یه‌که‌م مانگی ساڵنامه‌ی کوردی نه‌ورۆزه‌ کوردستانی گه‌وره‌ش30 پارێزگایه‌‌.!

Sunday, 01/08/2010, 12:00

1976 بینراوە


پاش 19 ساڵ له‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی له‌ باشووری کوردستان هێشتا تاکی کورد نازانێت یه‌که‌م مانگی ساڵنامه‌ی کوردی ناوی چییه و کوردستانی گه‌وره‌ش 30پارێزگایه‌‌.!

له‌ ئێوه‌ره‌ێکی وڵاتی غه‌ریبیم دا له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌ هاوڕێ نزیکه‌کانم سه‌یری که‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌کانی کوردیمان ده‌کرد،به‌و هیوایه‌ی که‌ به‌ سه‌یر کردنی وڵاته‌که‌مان که‌مێک له‌ ئازار و خه‌می غوربه‌ت به‌ بادا بکه‌ین،به‌ڵام نه‌ک هه‌ر نه‌مان توانی که‌مێک له‌ خه‌مه‌کانمان که‌م بکه‌ینه‌وه‌،به‌ڵکو خه‌مێکی تر هاته‌ سه‌ر خه‌رمانی خه‌مه‌کانمان،ئه‌ویش کاتێ به‌ڕێکه‌وت خستمانه‌ سه‌ر یه‌کێک له‌و که‌ناڵه‌ کوردیانه‌ی که‌ له‌ باشووری کوردستانه‌وه‌ په‌خش ده‌کرێت وبینیمان که‌ ئه‌و که‌ناڵه‌ به‌رنامه‌ێکی زانیاری ئامێز به‌خش ده‌کات،ئێمه‌ش به‌و هیوایه‌ی کاتێکی به‌ سوود له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌رنامه‌ زانیاری ئامێزه‌دا به‌سه‌ر به‌رین،کاتی خۆمان بۆی ته‌رخان کرد،له‌ به‌رنامه‌که‌دا چه‌ندین کچ و کوڕی قۆز و جوان به‌شداریان کردبوو،هیچ نکوڵی ناکرێت له‌ پۆشته‌و په‌رداخیان هه‌موویان له‌ ڕووی دیکۆره‌وه‌ زۆرباش ئاماده‌بوون،واتا‌ له‌ ڕووی جل و به‌رگه‌وه‌ هه‌ر پێویست ناکات ئاماژه‌ی پێ بکه‌ین،به‌ جل و به‌رگ هه‌موویان له‌ ئاستێکی به‌رز دا دیار بوون،له‌ ڕووی ئارایشه‌وه‌ هه‌موویان به‌ جۆره‌ها مۆدێل سه‌رو ڕیشیان و ده‌م و چاویان ئارایشت کرد بوو،به‌ کوردی و به‌ کورتی هه‌ر یه‌کێک له‌و گه‌نجانه‌ وا ده‌هاته‌ به‌رچاومان که‌ ده‌ریاێک له‌ زانیاریان له‌سه‌ر هه‌موو بواره‌کانی ژیان هه‌بێت به‌تایبه‌تیش زانیاری له‌ باره‌ی گه‌ل و ووڵاتی خۆیان له‌ ڕووی مێژووی وجوگرافیاو زمانه‌وانی و بواره‌کانی تر!.
خۆی له‌ خۆیدا ئاماده‌ بوون بۆ چوونه‌ ناو به‌رنامه‌ێک له‌و جۆره‌ هیچ نه‌بێت پێویسته‌ مرۆڤ زانیاری هه‌بێت له‌ سه‌رمێژووی گه‌ل و ووڵاته‌که‌ی خۆی، ئه‌مه‌ له‌ لاێک له‌ لاێکی تریشه‌وه‌ سیسته‌می به‌رنامه‌ێکی له‌وجۆره‌ به‌ پێی پێوه‌ره‌ جیهانیه‌کان پێویسته‌‌ ده‌رهێنه‌رو ئاماده‌کاری ئه‌و جۆره‌ به‌رنامانه‌ به‌ جۆرێک به‌شداربوانی خۆیان بانگێشت بکه‌ن که‌ به‌(کوالێتی کۆنترۆڵ)دا تێپه‌ڕ ببن نه‌ک له‌ به‌ر خاتری خاتران و سه‌ر به‌ فکری خۆیان خه‌ڵک بانگێشت بکه‌ن،یان ته‌نها بۆ پڕکردنه‌وه‌ی کاتی ته‌له‌فزیۆنه‌که‌یان‌ هه‌ر که‌سێک چاکه‌ت و بۆینباخێکی به‌ست بانگێشت بکرێت و له‌یه‌که‌م پرسیاریشدا له‌ به‌رامبه‌ر ملێۆنان هاوزمان و هاو نیشتمانیانی خۆیدا ئاسانترین پرسیار ده‌رباره‌ی ساڵنامه‌ی ووڵاته‌که‌ی خۆی نه‌زانێت !.

به‌ڵێ له‌ به‌رنامه‌که‌دا بینیمان پێشکه‌شکاری به‌رنامه‌ پرسی کرد:یه‌که‌م مانگی ساڵنامه‌ی کوردی ناوی چییه‌؟ به‌ڵام به‌شداربووه‌که‌ به‌ به‌کارهێنانی هاوکاریشه‌وه‌ نه‌یزانی وڵامی ڕاست هه‌ڵبژێرێت ئه‌وه‌بوو له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی زۆر به‌ دڵنیاییه‌وه(نه‌ورۆز)هه‌ڵبژێرێت ،ووتی (پوشپه‌ڕ)! ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و گه‌نجه‌ قۆزه‌ که‌ نه‌یزانی ، دوای چه‌ند خوله‌کێکی تر پێشکه‌شکاری به‌رنامه‌ پرسی چ مانگێکی کوردی ده‌که‌وێته‌ مانگی حوزه‌یران؟ ئه‌مجاره‌یان خاتونێکی قه‌شه‌نگ به‌ هاوکاریشه‌وه‌ نه‌یتوانی وڵامی ڕاست هه‌ڵبژێرێت و ووتی ڕه‌ز‌به‌ر! شاهیدی ئه‌وش ده‌ده‌م که‌ له‌جیاتی ڕه‌زبه‌ریش ووتی (ڕه‌زه‌به‌ر) سه‌ره‌ڕای ئه‌م دوو پرسیاره‌ جارێکی تر و له‌ قۆناغی کۆتای به‌رنامه‌که‌دا جارێکی تر پێشکه‌شکار پرسیاری کرد:ژماره‌ی پارێزگاکانی کوردستانی گه‌وره‌ چه‌نده‌؟‌، ئه‌م جاره‌یان نه‌ک گه‌نجێکی خوێندکار به‌ڵکو مامۆستاێکی کۆمه‌ڵاتی له‌ وڵامه‌که‌ی دڵنیا نه‌بوو و داوای هاوکاری کرد،پاشان به‌ هاوکاریشه‌وه‌ دڵنیا نه‌بوو که‌ نیشتیمانی گه‌وره‌که‌ی خۆی 30پارێزگایه‌ یان 20 پارێزگایه‌ !.

به‌ ڕاستی مه‌رگه‌ ساته‌ گه‌لێک له‌ قۆناغه‌ سه‌ره‌تییه‌کانی ئازادی ووڵاته‌که‌یدا بێت و خاوه‌نی تاکی خاڵی بێت له‌ هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی وزانیاریان نه‌بێت ده‌رباره‌ی مێژوو و جوگرافیای ووڵاته‌که‌یان،که‌چی هه‌مان تاک کاتێ لێی پرسیار ئه‌کرێت کام نووسه‌ره‌ی عه‌ره‌ب خه‌ڵاتی ئاشتی جیهانی وه‌رگرت بێ دوو دڵی وڵام ئه‌داته‌‌وه‌و ئه‌یزانێت!. به‌ڕاست مه‌رگه‌ ساته‌ بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش که‌ 19 ساڵه‌ نه‌یتوانیوه‌ تاکێکی خاوه‌ن ڕۆشنبیری نه‌ته‌وه‌تی پێ بگه‌ێنێت وله‌هه‌مان کاتیشدالافی پێشکه‌وتنیش لێ بدات به‌سه‌ر گه‌لی هه‌ژارو به‌ش مه‌ینه‌تی کوردستان.

ده‌سه‌ڵاتێک که‌ وا ئه‌زانێت ته‌نها به‌رز کردنه‌وه‌ی بیناکان پێشکه‌وتنه‌،ده‌سه‌ڵاتێک وا ئه‌زانێت شه‌قام قیرتاو کردن پێشکه‌وتنه‌،ده‌سه‌ڵاتێک وا ئه‌زانێت که‌ زۆر بوونی ئۆتۆمۆبێلی گران به‌ها پێشکه‌وتنه‌،ده‌سه‌ڵاتێک که‌ وا ئه‌زانێت هه‌ڵواسینی وێنه‌ی سه‌رۆک دڵسۆزیه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان،ده‌سه‌ڵاێک که‌ وائه‌زانێت کردنه‌وه‌ی زانکۆی زۆر پێشکه‌وتنه‌.
نا گیانه‌که‌م ئه‌مانه‌ نیشانه‌ی پێشکه‌وتن نین،نیشانه‌کانی پێشکه‌وتن تاکێکی هۆشیاره‌،هۆشیاری و به‌گایی له‌ ڕابردو و ئه‌مڕۆ و سبه‌ی گه‌ل و ووڵاته‌که‌ی،پێشکه‌وتن به‌رزکردنه‌وه‌ی بینا نیه‌ به‌ته‌نها،پێشکه‌وتن به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری ئه‌و تاکه‌یه‌ که‌ له‌ ناو ئه‌و بینابه‌رزانه‌‌دا ده‌ژین نه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و تاکه‌ی له‌ ناو بینا به‌رزه‌کاندا ده‌ژین و له‌ نه‌خۆشخانه‌کاندا دکتۆره‌کان به‌رشه‌ق ده‌ده‌ن .! پێشکه‌وتن ئۆتۆمۆبێلی گران به‌هانیه‌،پێشکه‌وتن گران به‌های ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌یه‌ که‌ ئۆتۆمۆبێله‌که‌ لێده‌خوڕێت و له‌ ڕێگه‌کاندا مافی به‌کارهێنه‌رانی تری ڕێگه‌ پێشێل ناکات،نه‌ک وه‌ک ئه‌و خاوه‌ن ئۆتۆمۆبێله‌ گران به‌هایه‌ی که‌ له‌ شارۆچکه‌ی چوارقوڕنه‌ پۆله‌سه‌کانی هاوچۆی دارکاری کرد و که‌سیش نه‌یووت له‌ پشتی چاوت دوو برۆیه‌.!هه‌ڵواسینی وێنه‌ی سه‌رۆکیش نه پێشکه‌وتنه‌ و نه‌ دڵسۆزیشه‌ بۆ گه‌ل و نیشتیمان‌،به‌ڵکو گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ عه‌قڵیه‌تی زیاتر له‌ 20ساڵ له‌و پێشی سه‌رۆکی ڕژێمی عێڕاق که‌ هێشتاش وێنه‌ی ئه‌و له‌ خه‌ێاڵمدایه‌ و هێشتاش وتاره‌که‌ی ئه‌وله‌به‌رچاومه‌ که‌ له‌سه‌ر یه‌کێک له‌ دیواره‌کانی شاری ڕانیه‌ به‌ کاڵی نوسرا بو(قال ێدام قال عیراق) و هێشتاش به‌و دیواره‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ پاش 19 ساڵی ده‌سه‌ڵاتی کوردی.
به‌ڵێ خوێنه‌ری ئه‌زیزم هه‌ڵواسینی وێنه‌ی سه‌رۆک نه‌ک هه‌ر دڵسۆزی نییه‌ بۆ سه‌رۆکه‌کان به‌ڵکو سوکایه‌تێکی گه‌وره‌ش به‌ که‌سایه‌تی سه‌رۆکه‌کان،پێویسته‌ سه‌رۆکه‌کانی هه‌موو دونیا باش ئه‌و ڕاسته‌ بزانن ئه‌و سه‌رۆکه‌ی ئه‌مڕۆ وێنه‌ی هه‌ڵواسرێت بێ خواستی گه‌له‌که‌ی ئه‌وا ڕۆأیک دێت وێنه‌که‌ی ده‌که‌وێته‌ ژێر پێی گه‌له‌که‌ی،هه‌روه‌کو وێنه‌ی دیکتاتۆڕمان بینی چۆن کابرای عه‌ره‌ب به‌ تاکه‌‌ پێڵاوێکه‌ی ئه‌یکێشا وێنه‌ی ێدام حسێن هه‌مووشمان ده‌زانین ڕۆژانێک ئه‌و وێنانه‌ به‌زۆرداری ڕژێم کرابوون به‌ سمبولی خۆشه‌ویستی بۆ سه‌رۆک،ئه‌مڕۆکه‌ له‌ باشووری کوردستان هه‌ڵواسینی وێنه‌ی سه‌رۆک بووه‌ دیارده‌ێکی به‌رچاو له‌ ده‌م و ده‌زگاکانی میری و ته‌نانه‌ت ماڵه‌کانیش ته‌نها له‌ پێناو نه‌بڕانی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌یه‌ که‌ مافی ڕه‌وای خه‌ڵکه‌که‌ خۆیانه‌ به‌ڵام ده‌سه‌ڵات به‌ خێر به‌سه‌ریاندا ده‌به‌شێته‌وه‌!،به‌ڕاستی سه‌یره‌ ئه‌وانه‌ی که‌ بانگێشه‌ دیموکراسی ده‌که‌ن له‌هه‌مان کاتیشدا لاسای دیکتاتۆره‌کان ده‌که‌نه‌وه‌!
به‌ڵێ ئه‌زیزانم پێشکه‌وتن به‌ کردنه‌وه‌ی زانکۆی زۆرو بۆر نییه‌ له‌ وڵاتێکدا که‌ زانکۆ کۆنه‌کان خۆیان بوون‌ به‌ گه‌وره‌ ترین کۆمپانای به‌رهه‌مهێنانی کوڕی ته‌‌سبێح به‌ ده‌ست و کچی دامه‌زراو له‌ چێشتخانه‌ی ماڵه‌که‌ی خۆیان،نه‌خێر ده‌سه‌ڵاتی کوردی، ئه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌زاران گه‌نج خۆی کرده‌ قوربانی بۆ ژیانێکی ئاسووده‌ی گه‌له‌که‌یان،پێشکه‌وتن به‌ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی کاره‌ بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ زانکۆیان ته‌واو کردووه‌ و بێ کار ده‌سوڕێنه‌وه‌ نه‌ک دروستکردنی چه‌ند کۆمپانیاێکی تری به‌رهه‌مهێنای مرۆڤی بێکار و بێ هۆشیاری و بێ زانیاری وه‌کو ئه‌و گه‌نجانه‌ی که‌ هێشتاش نازانن وڵاته‌که‌یان چه‌ند پارێزگایه‌ یان یه‌که‌م مانگی ساڵنامه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌یان ناوی چییه‌ به‌ڕاستی کۆمیدیایه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بێ پلانه‌ی کوردی.
‌ڕه‌نگه‌ که‌سانێک ئه‌مانه‌ به‌ شتی بچوک و که‌م بزانن به‌ڵام مرۆڤ پێویسته‌ له‌ بچوکه‌وه‌ گه‌وره‌ بێت نه‌ک له‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ به‌ره‌و بچوک بوونه‌وه‌ بڕوات وهه‌موو ئه‌مانه‌ پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سه‌یان له‌سه‌ر بکرێت و چاره‌سه‌ریان بکرێت له‌ پێناو به‌رهه‌مهێنانی تاکێکی خاوه‌ن هه‌ست و هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی،لێره‌دا پێویسته‌ بووترێت که‌ ئه‌مه‌ جگه‌ی له‌وه‌ی که‌ خودی گه‌نج‌ تاوانباره‌ که‌ خۆیان هه‌وڵی ئه‌وه‌یان نه‌داوه‌ زانیاری ده‌رباره‌ی گه‌ل و وڵاته‌که‌ی بزانێت وده‌سه‌ڵاتیش بخاته‌‌ ژێر فشارو هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که‌ پێویسته‌ بکرێن و نه‌کراون ده‌سه‌ڵات به‌ زووترین کات بیان کات،خودی ده‌سه‌ڵاتیش تاوانباره‌ که‌ دوای 19 ساڵ له‌ حکومڕانی خۆماڵی هێشتا نه‌یتوانیوه‌ به‌رنامه‌ ڕێژێک بکات بۆ ئه‌و شتانه‌ و له‌ سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ به‌رز کردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی،به‌ڵێ پێویسته‌ و زۆریش پێویسته‌ له‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌یدا جێگه‌ی بۆ بکاته‌وه‌ و بیکات به‌ فرمانێک و له‌ قۆناغی باخچه‌ی ساوایانه‌وه‌ تا کۆتا قۆناغی خوێندن خوێندکاران فێری مانگه‌کانی ساڵنامه‌ی کوردی و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ی و سروودی نیشتیمانی بکرێن و ڕۆژێک له‌ هه‌فته‌دا ته‌رخان بکرێت بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڵای نیشتیمان و ووتنی ماڕشی نه‌ته‌وه‌یی،بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خوێندکارانه‌‌ هه‌ست بکات وڵاتێکی هه‌یه‌ که‌ خاوه‌ن ماڕش و ئاڵای خۆیه‌تی.

سیسته‌می په‌روه‌رده‌ به‌ گشتی و قۆناغی باخچه‌ی ساوایان و سه‌ره‌تای یان ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ باشووری کوردستان پێی ده‌ڵێن قۆناغی بنه‌ڕه‌تی گرنگترین قۆناغه‌ بۆ فێر کردنی منداڵ بۆ هه‌موو شته‌ باشه‌کان،چونکه‌ بنچینه‌ کۆمه‌ڵگه‌ له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، به‌ڵێ پێویسته‌ منداڵ له‌و قۆنه‌غه‌دا فێر بکرێت و بزانت وڵاته‌که‌ی ناوی چییه‌ و ئاڵای وڵاته‌که‌ی بناسێت و فێر بکرێت ئه‌م وولاته‌ نیشتیمانی خۆته‌ و خۆشی بوێت و سروشته‌که‌ی بپارێزێت و ڕێز بگرێت‌ له‌ یاسای وڵاته‌که‌ ی و ڕێز بگرێت‌ له‌ هاوڕێکانی و‌ سپی‌ وڕه‌ش‌ جیاوازی نییه‌ و هه‌موویان هاونشتیمانی یه‌کترین و ڕوخۆش و ڕووگرژ جوان و ناشیرین ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار هه‌موویان‌ هاوڕه‌گه‌زی یه‌کترین،‌ ئه‌مانه‌ هه‌موویان به‌سه‌ریه‌‌که‌وه‌ ده‌بنه‌ بناغه‌ی کۆمه‌ڵگاێکی ته‌ندروست و ئه‌وسا ده‌توانین بڵێین خاوه‌ن گه‌ل و ووڵاتێکی پێسکه‌وتووین.

بۆ نمونه‌ لێره‌ له‌ به‌ریتانیا به‌ ڕێکه‌وت په‌رتوکی یه‌کێک له‌ منداڵه‌کانی هاوڕێکه‌مم بینی که‌ هێشتا له‌ قۆناغی باخچه‌ی ساوایان ده‌یخوێند، له‌ یه‌کێک له‌ په‌ڕه‌کانی په‌رتووکه‌که‌یدا وێنه‌ی ڕه‌گه‌زه‌ جیاوازه‌کانی مرۆڤی سپی و ڕه‌ش و زه‌ردو قاوه‌یم بینی،له‌ گه‌ڵ ده‌م و چاوی جیاوازیان وه‌کو ده‌م و چاوی خه‌ڵکانی ئه‌وروپی،ئاسیایی،لاتینی،ئه‌مریکی،ئه‌فریقی،که‌ هه‌مویان به‌یه‌که‌وه‌ و له‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌ژین،ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئاماژه‌یه‌ بۆ پێکه‌وه‌ژیانی گه‌لان په‌یامێکی ته‌ندروستیشه‌ بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی که‌ ئه‌یبینن و ئه‌یخوێنن و پاشان به‌شێوه‌ێکی ئۆتۆماتیکی له‌‌ مێشکیانداجێگیر ده‌بێت و له‌ ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه‌ فێر ئه‌کرێن که‌ جیاوازی له‌ ڕه‌نگ و ڕوخسار شتێکی زۆر ئاسییه‌،چونکه‌ منداڵ په‌ره‌ێکی سپیه‌و چی له‌سه‌ر بنوسیت ئه‌وه‌ ده‌رئه‌چێت.
به‌ڵێ ئه‌و منداڵه‌ له‌و ته‌مه‌نه‌ بچوکه‌وه‌ ئه‌وه‌ فێر ئه‌بێت که‌ چه‌ندان ڕه‌گه‌زو ڕه‌نگی چیاواز له‌م ولاته‌دا ده‌ژین و پێویسته‌ هه‌مووشیان ڕێز له‌ یه‌کتر بگرن و به‌ خۆشی به‌یه‌که‌وه‌ بژین،خۆ ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت ئه‌وا مرۆڤه‌ ڕه‌ش پێسته‌کان وه‌ک ساڵانی پێشووتر له‌ ژیان بێبه‌ش ده‌کرێن،به‌ڵام له‌ باشووری کوردستان ‌ دوای 19 ساڵ له‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی تازه‌ به‌تازه‌ باس له‌هه‌ولێری و سلێمانچێتی ده‌کرێت،باس له‌ زاراوای بادینی و سۆرانی ده‌کرێت سه‌رنجتان ڕاده‌کێشم بۆ ڕووداوێک که‌ ته‌نها له‌ نوکته‌ ده‌چێت و به‌س هاوڕێکه‌م بۆی گێڕامه‌وه‌ که‌:دوو گه‌نجی کورد له‌ ڕێگه‌ی هاتنیاندا بۆ ئه‌وروپا له‌ وڵاتی ئیتاڵیا به‌ڕێکه‌وت یه‌کتر ده‌ناسن یه‌کێکیان خه‌ڵکی (هه‌ورامان) و ئه‌ویتریان خه‌ڵکی (دهۆک) ده‌بێت،سه‌یر که‌ هیچیان له‌ زاراوای یه‌کتر تێناگه‌ن پاش ماوه‌ێک زۆر بێ تاقه‌ت ده‌بن له‌ تێنه‌گه‌یشتن له‌یه‌کتری و دهۆکیه‌که‌ ئه‌ڵێت ئه‌رێ کاکه‌ زمانی یۆنانی ئه‌زانیت ؟کوڕه‌ی هه‌ورامی چونکه‌ له‌ یۆنان ماوه‌ێک ژیاوه‌ وفێری یۆنانی بووه‌ ئه‌ڵێت:به‌ڵێ ئه‌زانم،کوڕه‌ی دهۆک ئه‌ڵێت:کاکه‌گیان که‌ یۆنانی ئه‌زانیت بۆ به‌ کوردی قسه‌ ده‌که‌یت!.ئه‌مه‌یه‌ هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی تاکی کورد که‌ له‌ زاراوای یه‌کتر تێنه‌گه‌ن و به‌زمانێکی تری دوور له وڵاتی خۆیان گفتوگۆ بکه‌ن!.ئاخر چۆن ئه‌م گه‌له‌ ئه‌گات به‌ ئازادی؟.

ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ نه‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ باشووری کوردستان بیری له‌وه‌ ‌کردۆته‌وه‌ که‌ هه‌موو به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بگه‌رێنێته‌وه‌ بۆ تاکی کورد،نه‌ تاکی کوردیش خۆی هه‌وڵی ‌داوه‌ ئه‌و کاره‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی نایکات خۆی هه‌وڵی بۆ بدات و بیکات،یان فشار بخاته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات بۆ کردنی هه‌موو ئه‌و کارانه‌ی که‌ پێویسته‌ بکرێن، که‌ کردنیان بۆ داهاتوو ده‌بنه‌ (گۆڵی دوور مه‌ودا)،ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ جێگه‌ی ئه‌وه‌ی وێنه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی به‌ هه‌موو شوێنه‌کاندا هه‌ڵواسن باشتر نیه‌ ڕۆڵه‌کانیان فێر بکه‌ن که‌ وڵاته‌که‌یان 30 پارێزگایه‌؟.
ئاخر ده‌سه‌ڵاتی کوردی باشتر نییه‌ له‌ ده‌م و ده‌زگاکانی ووڵاتدا به‌ جێگه‌ی وێنه‌ی سه‌رۆک،نه‌خشه‌ی کوردستانی گه‌وره‌ هه‌ڵبواسرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو که‌س بزانێت کوردستانی گه‌وره‌ چه‌ند پارێزگایه‌؟.
یان باشتر نییه‌ ڕاگه‌یاندنه‌ زۆروبۆره‌کانی کوردستان له‌ رۆژی نه‌ورۆزدا به‌ جێگه‌ی پیشاندانی وێنه‌ی سه‌رۆک له‌ مانشێته‌ سه‌رکیه‌کانی بڵاوکراوه‌کانیان و پیشاندانی پێشوازیه‌ کلاسیکیه‌کانی سه‌رکرده‌کان،ته‌نها نیو کاتژمێر کات ته‌رخان بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵکی ڕون بکه‌نه‌وه‌ نه‌ورۆز چییه‌؟.
یان خه‌ڵکی کوردستان له‌ ڕۆژانی نه‌ورۆزدا به‌جێگه‌ی ئه‌وه‌ی خه‌ریکی گۆشت برژاندن و پیاسه‌کردن بن باشتر نییه‌ هه‌وڵی به‌ ده‌ست هێنانی زانیاری زیاتر بن ده‌رباره‌ی نه‌ورۆز و هه‌موو ئه‌و شته‌ گرنگانه‌ی که‌ په‌یوه‌ندیان به‌ نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌وه‌یه‌؟.
یان مامۆستاکان له‌ خوێندنگاکان به‌ جێگه‌ی بیر کردنه‌وه‌ له‌وه‌ی زۆرترین وانه‌ بڵێنه‌وه‌ له‌ پیناو بڕه‌ پاره‌ێکی زیاتردا باشتر نییه‌ له‌ وانه‌کاندا ڕێکه‌وتی ساڵ و مانگی کوردی بنوسن له‌ سه‌ر ته‌خته‌ ڕه‌ش و منداڵه‌ چاوگه‌شه‌کانمان فێر بکه‌ن که‌ ئێمه‌ش نه‌ته‌وه‌ێکین و خاوه‌ن ساڵنامه‌ی خۆمانین و هیچمان که‌متر نییه‌ له‌ گه‌لانی تری دروسێمان؟.
ئاخرچ مه‌رگه‌ ساتێکه‌ مامۆستا له‌ کاتی وانه‌ ووتنه‌وه‌دا ته‌له‌فۆنی بۆ بێت و کاروباری بازرگانی خۆی ڕاپه‌ڕێنێت له‌به‌رچاوی خوێندکاره‌کانی و دوای ته‌واو بوونی ته‌له‌فۆنه‌که‌ی به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ بڵێت ببورن!؟ به‌ڕاستی مه‌رگه‌ ساته‌.

خوێنه‌ری ئه‌زیز ڕه‌نگه‌ هه‌ندێکتان بڵێن که‌ ئه‌مه‌ی تۆ ئه‌یڵێیت ڕیگه‌ گرتنه‌ له‌ ئازادی خه‌ڵک به‌ڵام هه‌رگیز من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نیه‌ رێگه‌ی ئازادی له‌ گه‌له‌که‌م ته‌سک بکرێته‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕێگه‌ی ئازادی هه‌ر گه‌لێک وا به‌سته‌ی زیره‌کی و هۆشیاری تاکه‌کانیه‌تی نه‌ک هه‌ڵپه‌ڕکێ و سه‌ما له‌ سه‌ر خاکێکی دا‌گیرکراوی پڕ له‌ کێشه‌و ده‌ور‌دراو به‌ دوژمن،ئه‌گه‌ر مه‌رجی پێشکه‌وتن به‌ هه‌ڵپه‌ڕکێ و سه‌ما بێت ئه‌وا گه‌لانی ئه‌فریقا ده‌بوایه‌ پێشکه‌وتووترین گه‌لانی سه‌ر زه‌وی بن خۆ ئه‌وان ته‌نها به‌ ده‌نگی قامیشێکیش هه‌ڵ ئه‌په‌ڕن!،به‌ڵام ئایه‌ ژیان و گوزه‌ران و ڕاده‌ی پێشکه‌وتنیان له‌ چ ئاستێکدایه‌؟ ئه‌م پرسیاره‌ بۆ خوێنه‌ری ئه‌زیزم به‌جێ ده‌هێڵم.

هۆشیار تاک له‌ هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ێک و له‌ هه‌موو سه‌رده‌مانێک مه‌رجی بنه‌ڕه‌تی پێشکه‌وتنی ئه‌و گه‌ل و کۆمه‌ڵگایه‌ بووه‌،به‌ڵام با لێره‌دا په‌نجه‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر هۆکاره‌کانی پێشکه‌وتنی ڕاده‌ی هۆشیاری،ئه‌بێت هۆشیار له‌ کوێوه‌ ده‌ست پێ بکات؟هه‌موومان ئه‌و ڕاسته‌ باش ده‌زانین که‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتدارێک حه‌ز ده‌کات له‌ پێناو مانه‌وه‌ی زیاتری خۆی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا گه‌له‌که‌ی ڕاده‌ی هۆشیاری به‌رز نه‌بێته‌وه‌ ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌کا ئه‌م گه‌له‌ له‌ داهتووێکی نزیکدا ببنه‌ ڕێگر له‌ به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاته‌که‌یداو ماوه‌ی ژیانی ده‌سه‌ڵاتداریه‌که‌ی کورت بکه‌نه‌وه‌،جا که‌واتا کێن ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌بێت ڕاده‌ی هۆشیاری کۆمه‌ڵگا به‌رزبکه‌نه‌وه‌؟ بێگومان ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێکدا له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ به‌م جۆره‌ پێناسه‌ کراون‌:

ئه‌مانه‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ن،بێ باوه‌ڕن،شێتن،قسه‌ له‌ کاری خودادا ده‌که‌ن و هه‌ندێک جاریش به‌ مه‌رگی خۆیان کۆتای هاتووه‌،هه‌ندێ جاریش ده‌سه‌ڵات ده‌فه‌رموێت ئه‌مانه‌ ده‌ستی دوژمن له‌ پشتیانه‌،وه‌کو ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ باشوووری کوردستان ده‌گوزه‌رێت،هه‌موو ئه‌مانه‌ش ته‌نها بۆ گێژ کردنی کۆمه‌ڵگایه‌ و هیچی تر هه‌ره‌کوچۆن ئه‌یبینین که‌ به‌ڕاستی کۆمه‌ڵگا به‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ گێژ کراوه‌ و له‌ ڕێڕه‌وی ڕاسته‌قینه‌ی ژیانی ئاسای لایان داوه‌،گه‌نجی کورد ئه‌مڕۆ له‌ باشووری کوردستان ده‌زانێت جلی جوان بکاته‌ به‌ری ده‌زانێت،گۆرانی ڕاپ و پۆپ به‌ سه‌قه‌تی بڵێته‌وه‌،ده‌زانێت مۆبایل و ئینه‌رنێت بۆ کاری خراپه‌ به‌کار بهێنێت،ده‌زانێت ووشه‌ به‌ ووشه‌ی گۆرانی(کازم ساهیر) بڵێته‌وه‌ و ئه‌شزانێت تێکسته‌که‌ی هی(نزار قه‌بانی)یه‌،به‌ڵام نازانێت خاوه‌نی هۆنراوه‌ی پایز که‌ له‌ لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌(عه‌دنان که‌ریم) کراوه به‌ گۆرانی هی کێ یه‌.! هه‌روه‌کو چۆن له‌ هه‌مان ئه‌و به‌رنامه‌یه‌دا که‌ ئه‌م بابه‌ته‌ی له‌سه‌ر ئه‌نووسم پێشکه‌شکار پرسیاری کرد له‌ یه‌کێکی تر له‌ به‌شداربوانی:به‌ کێ ده‌وترێت جه‌نه‌ڕاڵی پایز به‌ڵام به‌شداربووه‌ که‌ به‌ به کارهێنانی هاوکاریشه‌وه‌ نه‌یزانی که‌ هۆزانڤانی گه‌وره‌ی کورد(‌ محمد عومه‌ر عوسمان) به‌ جه‌نه‌ڕالی پایز ناسراوه‌.!

ئێستامن ئه‌پرسم ئاخۆ کێ به‌ر پرسه‌ له‌وه‌ی که‌ ئه‌م گه‌له‌ به‌م جۆره‌ دوور که‌وتۆته‌وه‌ له‌ هه‌موو شتێکی خۆماڵی؟؟؟
من وام هه‌ست ده‌کرد که‌ ته‌نها شتومه‌که‌ به‌رجه‌سته‌کانی بازرگانی له‌ ده‌ره‌وه‌ بۆمان دێت،به‌ڵام ئێستا ده‌بینم که‌ ئه‌م گه‌له‌ به‌ جۆرێک داڕناوه‌ و داماڵێنراوه‌ له‌ کلتور و مێژوو جوگرافیا و ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆی که‌ ته‌نانه‌ت فکر و هۆشیشی له‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ هاتووه‌ و ئه‌وه‌ی مانای خۆماڵی بێت تیایدا نه‌ماوه‌،ئاخر چۆن ده‌بێت به‌شداربووی به‌رنامه‌ێکی له‌و جۆره‌ نه‌زانێت پارکی شانده‌ر ده‌که‌وێته‌ هه‌ولێری پایته‌خت که‌ ده‌یان جار له‌ که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌فزیۆن پیشان دراوه‌،به‌ڵام وا دیاره‌ تاکی کورد له‌ باشوور بینه‌ری که‌ناڵی کوردی نیه‌تاکه‌ناڵه‌کانی(PMCوROTANA) له‌وێ وه‌ستا بن،به‌ڕاستی مرگه‌ ساته‌.
به‌ ڕاستی تاکی کورد له‌ باشوور تێکدراوه‌،به‌ڵام چ تێکدرانێک ئه‌و تێکدراویه‌ی که‌ زوو خه‌می بۆ نه‌خورێت ئه‌وا ئاینده‌ی وڵاته‌که‌مان گه‌ش نابێت و ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می په‌روه‌رده‌ش هیچ خه‌می نییه‌و بینه‌ری مه‌رگی ده‌روونی ڕۆڵه‌که‌نیانن و ده‌بینن که‌ چۆن ڕۆڵه‌کانیان به‌ده‌ستی گڵۆبالیزه‌یشن و که‌پیتالیزم تێکده‌درێن و ئه‌وانیش ته‌نها خه‌می بازرگانی کردنی خۆیانه‌!.

ئاخر چۆن ده‌بێت گه‌لێک که‌ تازه‌ له‌ قۆناغی دروست بوونی نه‌ته‌وه‌ییدایه‌ وداوای دروست بوونی کیانێکی سه‌ربه‌خۆ ده‌کات وکه‌چی تاکه‌کانی ئاگاداری مێژووی خۆی نییه‌ و ده‌شیانه‌‌وێت شان بدات له‌ شانی ووڵاتانی پێشکه‌وتووی دونیا،به‌ڵام نه‌ک له‌ پێشکه‌وتنی ته‌نکنه‌لۆژیاو هۆشیاری به‌ڵکو ده‌یانه‌وێت شان بده‌ن له‌ شانیان له‌ لاسایی کردنه‌وه‌ی دانس و سه‌ما و گۆرانی و جل و به‌رگ و مۆدێلی قژ و ده‌م و چاو و تاتوو، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا بێ ئاگا له‌ ڕابردووی خۆیان،نازاشزانن که‌ گه‌لانی ئه‌وروپی ئه‌گه‌رچی قۆناغه‌کانی ئه‌سته‌میان بڕیوه‌ هێشتاش بێ ئاگان نین له‌ ڕابردوویان،به‌ڵکو به‌رده‌وام ڕابردوویان زیندوو ده‌که‌نه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌کانیان.
بۆ نمونه‌ لێره‌ له‌ به‌ریتانیا 11ی نۆڤه‌مبه‌ر ته‌رخان کراوه‌ بۆ یادی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ جه‌نگی جیهانیدا گیانیان کردۆته‌ قربانی ووڵاته‌که‌یان و له‌و ڕۆژه‌دا یادی ده‌که‌نه‌وه‌،به‌ڵام چ یاد کردنه‌وه‌ێک؟.یادکردنه‌وه‌ێک که‌ مانگێک پێشتر له‌ هه‌موو شوێنێکی ووڵات له‌سه‌ر سنگی زۆرینه‌ی خه‌ڵی ئه‌م ووڵاته‌،له‌ ناو ئۆتۆمۆبێل و پاس و شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌بینیت که‌ گوڵێکی سوری خاڵێکی ڕه‌ش له‌ ناو هه‌ڵواسراوه‌،له‌ شاژنه‌وه‌ بگره‌ تا سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زیرو هه‌موو کارمه‌نده‌ باڵاکان ئه‌م گوڵه‌ به‌ شانازیه‌وه‌ له‌سه‌ر دڵیان هه‌ڵ ئه‌واسن،ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌و ڕۆژه‌شدا جۆره‌ها چالاکی ڕێک ده‌خرێت له‌ هه‌موو شوێنێکی ووڵات له‌ بچوکترین گونده‌وه‌ تاکو پایته‌خت و ته‌نانه‌ت خودی شاژن و سه‌رۆک وه‌زیرانیش ئاماده‌ی ڕێ و ڕه‌سمی سه‌ربازی ده‌بن که‌ له‌و ڕۆژه‌دا ڕێک ده‌خرێت، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا مامۆستاکانیش له‌ خوێندنگاکانی خۆیان خوێندکارانی خۆیان ئه‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی که‌ چالاکیه‌کانیان تێدا ئه‌نجام ده‌درێت بۆئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌ێکی پراکتیکی فێری منداڵه‌کانیان بکه‌ن ئه‌م ڕۆژه‌ چییه،که‌واتا سیسته‌می په‌روه‌رده‌ کاری خۆی جێبه‌جێ ده‌کات و له‌ منداڵیه‌وه‌ به‌ گوێچکه‌و مێشکی منداڵه‌کانیاندا ده‌چرپێنن که‌ ئه‌م ڕۆژه‌ چییه‌و کێ قوربانی داوه‌ بۆ ئه‌م وڵاته‌و وه‌ پێویستیشه‌ ڕێزله‌و قوربانیانه‌ بگیرێت چونکه‌ به‌ ووته‌ی خۆیان ئه‌وانه‌ بۆ خۆش گوزه‌رانی ئێمه‌ ژیانیان به‌خشیوه‌.

به‌ڵێ ئێستاش ووته‌کانی ئه‌و منداڵه‌ بچکۆله‌م له‌ بیره‌ که‌لێم پرسی ئه‌زانی ئه‌مڕۆ چ رۆژێکه‌؟وڵامی دامه‌وه‌ ووتی به‌ڵێ: today is a remember day .! به‌ڵێ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ خاتوو(sophie raworth) بێژه‌ری به‌ توانای که‌ناڵی BBCیم بینی که‌ چۆن ساڵی 2008ده‌گه‌ڕا به‌دوای باپیره‌ گه‌وره‌که‌یدا که‌ له‌ جه‌نگی یه‌که‌می جیهانیدا گیانی به‌خشی بوو،دوای گه‌ڕان توانی ئه‌وه‌ بدۆزێته‌وه‌ که‌ باپیره‌ گه‌وره‌ی که‌پتن بووه‌ به‌ ناوی (B.L.RAWORTH) که‌ به‌ هۆی بۆردومانه‌وه‌ کوژراوه‌ له‌ ساڵی 1918دا،ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ له‌ باشووری ڕۆژئاوای شاری له‌نده‌ن بیناێکی تایبه‌ت دروست کراوه‌ به‌ ناوی the national archives))بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت ده‌رباره‌ی که‌س و کاریان بزانن که‌ له‌ هه‌ردوو جه‌نگه‌که‌ کوژراون یان بێ سه‌رو شوێنن و ملیۆنان به‌ڵگه‌نامه‌ له‌وێدا هه‌ڵگیراون و به‌کارهێنانیان به‌ خۆڕاییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌یان بتوانن زانیاری ده‌رباره‌ که‌سه‌ بێ سه‌ر وشوێنه‌کانیان ده‌ست بخه‌ن و بشزانن له‌ ڕابدووی ووڵێته‌که‌یاندا چی گوزه‌ریی کردوه‌‌،به‌ڵام گه‌نجی کورد نازانێت چی له‌ ڕۆژگاری خۆی و وڵاته‌که‌یدا ده‌گوزه‌رێت چ جای ئه‌وه‌ی بزانێت باپیره‌ گه‌وره‌که‌ی چی کردووه‌،ده‌سه‌ڵاتیش هیچ کار ئاسانێکی بۆ ناکات،ئه‌مه‌و‌ وێنه‌ی ئه‌و دوو هه‌رزه‌کاره‌ به‌ریتانیه‌م له‌ به‌رچاوه‌‌ که‌ باپیره‌ گه‌وره‌یان له‌و ڕۆژانی‌ جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا کوژرا بوو و نه‌یان ده‌زانی،به‌ڵام ڕاگه‌یاندن و ده‌سه‌ڵاتی ئێره‌ بێ خه‌م نه‌بوو له‌ ئاستی ئه‌ دوو گه‌نجه‌ هه‌رزه‌کاره‌ به‌ڵکو گه‌ڕان به‌ شوێن ره‌گه‌زنامه‌که‌یاندا و تا له‌ کۆتایدا گۆڕی باپیره‌ گه‌وره‌که‌یانیان دۆزییه‌وه‌ له‌ یه‌کێک له‌ گۆڕستانه‌کانی ووڵاتی فه‌ره‌نساو له‌و ڕۆژه‌دا واتا 11/11ی 2008ئه‌و دوو گه‌نجه‌که‌یان برد بۆ سه‌ر گۆڕی باپیره‌ گه‌وره‌یان که‌ له‌ پێناو وڵاته‌که‌یدا گیانی به‌خت کردبوو،ئه‌مه‌ به‌ جۆرێک کرا به‌ هه‌واڵ که‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو له‌ TV و ڕۆژنامه‌کان،به‌ڵام له‌ ووڵاتی من TV و ڕۆژنامه‌ ته‌نها بۆ بڵاو کردنه‌وه‌ی وێنه‌ی گه‌وره‌ی سه‌رۆکه‌کانه‌ که‌ چۆن پێشوازی ده‌که‌ن له‌ نوێنه‌ری کۆمپانیاێکی بازرگانی که‌ ته‌نها مه‌به‌ستیش له‌و کاره‌یان دۆشینی زیاتری سامانی ووڵاته‌که‌مانه‌ نه‌ک سوود گه‌یاندن.

هه‌موو ئه‌مانه‌ی‌ باس کران ئاماژه‌ێکی بچوکن به‌و ئاراسته‌یه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ گه‌نجی کورد چ له‌ باشوو ر و چ له‌ به‌شه‌کانی ترداپێویسته‌ به‌ره‌و به‌رزکردنه‌وه‌ی زیاتری هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی خۆیان و گه‌له‌که‌یان هه‌نگاو بنێن وچه‌مکی نه‌ته‌وه‌یی بوون بکانه‌ پێوه‌ری سه‌ره‌کی ژیانی خۆیان و کۆمه‌ڵگاکه‌یان و دوور بکه‌ونه‌وه‌ له‌به‌کار هێنانی زمان و کلتور و مێژووی بێگا چونکه‌ زمان و کلتور و مێژوو بناغه‌ی دروست بوونی نه‌ته‌وه‌ن له‌سه‌ر خاکی خۆیانداو تاکی هۆشیار ده‌توانێت هه‌موو شتێک بکات له‌ ژیانی خۆی و گه‌له‌که‌یدا،به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وا خۆی و کۆمه‌لگاکه‌ی ده‌بن به‌ ژێرده‌سته‌و به‌ره‌و دواوه‌ی گه‌لانی تری خاوه‌ن هۆشیاری هه‌نگاوده‌نێین،به‌و ئومێده‌ی تاکی کورد له‌ به‌رز بوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی هۆشیاریداهه‌نگاو بنێت،نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ تاکی وامان هه‌بێت نه‌زانێت،یه‌که‌م مانگی ساڵنامه‌ی کوردی ناوی چییه‌!یان کوردستانی گه‌وره‌ چه‌ند پارێزگایه‌!یان جه‌نه‌ڕالی پایز(محمدعومه‌ر عوسمانه)‌.
به‌ریتانیا
 [email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە