بیری باوکم دەکەم.!!

Saturday, 01/12/2012, 12:00

2306 بینراوە


زێدە ڕۆیی نیە گەربڵێم باوکم لە توێژی بەقاڵەکانی شاری سلێمانیدا یەکەم کەس بوو کچی هێناوەتە ناو ژینگەی بازاڕی پەیداکردنی بژێوی ژیانەوە ، ڕەنگە لەو کاتەدا سەدان موشتەری تەنها لەبەر ئەوە میوەو سەوزەیان لەباوکم کڕیبێ تا چاوێک لە خوشکەکانم دابگرن و واش بیریان کردبێتەوە لەو سەودا و مامەڵەیەدا ڕایان بێنن .

باوکە تاقە باڵەکەم بۆیە کچەکانی دەبرد بۆ دوکانەکەی لەبەر ئەوەی یەکەم منداڵی کچ بووە تا من لەدایک بووم ، سەختە پیاوێک بە تەنها مشووری خێزانێک بخوات و بەرگەی پەیداکردنی نانی خێزانێک بخوات کە هەشت سەر خێزان بووبێت هەر بۆیە بە ناچاری تا من بوومە ٧ ساڵ هەموو کچەکانی یەک لەدوای یەک لە کاتژمێر پێنجی بەیانیەوە لە گەڕەکی جولەکانەوە دەبرد بۆ دوکانە دوو بە سێ مەترکەی لە بازاڕە بچکۆلەی کانێسکان.

گەر باوکم لەڕووی ئایدۆلۆژیەوە تەماشا بکرێت ، پێش کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانیش هەڵگری هزری مارکسیزم _ لینینیزم بووە بەبێ ئەوەی باوکم بزانێت ئەدەبیاتی سۆشیالیزم چیە ، تەنانەت وەک موسوڵمانێکی بێگەردی هەمیشە لەسەر بەرماڵیش مانای سورەتی فاتیحەی نەدەزانی ، کەچی سوجدەی بۆ ڕەبولعالەمین دەبرد .

باوکم هەتا مردیش چایخانەی نەدی ، نەدەیزانی دۆمینە چیە نە ئەزنیف ، تا مردیش نەیزانی لە هۆڵی سینەمای سیروان و ڕەشیدو دڵشاد جێگەیەک هەیە بەناوی چلی و حەفتایی.

باوکم بۆ ئەوەی تۆزێک زیاتر قازانج بکات ، حەماڵیشی دەکرد ، بۆ ئەوەی پارەی حەماڵیەکەی بۆ بگەڕێتەوە ، تەغاری کەوەرو کەرەوزو تەڕەتیزە و پیازی تەڕی دەکردە ناوگونیەکەوەو دەیدا بەسەر شانیدا تا دوکانەکەی .

منو باوکم لە چلەی زستاندا شلیفە تووری قوڕاویمان لە ناو سەتڵێکی ئاوی ساردا سپی سپی دەکردوە بۆ ئەوەی ژنی موشتەریە خوا پێداوەکان بەسەر پیاوەکانیاندا نەبۆڵێنن .
من و براکەم لە قرچەی نیوەڕۆی مانگی تەمووزدا دەیان گورزە پیازی تەڕمان سپی سپی دەکردوە بۆ ئەوەی موشتەریەکان لە باوکمان نەڕەنجێن. وەک بارانی بەهار ئاو بەچاومان دەهاتە خوارەوە لەتیژی پیازەکە .

باوکم لە پشتی دەغیلەی دوکانەکەوە سندوقێکی نهێنی دروست کردبوو بۆ پارەی کاغەز ، من پیێ فێربوبووم بەیان نامە و نامیلکەکانی کۆمەڵەم تیا حەشار دەدا ، تا جارێکیان باوکم ووتی : ڕزگار ئەوە بۆچی دەفتەرو کتێبەکانی مەکتەبت لێرەدا داناوە؟

باوکم بە ڕۆژ هێندە شەکەت و ماندوو بوو ئاگای لە من و جەباری برام نەبوو لە نیوەی شەودا دەردەپەڕینە دەرەوەو پۆستەری شەهیدان و بەیانەکانی کۆمەڵەمان بەدیوارەکاندا هەڵدەواسی، دایکم چاوەکانی وەک چاوی ماسی کراوە بوو بۆ ئەوەی باوکم لە خەو نەبێت تا دەهاتینەوە لە دیوی ناوەوە لەبەردەم دەرگاکەدا وەک حەرەسیاتی پێشمەرگە زیتە زیتی چاوەکانی دەهات و پاشان دەرگاکای بە ئەسپایی دادەخست.

کە منیش پێشمەرگەبووم باوکم بێ سڵەمینەوە لە دەزگا سەرکوتکەرەکانی بەعس ، بێمنەت لە سیخوڕو بەکرێگیراوە کوردەکان، تا بستێکیش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە بوونی هەبوو ، بەگیرفانی خۆی لە سوودی دوکانە بچکۆلەکەی بۆ یەک ساتیش پێی لێ نەبڕیم .

بیری باوکم دەکەم ئەو باوکەی لە سەخترین باری ژیانیدا لە گیرفانیدا پارەی یەک کولێرەشی پێنەبوو نەچووە بەردەم بەرپرسێکی گەندەڵی تا سەرئێسقان دژ بەئازادی و گەنج کوژ، ئەو بەرپرسە دەسەڵاتدارانەی لە سەردەمی شاخدا لەگەڵ کوڕەکەیدا پێکەوە پێشمەرگەبوون.

ڕزگار ساڵح هۆڵەندا ئەنیشخەدە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە