عارف باوه‌جانی: ئیمه‌ی کورد هه‌میشه‌ خۆشباوه‌ریی وای لێکردوین، که‌ له‌ درێژایی مێژوودا هه‌ر ژێر ده‌ست بین

Tuesday, 23/11/2010, 12:00

1721 بینراوە


دیمانه‌ی عارف باوه‌جانی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی نامه‌ی ئاشتی. ڕۆژنامەنوس ئەحمەدسەفا
راستییه‌ک هه‌یه‌ که‌ پارتییه‌کانی کوردستان له‌ ژێر فشاری خه‌لک ورووناکبیرانن بۆ پێک هینانی به‌ره‌یه‌ک: ئیمه‌ی کورد هه‌میشه‌ خۆشباوه‌ری وای لێکردوین که‌ له‌ درێژایی مێژوو دا هه‌ر ژێر ده‌ست بین
*********************************
من تێناگەم لەو حیزبە کوردیانە بۆ دەڵێن کوردستانی ئێران، ئەگەر بە ڕاست کوردستان هی ئێرانە ئیتر بۆ باس لەوە دەکەن کوردستان داگیرکراوە؟ ئەگەریش بەڕاست پێێان وایە داگیرکراوە بۆ شەرم لەوە دەکەن بڵێن کوردستان و نەیچەسپێنن بە ئێرانەوە. بۆ دەبێت وڵاتێک خاکەکەمانی داگیرکردوە هەر بۆ خۆشمان پێناسە ئێرانی بوونی بۆ دروستبکەین.
*********************************
سیسته‌می سیاسیی ئێران چۆن پێناسه‌ ده‌که‌یت؟
وڵام: سیستەمی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسسلامی ئێران سیستەمێکی وشکی ئاینییە، لە سەر ئەساسی بنەماکانی ولایەتی فەقێ بەڕیوە دەچێت، لەو سیستەمەدا وشەی ئازادی و دیمۆکراسی مافی مرۆڤ هیچ ماناو مەفهومێکی نییە. مرۆڤە ئازادیخوازەکان لەگەڵ سزای شەلاق ومەرگ و بەندی درێژخایەن وڵامی ویستەکانیان وەردەگرنەوە. ئەم سیستەمە دواکەوتووە هەمیشە لە هەوڵی هەڵگیرسانی شەری ئاینەکان و هروژاندنی ئاینەکانە بە تایبەش شاخەی شیعە لە ئێران و جیهاندا، وەک تاکەکانی دەسەڵاتدار بۆ خۆیان هیچ باوەڕێکیان بەم ئاینە نییە و بەڵام لە ئاینی ئیسلام کەڵک وەردەگرن بۆ پەیداکردنی لاینگرو پشتیوان بۆ مەبەستە تایبەتییەکانیان، کە ئیستا بەخۆشییەوە لە ناو ئێرانداڕۆژ بە ڕۆژ فرت وفێڵی سیستەمی دەسەڵاتدارێتیان بۆ خەلك ئاشکرا دەبێت و ڕسوادەکرێن.
هه‌لومه‌رجى بزوتنه‌وه‌ى كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌ چ ئاستێكدا ده‌بينن؟
وڵام: ئەو پرسیارەم زۆرجار ڕووبەڕووکراوەتەوە، دەتوانم بڵێم خەبات لە پێناو ڕزگاری کوردستان بە شێوەی جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ڕیکخراو پارتەکانەوە بەردەوامە، بەڵام ئەو ئەوەندە پرش وبڵاو یەک قەبووڵناکەن دەبێ بڵێم کە ئەو هەلومەرجەی ئەمڕۆ لە نێۆ بزووتنەوەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستاندا لە ئارادایە جێگای دڵخۆشکەری نییە، وبگرە وشەی شۆرش وشۆرشگێریش کەم بایەخ دەکاتە. هەل ومەرجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژ تاڕۆژ بەرەو مەترسی دەڕوات، جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران زیاتر پەرەی سەندووە، بگرە ئیستا بە زەقی ئێران دەیەوێت ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش تێکبدات، جا دەبینین کە لە ڕۆژهەڵات چیدەکات. جادووپاتی دەکەمەوە کە ئەو هەلومەرجەی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تێێدا دەژین هیچکات وڵامدەری ئیستای ئێران نییە، ئێمە هیچ جۆرە ئامادەکارییەکی سیاسی و سەربازیمان نییە کە بتوانین بەرەنگاری ڕێژیمی داگیرکەری ئێران ببینینەوە.

ـ ئامانجى ئێوه‌ بۆ كۆمه‌ڵگاى كوردى له‌ رۆژهه‌لاتى كوردستان چييه‌؟
وڵام: ئامانجی ئێمە بۆ کۆمەڵگای کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازاد ولیبراڵدیمۆکراتە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەو کورستانەدا مافی گشت چین و تۆێژ و تاکێکی کۆمەلگاکەمان پارێزراوبێت و سەروەت و سەرمایەی کوردستان بە دەست کوردەوە بێت و داگیرکەر و ئاسەوارەکانی داگیرکەران بۆ هەمیشە لە کوردستان بکرێنە دەر.

ـ ئايا ئێوه‌ به‌ به‌كارهێنانى (كوردستانى ئێران) يان (رۆژهه‌لاتى كوردستان) كاميان به‌ دروست تر ده‌زانن؟
وڵام: ئێمە هەمیشە لەئەدەبیاتی خۆمان ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆرهەڵاتی کوردستان، کوردستان بندەستی وڵاتی داگیرکەری ئێران ئەمانە بەکار دێنین، لەپەیامەکانمان هەمیشە بانگێشەی خەلک دەکەین و دەڵێین خەڵکی وڵاتداگیرکراوی کوردستان، خەڵکی تامەزرۆی سەربەخۆیی وسەربەستی یەکجاری، ئێمە هەمێشە مەبەستمان ئەوە بووە داگیرکراوی کوردستان وەبیری خەڵک بێنینەوە.
من تێناگەم لەو حیزبە کوردیانە بۆ دەڵێن کوردستانی ئێران، ئەگەر بە ڕاست کوردستان هی ئێرانە ئیتر بۆ باس لەوە دەکەن کوردستان داگیرکراوە؟ ئەگەریش بەڕاست پێێان وایە داگیرکراوە بۆ شەرم لەوە دەکەن بڵێن کوردستان و نەیچەسپێنن بە ئێرانەوە. بۆ دەبێت وڵاتێک خاکەکەمانی داگیرکردوە هەر بۆ خۆشمان پێناسە ئێرانی بوونی بۆ دروستبکەین. بەداخەوە ئەو حیزبانە کە ناوی دەنێن سیاسەتی ڕۆژ بەڵام ئاسانکاری بۆ داگیرکەران دەکەن، بۆ نموونە کاک ئەحمەد لە سەدەمی دەسەڵاتدارێتی شای داگیرکەر لە ئێراندا، بە مەبەستی کەمکردنەوەی کورد و شارە کوردییەکان ناوی شاری ورمێ نراوە ئازەربایجان ڕۆژئاوا، کەچی تائیستاش حیزبە کوردییەکان هەمان قسەی شا کۆپی دەکەنەوەو لە میدیاکانی خۆیان هەمان ناو دەڵێن کە داگیرکەران دایانناوە، ئازەریەکان بە تەواوی تەماحیان لەوەیە کە ورمێ لە کورد بسێنن، لە باتی ئەوەی بیر لە چارەسەری ئەو کێشە بۆ دوارۆژ بکەینەوە کە چی بەڵگەو مەدەرەک لە بەرژەوەندی نەیارانی کوردستان دروست دەکەین. بە داخەوە ئێمەی کورد باش بیرناکەینەوە و بەترسەوە لەگەڵ راستییەکانی خۆشمان هەڵس و کەوت دەکەین، زۆرجار بە منیان وتووە ئیوە چۆن ئیزن بە خۆتان دەدەن ناوی پارێزگا کوردیەکان بگۆرن، یانی ئیزن بە شاو خومەینی دەدەن چ ناوێکمان بۆ دابنێن بەڵام بۆ خۆمان وەک لایەنی کوردی مافی ئەوەمان نەبێت ناوی راست ومێژووەییەکان بە شارەکانی خۆمان بڵێێن؟ کێشەکەمان ئا لەیرەدایە.

ـ خه‌بات بۆ رزگارى كوردستان وه‌ك سه‌ربه‌خۆيى له‌ گه‌ڵ خه‌بات بۆ رزگارى له‌ چوارچێوه‌ى ئێران دا چۆن به‌ يه‌كه‌وه‌ گرێ‌ ده‌ده‌ن؟
وڵام: ئێمەی کورد پێش هەرجۆرە بیرکردنەوەیەک لەسەرکام دەستکەوت بەدەستی دێنین، دەبێت دان بەو راستییەدا بنێین کە خاکی ئێمە لە لایەن ئەو٤دەوڵەتەوە کە یەکێکیان ئێرانە داگیرکراوە، نابێت وەک قسەی هیندێک بە ناو ڕۆشنبیر بڵێێن ئێمە ئێرانین وخاوەنی ئەسڵی ئێرانین، هەر ئەو جۆرە بیرکردنەوە قوڕیداوە بەسەرمانا وناهێڵێت بیکردنەوەی سەربەخۆیخوازی لە نێۆ زۆرینەی کوردستانداسەرهەڵبدات. رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێردەستی وڵاتێکدادەژی کە بیجگە لەکوردستان وخاک وزێدی چەند نەتەوەیەکی دیکەی داگیرکردوە، وەک نەتەوەکانی بەلوچ، عەرەبی ئەحواز، تورکمەن سەحرایی و تورکی ئازەرری و دەیان وردە نەتەوەی دیکە، ئیستا کە دەبینن ئەو٤ نەتەوەی کە ناوم هێنان زۆرینەیان خەبات بۆ سەربەخۆیی خۆیان دەکەن. ئەوان چاوەڕی نین دوا رووخانی ڕێژیمی ئیستاجارێکی دیکە بندەستی قەبووڵ بکەنەوە. کەوابێت بۆ ئێمەی کوردیش ئاسانترە کە باس لەسەربەخۆیی بکەین، چوون ئێمە وەک باشوری کوردستان تاکە نەتەوەنین لەو خاکەدا داوای سەربەخۆیی خۆمان بکەین، تا بڵێن ئەرکەکە قورسە لە سەرمان، ئەوەتە ئێمە دەبین دراوسێکانیشمان وەک ئێمە بیردەکەنەوە، ئیتر نازانم بۆ سیاسییەکانی ئێمە هەر لە ئیستاوە فرمێسک بۆ ئێرانێکی دیمۆکرات دەڕێژن، ئەگەر لە جیهانیشدا نموونەی دیمۆکراتی بێت بەڵام بۆ کورد نموونەی دۆزەخە. ئەی کار بۆ کوردستانێکی ئازادو سەربەخۆ بۆ ناکەین تا ئیدی چاوەڕێی خەیری فارسێک نەبین لە تارانەوە قسەیەکی خێرمان بۆ بکات. بە داخەوە ئێمەی کورد هەمیشە خۆشباوەری وایلێکردوین کە لە درێژایی مێژوودا هەر بندەست بین، بە هاتنی خۆمەینی وبەڵێنیەکانی بروامان کرد کە هەموومان ئاکامەکانمان بینی. لە پاش ئەم ڕێژیمەش کێن ئەوانەی دەنگی زۆرینەیان هەیە هەر ئیستا بە ئاشکرا سیاسەتەکانیان دەبین، کە چەندە دژی کورد قسە دەکەن، ئەوان هیشتا لە ئەمریکا و فەرانسەن کە چی ئوتونومی و فیدرالی بە جیاخوازی دەزانن و هەڕەشە دەکەن، وەی بە حاڵی ئەوەی ببنە خاوەنی هێز و فرۆکەو چەکی مەترسیدار، کە چی هەر ئیستاش لایەنە کوردییەکان بە دەوریانان و تەلەفزوٶین و میدیاکانی خۆیان خستووەتە ئیختیاریان وچاوەڕی دەکەن لە دوارۆژدا بیانکەن بە وەزیرێک، ئیتر وا ئەزانن ئەوان ببنە وەزیر کێشەی کورد چارەسەر دەکرێت، من پێم وایە کێشەی ئێمە لە پاش نەمانی کۆماری ئیسلامی زیاترە، چوون ئیستا بە ئاشکرا ڕێژیمە دیکتاتۆرەکە دەمچەوسێنێتەوە، بەڵام لە دوارۆژدا لە ژێر ناوی ڕێژیمێکی دیمۆکرات وفیدراڵی ئێراندا دەچەوسێینەوە وکەسێش بروامان پێناکات وبە دادمانەوە نایەت.

ـ تا چه‌ند له‌ گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى سه‌راسه‌رى "سه‌وز" له‌ پێوه‌ندىدان و هاوخه‌باتى له‌ گه‌ڵ ده‌كه‌ن؟
وڵام: ئێمە پێچەوانەی زۆربەی حیزبەکانی کوردستانی لەو بەناو بزووتنەوە تێروانینمان هەبووە، ئێمە ئەوە تەنیا بە لایەنی دۆراوی سینارێۆی بە ناو هەڵبژاردن دەزانین نەک بزووتنەوە. لەوانەش دووپات کردنەوە بێت، ئێمە زۆرجار وتوومانە ئەوانە بۆ خۆیان سی ساڵە لە کوشتن و دادگایی و سزای خەڵک بەشدارن کە جیا ئیستا لە جەناحبازی ناوخۆیان دۆراون، دەیانەوێ لە چالاکی و خۆراگری و هێزی کورد کەڵک وەرگرن و دەنگی کورد بۆ خۆیان بێنن. ئیدی ئێمەی کورد کە خاوەنی هزری سیاسین و خۆمان بە وشیار دەزانین نابێت، نابێ ئەو تاقمە ئاخوندە دۆراوەی سینارێۆی کۆماری ئیسلامی ئێران بە فریشتە بناسین و ئەوانیش نەکەین بە دەسەڵاتدار وکۆێخا بە سەرمانا. ئێمه‌ هه‌میشه‌ پێمان وابووه‌ ئه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌ک نه‌بووه‌ بۆ گۆڕانکاری یا بۆ ڕووخانی حوکمه‌تی ئێران، به‌شکو شێوه‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌یه‌ که‌ له‌ به‌ناو هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی ده‌وری ده‌یه‌م‌ دۆڕان یا فیڵێان لێکرا، ئیدی ئه‌وه‌یان کرده‌ به‌هانه‌ بۆ شێوه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌ک، دڵنیام ئه‌گه‌ر بۆخۆیان سه‌رکه‌وتوو بایه‌ن له‌ ئه‌حمه‌دی نژاد زیاتر خۆیان به‌ خه‌مخۆری ئه‌و ڕێژیمه‌ ده‌زانی‌. جا به‌شداریکردنی کورد له‌و جۆره‌ یارییه‌ چی قازانجێکی سیاسی یا مه‌عنه‌وی هه‌یه‌؟، پێویستە زۆر بە وریایی لەسەر ئەوەی لەم ساڵە ڕوویداو لە داهاتووشدا ڕوو دەدا مامەڵە بکەین.

ـ له‌ گه‌ڵ هێزه‌ سه‌راسه‌رييه‌كان له‌ گه‌ڵ كام به‌ش له‌ چه‌پ، سه‌ڵته‌نه‌تخواز،لائيك، كۆمارى خوازان، موجاهيدين ، ميللى مه‌زهه‌بى پێوه‌نديتان هه‌يه‌و و چ حه‌ولێكتان داوه‌ بۆ به‌ره‌يه‌كى سه‌راسه‌رى ئێران؟
وڵام: ئێمە لەگەڵ هیچ لایەنێکی سەرتاسەریخوازی ئێرانی پێوەندیمان نییە و پێشم وانیە بمانبێت.
ئێمە لەگەڵ پارت و لایەنی نەتەوە بندەستەکانی ئێران وەک بەلوچ وعەربی ئەحواز وتورکمەن سەحرا و تورکی ئازەری کە ئەوانیش وەک ئێمە خوازیاری سەربەخۆیی نەتەوەی خۆیانن پێوەندیمان هەیە، یا بە واتایەکی دیکە بڵێین ئەوانەی کە خوازیاری لەتکردنی ئەو ئێرانەن کە بە زۆر دروستکراوەو زێدو سەرمایەیەو فەرهەنگ و مێژووی ئێمەو نەتەوەکانی بۆ خۆی بردوە.
ئەو حیزبانە کە بەڕیزتان ناوتان هێنان هەر وەک لە سەرەوە باسم کرد هێشتا لە دەرەوەی وڵاتن هەڕەشە لە کورد دەکەن، ئەی ئەگەر بچنەوە سەر حوکم و خاوەنی دەسەڵات بن چیمان بە سەر دێنن، کاک ئەحمەد بە داخەوە زۆر زۆر بەداخەوە کە حیزبی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەم فارسانە زۆر دڵخۆشن و لە پێشچاوی کوردەوە گەورەیان دەکەن و دەیانکەن بە شت، بروادەکەی هیندێک لەو حیزبە کوردییانە هاوکاری و پیوەندی بە حیزبی فارس و ناشیونالیزمی ئێرانییەوە دەکەن، کە خاوەنی ١٠ کەس نین لە ناو ئێرانا، بەڵام ئامادە نین هەرگیز لەگەڵ لایەنێکی کوردی دۆست بن کە تازە دامەزرابێت یا بیرکردنەوەی جیاوازی بۆ شۆرشی کورد هەبێت. ئێمە وەک پرینسیپی کارمان بۆ ئیستاو دوارۆژیشیمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تووندی بەرنگاری هەرجۆرە دەستێوەردانێکی فارسی ناشیونالیزم دەکەین لە کوردستاندا،
ئێمە دەمانەوێ لە دواڕۆژدا کرماشان ناوەندی دیاریکردنی چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت نەک تاران پایتەختی داگیرکاری. یەکێکی دیکە لە هەنگاوەکانمان لە دوارۆژدا ئەوە دەبێت کە ئەو پەری هەوڵبدەین بۆ لەبەیندانی ئاسەواری فارسی و داگیرکەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ـ بۆ به‌ره‌ له‌ كوردستاندا پێك نايه‌و ئاسته‌نگ چیيه‌ و چۆن له‌ ناوده‌چێ‌؟
ئەوەی تا ئیستا هەموومان زانیومانە ئەوەیە کە لایەنەکان لەبەرامبەر یەکتر پێشمەرجیان هەیە، یەک قبووڵ ناکەن، مزایدە بە سەر یەکدا دەکەن. مخابن کە چەند لایەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێۆ خۆیاندا لە سەر دابەشکردنی دەسەڵاتی بەرەو بە قسەی خۆیان دوارۆژی رۆژهەڵاتیش ڕێناکەون. دیارە ئەو لایەنانەلە پاش ئەوەی کە پێکەوە ڕێنەکەوتن بۆ خۆشیان ئەو ڕاستییەیان ئاشکراکرد، هەر لە چەند حەفتە پێشەوە دیسانەوە کەوتنە یەکتر تاوانبارکردن. هەرکامیان لە جێی خۆیەوە ئەوی دیکەیان تاوانبار دەکەن، لە گەڵ هەر لایەنێکی کوردیش باس لە دروستبوونی بەرە دەکرێت دەڵێن ئێمە ئامادەین بەڵام کە دێتە ئاستی کردەوە کە چی دونیایەک بەهانەیان هەیە. بەس ڕاستییەک هەیە کە دەبێت هەموو لایەک بیزانن ئەویش ئەوەیە کە پارتەکانی کوردستان لە ژێر فشاری خەڵک و ڕووناکبیرانن بۆ پێکهێنانی بەرە. ئیتر دەبێت کۆتایی بە بیانوو هێنانەوە بێنن و یەک قەبووڵ بکەن، بیر لە مەترسییەکانی دواڕۆژی رۆژهەڵاتی کوردستان بکەنەوە. ڕێز لە داواکاری خەڵک و پێویستیی مێژوویی بگرن.

ـ له‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ چه‌ند كۆنفرانس و كۆنگره‌تان گرتووه‌ و چه‌ند هێماى سه‌ره‌كى رێكخراوه‌كه‌تانمان پێ‌ بناسێنه‌؟
وڵام: ئێمە تا لە ١٧/٢/٢٠٠٦ واتە ٢٨ ی ڕبەندانی ٢٧٠٥ ی کوردی دامەزراوین، تا ئیستا ٢ کۆنفرانس و ٢ پلۆنیوم و کۆنگرەیەکمان گرتووە، خۆشمان بۆ کۆنگرەی ٢ ئامادە دەکەین. کە ١٠ رۆژ پێش پلۆنیومی دووەمان بە سەر کەوتویی کۆتایی پێهێنا. هیمای سەرەکی پێناسەی ئێمە خەباتە بۆ کوردستانێکی ئازاد و دیمۆکرات و سەربەخۆ لەبەشی داگیرکراوی بندەستی ئێران. واتە خۆرهەڵاتی کوردستان. جیاوازی دیکەی ئێمە لە لایەنەکانی دیکە ئەوەیە کە ئێمە پارتێکی لیبراڵدیمۆکراتین و باوەرمان بە سیستەمێکی لیبراڵی هەیە بۆ دوارۆژی کوردستان، لە بواری ئازادی تاک و بووژانەوەی ئابوری وڵاتەکەمان. کە لە بەرنامەو پرۆگرامی پسک بە شێوەی خوارەوە هاتووە.
١ ـ "پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان" نیشتمانی کورد به‌ هه‌موو پارچه‌کانیه‌وه‌ به‌ یه‌ک وڵات و نه‌ته‌وه‌ی کوردیش به‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌ ده‌ناسێ، ئه‌و سنوورانه‌ش که‌ خراونه‌ته‌ نێوان به‌شه‌کانی کوردستان و به‌ ڕواڵه‌ت له‌تیان کردووه‌، به‌ ده‌ستکردی داگیرکه‌ر وسنووری زۆره‌ملییان داده‌نێ و به‌ ڕه‌سمییه‌تیان ناناسێت، به‌ڵام له‌م هه‌لومه‌رجه ‌ناسکه‌دا، پاڕتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان به‌پێێ چه‌ندین هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕامیاری(سیاسی) وستراتیژیکی ڕۆژ له‌ ناوچه‌که‌دا، خه‌بات وتێکۆشانی ئێستای ته‌رخان ده‌کات بۆ به‌شی داگیرکراوی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، واته‌ کوردستانی بنده‌ستی ڕێژیمی ئێران.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە