پشتیوان سادق بوختان بە دەم (خودا) دەكات!

Tuesday, 05/05/2009, 12:00

1718 بینراوە


لەم ماوەى رابردوو لە بەرنامەیەكى راستەوخۆى تەلەفزیۆنى یەكگرتووى ئیسلامى، (پشتیوان سادق) داوەتكرابوو، تێیدا پێشكەشكار هەندێ پرسیارى ئاڕاستەى ئەو كادیرەى پارتى كرد، ئیدى ئەویش بە پێى تێگەیشتن و ئەو زانیارى و دێڕانەى، كە حیزبەكەى فێریان كردبوو، وەڵامى دەدایەوە، تا ئێرە كێشە نییە، كە كادیرێكى حیزبى سیاسەتى كارى حیزبەكەى چۆن بێت، بەپێى ئەو میتۆدە وەڵام بداتەوە، چونكە ئەوە مافی خۆی و حیزبەكەیەتى، ئەوەى كە سەرنجى منى بۆ تەماشاكردنى ئەو بەرنامایە راكێشا، تەنها ئەوەبوو كە بزانم رادەى تێڕوانین و لێهاتوویى كادیرەكانى پارتى تا چەندە! چونكە من وەك گەنجێكى رۆژنامەنووس بە پێى ئەوەى كە تێكەڵیم لەگەڵ هەندێك لە كادیرەكانى پارتیدا هەیە و هەبووە، زۆرێك لەو كادیرانە، كە رەنگە پێشیان ناخۆشبێت، ئاستى تێگەیشتن و خوێندنەوەیان بۆ داهاتوو، لە ئاستێكى نزمدان، بەڵكو نەك كادیرە پلە نزمەكان، بەڵكو لە نزیكیشەوە دەزانم كە ئەندامى مەكتەبى سیاسیى و كۆمیتەى سەركردایەتشیان، ناتوانن تێگەیشتنێكى جوان بدەنە چواردەور. لە پرسیارێكى پێشكەشكارى بەرنامەكە لە بارەى خەتەرەى دەولى بۆ سەر هەرێمى كوردستان، كە دەسەڵاتى سیاسیى كورد، ئالیەتێكى هەیە بۆ وەڵام دانەوە؟ پشتیوان سادق لە وەڵامدا زۆر ئاساییانە گوتى: "ئێمە خوامان لە پشتە!"، كارەساتەكە لێرەدایە كادیرێكى حیزبێكى بە ناو عەلمانى كە تا بیناقاقاى لە ژێر بڕیارى دەسەڵاتى (خێڵ)دا گوزەر دەكات، لە ماوەى ئەم 18 ساڵەدا و بە بەرچاوى كۆمەڵگا و رێكخراوە مەدەنیەكانى ناوچەكە، دنیایەك گەندەڵى لە ئەستۆیدایە، كەچى كاكى بەرپرس (پشتیوان سادق) بێ ئەوەى تۆزێك سڵ لە بوونى (خودا) بكاتەوە، یەكسەر دەڵێ: "ئێمە خودامان لەگەڵە"، كە لە كاتێكدا تا ئێستاش (حەسەن نەسڕوڵڵا) سەرۆكى حزبوڵڵاى لوبنانیش ئەو قسەیەى نەكردووە! جا گەر بە قسەى ئەویش بێت، دەبێت (خودا)ش شەریكە بەشى گەندەڵى خۆی و حیزبەكەى بێت، من تێناگەم حیزبێكى ئیسلامى (وەهابى) چۆن پێى هەزم دەكرێت، كە كادیری حیزبێكى عەلمانى خێڵەكى (خودا) دەكاتە شەریكە بەشى خۆى؟! ئەى بۆ وەڵامدانەوەى ئەم وتەیە نووسەرە ئیسلامیەكان لە كوێن؟!
ئەمانەن كادیرە باڵاكانى پارتى و پارێزەرى خاك و میللەت! دەبێ لەم كادیرە بپرسم، كە ئایا كێشەى تۆ لە ئاسمانە، یاخود لەسەر زەوى و مرۆڤەكان؟! بێگومان كێشەى ئێمە لەسەر ئەرز و مرۆڤەكانە، كەوایە رێگەچارەش تەنها ئەقڵ و تێگەیشتن و دانیشتنى سەر مێزى گفتوگۆ و سیاسەتە، نەك چاوەڕوانى فریادڕەس بیت، كە ئەویش (خودا)یە، تێناگەم بۆ ئەم كادیرە لە وەڵامیدا ئەو دێڕەى فڕێدا! ئایا حیزبەكەى هیچ سیاسەتێكى بۆ ساتەوەختێكى وەك خەتەرەى هێزە دەولیەكان پێ نییە!؟ یاخود هیچ سیاسەتێكى پێشوەختەیان دانەڕشتووە!؟ ئەى ئیشتان چییە؟!
گەرچى (پشتیوان سادق) وەك دەڵێن لەمەڕ بابەتى تیرۆر شارەزایە! دەشزانین كە بەرپرسى لقێكى پارتیە لە شارى هەولێر، بەڵام ئەم مواسەفاتانە و چەندانى تریش نابنە هۆى رێگرى لە هەڵە نەكردن، چ لە وتە، چ لە كار. هەر لێرەدا بەسەرهاتێك خۆى قوت دەكاتەوە ئەویش، جارێكیان سێ كەس دانیشتبوون، ئەوانیش رۆژنامەنووسێك و كادیرێكى یەكێتیى و كادیرێكى پارتى، نە كادیرە یەكێتیەكە زانیبووى ئەوی تر پارتییە، نە پارتیەكەش زانیبووى كە ئەویتر یەكێتیە، ئیدى لە كاتى قسەكردندا كادیرە پارتیەكە وتبووى: "ئێستا لەم سەردەمى گڵۆباڵیزمەدا من ناتوانم بێم مناڵەكەم تێبكەیەنم و بڵێم بارزانى بەو شێوە لە ئاوى ئاراز پەڕیوەتەوە....هتد"، دواتر كادیرە پارتیەكە هەڵدەستێ و دەڕوات، كادیرە یەكێتیەكە لە رۆژنامەنووسەكە دەپرسێت، كە ئەم كەسە كێ بوو؟ رۆژنامەنووسەكەش لە وەڵامدا دەڵێ: "كادیرێكى پلە مامناوەندى پارتیە"، كادیرە یەكێتیەكەش دەڵێت: "باشە ئەم گڵۆز گڵۆزەى لەچى بوو، تا ئێستاش لە سەدا 90ى پارتیەكان وادەزانن، كە ماركس و لینین ژن و مێردن!". نموونەیەكى تریش، رۆژنامەنووسێكى هاوڕێم ئەوەى گێڕایەوە، كە شەوێكیان ئەندامێكى سەركردایەتى پارتى مێوانیان بووە، ئەو كادیرە باڵایەى پارتى باسى لە (بوون) كردووە!!!! (پارتى و فەلسەفە!!)، ئەوەشى وت: كە ئەو كادیرە باڵایە هەرچى خۆى دەهێنا و دەبرد و زۆرى لە خۆى دەكرد، نەیدەزانى چۆن ئەو باسەى كە كردوویەتیەوە، دایبخاتەوە، (ئەفلاتوونیش نەیتوانى مەفهومێكى تەواو لەسەر (بوون) بداتە كەس).
ئەو نموونانەى سەرەوە و دەیان نموونەى تر كە راستن و خۆشم لە نزیكەوە ئاگادار بووم، بەڵام رۆژێك بێت، نەك پشتیوان سادق بیەوێت تەحویلى غەیبمان بكات، بەڵكو هەر بە نموونەى نەزانى كادیرە باڵاكانیان تەحویلى سەركردایەتى و مەكتەبى سیاسیى خۆیانیان دەكەینەوە.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە