دانیمارک چیی له‌گه‌ڵ ئه‌ندام په‌رله‌مانه کورده خانه‌نشینکراوه‌کانی ده‌کات؟
Monday, 10/08/2009, 12:00
1534 بینراوە
چاوه‌ڕوان ده‌کرێت که بارزانی و تاڵه‌بانی نامه بۆ حکومه‌تی دانیمارکی بنێرن، پاکانه بۆ ئه‌و به‌رپرسانه بکه‌ن، که پاره‌ی سوسیال و خانه‌نشینی له ئه‌وروپا وه‌رده‌گرن، هه‌روه‌ک چۆن بۆ نه‌زار خه‌زره‌جییان کرد.دیاره دانیمارک تاکه وڵات نییه، که لێپرسراوی سیاسیی و ئه‌ندام په‌رله‌مانی کوردی خانه‌نشینکراوی هه‌بێت، به‌ڵکوو به‌شێوه‌یه‌کی گشتیی ئه‌م دیارده گه‌نده‌ڵییه ته‌واوی ئه‌وروپای گرتۆته‌وه. ". تێکۆشان دژ به‌م نه‌خۆشییه هه‌ناسه‌درێژیی ده‌وێت، ئه‌م کاره به هه‌ره‌وه‌زیی ده‌کرێت، چونکه لیستی ناوه‌کان هێند درێژبوونه‌ته‌وه، که مرۆڤ به ئاسانیی نه‌توانێت کۆنترۆڵیان بکات. هه‌موو تاکێکی کوردی خاوه‌ن ویژدانی دادپه‌روه‌ریی له هه‌رکوێیه‌کی ئه‌وروپادا بژیی، پێویسته هه‌ڵوێستوه‌رگرتن به‌رانبه‌ر به‌م که‌سانه به ئه‌رکێکی سه‌رشانی خۆی بزانێت. ئێمه لێره‌دا داوا له هه‌موو تاکێکی کوردی خاوه‌ن داد ده‌که‌ین، که هه‌ر که‌سێکی گه‌نده‌ڵی به‌رپرس و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ده‌ناسێت (نه‌ک که‌سی بێده‌سه‌ڵات و هاوڵاتی ساده، که ئه‌مه ئیشی ئێمه نییه) لایه‌نه په‌یوه‌ندداره‌کانی لێ ئاگاداربکاته‌وه. ئێمه ده‌زانین زۆرینه‌تان له ژیانی خۆتان ده‌ترسن، ده‌ترسن ئازارتان بده‌ن، یان له‌کاتی گه‌ڕانه‌وه‌تاندا بۆ کوردستان یان بۆ ئێراق ئه‌شکه‌نجه‌تان بده‌ن، یان بشتانکووژن، هه‌روه‌کوو چلۆن کوڕه‌که‌ی، چه‌له‌پیی به ڕۆژنامه‌وانه دانیمارکییه‌کان ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئێوه له ئێراق بوونایه ده‌مێک بوو کووژرابوون، چونکه بۆتان نییه ئه‌مجۆره پرسیارانه له باوکم بکه‌ن. به‌ڵام ده‌کرێت ئه‌م کاره له نادیاردا بکه‌ن. ئه‌م به ناو سیاسییانه، کاریان ته‌نها که‌مکردنه‌وه‌ی به‌های تاکی کورد و نیشتیمانه‌که‌یه‌تی، ئێمه گوومانمان له‌سه‌ر هه‌موویان هه‌یه، که ساڵانێکی دوورودرێژ به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست کاری هیچ و هیچ له‌باردا نه‌بوو بکه‌ن، هه‌تا له‌و ڕێگایه‌وه کورد به‌شێوه‌یه‌کی ناشرین به جیهان بناسێنن، هه‌تا له‌و ڕێگا ناشرینه‌وه به جیهان بڵێن: که کورد توانای هیچی نییه و شیاوی خاک و وڵاتی خۆی نییه و نه‌ته‌وه‌یه‌کی هیچه، بۆیه باشتره به‌شێک بن له ئێراق، ئێران، تورکیا، سوریا هه‌تا له ڕێگای تورک و عه‌ره‌ب و فارسه‌وه فێری ژیان بن. جه‌لال تاڵه‌بانیی و ژنه‌که‌ی له ڕیزی هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی جیهاندان، که‌چیی بێ شه‌رمانه له چاوپێکه‌وتنێکی ڕۆژنامه‌ی شرق الاوسگ دا ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر بمرین شاره‌وانیی ده‌ماننێژێت، چونکه خاوه‌نی هیچ سه‌رمایه‌یه‌ک نین.
زۆرینه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانه شێت و به‌رپرسه شێت و پشت شکاو و نه‌خۆشه‌کان له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه له‌سه‌ر پۆسته‌کانیان نه‌ماون، هه‌ربۆیه ئێمه گوومان ده‌که‌ین، که له نزیکتریین کاتدا بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌وروپا، که ئه‌وانه به‌شێکیان له دانیمارک ده‌ژیین. ئیدی لێره‌وه له دانیمارکدا ده‌ستبکه‌نه‌وه به ژیانی نۆرماڵی خۆیان، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ ڕووینه‌دابێت. ئه‌مانه ئیتر له چاوه‌ڕوانیی پۆستێکی تردا وڵاتانی ئه‌وروپا وه‌ک وێستگه‌یه‌ک به‌کارده‌هێنن هه‌تاوه‌کوو شه‌مه‌نده‌نه‌فه‌ری پۆستێکی تریان ڕاده‌وه‌ستێت و ئه‌وسا ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئێراق و کوردستان. ئه‌م سیاسییه به‌رچاو ته‌نگانه بۆ هه‌زار ئۆیرۆ، که ئه‌وان له بانگهێشتێکی نانخواردنێکی ئێواراندا له کوردستاندا خه‌رجی ده‌که‌ن وێنه‌یه‌کی ناشرینی کوردیان داوه به حکومه‌تی دانیمارک و وڵاتانی تری ئه‌وروپا. له هاوینی 2008 دا له ئه‌ڵمانیا چه‌ند به‌رپرسێکی گه‌نده‌ڵی ئاوها ئاشکرابوون، به‌ڵام کێشه‌که‌یان زوو له‌به‌ر هه‌رهۆیه‌ک بووبێت دامرکێنرایه‌وه. پێده‌چێت خودی جه‌لال تاڵه‌بانیی و مه‌سعود بارزانیی نامه‌ی تایبه‌ت بنێرن و بۆ حکومه‌تی دانیمارک بنووسن، که ئه‌وانه خۆبه‌خشانه کار ده‌که‌ن و پاره‌یان وه‌رنه‌گرتووه، یان به‌شێوه‌یه‌ک پشتگیری‌یان بکه‌ن، که بتوانن حکومه‌تی دانیمارکیی ڕازیی بکه‌ن، هه‌روه‌کوو چلۆن پشتگیری‌یان له نزار خه‌زره‌جیی گه‌وره ئه‌فسه‌ری سووپای به‌عس کرد، که به‌شدارییه‌کی چڕی له جینۆسایدی کورددا کردبوو.
ماوه‌ته‌وه بڵێین: نه‌ک ته‌نها ئه‌ندام په‌رله‌مان و وه‌زیره‌کان، بگره چه‌نده‌ها که‌سایه‌تیی تر هه‌یه له دانیمارکدا خانه‌نشینکراون و له کوردستان خاوه‌نی پۆستێکی حکومیین، مووچه وه‌رده‌گرن، خه‌ڵات وه‌رده‌گرن، خانوبه‌ره وه‌رده‌گرن. هێشتا خاوه‌نی دۆکومێنت نین، به‌ڵام گوومانمان هه‌یه، که هه‌ندێک له‌وانه ژنێکی تریشان له کوردستان یان له ئێراق هێنابێت، هه‌ندێکیان له ژنه‌کانیان جیابوونه‌ته‌وه، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ژنه‌کانیان پاره‌ی دایکی ته‌نها وه‌ربگرن، له‌به‌رئه‌وه‌ی پاره‌ی باوکانه نه‌ده‌ن و ئێستا له کوردستان ده‌ژین. بۆ نموونه مه‌لابه‌ختیار میلیۆنێره به دۆلاری ئه‌مریکیی، که‌چیی له‌وه‌ته‌ی ڕۆیشتۆته‌وه بۆ کوردستان پاره‌ی باوکانه‌ی نه‌داوه به حکومه‌تی سوێدیی. ئێمه نازانین حکومه‌تی دانیمارکیی چلۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌نده‌ڵانه ده‌کات، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت چاوه‌ڕوانی مامه‌ڵه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌ین، چونکه ئێمه نامانه‌وێت ڕووی نه‌ته‌وه‌یه‌کی زیاد له چل میلیۆنیی به چه‌ند که‌سێکی گه‌نده‌ڵ و هیچی وه‌ک ئه‌مانه ناشرین بکرێت.
10.08.09
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست