ڕۆژی ڕەش...

Sunday, 16/02/2014, 12:00

2128 بینراوە




پیلانگێڕی کۆمپلۆی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات کە ناسراوە بە ڕۆژی ڕەش. ئەو پیلانگێڕیە بەتەنها بۆسەر بەڕێز:(عەبدوڵڵا ئۆجالان) نەبووە. ئەو کۆمپلۆ نێودەوڵەتیە لەبەرامبەر هەموو گەلی کورد بەڕێوەچووە، چونکە دەستبەسەرکردنی بەڕێز (ئۆجالان) لەلایەن ئەو پیلانگێڕیە نێودەوڵەتیە و جەلادەکانی داگیرکارانی نیشتمانی پیرۆزی کوردستان بەتەنها ئوجالان،یان دەستبەسەرنەکرت، بەڵکوو دوای داگیرکردن و پارچەکردنی خاکی کوردستان لەلایەن سەفەوییەکان وعوسمانییەکان بۆ جارێکی دیکە لەلایەن پیلانگێڕانی کۆمپلۆی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات و جەلادەکانی. دیسان نیشتمانی کوردان داگیرکرایەوەو ماف و ئازادیەکانی گەلی هەموو بەشەکانی کوردستان پێشێلکرا.
گەلەکۆمەی نیودەوڵەتی بۆسەر ماندێلای کوردان ڕێزدار:ئۆجالان، نەیتوانی ئیرادەی بزاڤی ڕزگاریخوازی ئازادی گەلەکەمان لاواز بکات. دەتوانین بڵێین بەپێچەوانەوە لەکاتی بەڕێوەچوونی پیلانگێڕی کۆمپلۆی نیودەوڵەتی و دەستبەسەرکردنی مرۆڤە مەزنەکەی سومبولی ئاشتی و ئازادی (عەبدوڵڵا ئۆجالان) لەلایەن جەلادەکانی ١٥ی شوباتەوە. لەماوەی ئەم پانزە ساڵەدا ئیرادەی خەبات و تێکۆشانی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بەپشت بەستن بە ئیرادەی ئۆجالان" لە ئیمراڵیەوە پتەوترو بەهێزتر بووە.
ئۆجالان بۆ هەموو جیهان و بۆ مێژوو سەلماندی کە مرۆڤێکی ئاشتیخوازە، ئۆجالان ڕێبەری بەتەنها بەشێکی کوردستان نەبووەو نییە. ئوجالان ڕێبەری بنەماڵەیەک و حزبێکی پاوانخوازی چەند کەسی نەبووەو نییە. ئۆجالان ڕێبەری هەموو گەلی کوردە بەبێ جیاوازی لە هەموو بەشەکانی کوردستان، ئەو مرۆڤەی خۆی بە کوردێکی ڕاستەقینە دەزانێت با بچێت لاپەڕەکانی مێژووی خەبات و تێکۆشانی دەیان ساڵەی عەبدوڵڵا ئۆجالان بخوینێتەوە بۆ ئەوەی سەرەتا پێناسەی ڕاستەقینەی نەتەوەکەی خۆی بناسێت، دواجار تێبگات لەوەی ئەو مرۆڤە مەزنە چ مێژوویەکی بۆ دوای خۆی و هەتاهەتای گەل و نیشتمانەکەی تۆمار کردووە.
خاوەنداریەتی کردن لە خەبات و تێکۆشانی فیداکاری دەیان ساڵەی ڕێزدار: عەبدوڵڵا ئۆجالان ئەرکێکی ئیخلاقی نەتەوەیی هەموو تاکێکی کوردە بەبێ جیاوازی لەهەموو بەشەکانی کوردستان. مێژوو شەرمی لەکەس نەکردووەو ناشیکات هەربۆیە زۆرن سەرکردەو سیاسەتمەدارانی کورد کەوا لە مێژووی ڕابردوویاندا هەمیشە بەرژەوەندی شەخسی خۆیان خستوەتە پێش بەرژەوەندی گەل و نەتەوەکەیان. بەڵام ئەوە هەر مێژووە شاهێدیمان بۆ دەدات کەوا ئۆجالان هەمیشە بەرژەوەندی گەل و نەتەوەکەی پێش بەرژەوەندی شەخسی خۆی خستووە. بەداخەوە زۆر جار لێرەو لەوێ هەندێک کەس و گروپ و حزب و بنەماڵەی کوردان هەن، هەمیشە هەوڵی دژایەتیکردنی خەبات و تێکۆشانی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان،یان داوە. بەڵام ئەوەی ڕوونەو جێگای شەرمەزاریە بۆ ئەو لایەنانە ئەویش ئەوەیە، ئەو کەس و لایەنە خۆفرۆش و نیشتمان فرۆشانە مەترسی و زەرەرو زیانیان زیاترە لەبەرامبەر دۆزی گەلەکەمان تا ئەنجادەرانی پیلانگێڕانی کۆمپلۆی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات.

بۆیە گەلی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان دەبێت بەهەستکردن بە بەرپرسیاریەتی ئیخلاقی نەتەوەیی و پارێزگاریکردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان و سەروەریی و پیرۆزیەکانی دەبێت کوردستانیانی هەموو بەشەکانی کوردستان یەک دەنگو یەک ڕەنگ ڕۆژی ١٥ی شوبات واتا ڕۆژی ڕەش" بەتوندی ئیدانەو شەرمەزار بکرێت و بەفشارێکی سیاسی ناکۆتای داوای ئەوە بکرێت هەرچی زووترە بەڕێز: عەبدوڵلا ئوجالان ئازاد بکرێت و گەلی کورد فشارێکی نەتەوەیی بەیەک دەنگ بخاتە سەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەو لایەنانە کەوا بەشداری ئەو کۆمپلۆ نێودەوڵەتیە بوونە.
من لێرەوە بە ویژدان و ئینسانیەتی سەرجەم سەرکردە سیاسیە کوردستانیەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان بەگشتی باشوور و ڕۆژهەڵات بەتایبەتی ئەڵێم؟ کامەتان و کێهاتان دەتوانن و لەخۆتان ڕادەبینن شێوەی ئۆجالان بۆ ماوەی پانزە ساڵە لەبەندینخانەیەکی فەردیدا بەو ڕەنگەی بەڕێزیان خەبات و تێکۆشانی سیاسی بەردەوام بکەن؟ بۆیە داوام وایە باهەموو سەرکردە سیاسیەکانی کورد ئیدی واز لە سیاسەتی ناتەندروست بێنن و بەفکرێکی نوێی تازەگەری ئەم سەردەمە چۆن دەخوازێت بەو شێوەیە سیاست پەیڕەو بکەن و دەست لە نێو دەستانی یەک بدەن بۆ پاراستنی یەکێتیی و یەکڕیزی نەتەوەکەمان بپارێزین تا مافەڕوا ئینسانیەکانی گەلەکەمان دەستەبەربکەین و چیدی خاکی پیرۆزی کوردستان لەژێر دەستی داگیرکاران نەمێنێت.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە