پان ... جەلالیزم؟!

Friday, 13/11/2009, 12:00

1605 بینراوە


لە دووای ئەوەی هەواڵی ئەوەم بیست كە خانمی یەكەمی عێراق بڕیاری داوە بەرپرسیارێتی مەڵبەندی سلێمانی بگرێتە ئەستۆی، راست ئەوە بە خەیاڵمدا هات كە لە بەر ئەوەی رەوشی ئێستا جیاوازی هەیە لە گەڵ جاراندا، بۆیە ئەمجارەیان تاڵەبانی لە شوێن سەنگەر گرتن و شەڕو بە كووشتدانی مناڵی خەڵك بە بەلاش، لە بەرنامەیدایە بە هیرۆی خێزانی شەڕی گۆڕان و خودی نەوشیروان مستەفا و كۆسرەت رەسول و ئەوانەی وا چاوەڕوانن لە دوای مەرگی تاڵەبانی ببن بە خاوەن ماڵ بكات.
وەرگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییەش بە مانای ئەوە نایەت كە هیرۆخان حەزی بە خوێن رشتن نەبێت، بەڵكو ئەویش وەكو و تاڵەبانی ئەگەر بۆی بكرێت سلێمانیش دەكات بە دوو لەتەوە.
بیرۆكەی بوون بە بەرپرسی مەڵبەند لە كوێوە سەر چاوە دەگرێت؟ ئاشكرایە هیرۆ لە دایك بووی شاری سلێمانییەو لە دووای راپەرینی بەهاری 1991 یشەوە بە شێوەیەكی بەر بڵاو خەریكی شار چێتیی بووە ، چونكە هەمیشە داوای ئەوەی لێكردووە كە دەبێت سكرتێرەكەی رێزی تایبەت بۆ سلێمانیەكان دابنێ و بۆ هەر شتێك برۆن نەیانگەڕێننەوە، ئەمەش زۆر جار بووە بە هۆی سەر ئێشە بۆ سكرتَێرەكانی تاڵەبانی، چونكە ئەوەندە داواكاریان زۆر بووە بەوانیش هەزم نەكراوە، بۆیە هیرۆش لە لای تاڵەبانی بە بەردەوامی گلەیی ئەوەی كردووە كە سكرتێرەكانی وەكو پێویست رێز بۆ ئەو كەسانە دانانێن كە لە رێی ئەوەوە دەنێردرێن بۆ ئەوێ.
ئەمجارەیان هیرۆ شوێنی خۆی وەكو پێویستییەك گرت و لە بەرنامەیدایە ببێت بە ماشێنی فریاكەوتن و ی ن ك لەو شكستە رزگار بكاو بە شێوەیەكی ئەفسووناوی ئەوەی ناوی قەیران بێت لە نێو ئەو حیزبەدا نەیهێڵێت.
لەوانەیە تا رادەیەك بتوانێت بە یارمەتی پارە بەخشینەوە خۆی بە شێوەیەك پیشان بدات كە لە كارەكانیدا سەر كەوتووە، بەڵام ئەو سەركەوتنەی تەمەن درێژ نابێت چونكە بە بوونی بە بەرپرسی مەڵبەند لە كاتێكدا كە ئەو حیزبە خۆی وەكو سۆشیال دیمۆكرات پێشان دەدات و دژ بە بیرۆكەی درووستكردنی بنەماڵەیە، دێت بەم دوواییە بیرۆكەی بنەماڵە چێتی بە زۆری زۆرداری بە سەر ئەو هەموو كوتلانەدا دەسەپێنێت و لە هەستیارترین شوێن دەسەڵات دەگرێتە دەست، ئەمەش بۆ خۆی مەناو مەغزایەكی نهێنی و پەنهانی هەیەو نیەتەكە تەنها ئەوە نییە كە لەو شارەدا پێگە بۆ ئەو حیزبە بگەڕێنێتەوە، بەڵكو لاواز بوونی ی ن ك بوو بە هۆی ئەوەی دەروازەیەك بۆ ئەو بكاتەوە تا بە خەونی دێرینی خۆی شاد ببێت، ئەو خەونەش ئەوەیە كە لە دووای مەرگی تاڵەبانی رێگە نەدات ی ن ك بكەوێتە ژێر دەستی مەكتەب سیاسیەكان و ئەوانەی وا خۆیان بە خاوەنی ئەو حیزبە دەزانن، بۆیە كاری هیرۆ هێندەی ئیشكردن دەبێت بۆ قایمكردنی پایەكانی خۆی و بنەماڵەكەی، ئیشكردن نییە بۆ رزگاكردنی ئەو حیزبە لە قەیران، هێندەی ئیش لەسەر فەرزكردنی هەژموونی بنەماڵە دەكات، نایەوێت ئەو حیزبە بە ئاقارێكی دیكەدا بروات. هەروەكو ئاشكراشە مەڵبەندی سلێمانی بە واتای مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە دێ و بۆ كەسێكی وەكو ئەویش كە خاوەنی هەموو بڕیارێكە لە نێو ئەو حیزبەداو هەموو راگەیاندنەكانی ئەو حیزبەش ئەو سەرپەرشتییان دەكاو دارایی ئەو حیزبەش بە شێوەیەكی سیستماتیك هەر لە بنەدەستی خۆیدایە، ئا لێرەوە دەگەین بە حەقیقەتی ئەوەی كە بۆچی لەم كاتەدا ئەو ژنە بڕیاری ئەوە دەدات كە بەرپرسیارێتی مەڵبەندێك بگرێتە ئەستۆی خۆی كە لە حەقیقەتدا ئیشی ئەو نییە؟!
ستۆكهۆلم
2009



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە