان توش بوو نەدەکرا بەو زوانە و لەکاتی گونجاودا سەرژمێری بکەین ، بۆیە کاتێک کۆمەڵێک پسپۆڕ هاتن پێشنیاری مۆریان بۆ کردین بۆ پەنجە ئەو دەم ئێمەش هەمان پێشنیارمان لای مەسعود باس کرد (مەسعود) بەخێرایی دەچێتە ئەڵمانیا و لەوێ بۆ خۆی مەرەکەبێکی خراپ دەکڕێ و فازیل میرانیش تا دوو ڕۆژ بەر لەهەڵبژاردن مەرەکەبەکان دابەش ناکات بەسەر بنکەکانی هەڵبژاردندا . بەکوردیی و بەکورتی پارتی و بارزانی یەکەمین تەزویر چین و نەوشیروان بۆمان دەگێڕێتەوە ، پاشان دەیان نامەی هەڕەشە ئامێز بۆ لق و ڕێخستنەکانی پارتی دەنێرێت لە سلێمانی و هەڕەشە دەکات و دەڵێ یەکێتی فێڵی کردووە . مەسعود بارزانی زۆر بە کوردیەکی تێک شکاو ئەو نامانە بۆ لقی چوار دەنێرێت و بۆنی شەڕی لێدێت . دەڵێت "هەمووتان ئیحگات وەرگرن، چاوەڕوانی تەعلیماتی تازەبن" و زۆرشتی تر، پاشان بە کوردایەتی بە میللەتی دەفرۆشێتەوە. تا ئێرە باشە و ئێمە ئه‌م زانیارییانه‌ی نەوشیروان مسته‌فا وه‌رده‌گرین . لێره‌دا کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ وه‌کو ره‌خنه‌ و به‌به‌رچاودانه‌وه‌ ده‌پرسین ئەی مافی خۆمان نییە له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ببپرسین دوای ١٩ساڵ بەڕێزتان چۆن چونەوە ناو ئەو یارییە و لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی ته‌زویرچییدا چوونە ناو هەڵبژاردنێکەوە کە دەزانن لەسەرەتاوە ئێوه‌ تێیدا دۆڕاون؟ ئەی بۆچی هیچتان نەکرد کاتێک زانیتان ئەم پارتە بە فڕوفێڵ بەڕێوە دەچێت ؟ کەواتە مێژوو لای ئێمە هەرخۆتان دەیجونەو ەو نایەڵن ڕەوڕەوەی خۆی بگۆڕێت.
گەرچی نەوشیروان مستەفا : ئەم کتێبەی وەک یەکێتیەیکی عەیارە ٢٤ نووسیوە و باس لە مێژووی یەکێتی دەکات کە لە سەرەتاوە لە سێ ڕێخستن دروستبوە و دوایی بووە بە دوان دوایش بە یەک دانە کە یەکێتییە ، ئێمە زۆر قسەمان لەسەر ئەم بۆچوونە هەیە، کە چۆن کۆمەڵەیان لەناو یەکێتیدا له‌ناوبرد، خۆی ووتەنی زۆر پەشیمانە . ئاماژەیە بۆ چاوپێکەوتنێکی ئەو بەڕێزە.
نەوشیروان هێندە بەوردی باس لەنەمانی پێشمەرگە دەکات، لەجێگەیەکدا دەڵێت "لە هەندێ شوێن لە نۆکەرە دڵسۆزەکانی ڕژێم " پارتی لەشکر دروست دەکات و سەرەک جاشێکی گەورە ووتوێتی "تەزکیەی سوارەیی" واتە ئەو کورده‌ خۆفرۆشانەی لەگەڵ سوارەی حەمیدیدا بوون ئێستا لەگەڵ پارتیدان ، ئێمەش دەڵێین ڕاستە ئەی خۆ لەناو یەکێتییه‌کەی ئەوسای تۆشدا سەدان خۆفرۆشی تێدابووە ،ئێستاش لەناو گۆڕاندا بە هەمان شێوە بوونیان هەیە . کەواتە لێرەشدا مێژوو هەر دووبارە بوونەوەیە ،لای هەمووتان .
کاک نەوشیروان لەبەشێکدا بەئاشکرا دەڵێ "پارتی بۆچی ئەم شەڕەی هەڵگیرساند"؟
دەڵێ پارتی بەدوای بیانویەکدا دەگەڕا بۆ هەڵوەشاندوەی ڕێکەوتنی پاریس و باشترین بیانووش هەڵگیرساندنی شەڕە!
کورد ووتەنی چەپڵە بەیەک دەست لێ نادرێت ، کاتێ شەڕکەر هەبێت ، دەبێت جێگەیەک پاشان شيرکەری دووهەمیش هەبێت ، ئەی یەکێتی بۆ نەیتوانی خۆی لە شەڕ لادات ؟ ئەی بۆ شەڕ تەنها لەناو هێزی خوارەوەدا کرا ؟ ئەی بۆ کەسێکی وەک د. فواد مەعسوم یان هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەبەر دەستی پارتیدا قوتار بوون؟ ئەی بۆ لە تێکشکاندنی پارتیدا کە دەتوانرا بەشاهیدی کۆسرەت ره‌سوڵ سەری ڕەش بگرن ، بۆ نەتان گرت؟ سەدان پرسیاری شاراوە کە مێژوو لەهیچ کەسێکتان خۆش نابێت ، گەرچی ئێستا ئێوە میللەتێکی خەوتووتان لەبەر دەستایە ،ڕۆشبیری و نوخبەی خانەنشین و عەقیدو نەقیب لە دەورتانە ، کەچی ناتوانن وونبوانی شەڕی ناوخۆ، گۆڕەکانیان هه‌ڵبده‌نه‌وه‌ و ئێسک و پروسکەکانیان بده‌نەوە بە که‌سوکاریان، ئێوە واتان کردوە ئازایەتیتان لەناو خەڵکدا نەهێشت دەنا کێ هەیە سەرۆکێکی تەزویر چی و ساختەچی بەقەولی خۆتان قبوڵی بێت؟
ئەم کتێبە ، شایستەی خوێندەوەیە ، چونکە لەناو ئەم کتێبەدا زۆر نهێنی شاراوە هەیە ، کە لە کاتی خۆیدا نەوشیروان مستەفا بەمەست ووتوێتی و بڕوای پێی بووە، بەڵام لەدوای چونی بۆ پرسەی دایکی مەسعود ئیتر ئەم کتێبە و هەموو ئەو ئەدەبیاتەی کە لەسەر پارتی نووسیوێتی، ده‌بنه‌ جێگای پرسیار، چونکە ئیستا ئەو لەبەرگێکی ترو ڕەنگێکی تردا خۆیمان بۆ نمایش دەکات . گرنگ نییە تۆ چی دەڵێیت ؟ گرنگ ئەوەیە چۆن لەگەڵ ووتنەکانتا ڕەفتار دەکەیت. ئەم کتێبە پێمان دەڵێ دوای ٢١ساڵ لەحوکمڕانی و هەراجی ژێرخان و سەرخانی ووڵات جارێکی تر هێز نییە لە دنیادا بەهەڵبژاردن لەبنەماڵەی بارزانی بەرێتەوە . خاڵێک لەڕێکەوتنی پاریس دا زۆر سەرنج ڕاکێشە ئەویش مەسەلەی سەرۆکی هەرێمە کە دەبێت هەر چوار ساڵ جارێک یەکێک هەڵبژێرێت کەچی ئەوە ٢٠ساڵە هەر مەسعود بارزانی یە و "نەوشیروان مستەفا" و هەموو یەکێتیش ئەو ڕاستیە دەزانن و قبوڵیشیانه‌. هیوادارم هەموو کوردێک ئەم کتێبە بخوێنێتەوە ، بریا نەوشیروان مستەفا دەهاتە سەر خەت و باسی لە بۆچوونەکانی دەکرد بەرامبەر ئەم بەرهەمەی .
ئیمانیۆل کانت ووتی: " لە مەعدەنی خوار و خێچی مرۆڤ ، هەرگیز ناتوانرێت شتێکی ڕێک دروست بکرێت، بنه‌ماڵه‌ی بارزانیش ئه‌و مه‌عده‌نه‌ خوار و خێچه‌یه‌ که‌ ناتوانرێت چاوه‌ڕیی باشی لێبکرێت."

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە