هێنانى هێزى چریك و قەڵەخەنیەكان لە لایەن بنه‌ماڵه‌وە بۆ سەر هەڵەبجە

Friday, 29/05/2009, 12:00

5682 بینراوە


راپۆرتى خێڵان بەختیار_ تایبەت بە كوردستان پۆست_ فۆتۆ: ناسیح عەبدولرەحیم_ كەیوان هەورامى
[email protected]
پاش لێكترازانى باڵى مەكتەبى سیاسیى لە پارتى ساڵى 1964، ئیدى ململانێكان رۆژ بە رۆژ روو لە هەڵكشان بوون، باڵى مەكتەبى سیاسیى بە ناوى (جەلالى) و باڵى پارتى بە سەركردایەتى بارزانى، كە پێیان دەگوترا (مەلایى)، ئەم دوو ناونانەش تەنها لە پێناو بچوككردنەوەى قەوارەى یەكتر بوو كە لەلایەن هەردوو لایەنەوە بەرامبەر یەكترى بەكاردەهێنرا، هەردوو لا كەوتنە وێزەى یەكتر بۆ نەهێشتن و لە ناوبردنى یەكترى. باڵى مەكتەبى سیاسیى (جەلالى) لە پێناو مانەوە، خۆیان دایە پاڵ حكومەتى عێراق، كە ئەمەش بە جاشایەتى ناو دەبرا، پێشمەرگەیەكى دێرینى یەكێتى ئەوەى گوت: "ئەگەر ساڵى 66 نەچووینایەتە پاڵ حكومەت، ئەوا لە لایەك مەلایى بە هێزى خۆیان و پاڵپشتى ئێران و لە لایەكى تریشەوە حكومەتى عێراق لە ناویان دەبردین".
ساڵى 1969 شەڕەكانى نێوان ئەو دووباڵە روو لە زیادبوون بوو، لەپێناو تەسفیەكردنى یەكتر (جەلالی)یەكان هەموو جۆرە هاوكارییەكیان لە حكومەتى عێراق وەردەگرت تا بتوانن دژى لایەنى بەرامبەریان كە (مەلایى)ەكان بوون بجەنگن، بەپێچەوانەشەوە هەرچى (مەلایى)ەكانیش بوون هەموو جۆرە هاوكاریەكیان لە حكومەتى ئێران بۆ هەمان مەبەست وەردەگرت. ئەم كێشمەكێشەیە وایكرد كە بەشێوەیەكى كردارەكى ئەو دوو ووڵاتە بێنە ناو گۆڕەپانى ململانێیى نێوان ئەو دوو باڵە و بۆ سوود وەرگرتن لێیان ئامادەیى هەموو هاوكاریەكیان پیشاندەدا.
پێشمەرگەیەكى دێرێنى (جەلالى) كە ئێستا پارتیە و نەیویست ناوى ئاشكرا بكرێت، سەبارەت بە هێنانى هێزى چریك و قەڵەخانیەكان لە لایەن پارتییەوە بۆ سەر شارى هەڵەبجە و (جەلالى) گوتى: "مەلاییەكان وردە وردە ئەو هێز و توانایەیان نەمابوو، كە بتوانن دژى ئێمە (جەلالى) بجەنگن، بۆیە پەنایان بۆ هێنانى هێزى چریك و قەڵەخانیەكان برد، تا ئەوانیش بكەن بە گژ ئێمەدا، كردیشیان"، لە بەرامبەردا پێشمەرگەیەكى دێرینى (مەلایى) باس لە هۆكارى هێنانى ئەو هێزانە دەكات بۆ سەر شارى هەڵەبجە بە گشتى و جەلالییەكان بە تایبەتى، پێى وایە كەوا جەلالیەكان شەڕى گەلەكۆمەكێیان لە دژى مەلاییەكان دەكرد، "جەلالیەكان گەر بیانویستایە پەلامارى مەفرەزەیەكى 15 كەسى ئێمە بدەن، ئەوا 200 كەسیان بۆ دەبرد، ئەوەش جیا لەوەى كە حكومەتى عێراقى لە پشت بوو، ئەوان بە پاڵپشتى هێزى عێراق بەرەنگامان دەبوونەوە، هۆكارى سەرەكى تر ئەوەبوو، كە جەلالیەكان هێزەكانى بادینان و هەولێر و سلێمانى و شارەزوور و هەورامانیان لە ناو شارى هەڵەبجە و دەورووبەرى كۆكردبووەوە، كە لەو بڕوایەشدام خۆشیان نەیاندەزانى قوەتییان چەندە، چونكە تەواوى هێزەكانى خۆى لە بەكرەجۆ كۆكردبووەوە و دواتر بەرەو شارى هەڵەبجەى هێنان، تا شەڕى مەلاییان پێ بكات، بۆ ئێمەش (مەلایى) ئاساییە ئەگەر لە شەڕدا بەتایبەتیش لەو كاتەدا پەنا بۆ هەر شوێنێك ببەین".
ئەو پێشمەرگە دێرینە كە خۆى لە ناو ئەو شەڕەدا بووە، كە مەلایى هێزى چریك و قەڵەخانیەكانیان هێناوەتە هەڵەبجە، باسى لەوە دەكرد، كە لە ساڵى 1969 مەلاییەكان بە سەرپەرشتى (حەمە شەمێرانەیى) هێزێكى دووسەد كەسى چریكەكانیان هێنایە ناوچەى نەورۆڵى، " 12ى ئابى ساڵى 1969 بوو، كاتێك (مەلایى)یەكان ئەو هێزانەیان هێنایە ئەو ناوچەیە، بۆ هێرشكردنە سەر (جەلالى)یەكان، سەرەتا قەڵەخانیەكانیان هێنا، دواتر هێزى چریكەكانیان، هێنا و قەڵەخانیەكانیان بەدل كرد". هاوكات ئەو پێشمەرگەى كە ئەوكات (جەلالى) بووە وئێستا پارتییە، وەك خۆى ئاماژەى پێدا ئەوكات (عەدەد رەشاش) بووە و دەورێكى بەرچاویشى لەو شەڕەدا هەبووە.
بەگژداچوونى چریك و جەلالى
عەبدووڵڵا كە ناوى خوازراوى تەتەرێكى ئەوساى مەلاییەكان بووە و دانیشتووى گوندى سەراوى سەر بە شارى هەڵەبجە بووە، بەم شێوە باس لە هێنانى هێزەكانى چریك دەكات، "دواى ئەوەى قەڵەخانیەكان رۆشتن و چریكەكان هاتنە شوێنیان، مەلاییەكان چریكەكانیان هێنایە، ناو هەردوو گوندى (گونە و سەراو) و كۆمەڵ كۆمەڵ دابەشى سەر ماڵەكانیان كردن، كە ماڵى من 8 چریكم بەركەوت"، ئەو تەتەرە ئاماژەى بەوەشدا كە ئەو ماڵانەى لایەنگرى جەلالیەكان بوون، چریكەكانیان نەدەگرتە خۆیان، لەمەڕ چۆنیەتى ئەو شەڕەى نێوان چریك و جەلالیەكان ئەو تەتەرە گوتى: "مەلا بانگدان بوو هێندەمان زانى جەلالیەكان دایان بەسەر هەردوو گوندى گونە و سەراو، ئیدى مەلایى و چریكەكان هیچیان پێ نەكرا و نەیانتوانى كە وەڵامى هێرشە لە ناكاوەكەى جەلالیەكان بدەنەوە".
سەبارەت بە چۆنیەتى بەگژداچوونى (جەلالیەكان) بەرامبەر بە (چریك و مەلاییەكان) پێشمەرگە كۆنەكەى جەلالى گوتى: "قوەتى جەلالى راستەوخۆ (جەلال تاڵەبانى) سەرپەرشتى دەكرد، كە هێزى بادینان و هەولێر و تەواوى هێزى خۆى لە هەڵەبجە كۆ كردبووەیەوە، (مەلاییەكان و چریكەكان) بە سەرپەرشتى دوو كەس بوون، كە (حەمە شەمێرانى و رەئیس حەمەئەمین) بوو". وەك ئەو پێشمەرگەیە باسى دەكرد، جەلالیەكان دەمەو بەیانى مانگى 12ى ئابى ساڵى 1969 لە باتى ئەوەى، كە ئەوان هێرش بكەنە سەر جەلالیەكان، جەلالیەكان هێرشی لە ناكاویان كردۆتە سەر (مەلایى و چریكەكان)، هۆكارى ئەو هێرشەشى بۆ ئەوەگەڕاندەوە، كەوا جەلالیەكان رۆشتنى قەڵەخانیەكان و هاتنى چریكەكان بۆ شوێنیان بە هەند وەردەگرن و لە ناوەختا پەلاماریان دەدەن. هەروەها ئەوەشى گوت كە چریكەكان گوریسیان لەخۆیان ئاڵاندووە و وتوویانە (هەڵەبجە تاڵان دەكەین)، بۆیە ئێمەش لە پێناو خۆمان و شارى هەڵەبجەدا، زۆر بە توندى لە بەرەبەیاندا كە هەرگیز ئەوان چاوەڕێى ئەوەیان نەدەكرد، دامان بەسەریاندا و توانیمان خراپ تێكیان بشكێنین"، بە هەمان شێوە ئەو تەتەرەى مەلایى ئەوەى پشت راست كردەوە، كە چریكەكان گوریسیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و گوتوویانە شارى هەڵەبجە تاڵان دەكەین. پێشمەرگەیەكى مەلایى، كە ئێستا لە ماڵەوە دانیشتووە، سەبارەت بەو شەڕەى نێوان (جەلالى) و (چریك و مەلایى) پێى وتم، كە (جەلالی)ەكان لە ناوچەى نەورۆڵى و چەمى (حەوتتاشان) و هەر دوو گوندى (گونە و سەراو) لە پڕ داویانە بە سەریاندا، بۆیە تەنها ئەوەندەیان پێكراوە كە رابكەن، گوتیشى: "ئێمە كە بینیمان (حەمە شەمێرانى) سەرپەرشتیكارى ئێمە و ئەو هێزە بیگانەیە راى كرد، ناچار ئێمەش بە دوایدا رامانكرد، بەڵام (رەئیس) مایەوە، ئەوەبوو كە دواجار بە دەستى جەلالیەكان بە دیلى كە فیشەكى پێ نەمابوو گیرا و كوژرا".
كوژرانى رەئیس حەمەئەمین
ئەو پێشمەرگە كۆنەى جەلالی كە ئێستا بۆتە پارتى و لە ماڵەوە دانیشتووە، سەبارەت بە كوژرانى (رەئیس حەمەمین) بە گومانەوە گوتى: "ئێمەى جەلالیەكان 17 پێشمەرگەمان لێ كوژرا كە زۆربەیان بە دەستى (رەئیس حەمەمین) بوو، دواتر فیشەكى پێ نەماو دەستگیر كرا، لەوكاتەى كە دەستگیر كرا رەئیس حەمەمین دەستى بۆ یەخەى كراسەكەى برد گوتى مەمكوژن نامەى (مام جەلال)م پێیە، بەڵام پێشمەرگەكان گوێیان بەو قسەیە نەدا و دەس بە جێ كوشتیان، ئەوەى كە دەمێنێتەوە و تا ئێستا بۆتە پرسیار لاى ئەو پێشمەرگەیە ئەوەیە، كە تا ئێستاش نهێنى نامەكەى تاڵەبانى بەو سەركردەیە و لە هەمانكاتدا كوشتنى جەلالیەكان بە دەستى ئەو سەركردەیە چى بووە!
چریكەكان چۆن كوژران و دیلەكان چیان بەسەرهات؟!
چریكەكان ژمارەیان 200 كەس بووە، ئەو پێشمەرگە دێرینە ئەوەشى وت كە دواتر بۆمان دەركەوت، كە نزیكەى 150 چریك لەو شەڕەدا كوژراون. ئەو پێشمەرگەى كە ئەوكات (جەلالى) بووە و ئێستا پارتیە، باسى لەماوەى خایاندنى شەڕەكە كرد و گوتى: "14 كاتژمێر شەڕ بەردەوام بوو، هەر لە ناو شەڕەكەدا بۆمان دەركەوت، كە زۆرینەى (مەلایی)ەكان رایانكردووە و چریكەكان و بەشێكى كەمیان لە مەلاییەكان ماونەتەوە".
هۆكارى مانەوەى (چریكەكان) بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوان سەرەتا بەو نیازە هاتوون جەنگ لەگەڵ (جەلالی)دا بكەن، ئەگەر دەستیان بەسەر شارى هەڵەبجەدا گرت، (سەر و ماڵ) بۆ خۆیان بێت و بتوانن تاڵانى بكەن هۆكارێكى ترى ئەوەبووە كەوا چریكەكان شارەزا نەبوون تا بتوانن رابكەن، بۆیە تەتەرەكەى مەلایى لەو بارەوە گوتى: "كاتێك جەلالیەكان دایان بەسەرماندا چریكەكان لەتاو ناشارەزاییدا دەیانگوت روو بكەینە كوێ و چى بكەین، 8 چریكم دەربازكرد و گوتم بەو دۆڵەدا بڕۆن، دواتر هەر حەوتیانم بە كوژراوى بینیەوە".
ئەو پێشمەرگەى كە عەدەد رەشاش بووە لە ناو جەلالى، باسى لەو خوێنە زۆرە كرد، كە لەو شەڕەدا رژا، "لە ماوەى 14 كاتژمێر شەر بە بەردەوامى، ئێمە (جەلالى) 17 كوژراو و 20 بریندارمان هەبوو، مەلاییەكان (رەئیس) كە ئەویش سەرپەرشتیكەر و چاوساغى چریكەكان بوو كوژرا و نزیكەى 10 مەلایى و نزیكەى 150 كەسیش لە (چریكەكان) كوژران، هەتا ئاوى حەوتتاشان كە لە ناوچەى نەورۆڵییە سوور بووبوو لەتاو خوێن و تەرمى چریكەكان".
ئەو تەتەرەى مەلایى ئەوەشى گوت كە پاش ئەو شەڕە خوێناوییەى نێوان جەلالى و مەلایى بە پشتیوانى چریكەكان روویدا، دواتر كوژراوەكانى چریكەكانیان بە دەستى خەڵكى گوندەكان نێژراون، "من بە دەستى خۆم 14 چریكم ناشتووە، هەتا زۆربەى تەرمى كوژراوانى چریك لە لایەن جەلالیەكانەوە شێوێندرابوون، هەروەها قەبرى 30 چریك لە گوندى سەراون و زۆریەنایان لە دۆڵێكن نزیك هەردوو گوندى (گونە و سەراو) كە ئێستا ناسراوە بە دۆڵى چریكەكان"، ئەوەشى گوت كە دواتر لە لایەن جەلالیەكان 40 شەو لە زیندانى تاكە كەسى لە شارۆچكەى سەیدسایەق دەسگیر كراوە، چونكە تەتەرى مەلایى و هاوكارى چریكەكانى كردووە. پێشمەرگە جەلالیەكە، كە ئەمڕۆ پارتییە و لە شارى هەولێرە و ئاوارەى پارتیە لە ماڵەوە دانیشتووە، وەك خۆى دەڵێت ئەوكاتیش ئیمانى بە حیزبایەتى نەبووە، بەڵام ژیان واى لێكردووە، كە دواى حیزبایەتى بكەوێت، سەبارەت بە دیلەكانى مەلایى و چریكەكان گوتى: "ئەو مەلاییانە و چریكانەى كە دەسگیركران، راستەوخۆ رەوانەى بەندیخانەى بەكرەجۆ كران".
ئەوەى كە نهێنییە لاى ئەو چەند پێشمەرگە و شاهێدحاڵە، ئەوەیە كە تا ئێستاش نازانن ئەو چریكانەى كە بە دیل گیران و رەوانەى بەكرجۆ كران رادەستى ئێران كراونەتەوە، یاخود كوژراون.

تێبینى: قەڵەخانیەكان عەشیرەتێكى كوردستانى ئێرانن، ئەوكات جاشى ئێران و شا بوون
چریكەكان: هێزیك بوون كە شا بۆ پارێزگارى بارزانى و ئەو ئۆردوگایانەى كە كەسوكارى پێشمەرگەكانى مەلایى تێدابوون، داینابوون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە