دانیشتوانی سه‌یداوه‌ ده‌نگ به‌ کام لیست ده‌ده‌ن؟

Friday, 03/07/2009, 12:00

2251 بینراوە


سه‌یداوه‌ یه‌کێکه‌ له‌ گه‌ڕه‌گه‌ ناسراوه‌کانی شاری هه‌ولێر. ڕۆڵه‌کانی ئه‌م گه‌ڕه‌که‌ چ کچ و چ کوڕیان، چ لاو و چ پیریان به‌ ئازایه‌تی و یاخیبوون ناسراون و له‌ هه‌موو شۆڕشه‌کاندا ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه‌. ئه‌م گه‌ڕه‌که‌ دایکی کۆمه‌ڵێک تێکۆشه‌ری گه‌وره‌یه‌. هه‌ر له‌ (مامۆستا عه‌لی کاکه‌سوور)ه‌وه‌، که‌ له‌ سه‌رده‌مه‌ زووه‌کاندا وانه‌ی تێکۆشان و خۆراگریی به‌ دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ ده‌وته‌وه‌ و مێ و نێری بۆ خوێندن و مه‌عریفه‌ هان ده‌دا، تا (سه‌عدی گچکه‌)ی قاره‌مان، که‌ ته‌نها ناوی به‌س بوو، تا داگیرکه‌ر بتۆقێنێت. له‌وێوه‌ بۆ (محه‌مه‌د عه‌جه‌م)ی جه‌ربه‌زه‌، که‌ بۆ ساتێک ترس نه‌یتوانی زه‌فه‌ر به‌و دڵه گه‌وره‌یه‌‌ی به‌رێت، تا به‌ پلانی خۆفرۆشان گیانی پاکی ئاوێته‌ی خاکوخۆڵی کوردستان کرا. ده‌گه‌ینه‌ لای شاعیر و خه‌باتگێڕ (جه‌میل ڕه‌نجبه‌ر)، که‌ وشه‌ی به‌ گولله‌ ده‌ته‌قاند و گولله‌ی به‌ وشه‌ ده‌نووسی و هه‌ردووکیانی به‌جارێ ئاڕاسته‌ی دڵی داگیرکه‌ر ده‌کرد. له‌ولاتر (مامۆستا حه‌یده‌ر)ی ڕووناکبیر، که‌ له‌ خۆشه‌ویستیی کوردستان و مرۆڤایه‌تی زیاتر، هیچی دیکه‌ی نه‌ده‌ناسی. هه‌موو شتێکی جوانی به‌لاوه‌ به‌نرخ بوو، گیانی خۆی نه‌بێت. ئه‌وه‌ تاکه‌ شتی جوان بوو، ئه‌و ده‌ستی لێ به‌ردات و به‌ قوربانی نیشتیمانه‌ داگیرکراوه‌که‌ی بکات. ئینجا (جه‌بار ته‌ها) و (فه‌تاح ته‌ها)ی کۆڵنه‌ده‌ر و (عه‌ونی سابیر کاکه‌شین)ی جوامێر و (مامۆستا شه‌وقی عه‌باس)ی هه‌قناس و ڕۆشنبیر و (عارف تاڵه‌بانی)ی دڵدار و (قادر مسته‌فا)ی بوێر و (ئازاد فه‌رحان) و (عیماد عه‌لی) و (شه‌ماڵ کانه‌بی) و (نه‌هرۆ سه‌لام) و (شاخه‌وان عه‌باس)ی تێکۆشه‌ر و ده‌یانی دیکه‌، که‌ گیانی خۆیان له‌پێناو به‌دیهێنانی ئازادی و خۆشگوزه‌رانیی کوردستان به‌خشی. به‌شێکی سه‌ربه‌خۆش له‌م کتێبی مێژووی سه‌روه‌رییه‌ بۆ (کاکه‌ ڕه‌وه‌ند) و (کاکه‌ سه‌رداری سه‌عید سۆفی) ته‌رخانه‌، که‌ مه‌رگ به‌ هه‌موو هێز و توانای خۆیه‌وه‌ له‌به‌ریان هه‌ڵده‌هات.
سه‌یداوه‌ له‌پاڵ پیاوی ئازا و جوامێردا ده‌یان ژنی خه‌باتگێڕی وه‌کو (سه‌بیحه‌ شوکر) و (به‌فرین حه‌وێز) و (حه‌ربیه‌ خه‌لیل) و (په‌خشان عه‌لی) و (سه‌میره‌ حه‌مه‌د) و (سه‌نیه‌ قادر) و (گولیزار ته‌ها) و (ئه‌دیبه‌ عه‌لی) و زۆری دیکه‌ی پێ گه‌یاندووه‌، که‌ به‌نهێنی له‌ شار ڕۆڵی گه‌وره‌یان له‌ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌کانی شۆڕشدا بینیوه‌.
سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر دوای هه‌ره‌سی حه‌فتا و پێنج دانیشتوانی سه‌یداوه‌ نه‌هێڵن مانگێک، به‌ڵێ ته‌نها سی ڕۆژ، تێپه‌ڕێت و ته‌واوی دیواری قوتابخانه‌ و مزگه‌وت و نه‌خۆشخانه‌ به‌ دروشمی (بژی کوردستان)، (مه‌رگ بۆ به‌عسی فاشیست)، (کورد نامرێ)، (شۆڕش هه‌ڵده‌گیرسێته‌وه‌) و کۆمه‌ڵێکی دیکه‌ بنه‌خشێنن، که‌ بۆ ئه‌و کاته‌ ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین چالاکی بوو. هه‌ر ئه‌وانه‌ی دانیشتووی سه‌یداوه‌ن ده‌زانن دوژمن چۆن تووشی شۆک بوو و ئه‌م درووشمانه‌ چ هێزێکی گه‌وره‌یان خسته‌ دڵی خه‌ڵکه‌وه‌. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌ که‌سانێک، که‌ ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتدارن، له‌ سێبه‌ری خۆیان ده‌ترسان و ده‌بوونه‌ به‌عسی، نه‌بادا به‌عس گومانیان لێ بکات. دیسان سه‌یر نییه‌، نه‌خێر، هیچ نه‌به‌ردی و ئازایه‌تییه‌ک بۆ دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌که‌‌ سه‌یر نییه‌، ئه‌گه‌ر کچ و کوڕانی‌ له‌ خۆپیشاندانه‌کانی ساڵانی هه‌شتا پێشه‌نگ بن و ده‌یانیان لێ خرابێته‌وه‌ زیندانی فاشیسته‌کانه‌وه‌. ئینجا ڕۆژی راپه‌ڕین هه‌ڵهات و ئه‌وان پۆل پۆل، وه‌کو ئه‌وه‌ی پێی راهاتوون کچ و کوڕ، پیر و لاو، به‌ڵێ، وه‌ک هه‌میشه‌ مێ و نێر، نه‌ک نێر به‌ته‌نها، په‌لاماری داموده‌زگای سه‌رکوتگه‌ری به‌عسیان دا. ئا، ئه‌مه‌یه‌ سه‌یداوه‌، بۆیه‌ چۆته‌ ناو شیعر، چیرۆک، ڕۆمان، ژیاننامه‌ و گۆرانی و له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستاندا ناسراوه‌ و به‌ خه‌ڵکه‌که‌ی ئاشنان. هه‌م ڕووخۆشن هه‌م تووڕه‌. هه‌م کۆمیدیین هه‌م تراژیدی.
سه‌یداوه‌ ده‌یان نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و ڕووناکبیریشی پێ گه‌یاندووه‌، که‌ چ له‌ رابردوو و چ له‌ ئێستاشدا ڕۆڵی به‌رچاویان له‌ نوێکردنه‌وه‌ی فیکر و تێڕوانین و ئه‌قڵی تاکی کورددا هه‌بووه‌.
ئایا سه‌یداوه‌، که‌ ئه‌وه‌نده‌ی کردووه‌، ئه‌ی چی بۆ کراوه‌؟ ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت بزانێت (سه‌یداوه‌)ی گه‌ڕه‌کی تێکۆشه‌ر و رووناکبیران چی بۆ کراوه‌، با بێت سه‌ردانێکی گه‌ڕه‌که‌که‌مان بکات و به‌ چاوی خۆ بیبینێت. ئینجا به‌راوردێکیشی بکات له‌گه‌ڵ گه‌ڕه‌کی به‌رپرسه‌کاندا، که‌ هه‌ندێکیان هی شاخن و هه‌ندێکیان کۆنه‌ به‌عسی، ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان به‌ خوێنی شه‌هیدانی سه‌یداوه‌ و سه‌رجه‌م گه‌ڕه‌ک و شاره‌کانی دیکه‌ی کوردستان سووره‌، هه‌تا بزانێت جیاوازییه‌که‌یان چه‌ند گه‌وره‌یه‌.
ئێستا زانیتان به‌شی زۆری دانیشتوانی گه‌ڕه‌کی سه‌یداوه‌ ده‌نگ به‌ چ لیستێک ده‌ده‌ن. دیاره‌ نابێت سه‌یداوه‌یه‌ک، که‌ هه‌میشه‌ پێشه‌نگ بووه‌، ئه‌مجاره‌ له‌ دواوه‌ ڕێ بکات، یان ته‌گه‌ره‌ بخاته‌ به‌رده‌م ڕه‌وڕه‌وه‌ی گۆڕان. نه‌خێر، سه‌یداوه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانه‌ و له‌گه‌ڵ گۆڕانه‌ و له‌گه‌ڵ گۆڕانیش ده‌بێت.

* * * *

له‌وه‌ته‌ی لیستی گۆڕان ده‌رکه‌وتووه‌، دانیشتوانی سه‌یداوه‌ ناوه‌ڕاستی حه‌فتا و سه‌ره‌تای هه‌شتاکانیان بیر ده‌که‌وێته‌وه‌ و هه‌ر ده‌ڵێی جارێکی دیکه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی خه‌بات چێژی هه‌بوو. پێشمه‌رگه‌ حورمه‌تی هه‌بوو. ڕێکخستن دڵی ده‌بزواند. نووسینی دروشمی شۆڕشگێڕانه له‌سه‌ر دیواره‌کان‌ له‌ هاویندا فێنکی و له‌ زستاندا گه‌رمایی به‌ ماڵان ده‌دا. خۆشاردنه‌وه‌ له‌ ڕژێم، هێنده‌ی چاوشارکێی سه‌رده‌می منداڵی تامی به‌ گیان ده‌به‌خشی. گفتوگۆی به‌ر ده‌رگای ماڵان و پێش دوکانی گه‌ڕه‌ک له‌باره‌ی هه‌واڵی شۆڕش و چالاکیی پێشمه‌رگه‌وه‌ جوانیی خۆی هه‌بوو. ئه‌و نامیلکه‌ و پۆسته‌رانه‌ی له‌ژێر فانیلای عه‌لاگه‌ ده‌هاتنه‌ ده‌رێ، هێنده‌ی بۆنیان خۆش بوو، دوو ئه‌وه‌نده‌ش پیرۆز بوون، که‌ به‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ نووسرا بوون و به‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ گه‌یشتبوون. تامی ڕێواسی ژێر به‌فر و بۆنی بارووت و ڕه‌نگی شاخ و سیمای دۆڵیان گرتبوو. خوێندنه‌وه‌یان نه‌ده‌ویست، چونکه‌ خۆیان ده‌دوان. خۆیان باسی گژوگیا و به‌رد و به‌فر و تیشکی هه‌تاویان بۆ ده‌کردین. ئه‌مانه‌ کتێبن و ئه‌وانه‌ش وێنه‌ی شه‌هیدان. که‌س نه‌یده‌زانی چۆن ئاوا زوو به‌م ماڵ و به‌و ماڵدا ده‌گه‌ڕان. ئه‌م کۆڵان و ئه‌و کۆڵانیان ده‌بڕی و به‌ سه‌رتاپای گه‌ڕه‌کدا بڵاو ده‌بوونه‌وه‌. ئه‌وه‌تا پۆسته‌ره‌کان به‌ ستوونی کاره‌با و به‌ قه‌دی دیواری قوتابخانه‌ و مزگه‌وت و مه‌خفه‌ر و حه‌مامه‌وه‌ن. شه‌هیده‌کان بۆ شار گه‌ڕانه‌وه‌. سه‌یداوه‌ به‌شێکی زۆری به‌رکه‌وتووه‌. شه‌وان پێشمه‌رگه‌ داده‌به‌زن. هه‌ر ده‌ڵێی یاریی سه‌رده‌می منداڵییه‌. نه‌ ترس و نه‌ په‌شۆکان و نه‌ نیگه‌رانی به‌ روویانه‌وه‌ دیار نییه‌. به‌ڵام راستییه‌که‌ی ئه‌وان وه‌کو ئه‌ستێره‌ وا بوون. هێنده‌یان شه‌وق هه‌بوو، نه‌مانده‌توانی ڕوخساریان ببینین. ئا ئه‌مه‌یه‌ لۆژیکی فیزیا. هه‌تا ته‌نه‌کان زیاتر رووناک بن، ئێمه‌ که‌متر ورده‌کارییه‌کانیان ده‌بینین. به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ سه‌ر به‌ هیچ لۆژیكێک نه‌بوو، بێجگه‌ له‌ لۆژیکی خۆی. ئه‌ستێره‌ی تایبه‌ت بوون. چه‌ند به‌زه‌ییمان به‌وانه‌دا ده‌هاته‌وه‌، که‌ هه‌رگیز ئه‌ستێره‌ی خۆیان نه‌ده‌بینی. ئه‌وان ته‌نها ده‌یانزانی ئه‌ستێره‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌ستێره‌کانیان نه‌ده‌بینران، ده‌رنه‌ده‌که‌وتن. ئه‌وان ئه‌ستێره‌ی هه‌قایه‌ته‌کان بوون. ته‌نها حیکایتخوانه‌ درۆزنه‌کان به‌ خه‌ڵکیان ده‌گوت، که‌ ئه‌وانه‌ بوونیان هه‌یه‌ و ده‌رده‌که‌ون، ئه‌گینا به‌ڕاستی بوونیان نه‌بوو. ئای له‌و ئه‌ستێرانه‌ی گه‌ڕه‌کی سه‌یداوه!‌ هێشتا خۆر ئاوا نه‌بووبوو، ئه‌وان ده‌رده‌که‌وتن. هاتنه‌وه‌، به‌ڵی، هاتنه‌وه‌. ئه‌ستێره‌کان هاتنه‌وه‌. ئه‌ستێره‌ی گۆڕان ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ و پڕشنگ ده‌ده‌ن. خانووه‌ په‌ڕپووت و کۆڵانه‌ ته‌نگه‌به‌ره‌کان رووناک ده‌که‌نه‌وه‌. سه‌یداوه‌ ئه‌ستێره‌کانی خۆت بناسه‌ره‌وه‌. ژنان منداڵه‌کانتان بکه‌نه‌ باوه‌ش و ده‌ستی هاوسه‌ر و منداڵه‌کانی دیکه‌تان بگرن. وه‌رنه‌ به‌ر ده‌رگا و له‌ ئاسمان بڕوانن. ئه‌وه‌تا ئه‌ستێره‌کانتان بۆن و ڕه‌نگ و تاموچێژی حه‌فتاکان و هه‌شتاکانیان پێوه‌یه‌. ئای چه‌ند له‌مێژ بوو ئه‌ستێره‌مان نه‌ده‌بینی!! ئای چۆن بۆ بینینی تاڵه‌ تیشکێک سوێمان بووبووه‌وه‌!! حیکایتخوانه‌ درۆزنه‌کان باسی ئه‌ستێره‌یان بۆ ده‌کردین، به‌ڵام نه‌یانده‌توانی له‌ شه‌وه‌زه‌نگه‌کاندا یه‌ک ئه‌ستێره‌شمان نیشان بده‌ن. ئه‌وه‌تا ئه‌ستێره‌کانی گۆڕان ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ و پێویستمان به‌ ئه‌ستێره‌ی حیکایه‌تخوانه‌ درۆزنه‌کان نه‌ماوه‌. به‌ شه‌و و ڕۆژ هه‌ر دیارن، چونکه‌ ئه‌ستێره‌ی ڕاسته‌قینه‌ن.

* * * *
ئێمه‌ که‌ چه‌ند کچ و کوڕێکی گه‌نجی گه‌ڕه‌کی سه‌یداوه‌ین چ خۆمان و چ ده‌وربه‌ره‌که‌مان ده‌نگ به‌ لیستی گۆڕان ده‌ده‌ین و له‌ ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی واقیعی ئه‌م گه‌ڕه‌که‌شدا بۆمان ده‌رکه‌وتووه‌، که‌ سه‌یداوه‌ دیسان وه‌کو ئه‌وه‌ی پێی ڕاهاتوه‌ هه‌ر پێشه‌نگه‌ و له‌م گۆڕانکارییه‌دا ڕۆڵی خۆی ده‌بینێت. هێشتا ده‌یان مامۆستا عه‌لی کاکه‌سوور و سه‌عدی گچکه‌ و محه‌مه‌د عه‌جه‌م و مامۆستا حه‌یده‌ر و جه‌میل ڕه‌نجبه‌ر و ڕه‌وه‌ند و سه‌ردار سه‌عید سۆفی و سه‌دان ژنی جه‌ربه‌زه‌ و چاونه‌ترسیشمان بۆ ئه‌م شۆڕشه‌ و شۆڕشه‌کانی ئاینده‌ش ماوه‌.

*کۆمه‌ڵێک کچ و کوڕی گه‌ڕه‌کی سه‌یداوه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە