کونگرەی جنێف ٢ و ڕێکەوتنامەی لـوزان و کەرکوک

Friday, 20/12/2013, 12:00

3976 بینراوە


ئەگەر مرۆڤ ئاوڕێک لە مێژوی گەلەکەمان بداتەوە، بە تایبەت لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابوردودا، دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە یەکێک لە هۆیە هەرە سەرەکییەکانی ئەوەی کە بزوتنەوەی
کورد نەگەیشتووه بە ئامانج ئەوەیە کە کورد نەیتوانیوە بە یەکدەنگی، بە یەک پەیامی سیاسی بەشداری کونگرە نێودەوڵەتییەکان بکات، پێکەوە خەباتی سیاسی، چەکداری بەڕیوە ببات. هەمێشە هێزێک یان چەند هێزیکی کورد وابەستەی دەوڵەتانی دراوسێی ودژ بە کوردستان کاریان کردووە.
کە ڕیکەوتنامەی سـیڤەر مۆر کرا، زۆربەی ئاواتەکانی کوردی تیا چەسپێنرا بوو، ئەتاتورک باوەڕی وابو کە ئەمە حوکمی ئیعدامە بە سەر تورکیای کەمالیدا سەپێنراوە، بۆیە بێ پەروا لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە ئەو ڕێکەوتنامەیە لە گٶڕ بنێ. لەو ئان و ساتەدا ڕێگە بە تورکیای کەمالی نەدرا بەشداری کۆبونەوەکان بکات، چونکە لە چەنگدا دۆڕابوو.
پاش هەوڵ و کۆششی تورکیای کەمالی، کە زیاتر لە ساڵ و نیوێکی خایاند تا ڕێکەتنامەی لـوزان مۆر کرا، کە هەموو ئاواتەکانی نەتەوەی کوردی پشتگوێ خست. لە کۆبونەوەکاندا وەفدی تورکیا بە ڕەسمی بەشداری کرد، ئەمەش پاش ئەوەی تورکەکان لە شەرەکاندا دژی یونانییەکان سەرکەوتن و بوون بە هێزێک کە نە ئەکرا دەوڵەتە زلهێزەکان لە بەرچاوی نەگرن، هەڵبەتە ئەو کاتە بەشیک لە سوپای تورکیا لە کورد پێک هاتبو، جگە لەوەش تورکەکان قەناعەتیان بە چەند سەرۆک خێڵێکی کورد کردبو کە داوای ئەوە لە زلهێزەکان بکەن کە کورد ڕازییە لە گەل برا تورکەکانیان لە تورکیا پێکەوە بژین. هەر وەک زانای کۆملناسی سیاسی تورکیا دۆگو ئەرچیل- باسی دەکات، کە کوردەکان خویان داوای دەوڵەتی سەربەخویان نەکرد و پێیان خوشبو لە گەڵ برا تورکەکانیان پێکەوە لە ناو خاکی تورکیادا بژین، ئەمە لە لایەک و لە لایەکی ترەوە بۆ ئەوەی ڕیگە بگرن لە ئەرمەنەکان کە داوای دەوڵەتیان دەکرد لە و ناوچانەی کە کوردی تیا نیشتەجێبوو دەولەتیان بۆ دروستبکرێت، ئەمە قسەی ئەو زانا تورکەیە.
ئێستاش لە سەرو بەندی کونگرەی جـنیف ٢، خەریکە مێژوو دوبارە دەبێتەوە، زلهێزەکان، هەمان ئەوانەن کە کە ڕیکەوتنامەی سیڤەر و لۆزانیان مۆر کرد، کوردیش پاش هەول و کۆششی دڵسۆزان بڕیار وابوو بەر لە چەند هەفتەیەک- کە بە یەک وەفد بەشداری بکەن، بەڵام پاش تەدەخولی چەند هێزێکی کوردی بە فیتی تورکیا، دیسان کورد بە یەک دەنگی بەشداری ناکەن بەلکو بە پەرتەوازەیی ،کە ئەمەش دوبارەکردنەوەی مێژووە.
ئێستاش دوبارە هێزەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا لە هەولیر کۆبونەتەوە، هیوادارم بگەن بە ئەنجامێک
کە بە یەک وەفد بەشداری کۆنگرەی جنیف ٢ بکەن، نەک هەڵە مێژوویەکان دوبارە بکەنەوە.
کوردی کەرکوکیش کە بیستیان هێزە کوردییەکان بە یەک لیست (لیستی کەرکوکی کوردستانی) بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن، شاگەشگە بوون و ورەیان بەرز بووە، ئومێدەکیان لا پەیدا بوو، بەڵام مەخابن ئەو خۆشیە تەنها ڕۆژێکی خایاند، چونکە ئەو یەک لیستییە هەڵوەشایەوە، ئێستا وا دەرئەکەوێت کە هێزە کوردییەکان بە چەند لیستێک بەشداری دەکەن، ئەمەش دوبارەکردنەوەی هەڵە مێژوییەکانە، بەوە ئەچێت کورد دەرسی لە مێژو وەرنەگرتبێت.
تورکیا ئێستا لە هەوڵی ئەوەدایە عەرەبە سوننەکان و تورکمانەکان لە کەرکوک لە یەک لیستدا کۆ بکاتەوە، یان هەر هیچ نەبێت بە دوو لیست، کوردیش لەو لاوە بە زیاتر لە دوو لیست بەشدار ئەبن
ئەمەش بە زەرەرێکی گەورە بۆ کورد تەواو ئەبێت، پێویستە خەڵکی کەرکوک فشار بخاتە سەر هێزە کوردییەکان کە ئەگەر بە یەک لیست دانەبەزن، بە ئیتیفاقێکی جینتلمانانە خۆیان لە ژێر ئالای دوو لیستا کۆ بکەنەوە. ئەگینا لە کەرکوک کورد تووشی نەکسەیەکی تر دەبێت و ئوبالەکەشی
دەکەوێتە ئەستۆی پارتی و یەکێتی.

پۆڵای موهەندیس/ ڤییەننا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە