یەكێتى هێزێكى دیکه‌ی دژە تیرۆر دروست دەكات به‌ ناوی (هێزی ئامادەی پۆلیسی كانی گۆمە)

Wednesday, 21/04/2010, 12:00

1474 بینراوە


ئه‌م هه‌واڵه‌ بۆ یه‌که‌مینجار کوردستانپۆست بڵاوی ده‌کاته‌وه‌:
پاش پرۆسەى به‌ناو ئازادیى عیراق و به‌ یارمه‌تیی ئه‌مه‌ریکا، که‌ رێگا به‌ بنه‌ماڵه‌ی تاله‌بانیدا، به‌ ناوی (ده‌زگای دژه‌ تیرۆر)، هێزێکی تایبه‌ت دروست بکات بۆ بەگژاچوونەوەی تیرۆریستان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌مه‌ریکا ساڵانه‌ پاره‌یه‌کی زۆری پێدان، لێ تاله‌بانی ئه‌مه‌ی  ئاشکرا نه‌کرد، له سه‌ر بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌ پاره‌یان به‌و که‌سانه‌ ئه‌دا، که‌ ببوونه‌ هێزی دژه‌ تیرۆر، پاڤێلی کوڕی تاڵه‌بانیش، که‌ به‌ له‌ش که‌سێکی گه‌وره‌، نه‌شاره‌زا له‌ کاری سیاسیی، له‌ له‌نده‌ن ده‌رگاوانی دیسکۆ دیسکۆ بوو، باوکی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هێنایه‌وه‌ و کردیه‌ به‌رپرسی ده‌زگای دژه‌ تیرۆر، ده‌ستی واڵاکرد ، ئه‌ویش ئاره‌زوو هه‌وسه‌ گه‌نجییه‌که‌ی خۆی له‌ رێگای ئه‌و ده‌زگایه‌وه‌ به‌تاڵ ده‌کرده‌وه‌ و به‌ناوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریستان به‌ ئاره‌زووی خۆی ده‌ستدرێژیی له‌ سه‌ر نامووسی خه‌ڵکی ده‌کرد، که‌وته‌ ئازاردان و سه‌رنگومکردنی که‌سانی ئۆپۆزیسیۆن و نه‌یارانی یه‌کێتیی و  بنه‌ماڵه‌.
پاش ئاشکرابوونی ئه‌و فڕۆکه‌وانه‌که‌ی ‌به‌ناوی (تارق ره‌مه‌زان) بۆردومانی هه‌ڵه‌بجه‌ی کردبوو، له‌ ئاسایشی سلێمانی گیرابوو، ئاشکرابوو، که‌ ‌به‌ نامه‌یه‌کی تاڵه‌بانی به‌ره‌ڵاکراوه‌ و ره‌وانه‌ی به‌ریتانیان کرد، ئیتر گومان خرایه‌ سه‌ر پاڤێکی کوڕی تاله‌بانیش، که‌ ئه‌ویش ده‌ستی له‌و کاره‌دا هه‌بووه‌. تاڵه‌بانی چونکه‌ ته‌مه‌نێکی زۆری له‌ خیانه‌ت و ناپاکی به‌سه‌ربردووه‌، بۆ خۆی ئه‌مه‌ی به‌لاوه‌ گرنگ نه‌بوو، به‌ڵکو بیری له‌ پاشه‌ڕۆژی کوره‌کانی کرده‌وه‌، به‌تایبه‌تی پاڤێل، که‌ فێری ژیانی ئه‌وروپا بووه‌ و هێنده‌ حه‌زی به‌ کوردستان و به‌و جۆره‌ ژیانه‌ نه‌بوو، به‌ڵکو به‌ زۆری باوکی هاته‌وه‌ کوردستان، بۆیه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ و پاشه‌ڕۆژی کوڕه‌کانی به‌لاوه‌ گرنگتر بوو، پێی خۆش نه‌بوو کوڕه‌که‌ی له‌ ئیستاوه‌ و بۆ پاشه‌ڕۆژ ناوی ره‌ش بێت، که‌ پاش مردنی خۆی، ڕۆڵیان نامێنێ، ره‌نگه‌ کوڕه‌که‌ی لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت، بار و زروفێک بێته‌ پێشه‌وه‌ کوڕه‌کانی به‌خیانه‌تی گه‌وره‌ی نیشتیمانی ده‌ستبه‌سه‌ر بکرێن. تاڵه‌بانی رازی بوو که‌ پاڤێل بۆ کاتیی، یان بۆ هه‌میشه‌یی دوور بخاته‌وه‌‌. شایانی باسه‌ پاڤێل به‌وه‌ش تاونباره‌ که‌ ئه‌و پاره‌ زۆره‌ی به‌ناوی پرۆژه‌ی دروستکردنی کاره‌بای سلێمانی، که‌ عومه‌ر فه‌تاح واژووی له‌ سه‌ر کردبوو، زۆربه‌ی پاره‌کان که‌وتۆته‌ لای پاڤێل. ئیستا پاڤێل به‌ پاره‌یه‌کی زۆره‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ریتانیا، چاره‌نووسی سیاسیی، یان راستتره‌ بگووترێت ده‌سه‌ڵاتیی ئیداریی وه‌ک به‌رپرسی ده‌زگای دژه‌ تیرۆر دیارنییه، ئه‌و ده‌زگایه‌ له‌ لایه‌ن برازاکانی تاڵه‌بانییه‌وه‌ به‌ پیسترین به‌دناوترین شێوه‌ به‌ڕیوه‌ ده‌برێت. چالاکییه‌کانی ئه‌م ده‌زگایه‌، ئه‌مڕۆ بریتییه‌ له‌ ده‌سدرێژی سیکسیی بۆ سه‌ر ژنان، ئازاردانی خه‌ڵکی بێتاوان و بێده‌سه‌لات، گرتن و بێسه‌ر و شوێن کردنی ناحه‌ز و نه‌یارانی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی، له‌و دواییه‌شدا ئه‌و گه‌نج و لاوانه‌ی به‌ گه‌رمییه‌وه‌ به‌ ده‌نگ گۆڕانه‌وه‌ ده‌چوون، له‌لاین ئه‌م ده‌زگایه‌وه‌ ده‌گیران و بریندار و ئازار ده‌دران، هه‌روەك لە زۆربەى دەزگاكانى ڕاگەیاندن له‌ سه‌ریان نووسی و به‌رگوێی خه‌ڵکی ده‌که‌وته‌وه‌.
ئه‌م ده‌زگای به‌ناو‌ دژە تیرۆره‌ سەر بە هیبچ حكومەتێك نییە، نە هى عێراق، نە هى كوردستان، تەنها دژى خەڵكى سلێمانییە، كار بۆ لە ناو بردن و كوشتن و تۆقاندن و فراندن و لێدانی نەیارانی بنەماڵەی تاڵەبانی دەكات.. ئەگینا ئەم دژەتیرۆرە بۆ لە سنوری دەسەڵاتی پارتیدا بوونی نییە؟
دوای شكستی یەكێتی لە هەڵبژاردنی بەتایبەتی لە سلێمانی . ئێستا یەكێتی بۆ ترساندنی خەڵك، هێزێكی تری دروستكردووە بەناوی (هێزی ئامادەی پۆلیسی كانی گۆمە) لە چوارچێوەی فەوجێكدا كۆی كردونەتەوە لێپرسراوی ئەو فەوجە جاشە که‌سێکه‌ به‌ ناوی (تاهیر گرێزەیی). ئەو كەسانەی لەم شوێنەدا وەردەگیرێن  ده‌بێت ئه‌م مه‌رجانه‌یان تێدا بێت: كەسانی (نەخوێندەوار و چەقۆكێش و ڕابردوو خراپ، بێکار)  نابێت خوێنده‌واری هه‌بێت، ئه‌وانه‌ی له‌ ریزه‌کانیاندا وه‌رده‌گیرێن، هیچ شتێكیان پێ عەیب نییە ئامادەن بۆ مشتێ پارە هەموو كارێك بكەن.
ئەم هێزە لە گوندی كانی گۆمەی نزیك شاری سلێمانی كۆكراونەتەوە و ئامادەكراون بۆ كاری گێرەشێوێنی.
كانی گۆمە ئەو شوێنە گومانلێكراوەیە، كە یەكێتی لەكاتی شەڕی ناوخۆدا چەندەها كەسی نەیاری خۆی لەویدا لەناوبرد و زینده‌ به‌چاڵی کردوون، تا ئێستاش زیندانی نهێنی لێیە. ئەم هێزە بەتەمایە بە ڕۆژی ڕووناك بێته‌ ناو شاری سلێمانیی و ده‌ستدرێژی لە خەڵك بكات و كەسیش نەوێرێ قسەبكات.
سه‌رچاوه‌یه‌کی نهێنی له‌ ئاسایسی سلێمانی به‌ کوردستانپۆستی راگه‌یاند، که‌وا  ده‌زگایه‌کی موخابه‌راتیی سه‌ر به‌ ده‌وله‌تێکی دراوسێ له‌ پشت بیرۆکه‌ی کردنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌زگایه‌وه‌ بووه‌، ئه‌م هێزه‌ ئیستا ده‌ستیان کردووه‌ به‌ مناوه‌ره‌کردن، چاوه‌روانی ئه‌وه‌ ده‌کرێت که‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا به‌ ته‌واویی چالاکی بنوێنن و ئەۆ چەقۆكێشانەى تاڵەبانیش ئامادەكراون تێكەڵاوى هێزى ئاسایش و پۆلیسى چالاكە مەدەنیەكان بكرێت و بە جلى مەدەنیەوە ده‌ستدرێژی لە خەڵك بكەن، هەرچ هاوڵاتیەكیش سكاڵاى به‌رێته‌ به‌ر پۆلیس و ئاسایس، سكاڵاكەى بەتاڵ دەبێتەوە چۆنكە بە جلى مەدەنیەوە كار بۆ كپ كردنەوەى دەنگى نارەزایى دەكەن. هه‌ر وه‌ک ده‌رکه‌وت ئه‌مانه‌ له‌خۆپێشاندانەکه‌ی دوایى قوتابیاندا، شان بە شانی (پۆلیسى چالاكە نامەدەنییەكان) هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و که‌وتنه‌ ویزه‌ی خوێندكار و رۆژنامەنووسان.
دروستبوونی ئه‌م هێزه‌ و ئه‌و پەلامارو هاوارو توندو تیژییە که‌ پیاوه‌کانی تاهیر گرێزەیی به‌نیازه‌ ده‌ستیپێبکه‌ن مەرگى یەكیەتى بە دواوەیه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە