جگەلەبنەماڵە،کێ براوەى کۆنگرەیە؟! گەمەیەک لەنێوان موجامەلەى کوڕوبرازاکەى سەرۆکدا!

Monday, 06/12/2010, 12:00

1347 بینراوە



سەرەتایەک بۆکۆنگرە

لەساڵى(2010)زۆربەى حیزبەکان بەناوى ڕیفۆرم وچاکسازى ورێکخستنەوەى ئۆرگانەکانى حیزب چانسی خۆیان لەووشەیەکدا تاقی کردەوە کەپێی دەگوترێت (کۆنگرە)،بەلام دواجارهیچکام لەوبەناوکۆنگرەو خۆئامادەکردنانە لەپێناوچاکسازى کردنى ڕیشەى لەحیزبدا نەک ئومێدێکى مژدەبەخش نەبون بۆکۆمەڵگاى کوردى،لێ تروسکایەکى سیاسی پۆزەتیفیش نەبوون بۆخودى هەموو ئەوحیزبانەى کەزەمەنێکى درێژ بەرلەبەستنى کۆنگرە کەوتنە پڕوپاگەندە بەناوى ڕیفۆرم وچاکسازى ڕیشەى، دواجار ئەنجامى هەمووشیان بۆکۆمەڵگاى کوردى دەرکەوت کەتەنها هەمان سکرتێرى حیزب و ژمارەیەک لەبەرپرسەباڵاکانى حیزب کەهەمان سکرتێرو بەرپرسی باڵاى پێشوترى حیزب بوون بەچەپڵە ڕێزانى ئەندامان هەڵبژێردرانەوە بۆهەمان پۆست وبگرە هەندیکیان پۆستى باڵاتریشیان پێدرا، هەرلە یەکگرتوى ئیسلامیەوە بیگرە تادەگاتە یەکێتى وپاشانیش دەگاتە دواین کۆنگرەى کۆمەڵى ئیسلامى کەچەندمانگێک لەمەوبەر ئەنجامدرا.
ئەگەرخوێندنەوەیەکى خێرا بکەین سەبارەت بەبەستنى کۆنگرە یانیش هەڵبژاردنى ئۆرگانەکانى حیزب،ئەوادەتوانین بڵێین کەسروشتى حیزبى کوردى لەوەزیاترى لێ چاوەڕوان ناکرێت، وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد یان بەچەپڵە ڕێزان کۆنگرە کۆتاى هاتوە، یانیش زۆرجار بەجیابونەوەو ئینشیقاق و بگرەهەندێکجارگەیشتۆتە ڕادەى توندوتیژى وخوێن ڕشتنیش، ئەگەر بەووردى بچینە ناوەڕۆکى باسەکەوە ئەوادەتوانین بەسەدان نموونە بێنینەوە (بەتایبەتیش بەستنى کۆنگرەکانى دووحیزبە دەسەڵاتدارەکە لەسەردەمى شاخدا)، بەڵام لێرەدا بەپێویستى نازانین چونکە خودى ڕووداوەکان لەڕابردوودا ئەوەندە ئاشکران پێویست بەباسکردنیان ناکات،یان بەمانایەکى دیکە پێویست بەکولانەوەى برینەکان ناکات!.

کۆنگرەى پارتى وەجاخ
کوێرە بۆکۆمەڵگا!

ئەوەى لەم نێوەندەدا ئێستە لەگۆڕێدایە بەستنى کۆنگرەى پارتیە کەوابڕیارە لەناوەڕاستى دیسەمبەردا، دواى بەتێپەڕبونى(10)ساڵ بەسەر کۆنگرەى دوازدەدا، بڕیارە سیانزەهەمین کۆنگرەى خۆى ببەستێت.
سەرەتابەرلەچونەناوباسی کۆنگرەى(13)وە پێویستە ئەوڕاستیە وەبیربێنینەوە پارتى ئەوحیزبەى هەرلەسەرەتاى دروست بونیەوە تائەمڕۆشى لەگەڵدابێت بەنەفەسێکى کۆنزێرفاتیفانەو چاویلکەیەکى حیزبیەوە ڕوانیویەتیە تەواوى پرسە چارەنوسسازەکانى کۆمەڵگاى کوردى،بەرژەوەندیەکانى حیزب پێش هەرپێشهاتێکى سیاسیى وبەرژەوەندی گشتى کۆمەڵگاى کوردى تەماشاکراوە، لەکوێ بەرژەوەندى حیزب پێویستى کردبێت لەوێدا ئەم حیزبە بەمەوداى ئەوبەرژەوەندیە خاوەن بڕیاربوە نەک کۆمەڵگا، هاوکات بەرژەوەندیە سیاسیەکانى حیزبیش وەک خەباتێک بەمەکرەمە بەکۆمەڵگاى کوردى فرۆشراوەتەوە، تەنانەت بەرژەوەندیە حیزبیەکان ئەوەندەگرنگ بوون بۆپارتى وسەرکردە یەکلەدواى یەکەکانى وبەرپرسەباڵاکانى ئامادەى هەربڕیارێکى نابەجێبون تەنانەت هەندێک لەوبڕیارو کارانەى کەکردویانە، پارتى بەرلە هەرتاکێکى کۆمەڵگاى کوردى خودى خۆى درکى بەخیانەتێکى گەورەى نیشتیمانى کردوە بەڵام نەک بەلایەوە گرنگ نەبوە، وەلێ بەشێکى ئەوخیانەتانە تائەمڕۆش جێگەى شانازین بۆئەندام ولایەنگرانى ئەم حیزبە!، کەواتە هەرلەسەرەتاوە دەتوانین ئەوهەقەبەخۆمان بدەین وبێ هیچ دوودڵیەک بڵێین بەستنى کۆنگرەى پارتى هیچ ئومێدێکى مژدەبەخشى بۆئەمڕۆى کۆمەڵگاى کوردى لێ چاوەڕوان ناکرێت،کارەساتەکەش لێرەوە دەست پێدەکات کەحیزبێک ئەمڕۆ زلهێزترین حیزبی هەرێمێک بێت وخاوەن بڕیارە سیاسیە چارەنوسسازەکان بێت وەلێ بەستنى کۆنگرەى ئەوحیزبە هیچ پەیوەست نەبێت بە بەرژەوەندى گشتى خەڵکى ئەم هەرێمەوەو وەجاخ کوێربێت بۆکۆمەڵگا!.

ساردوسڕى کۆنگرە لەبەستنى
مەجلیسێک دەچێت!

نزیکەى چەند ڕۆژێک ماوە بۆبەستنى کۆنگرە کەچى ئەوەى لەم نێوەندەدا بەدى دەکرێت ئەوساردو سڕیەى خەڵکى هەرێم بەگشتى وتەنانەت بەشێک لەلایەنگرانى خودى پارتیشە کەبەکۆنگرەوە بەدیاردەکەوێت، بەجۆرێک بەستنى کۆنگرەى زلهێزترین حیزب بەقەد بەستنى کۆنگرەى حیزبێکى بچوکى لەنمونەى کۆمەڵى ئیسلامى گەرموگوڕى پێوەدیارنەبوو، تەنانەت مێدیاى کوردیش دەبینین وەک پێویست ئەو گرنگی وبایەخە ئەوتۆیەى پێنەداوە بەراورد بەکۆنگرەى حیزبەکانى دیکە، تەنها چەند خاڵێکى بچووک نەبێت ئەویش لەهەموویان دیارتر کەجێگەى تێڕامانە لەڕێگەى هەندێک لەمیدیا ئەهلیەکانەوە چەندکەسێک ناویان بڵاوکرایەوە کەدەستنیشان کراون لەسەر بڕیارى خودى مسعود بارزانى سەرۆکى پارتى نابێت خۆیان بۆکۆنگرە هەڵبژێرن، ئەگەرچى ئەم بڕیارە بەهەرپاساوێکبێت ڕەوانیە چونکەبەدوور نازانرێت ئەوکەسەى کەڕێگرى خۆهەڵبژاردنى لێدەکرێت زۆرترین ئەندامانى کۆنگرە دەنگى پێبدەن؟یاخود بەپێچەوانەوە،چونکە ئەوە تەنها دەنگدانە دەبێتە سەنگى مەحەک، نەک میزاجى سەرۆک، بۆیەلێرەدا بەجۆرێک لەجۆرەکان بەستنى کۆنگرەى پارتى لەبەستنى مەجلیسێک بۆ سەرۆکى ئەمڕۆى ئەو حیزبە دەچێت!، بەڵام ئەوەى لەهەموشى زیاترجێگەى پرسیارە دەنگێکى موعارز هەروەک چۆن لەڕابردوودا وجودى نەبوە لەئێستاداو، بەدڵنیایەوە لەئایندەشدا وجودى نابێت!.

ئایا ڕیفۆرم زەرورەتە بۆپارتى؟!
ئەوخاڵە جەوهەریەى کەلەکۆنگرەى هەرحیزبێکدا پێویست بەلەسەر وەستان وقسەکردن ناکات،ئەویش مەعلومە کەمەسەلەى ڕیفۆرم وچاکسازیکردنى ڕیشەییە لەهەناوى حیزبدا،(ئەگەرچى ئەم خاڵە لەکۆنگرەى هیچ کام لەحیزبەکاندا نەچۆتە بوارى پراکتیزەکردنەوەو تەنها لەچوارچێوەى تیۆردا ماوەتەوە،بەڵام هەردەم گووتارى سیاسی بەرپرسی بالاى حیزبەکان وزۆرینەى ئەندامەکانیان بوە)، وەلێ عەقڵیەتى دۆگماى پارتى وەهایە لەوڕوانگەیەشەوە دووبۆچونى جوداهەیە!، ئەمەش جگە لەئەندام ولایەنگرانى ئاسای پارتى، بەڵکو ڕونتر قسەوباسی کارگێڕو ئەندام مەکتەب سیاسیەکانیەتى، کەبەشێکیان بەتایبەت پارتیە محافزکارەکان گومان لەوەدانیە کەبەشى زۆرینەى ئەوحیزبە پێک دەهێنن، پێیان وایەکەپارتى لەمڕۆدا تەندروستترین حیزبى سیاسیەو پێویستى بەڕیفۆرم نیە!، بەتایبەت چەندجارێک (محمدى مەلاقادر) ئەم قسەیەى لەڕاگەیاندنەکاندا کردوە، بەپێچەوانەوە بەشێکیشیان لایەکەیدى بەناڕاست دەزانێت وپێیوایە پارتى پێویستى بەڕیفۆرم وگۆڕانکارى ڕیشەی هەیە، بەتایبەت ئەم ووتەیەش بۆچونى (نێچیرڤان بارزانى) بوە لەچوارچێوەى ئەو چاوپێکەوتنانەى کەبەتایبەت دواى کۆتاى هاتنى پۆستى سەرۆکى حکومەت لەگەڵ میدیاکاندا ئەنجامى داون وهەندێکجار ئەم لێدوانانەى بەشێک لەبەرپرسەباڵاکانى پارتى نیگەران کردوە، هەربەو هۆیەشەوە بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ لەڕێگەى هەندێک لەمێدیاکانەوە وەڵامى نێچیرڤان بارزاى درایەوەو تاڕادەیەکى دیار هەندێک مشتومڕى نهێنى ولەژێرلێو قسەکردنى لێکەوتەوە.

جگەلەبنەماڵە
کێ براوەى گەمەى کۆنگرەیە؟!

ئەو پرسیارە جەوهەریانەى کەدروست دەبن وپێویستە لەیەکە یەکەى ئەندام ولایەنگرانى پارتى بکرێت، کەدەڵێین ئەندام ولایەنگرانى پارتى جودا لەعەقڵیەتە سیاسیە باڵاکانى ئەم حیزبە، چونکە مەعلومە ئەوان هەردەم بەعەقڵیەتێکى دیماگۆجیانە سروشتى ناتەندروستى ئەم حیزبەیان بەشێوەیەکى تەندروست لەکۆمەڵگابەگشتى وئەندام ولایەنگرانى خۆیان گەیاندوە!.
ئایاجگەلەبنەماڵەى بارزانى کێ براوەى گەمەى کۆنگرەدەبێت؟!، ئایادواى حوکمڕانیکردنى بنەماڵەى بارزانى کە عەیامێکى دوورودرێژە حاکم وحەکیمى ئەم حیزبەن، کێ دەبێتە ئەوفریادڕەسەى کەحوکمى زلهێزترین حیزبى ئەمڕۆى هەرێم لەژێرچنگى بنەماڵە دەربێنێت و ئیدى کورسی فەرمان ڕەوایی وبڕیار بۆسەرۆکێکى دەرەوەى بنەماڵەبێت؟!، ئایا کاتى ئەوەنەهاتوە ئیدى لێرەبەدواوە سۆرانیەک ببێتەحاکم وحەکیمى ئەم حیزبە کەنزیکەى دوو لەسەر سێی ئەندام ولایەنگرانى پارتى پێکهاتەى سۆرانین؟!، ئایا کۆنگرە دەبێتە ئەو ئومێدەمژدە بەخشەى کەئیدى هێڵە سوورو تابۆکان تێک بشکێنرێن؟!، ئایا ئەوە چى کارەکتەرێکى دەرەوەى بنەماڵەیە جورئەتى ئەوەى تێدایە خۆى بۆپۆستى سکرتێرى حیزب هەڵبژێرێت؟!، ئایابەڕونى وشەفافی و بەوپەڕى بوێرى وجورئەتەوە کەسانێک هەن لەڕۆژى بەستنى کۆنگرەدا پڕبەگەرویان هاواربکەن وناڕەزاى دەربڕن لەهەمبەر مۆنۆپۆلکردنى دەسەڵاتى حیزبێک لەلایەن بنەماڵەیەکەوە؟!، کەسانێک هەن ئەوەندە بوێربن تەنانەت هەڵقوڵاوى هەناوى پارتیشبن دەست بۆم هێلەسورانە بەرن؟!، بێگومان وەڵامەکە ڕونە بۆهەمووان کەهیچ کەس ئەو بوێریەى نیە!، چونکە جگەلەوەى کەشروشتى ئەم حیزبە هەڵقوڵاوى ئەودیموکراسى وئازادیە ڕەهایە نیە کەلەناو لۆگۆکەیدا نوسراوە، بەڵکو بەدوور نازانرێت هەرکەسێک دەست بۆم تابۆیانە بەرێت چارەنوسی لەوکەسانە ڕونتر نابێت کەلەسەردەمە یەک لەدواى یەکەکاندا دەستیان بۆ بڤەگەلێک بردوە و دواجاربەپلانێک بێسەروشوێن کراون یان لانیکەم دورخراونەتەوە لەحیزب.
دواجارئەوەى لەم نێوەندەشدا گەمەی نێوان نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانى کوڕو برازاکەى سەرۆک، کەلەموجامەلەیەک زیاتر بەرامبەر ئەندامان ولایەنگرانى پارتى لەهیچ شتێکیدیکە ناچێت، وەلێ کەسانێک هەن بەشەڕى ڕیفۆرم، یانیش بە گۆڕانکاریکردنى ڕیشەى لەهەناوى حیزب وێناى دەکەن، ئەوەتانها ئەو ئومێدەیە کە لەهزرو ئایدیاى کەسى خاوەن بۆچوندا سەرچاوەى گرتوەو دوورە لەواقیعى گۆڕانکاریە ڕیشەیەکانى پارتیەوە!.

[email protected]
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە