چیرۆکەکانی چیا : ته‌سلیم بوونه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ک له‌ ئه‌نفالدا (چیرۆکی ژمارە ٢)

Saturday, 02/11/2013, 12:00

6590 بینراوە


بۆ خاتری ئەوەی بەعسمان بیر نەچێتەوە ئەم چیرۆکە بخوێنەرەوە !
بە سێ ڕۆژ بەرلەوەی بارەگایی مەڵبەندی بادینان چۆڵ بکەین، بەردەوام لە ڕێگەی ڕادیۆ و جیهازەکەوە دەمانزانی کە ناوچەکان هەمووی گیراوە و دڵنیاش بووین کە دوائەنفال ئەنفالی بادینان دەبێت. کە دوایی بە ئەنفالی هەشت ناسرا لە دوایدا، کاتژمێر ١٠ی بەیانی بوو چەند فڕۆکەیەک هاتن و بارەگای مەڵبەندی بادینانیان بۆردمان کرد. هەزاران بۆمبای هێشویان بەردایەوە و دارو بەردی ئەو ناوەیان بێژا، کەسمان هیچمان لێ نەهات، لقی یەکی پارتی ڕۆژێک پێش ئێمە بارەگاکانیان چۆڵ کردبوو، مەسیحییەکان و حیزبی شیوعیش هیچ ئاساریان نەمابوو.

ئەو ڕۆژە زۆر سەیر بوو، هەرچی چەکی زیادەو دەمامکی غاز و دۆشکە و چەند گوللەی ئاربیجی هەبوو هەموویمان پێچایەوە و بۆ ئەشکەوتی ناو چیاکەمان برد، چونکە بڕیارمان دا بوو بەرەو سنوری ئێران بەڕێ بکەوین.
باسی ئەوە ناکەم کە بە چەند شەو وڕۆژ گەیشتینە ئەو جێگەیەی ناویان نابوو سنور و نیشتمانی ئێمەیان وەک کێک تێدا قاش کردبوو، بەرپرسەکەمان کۆی کردینەوە و پێی ووتین، ئیتر دەبێت بڕیارێک بدەین، لەمە زیاتر ناتوانین پێکەوە بین و بەرەو نادیار دەڕۆین، ڕەنگە چەند ڕۆژ بەناو قوڵایی تورکیادا بەپێ بڕۆین، ئێوە ئازادن لەگەڵماندا دێن سەر چاوان و ناشیەن چەکەکانتان دانێن و بڕۆن لەگەڵ ئاپورەی ئەو خەڵکەدا بەرەو تورکیا. من و چەند هاوڕێی تر بڕیارمان دا کە بەرەو تورکیا بڕۆین و خۆمان تەسلیمی مانگی سور بکەین، ئەودەم دەیان ووت ئەوان لەسەر سنورن. من لەبەر ئەوەی لە کۆتایی ئەنفالی یەکدا زۆر بەخەستی لەشاناخسێ زامار ببووم بەکیمیاوی بۆ یە ئەوەم بەهەلزانی و تاکو بتوانم بڕۆمە دەرەوەی نیشتمان بۆ چارەسەر. ڕزگاری براشم چی پارەی پێبوو دای پێم و ووتی بڕۆ ڕەنگە ڕۆژێک بێت بەیەک بگەینەوە. بۆخۆشم لەناخەوە هەستم بەنائومێدی دەکرد. من تەنها نەبووم کە بەرەو سنور چووم، پێشمەرگەکانی پارتی گەل و حیزبی شیوعی و پارتی و چەندین هەزار خەڵکی ناوچەکەش هاو سەفەرمان بوون. پاش چەند کاژمێرێک ڕۆیشتن گەیشتینە گوندێکی سەر سنور کە سەر بە بەشەداگیر کراوەکەی باکور بوو، ئەودەم پێیان دەوت کوردستانی تورکیا، گەیشتینە گوندێک، ئەو گوندە پڕبوو لەجەندرمەی تورک، ناوی گوندەکەم نوسی لە ناو ڕۆژژمێری پیرەمێرد کە پێم بوو، دوای چیرۆکی ئەو ڕۆژژمێرەشتان بۆ باس دەکەم کە خەریک بوو ژیانم بەرێت بۆ دۆزەخ. قەت بیرم ناچێتەوە لەڕێگە چەند تفەنگ و تاپڕ و فیشەکمان دی کە لە سەر ڕێگەکە جێ هێڵرابوون.
لەو گوندەدا خۆراک چوبوە قاتی لەبەر قەرەباڵغی زۆر هیچ شتێک دەست نەدەکەوت، هەموو ڕۆژێک لەسەر ئاو و نان و شتی زۆر کەم و بێنرخ شەڕ دەبوو، خەڵکی بەردەبوونە یەک و سەروگوێلاکی یەکتریان دەشکان، بیرمە ڕۆژێک خۆمان کرد بەماڵێکدا داپیرەیەکی لێبوو ووتی کوڕەکانم وەرن نانتان بدەمێ، منیش کوڕێکم هەیە، ئەوە ماوەی چەند ساڵە دەرکەوتۆتە سەری چیا و هیچ هەواڵێ نازانم. ڕۆژێک پزیشکیان هێنا بۆمان، من لەبەر ئەوەی هێشتا برین بەدەستەکانمەوە بوو ناوگەڵیشم سوتابوو بەتایبەتی لەو ڕۆشتنە زۆرەدا و بواری خۆشتنیشم بۆ نەڕەخسا بوو زۆر هەستم بە ئازار دەکرد. هەر بۆیە چومە لای پزیشکەکە و ڕاستەو خۆ پێم ووت کەمن زامداری کیمیاویم. ئیتر ناویان نووسیم، کەچی زۆر ئاسایی بوو لایان، ووتیان سەردانت دەکەینەوە، بەڵام من هەر نەمدینەوە، ئەو ماوەیە کە ١٢ڕۆژ بوو لەو سەر سنورە لەگەڵ هاوڕێکانما مامەوە، ئەو کاتەی چەکەکانمان دانا لەوێ دوو زیندانیشمان لەگەڵ بوو کە ئازادمان کردبوون ئەوانیش لەگەڵ ئێمە هاتنە ناو تورکیا، یەکێکیان خەڵکی شاری دهۆک بوو ئەوی تریان خەڵکی شاری موسڵ بوو، کوردی شەبەکی بوو هەردووکیان بەجاشێتی گیرابوون، لە کاتی شەڕدا کە لە فەوجەکەی بایز بوون موستەشارەکەش بەر لەماوەیەک بەرمان دا خەڵکی بەرواری باڵابوو. خۆش لەوەدابوو ئەو جاشەی خەڵکی دهۆک بوو لەتیپی مۆسیقای دهۆکدا جازی لێدەداو هونەر مەندێکی مۆسیکژەن بوو. ڕۆژێک کارزانی هاوڕێم کە ڕادیۆیەکی بچوکی پێبوو ئەویش هەر زامداری کیمیاوی بوو بەس ئەو برینەکانی چاک ببوو کەمتر پێوەی دیاربوو، ڕادیۆکەی دووپیلی گەورەی لەپشتی بەستبوو بەلاسیکێک گوێمان لە ڕادیوێ دەگرت و زوو زوو دەیکوژانەوە دەیووت با پیلەکان تەواو نەبێت، چونکە هیچ شتێک دەست نەدەکەوت و ڕێگەشیان نەدەداین تاکو بۆ جێگەیەک بڕۆین، هەموو نیوەڕۆیەک دەیکردەوە، ئەو نیوەڕۆیە گوێمان لێبوو، کە لێبوردنی گشتی دەرکرابوو لەڕادیۆی بەغدادەوە دەیان خوێندەوە.ئیتر هەشت کەس لە ئێمە بڕیاریان دا کە بگەڕێنەوە سەر سنور ی عێراق و خۆمان تەسلمی عێراق بکەینەوە. ماجیدی هاوڕێم زۆر قسەی بۆکردم پێی ووتم مەڕۆرەوە. ڕزگاری برات تۆی تەسلیمی من کردوە، من ووتم ئەڕۆم من دڵنیام ڕزگار و ڕێبواری برام ناڕۆنەوە، من دەڕۆمەوە بۆلای دایک و باوکم هەر نەبێت دەبێت یەکێک لایان بێت ئەوانیش پیر بوون، پاشان لێبوردنی گشتییە و هیچ نابێ و منیش ئەم چاوەڕوانی و بێنان و ئاویەم بۆ ناچێتە سەر و برینەکەشم زۆر ئازارم دەدەن و دەبێت بچم خۆم نیشانی پزیشک بدەم، یەکترمان لەئامێز گرت و من لەگەڵ ئەواندا کەوتمە ڕێگە بۆ سنور، لەڕێگە هەر خەڵکمان دەدی کاتێ سەربازە عێراقێکان دەر کەوتن ژمارەمان بوو بە٤٨کەس، ئەمانە جاش بوون و بەرەڵایان کردبوون. دوایی لەئەنجامی پرسیارکردن لێیان زانیمان. لەو جێگەی پێی دەڵێن سنور ڕائیدێک و ١٠ تا ١٥ سەرباز و کۆمەڵێ جاشمان دی وەستابوون پێمان ڕاگەیاندن کە بیستومانە دوێنی چەند کەسێک تەسلیم بە ئێوە بۆتەوە ئێوە گوللەبارانتان کردوون ؟ ئەوان سوێندیان خوارد کە ئەوە پڕوپاگەندەی تێکدارانە و شتی وا نییە. نازانم چۆن بوو چەند جارێک وویستم بگەڕێمەوە و تەسلیم نەبم بەڵام نەم دەزانێ بۆ بڕیارم دا خۆم بدەمەدەست ئەو قەدەرە؟ ئیتر خۆمان تەسلیم کرد بەو ئامر فەوجە کە کە جاشێکی شیک و دەست ڕۆیشتوو دیاربوو لای خۆمەوە ووتم ئەمە کوردە، بڕوام وایە گۆشتیشمان بخوات ئێسکمان ناشکێنێت.
ناویان نوسین و لێان دەپرسین کەخەڵکی کوێن؟ دووکەسی خەڵکی هەولێریشمان لەگەڵ بوو، ئەوانی تر زیاتر خەڵکی ئەو ناوچانەبوون، ئیتر دایان نیشانین، وەک تاوانبار هەستم بە بێدەسەلاتی دەکرد، نانیان بۆ هێناین و نانمان خوارد، دوای ئامرەکە کە ڕائید بوو جیهازی کرد لەبەرچاوماندا داوای کۆپتەری کرد. پاش کەمێک کۆپتەر هات، کاتێک کەسەر کەوتم دڵم خورپەی کرد، ئاخر نازانم ڕۆژمێرەکە و ئەو چەند وێنە نەعلەتیەی کە دەبوو لەودیوو سنور تەسلیمی ماجیدی هاوڕێم بکردایە، یان هەر نەبوایە فڕێم بدایە ئێستا لەگیرفانمدا نەبوایە. بیست بیست خستیانینە ناو کۆپتەرەکانەوە، کۆپتەر هەستا بەسەر دۆڵ وشاخ و شیوەکاندا دەفڕی نیشتمان چەند جوان بوو لەبەرزێوە سەوزای زۆرمان بەر چاوکەوت بەسەر ڕووبارەکاندا دەفڕی تا گەیشتە ئامێدی و لە ناو سەربازخانەیەکدا کۆپتەرەکەمان نیشتەوە. نازانم چەندمان پێچوو بەڵام من مێشکم هەر لای ڕۆژمێرەکەی ناو گیرفانم بوو ئەوە باشترین کەرەستەبوو کە دەست دوژمن بکەوێت. هەموو شتێکم تێدا نوسیبوو چەند کەس بووین، دێ بەدێ چیمان پێبوو، چۆن ژیانی ئەو ڕۆژانەی ئەنفالی بادینانمان گوزەراند، چۆن تۆپ باران کراین، چۆن زیندانییەکانمان ئازادکرد، چۆن هەنتەرەکان هاتە سەرمان، زیندانەکان چەندیان سزای شۆڕشگێرانەداران، شۆڕش پلانی چی بوو، هەواڵی ناوچەکانی تر چۆن دەگەیشتە لامان، جا چی تێدا نەبوو، هەرچیەکم دیبوو یان لە جیهازەکەوە گوێم لێ دەبوو من یاداشتم دەکرد لای خۆم، لەدوای گەڕانەوەم لەشاری ساری لەئێران مەرەخەس بوون لە زامداری و خەستەخانەکانی ئێران هەموویم ڕۆژ بە ڕۆژ نوسیبوو، ئێستا لەناو گیرفانمدایە و تەنها کوردێکی خۆفرۆشی دەوێت بۆ داگیر کەرەکانی وەرگێڕێ و منیش لە دار بدەن، پەشیمانی خەریک بوو داگیریدەکردم، بەڵام ئیتر خۆم دایە دەست قەدەر و ووتم چی دەبێت بابێت، هۆنراوەکەی "ئەحمەد هەردی"م لەدڵی خۆمدا دەوتەوە. " بەدەستی خۆت کەجامت خستە سەرلێوت غەشیمانە، ئەگەر زەهریشی تێدابوو گوناهی خۆتە بیزانە ".
کە لەکۆپتەرەکە دایان بەزانین، ئەفسەرێک لەگەڵ چەند نیگابانێک هاتن بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵماندا و ڕیزیان کردین. ئەفسەرەکە کەمنی بینی زۆر بەدیقەتەوە سەیری کردم، بەڕاستی شوێنی شەیالەکە دیاربوو بەرگە کەتافێکەم و هەردوو برینی دەستم گەواهیان لەسەر دەدام کە من پێشمەرگە بووم. ئاخر بۆ نەگبەتی هەموو ئەو خەڵکە بەرگی بادینیان لەبەردابوو تەنها من شەرواڵی ناوچەی سلێمانیم لەبەردابوو. دوایی بەسەربازەکانی ووت من بەرن بۆ ژوورەکەی خۆی. نازانم چی بوو لەخۆمەوە ووتم دەبێ هەر فرەسەتم دەست کەوێت هەڵبێم با بمکوژن، زۆر پەشیمان بووم لەم کارەم، ئاخر هەرلە خەمی ئەو ڕۆژژمێرە نەعلەتیەدا بووم کە ناوی هەموو گوندەکانی تێدابوو، ئەوە باشترین بەڵگەبوو کە دەست ئەم داگیرکەرانە بکەوێت، ئەو ١٢ڕۆژەی ناو خاکی تورکیا و شەڕی سایکۆلۆژی و ڕوخانی تاک بەتاکی ئەو پەنابەرام وێنا کردبوو، ئەوە دەبووە هۆکارێک بۆ ئەوەی دوایان بکەون و ئەوانیش بێنەوە بۆ ئەم جەهەنەمە. لەخۆم دەپرسی ئاخ چەند منداڵانە بیرم کردبۆو!
ماوەیەک مامەوە لە ژوورەکەدا بەرامبەر وێنەی سەدام کە قاتێک جلی سپی لەبەردابوو پێدەکەنی، جا بەڕاستی زۆری پێچوو ئەفسەرەکە هەر نەهات، ئیتر بە سەربازێکم ووت زۆر بەکزی کە پێویستم بە توالێتە و دەستم بەسکمەوە گرتبوو نازانم ئەو هزرەم چۆن بۆ هات؟ تکام لێکرد کە بمبات بۆ سەر ئاو. لە وەڵامدا پێی ووتم نابێ و یاساغە، زۆر پاڕامەوە کە زۆر تەنگەتاوم ئیتر هەرچۆنێک بوو ڕازی بوو، ووتی بەمەرجی زۆرت پێنەچێت و لای کەسیش نەڵێ بردوومی بۆ سەر ئاو، ووتم دڵنیابە.
کە چومە ناو توالێتەکەوە بەخێرایی ڕۆژژمێرەکە و وێنەکانم دڕاند و کردمە ناو کونی تەواڵێتەکەوە ئاوەکەم کردەوە بۆ ناو گونجەڕۆکە و ئاوم زۆر پێدا کرد، تێریش ئاوم خواردەوە، چونکە سەیرکرنی ئەو ئەفسەرە گومانی لەلام دروست کردبوو، کاتێک لە ڕۆیشتنی وێنەکان و ڕۆژمێرەکە دڵنیابووم هاتمەدەرەوە، سەربازەکە منداڵ کارێ بوو پێم ووت سوپاس هەر بەزمانی زمانی ئەوان. دوایی وەنەوزم دەدا لەسەر چەرپاکە بەرامبەر وێنەیەکی سەدام دانیشتبووم ئەفسەرەکە هاتە ژوورەوە، لەبەری هەستام و کاتبێکی لەگەڵدابوو ناوی سیانی نووسیم، ئەفسەرەکە ووتی عەرەبی دەزانی؟
ووتم بەڵێ، بەڵام زۆر نا، ووتی خەڵکی کوێیت ؟ ووتم لای سلێمانی، گڕی گرد جوێنی دنیای پێدام و ووتی چۆن و لەبەر چی گەیشتویتە ئەم ناوە؟ مخەریب بووی ؟ ووتم ویستومە بچم بۆ دەرەوەی ووڵات و سەربازی ڕاکردووبووم.
ئەی پێم ناڵێ دەستەکانت بۆ وای لێهاتوە ؟ سەربازی ڕاکردو جلی تێکدەران دەپۆشێ؟ ئیتر ووتم دەستەکانم سوتاوە، جلەکانیش لەو گوندانە داویانە پێم من پانتۆڵم لەبەردا بوو کە چومە ئەو گوندانە، ووتی دەستەکانت بەچی سوتاوە ؟ ووتم بەڕۆنی قرچاو، هاواری کرد بەسەرمدا ووتی درۆ دەکەیت، دوای چۆغەکەی پێداکەنم و ووتی بە کیمیاوی وات لێهاتوە ؟ ئیتر نەم توانی حاشای لێ بکەم، ووتم بەڵێ گەورەم کیمیاوییە، ووتی هی عێراق ؟ ووتم نەخێر هی ئێران، کەچی دەستی کردە پێکەنین، نایب زابتێکی ورگن و ماستاو چی وەستابوو لای مێزی ئەفسەرەکە لەتەنیشت مندا بەکێبڵێک جارناجار وەک وەفاداریەک بۆ ئەفسەرەکە دەیکێشا بەشت و بەری دەست و قۆڵما و دەیووت درۆ مەکە، درۆزن. ئیتر یەقین بوون کە من پێشمەرگەبووم و دەستیان کردە پشکنینم ٤٢٠ دینارم پێبوو لێیان سەندم و کردیانە ناو ئەو فایلەی کە کاتبەکە خەریکی پڕکردنەوەی بوو، ئیتر من بێباک بووم دەنگم نێر بۆوە ئیتر لەخەمی ئەوەدانەبووم دڵنیابووم وێنە و ڕۆژژمێرەکەیان نەدیوە، ئەو وێنانە و ڕۆژمێرەیان لێ بگرتمایە ئەوە دڵنیابووم کە کەس ئەم چیرۆکەی لەخەویشدا نەدەخوێنەوە. بۆیە زوو زوو دەم ووت، سەرۆکی فەرماندە لێبوردنی گشتی داوە، منیش هاوڵاتیەکی عێراقیم بڕوام بەسەرۆکی فەرماندە هەیە بۆ یە هاتومەتەوە بۆ ووڵاتی خۆم.
ئەفسەرەکە زۆر توڕەبوو ووتی "سەدام حسێن" بێت نایەڵم ئەم لێبوردنە تۆ بگرێتەوە، بۆیە لەناو ئەو هەموو تەسلیم بوانەدا بەتاقی تەنها منیان برد بۆ " ئیستخباراتی فەیلەقی پێنج" لەشاری هەولێر، منیش نەم زانی کە نووسیویانە ئەم مخەریبەمان گرتوە لە ئامێدێوە دەستیان کەلەپچە کردم و دوو ئیستخبارات و شۆفێرێک و جێبێکی وازی ڕوسی بەرەو هەولێر بەڕێ کەوتین. ناخۆشترین شت ئەوەیە کە لەپشتەوە دەستت کەلەپچە بکەن و لەناو ئۆتۆمۆبێلدا بیت، لەڕێگە لایان داو ئەوان نانیان خوارد، بەڵام حسابی پاکەتی جگەرەشیان بۆ من نەکرد، هەرلێم مۆڕ دەبوونەوە. لە دڵی خۆمدا دەم ووت ئاخ چیم بەخۆم کرد؟ بەدڵ حەزم دەکرد جێبەکە وەر گەڕێت. دیارە ئەوەش نیشانەی داماوی بێدەسەڵاتییە. لەدڵی خۆمدا دەم ووت پێشمەرگەش نەماوە خۆزگە لێیان دەداین، با من کوژراوی یەکەم بم، کە دەچووە جێگەیەکەوە نزیک لەچیایەک بوایە یان پێچێک بوایە دەم ووت دەی دەرکەون، تەقەبکەن لێمان.

کە نزیکی شاری هەولێر بووینەوە چاویان بەستم بەڕاستی ترسام، هەزار جوێنم بەخۆم دا کە بۆچی تەسلیم بومەوە ؟ دەمەو عەسرێکی درەنگ بوو گەیشتینە فەیلەق و چاویان کردمەوە و دایان بەزاندم لە جێبەکە پاش کەمێک کەلەپچەکەی دەستیشیان کردمەوە، جێگەیەکی زۆر گەرم بوو لە دەشتێکدابوو پاش کەمێک کردمیان بە ناو هۆڵێکدا کە چەند ژووری تێدابوو، کردمیان بەژوورێکدا لەسەر دەرگاکە نوسرابوو" ێمر" لە ژوورەوە دوو ئەفسەری ئیستخباراتی لێ بوو کە منیان کرد بەژووردا، یەکێکیان هەستا بەرەو دەرگاکە چوو، وا پێدەچوو چاوەڕوانی من بن، پاش کەمێک گەڕایەوەو فایکەکەی هێنابوو لەسەر کورسییەکە دانیشت و فایلەکەی لەسەر مێزەکە دانا و کردییەوە و پارەکەی جیاکردەوەو دەستی کردە خوێنەوەی و بە دوایدا پرسیار کردن.
ووتی تۆ پێشمەرگە بووی؟ ووتم بەڵێ، لەدڵی خۆمدا ووتم با درۆ نەکەم مادام لێبوردنی گشتی دراوە باوەڕم وایە ئازادبم. پرسیارێکی هێندە مناڵانەی کرد سەربەقوڕی پێدەهاتە پێکەنین، ووتی چەند کەست کوشتوە؟ ووتم من کەسم نەکوشتوە، قەتیش بەشداری شەڕم نەکردوە، دەستی نابەزەنگێکداو سەربازێک خۆی کرد بەژوورداو سڵاوێکی سەربازیانەی کرد، پێی ووت چا بێتە، پاش کەمێک هاتەوە ژوورێ بە سینیەک چاوە زۆرلام سەیربوو ! ووتی وەرە پێشەوە، منیش چومە بەردەمی مێزەکە ووتی چا بخۆرەوە بەزەردەخەنەوە، من لەخەیەڵی خۆمدا ووتم ڕەنگە ئەم چایە زەهری تێدا بێت و بەڵکو بمکوژێ و ڕزگارم بێت، ئیستخبارات و چا خواردنەوە کوجا مەرحەبا ؟ خەریک بوو دەست بۆ پیاڵەکە درێژکەم لەچاو تروکانێکدا چاکەی هەڵدا بەسەرو چاوما، ویستم سەروچاوم بسڕم ئامبازی سەرم بوو زۆری پێداکێشام بە شەق و بۆکس تاکەوتمە سەر زەوێکە، خوێن بەدەم و لوتما دەهاتە خوارەوە، ووتی هەستە بڕۆ، هەستام بۆ لای دەرگاکە مل بنێم، بەر شەقی دام لەدواوە ووتی بۆ کوێ دەڕۆی گەواد؟ ئەم قسانە هەمووی بەعەرەبی بوو کە لەگەڵیاندا دەکردم. نازانم ئەم لێیانەش هەر بەعەرەبی بوو کە لێان دەدام ؟
کە تەواو هیلاک بوو لە لێدانم دەستی نا بەزەنگەکەداو سەربازێک هات منی برد لەگەڵ خۆیدا نەم دەتوانی بەپێوە بوەستم برسیم بوو تینوم بوو هەموو گیانم دەیەشا و هێشتا شوین برینەکانم بەتەواوەتی ساڕێژ نەبوو بوو، پزیشکەکەی ئێران پێی ووتم بەهیچ شێوەیەک نەیەڵێ چڵکن بیت و خۆت هیلاک مەکە با ئارەق زۆر نەکەیتەوە.
سەربازێکی تر لەدەرەوە وەستابوو بەهەر دووکیان چونە ژێر باڵم بەجوێندانی ناشرین کە وەک سەگ دەڕشانەوە کردمیان بەژورێکدا بەحاڵ جێگەم دەبۆوە، ئەم جێگەیە زیاتر لە کولانەی سەگ دەچوو، دوایی زانیم ئەمە شوێنی ئینفرادییە واتە جێگەی تەنها، گیاندارێک بەئاسانی جێگەی تێدا نەدەبووەوە، شەش دانە شەو ڕۆژ لەوێ مامەوە، هەموو ڕۆژێک ژەمێک یان دووژەم لێدانم هەبوو، جارێکیش دەیان بردم بۆ توالێت هەر بە دەم لێدانەوە، هەمووجارێکیش من دەمووت "سەرۆکی فەرماندە لێبوردنی گشتی داوە " ئەو لێبوردنەش منیش دەگرێتەوە، ئێوە غەدرم لێ دەکەن و قسەی سەرۆکی فەرماندە دەشکێنن. زیاتر بەو قسەیە دەهریی دەبوون منیش نازانم لەکێم بیستبوو، گەر خۆت ببورێنیتەوە وازت لێدێنن، هەر لێیان دەدام لە بێهێزیدا دەبورامەوە و بێهۆش دەبووم کە بەئاگا دەهاتم لەناو کولانەچکۆلەکەدا بووم و بەدڵ ئارەزووی قاچ ڕاکێشانێکم دەکرد لەگەڵ شکاندندنی سەرخەوێکدا.
شەش دانە شەو ڕۆژ من لەو کولانەیدا مامەوە، بەیانیەکیان دەریان کردم و بردیانمە ژوورێکی تر کە ٢٦ کەسی تێدابوو، ئێرە تۆزێ باش تر بوو بەڵام ٢٦ کەس لەژوورێکدا لەو گەرماپڕوکێنەدا ناودەنێیت چی؟ پاش ئەوەی تۆزێ بەرچاوم ڕوون بوویەوە، بەڕێکەوت لەلای کوڕێکەوە بوو جێگەکەم، قاچەکانم درێژ کرد و کوڕەکە چرپانی بەگوێمدا، ووتی لەگەڵ کەس قسە مەکە چونکە پیاوی خۆیانی زۆر تێدایە، منیش جگە لەوەی خۆم حەوسەڵەی قسەکردنم نەبوو، ئەو چەند ڕۆژەش بۆ من ئەزموونێک بوو جگە لەوەی لە ژیانی شاخیشدا چیرۆکی ناو زیندانەکانمان بیستبوو دەمان زانی لێرە چۆن دەگوزەرێ ؟
لە زینداندا زۆر جار زمانی خۆت بگریت، متمانە بە هەموو کەسێک نەکەیت، دەتوانێت ئازادیت بۆ دەستەبەرکات و مەرەخەس بیت، بەڕاستی زیندان ناسنامەشت لێ دەسێنێتەوە، بەر لە بیست ڕۆژێک من مرۆڤێکی ئازادبووم و بۆ ئازادی گەلێک لەو چیایە بووم کەچی ئێستا، لەبەردەستی دوژمندام. قێزم لەخۆم دەکردەوە بەدڵ، هەستم بەڕووخانێکی سەیر دەکرد لەناخدا، جگە لەوەش هەستم بەتاوان دەکرد بەرامبەر بەخۆم.
پاش یەک دوو ڕۆژ کوڕەکەم زیاتر ناسی کە خەڵکی شاری هەولێر بوو، ئەو لەسەر شەڕکردن گیرابوو، کە لەگەڵ ئەمنێکدا بەشەڕ هاتبوو ماوەی ٧٢ ڕۆژ لەژووری ئینفرادی دایان نابوو، ماوەی چەند ڕۆژێکیش بوو هێنابویان بۆ ئەم ژوورە، ئەو لەبەربوونی دڵنیابوو، عەرەبیەکی باشی دەزانی ووتی هەر کەسێک هاتە ئێرەکانە ئیتر ترسی نامێنێت، من دڵنیام سبەی و دووسبەی من بەردەدەن، تۆش دڵنیابە دەچیتەوە وەحدەکەی خۆت و دەبیتەوە بەسەرباز. مادام خۆت هاتویتەوە و لەکاتی لێبوردنی گشتیشدا بووە، دڵنیابە بەر دەبی. ئەو کاکەیە هیوایەکی زۆری دامێ و منیش زۆرم بڕوا پێکرد، ناونیشانی باوکمم دایە لەسلێمانی کە بچێت و هەواڵی سەلامەتی من بگەیەنێت پێیان. سەیربوو کاتێ چوو بۆ سەر ئاو لەگەڵ خۆیدا قەڵەم جافێکی هێنا و بەس نوکەکەی و لاستیکەکە بوو کە مەرەکەبەکەی تێدابوو ئەی وویست کە بەر بوو ناوی باوکم و ناونیشانەم بنوسێ تا پەیوەندیان پێوە بکات، لەسەر لایەکی شقارتەکە نوسی و بەتانێکەی دا بە قاچیادا و خستیە ناو قەدی بەنەخوێنەکەیەوە، ووتی ناوی تۆم بیر ناچیتەوە دڵنیابە ئەم ژیانەش هەر وانابێت.
بەیانی ڕۆژێکی خۆش بوو بۆ من هاوڕێیەکم کە خەڵکی هەولێر بوو مەرەخەس بوو، نازانم دوای چەند ڕۆژ چووبوو بۆ لای باوکم، تا هەواڵی منی بداتێ بەڵام باوکم لەوێ نابێت ئەویش نامەیەک دەنوسێ و دەیداتە دەست دوکاندارێکی هاوڕێی باوکم و تێیدا دەنوسێت کە فەرەیدوون زیندانە و سەلامەتە و پاش ماوەیەکی تر بەر دەبێت، ئەو لە لێبوردنە گشتێکەدا هاتۆتەوە، تیانووسیبوو ماوەیەکی تر خۆی دەگەڕێتەوە لاتان. باوکیشم نامەکەی هەر هەڵگرتبوو هیچیشی لای دایکم و خوشکەکانم باس نەکردبوو، هەموو ڕۆژێکیش بەهاو ڕێکەی خۆی ووتبوو ئەی نەی ووتوو ئەو خەڵکی کوێیە ؟ لەکوێ دەژی ؟ نازانی دێتەوە یان نا ؟ دوای ماوەیەکی زۆر کە ئیتر لێم تێک چوو ڕۆژەکان بژمێرم و مانگەکان دەستەنەکەم هەموو شتێک بووە ئاسایی، مرۆڤ بونەوەرێکە لەگەڵ هەموو ژینگەیەکدا ڕایەت.

بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=08562ab4


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە