چەند راستییەک بۆ مێژوو

Friday, 13/01/2012, 12:00

1880 بینراوە


بنکڕی کۆتایی ساڵی 2010 ئەندامانی ئەنجوومەنی نێوەندی یەکێتی بە زۆرینەی دەنگ کە پێشتر ڕێک کەوتبوون لەناوخۆیاندا، کاک بەکری حاجی سەفەر وەک سکرتێری ئەنجومەن و برایم جەلالیشیان وەک جێگری سکرتێری ئەنجومەن بە پاڵ هێنایە خوارەوە ، پاش 24 کاتژمێر لە کەناڵی (NRT) بەکری حاجی سەفەر هۆکاری هەڵنەبژاردنەوەی وەک سکرتێری ئەنجومەن خستە سەر شانی برایم جەلال ، بەو بیانوەی لەسەر حسابی دارایی ئەنجوومەن کتێبێکی لەسەر مێژووی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بۆ برایم جەلال چاپکردووە و ئەم کتێبە باسێکی لەسەر مەلابەختیار تێدایە لە زیندانەکەی یاخسەمەر.
لەگەڵ ڕێزم بۆ کاک بەکری حاجی سەفەر کە هەموو ژیانی لە پێشمەرگایەتیدا سەرف کردووە ، بەڵام با سەیری نوسینەکانی 11 /12/ 2010 لەسەر مەلا بەختیار لە زیندانەکانی یاخسەمەردا بکات لە کوردستانپۆستدا پێش دەرکردنەکەی لە ناو یەکێتیدا، ئەو کاتە دەبێت کاک بەکر دان بەو ڕاستیەدا بنێت پێش چاپکردنی نامیلکەکەی برایم جەلال، لە کوردستانپۆستدا بەزنجیرەیەک نووسین نهێنیەکانی هەڵتۆقینی ئاڵای شۆرش پەخش کراوە، پاساوی دەرنەچوونیشی وەک سکرتێری ئەنجومەن نامیلکەکەی برایم جەلال نییە و خۆشی باشتر دەزانێت بۆ دەرکراوە دەرکردنەکەی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێندە سانایە پێویستی بە ووتارێکیش نییە .
_ پاش ووروژاندنی بابەتی دۆکۆمینتاری مەلا بەختیار لە زیندانەکەی یاخسەمەر لە کوردستانپۆست، ڕۆژنامە خۆ بە ئەهلی زانەکان کەوتونەتە خۆو و دەم لەم بابەتە دەدەن، کێشە گەورەکەی ئەم میدیایانە ئەوەیە بەدوای سەرکردەیەکدا دەگەڕێن باس و خواسێک لەم مێژووە بکات گەر لە ڕووداوەکانیشدا نەبووبێت، گەر لە شاخیشدا لەسەرپشت لە بارەگایەکی دوور لە بەرەی شەڕ و ململانێکان تا قرچەی نیوەڕۆ لە مقەڕێکدا خەوتبێت ، درزی گەوەری پلانی ئەم میدیایانە زلکردنی ڕووداوەکانی مێژووە لەسەر زاری کاراکتەرە بێئاگان و بە ئەنقەست فەرامۆشکردنی کەسایەتی ناو ڕووداوەکانە تەنها لەبەر ئەوەی لە پۆستی بەرزی حیزبیدا نین، تەنها لەبەر ئەوەی لە شاخدا پێشمەرگە بوون و لە کۆمەڵگای بە ناو شاریشدا ئێستادا مەسئوول نیین، لەوەش بترازێت هیچ یەکێک لەو بەناو میدیا ئەهلیانە زات ناکەن ناوی کوردستانپۆست بهێنن.
_ نووسینەوەی مێژووی ململانێی ناو پارتەسیاسییەکان لەسەردەستی بڕێک لە مێژوونووسانی سەر بەدەسەڵات بووە، سەرۆک و سکرتێرەکان بە پارە و ئیمتیاز کاتبێکی ملخواری نووسەریان بۆ خۆیان دروست کردووە ، چیان ویستبێت ئەوەیان پێ نووسیوە ، لەم نێوەندەدا ئەوەی من دەینووسم لە کوردستانپۆست هێندەی تاڵە موویەک دوورنەکەوتومەتەوە لە ڕووداوەکان، گەر هەڵەی بەرواریشی تێدا بووبێت لە ناوەڕۆکی مێژوویی کەم نابێتەوە، هەموو ئەو کەسانەی بە تەلەفۆن و ئیمێل هەڕەشە دەکەن گەردنیان ئازاد بێت .
_ با چاوەڕوان بین و بزانین کاک بەکری حاجی سەفەر و برایم جەلال بۆ مێژوو چلۆن وەڵامی کوردستانپۆست دەدەنەوە هەر وەکو چۆن مەلا بەختیار وەڵامێکی نەجیبانەی بۆ کوردستانپۆست نارد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە