ئەزموونى دیمۆكراسى كوردستان كەوتۆتە ژێر پرسیارەوە!

Monday, 09/04/2012, 12:00

1419 بینراوە


ئێوە گەر تێبینى یتان كردبێ حیزبى كوردى ئەوەى لە دەسەڵاتدایەو ئەوەشى بەناو ئۆپۆزسیۆنە و ئەیەوێ ململانێ ى خەباتى سیاسى بكات و بچێتە ناو كێشمەكێشى سیاسى و جەماوەریى یەوە هیچ جیاوازیان نیەو یەك فۆرمى كارى سیاسیان هەیە ، چونكە بنیات و بنەڕەتى كارى رێكخستن و سیاسى ئەم حیزبانە فۆرمێكى سواوەو لەسەر هەڕەمى لەسەرەوە بۆ خوارەوە كاردەكەن كە بۆ ئەم سەردەمە ناگونجێ و كەلێنى بیرۆكراتى و بەكاربردن و گەندەڵى و رۆتین روودەدات ، بەتایبەتى ئێستا لەسیستەمى ئابورى بازاڕو گڵۆبالیزمى سەرمایەداریدا دەژین ، كە هەموو بەهاو چەمكەكان و مەفهوومەكان هەڵوەشانەوە و خوێندنەوەى تر هەڵدەگرن ، كوتلەوكوتلەكارى هەموو حیزبەكانى كوردستانى لەمپەڕى چەپ تا ئەوپەڕى راست گرتۆتەوە ئەیێ بپرسین. بۆ لەدەیەى نەوەتەكانەوە تووشى لێكترازان هات؟ ئەوە حیزبى شیوعى ، حیزبى كۆمۆنیزمى كارگەرى ، حیزبى زەحمەتكێشان ، حیزبى سۆشیالیست . ئەوە ئیسلامیەكان بوون بە100 سەد پارچەوە .. یەكێتى نیشتمانى پارەو بەرژەوەندى رایگرتووە ، هەر ئێستا بۆخۆشى چەند بەش و باڵە .. پارتى دیمۆكراتیش لەناخەوە قوڵپ دەدات بۆ هەڵوەشان رەخنەو ناڕەزایى لەناو خودى ئەو حیزبانەدا زۆرە هەمووشى پارە دروستى كردووە ئەو كێشانەى لەناو ئەو حیزبانەدا هەیە هیچى كێشەى ستراتیج و تاكتیك و فكرەو بابەتى مەعریفى جیهانبینى و نوێگەرى نى یە ، هیچى لەسەر ریفۆرم و (أدا ْ)ى سیاسى نى یە ، هەمووى بگرە یەك تاس و حەمامن ئەوەى خیلافى سیاسى و فكرى بێ نیانە تەنهاوتەنها پارەیەو پارە هەتا خیلافى50 ساڵەى خوێناوى نێوان پارتى و یەكێتى پارەیە هەروەكو چۆن ئێستا 3 وەزارەتى گرنگ و زۆر بنچینەیى یەكینەگرتۆتەوە (دارایى ، پێشمەرگە ، ناوخۆ)ئەم سێ وەزارەتە دڵى ئیدارەیە (85%)ى كاروبارەكانە ئەى كەواتە لەسەر چى رێككەوتوون؟!. هەموو جارێك خەڵكى ساویلكەى كورد فریو دەدەن رێككەوتین! ئەو خاڵانەى لەسەرى رێككەوتین ئیجابى و باش بوون ، ئاخر دانیشتنى یەكێتى و پارتى كەلە دوكان بەسترا ناویانا رێككەوتنى سترایجى و گرنگ و مەزن لەكاتێكدا هیچ كام لەو وەزارەتانەى تێدا نەبوو یەكبگرێتەوە تەنها ئەوە نەبێ لەسەر ئەوە رێككەوتوون بە(تەوافق) كارەكان بكەن واتە پێكهاتون لەنێوخۆیاندا بۆ دابەشكردنى دەسەڵات و پارە ، پێكەوە لەهەڵبژاردنەكانى كوردستان و عێراق خۆیان كاندید بكەن بەیەك لیست ، ئەوە لەسەر ئاستى عێراق بەهەر حاڵ كێشەمان نى یە بەڵام لەكوردستاندا پێكەوە خۆیان كاندید بكەن واتە گۆڵ كردن لەخەڵك واتاتر ئەتككردنى دیمۆكراسى و ستەمكردن لەمێژوو و ئێستاو داهاتووى كورد . خیانەتە لە ئەنفال و كیمیاباران ، خیانەتە لەخوێنى شەهیدان و مێژوو و تێكۆشانى گەلى كورد .
ئەم حیزبانەى كوردستان ئەو شێوازو فۆرمەى كارى لەسەر دەكەن هەڕەمى خێڵەو تەقلیدى كۆنە كەچاوگى شێوازى ئەو كاركردنە لەسەر چەمك و فەرهەنگى خێڵ و باوكسالارى ناوچەگەرێتى سەرچاوەى گرتووە وە نموونەى ئەم حیزبانەى كوردستان هەركوردستانى نەگرتۆتەوە ئەتوانى بڵێیت تەواوى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست وان بەڵام بەكەمێك جیاوازى فەرهەنگ و كلتورى رەق و داخراوى ئەم ناوچەیە هەر ئەوە بەرهەمدێنێ ، ئەو جۆرە سیستەمە لەكاركردنى حیزبى كوردى كەنەتەوەیەكە لەو زەمینەیەى كەلە رۆژهەڵاتدا هەیە بەدەر نابێ لێى و خۆى ناتوانێ بەئاسانى لێ ى دەرباز بكات خێرا لەو بازنەیە دەربچێ و بتوانێ نمونەیەكى نوێ لەسیاسەت كردن پێشكەش بكات ، جاسەیر ئەوەیە حیزبى كوردى پڕوپاگەندەى دروشمگەلێكى مۆدێرن دەكات وەكو: (دیمۆكراتى ، پلۆرانیزمى پەرلەمانى ، ئازادى راگەیاندن ، مافى مناڵ و ژنان و مافەكانى مرۆڤ و دادى كۆمەڵایەتى و كۆمەڵگاى مەدەنى كراوەو تەكنۆكرات و سیستەمى بازاڕى ئازاد و بانكى مۆدێرن .... بەڵام لەسەر ئەرزى واقع نەیتوانیوە بەكردەوە دواى ئەزموونى 20ساڵ لە دەسەڵات و حكومڕانى سیستەمى كارى رێكخستنى حیزبى كوردى لەهەڕەمى یەوە بكاتەو لاكێشى و جەماوەر بەشدارى بكات لەكاروژیانى سیاسیاو خەڵكێكى چالاك و ئەكتیڤ دروست بكات بۆ كێشە هەستیارو مەترسیدارەكان ببزوێنێ ئەو پەرلەمانە مردووە زیندوو بكاتەوەو نوێنەرى راستەقینەو شیاوى تیابێ و ئەو دروشمانەى حیزب كاتى شۆڕش و ئێستا خۆى هەڵیگرتووە بیكاتە پڕۆژەو عەقڵیەتى كۆمەڵگا حیزیى كوردى وەكو ووتمان سروشت و ئیلهامى لەپەیكەرى خێڵ و ناوچەگەرێتیەوە وەرگرتووە لەمپەڕى چەپ تا ئەوپەڕى راست فۆتۆكۆپى یەكترن و ئۆپۆسزیۆنى راستەقینە هەرنیە لەكوردستاندا هەموو جامێكى گیراوەى حیزبى حاكمەو لق و كۆمیتەى فەرعین و هیچى تر شاڕەگى خوێنى ئەو حیزبانەى دەرەوەى پارتى و یەكێتى بەمانەوە بەستراوون كە ئابورى یە پشت بەخۆیان نابەستن هەندێ جار رەخنە دەگرن بەهەڕەشەیەك بێ دەنگ دەبن . هەربۆیە حیزبى كوردى پێویستە بیرۆسترۆیكایەك و گلاسنوستێك لەخۆیاندا بەرپا بكەن ئەگینا بەتەمەن پیربوون و بەساڵاچوون و بەسەرچوون ئێكسپایەربوون ، حیزبى كوردى لەناخەوە وێرانن ، گۆڕان و ریفۆرمیان پێ ناكرێ بەگوشارو فشارو هەژانى جەماوەر نەبێ!. ئەزموونى دیمۆكراتى ئێمە لە كوردستان نمونەیەكى زۆر لاوازو بێ هێزە ناتوانرێت پێى بووترێت دیمۆكراتى ، بەتەماش بوون بینێرنە دەرەوە بۆ هەر چوارلاى خۆیان ئاخرین دەستكەوتى یەكێتى و پارتى بۆ كورد چەمكى تەوافق و پێكهاتنە لەپێناوى مانەوەى خۆیان هاتوون رێككەوتوون لەسەر خۆكاندید كردن بەیەك لیست لەهەڵبژاردنەكانى كوردستان ئەوە خیانەت و ستەمە لەدیمۆكراتى و خەڵكى كوردستان . ئەم حاڵەتە لە كوردستان كارێكى كردووە كە هەموو پرۆسەیەكى مێژوویى دیمۆكراتى تووشى وەستان و دۆگمایى كردوە رێگەیان لێ گرتووە ، پارتى و یەكێتى ناتوانن خۆیان بەجیا كاندید بكەن ، چونكە لەبەرەنجامى هەڵبژاردنەكان دەترسن و یەكتریان پێ قبوڵ ناكرێت .. هیچ كات بروام نیە بو دەرەنجامى هیچ هەڵبژاردنیك ڕازى بن كە بیدۆڕێنن چونكە دەزانن لەسەر كارو كردەوەكانى ڕابردوویان دادگایى دەكرێن.
پارتى و یەكێتى تووشى پەتاى (تەوافق) بوون، ئەم پێكهاتنە لەسەر حیسابى بەرژەوەندنى بەرژەوەندى خەڵك و پرۆسەى مێژوویى دیمۆكراتى یەتە لەكوردستان كە بەزیانى خەڵك تەواو دەبێ ، تەوافق هەرگیز دیمۆكراتى نیە! بەداخەوە یەكێتى و پارتى ماڵى خۆیان پێ رێك ناخرێ لەكوردستاندا كەچى دەچن بۆ ناوبژى كردن و رێكخستنى سونەو شیعە دیمۆكراتى دەنێرن بۆ بەغداد و هەموو هەرێمەكە ، بەڵام لاى خۆمان ئەنجامى هەڵبژاردن قبوڵ ناكرێ هەركامیان زۆرترین دەنگ بهێنن ئیتر لولەى [B.K.C]و قازیفە دەكەوێتە كار .تا ئێستا بە پراكتیك دوو ئیدارەیە, تاڵەبانى و بارزانى ئەبێ هەردوكیان لەیەككاتدا سەرۆك بن ئەگینا نابێ! بەداخەوە هەرچى شیعارو دروشمێ هەڵیانگرتووە هەمووى هەر قسەبوو هیچى نەچۆتە خانەى كردەوە و پراكتیكیەوە ، دیمۆكراتى درۆ بوو ، سیستەمى بازاڕى ئازاد هەرگیز وانى یە حیزب قۆرغى كات بۆخۆى ، مافى مرۆڤى كورد هەرنى یە ئەشكەنجەى سیاسى هەیە ، كۆمەڵگاى مەدەنى واتاى ژن كوشتن و سووتان بەلێشاو! ، حیزب لەئەرك و مەهامى سیاسیەوە گۆڕاوە بۆ كۆمپانیاى قازانجپەرست و مۆنۆپۆلكارو پاوەنخواز، فیدارڵیەكەش تا ئەمڕۆ مۆرنەكراوە تەنها پارێزگایى یە! واتە ریسى چەند ساڵەى خەباتمان كرایەوە بەخورى ، كەهۆكارەكەشى خۆمانین .لەبەر پارەو گرێبەستى ئاگامان لە هیچ نەماوە.
ئەم بارودۆخە نالەبارو دژوارەى كورد چارەسەر دەخوازێ ، نابێ هەروا بڕوات و هەروا بمێنێتەوە ، ئەبێ چاك بكرێ یا ئەوەتا شۆڕش یا ئەوەتا ریفۆرم و گۆڕانكارى . ئیتر ئەوە سروشتى ژیان و مێژوو بووە ، ژیان لەیەك حاڵ و دۆخدا ناوەستێ ئەبێ لایەك بەلایەكدا بكەوێ نابێ كورد هەتاهەتایە باجى دەسەڵاتدارێتى شێوە میرنشینى ئەو دوو حیزبە بدات ، بەڕاستى ئەبێ لەم قۆناغەدا كەقۆناغى رزگارى و نیشتمانى و نەتەوەیى یە ئەبێ دەسەڵاتى بۆرژواى ناسیۆنالیستى كوردى سەرتاسەرى بێ و چەمكى نەتەوایەتى لەناو كوردا بێتە بەرهەم و تاسەر بێ نەك تا ئەم سەردەمەش كەچەرخى تەكنەلۆژیایى ئەلەكترۆنىیەى عەولەمەى سەرمایەدارى سنورى هەموو نەتەوەو نیشتمان و ئاینەكانى بەزاندوە (چۆن دەبێ) ، كورد ناوچەگەرو خێڵەكى بێ ئەبێ ئاشكراكردن و بەخۆداچوونەوە رووبدات و گۆڕانكارى دروست بێ ریفۆرم لەهەموو بوارەكانى ژیاندا بكرێ . تا دەستكەوت و مافەكانى كورد لەعێراقدا پاشەكشێ نەكات لەوە زیاتر بارودۆخى سیاسى كورد زۆر ترسناكە ، رەنگە ئاوا بڕوات شكستى گەورەتر بخۆین لەهەڵبژاردنى داهاتودا!
ـئەبێ ئیدارەى كوردى حكومەتى هەرێم هەر دوو حیزبى حاكم لەكوردستاندا (یەكێتى و پارتى) ، هەروەهاهەردوو بە ناو سەرۆك/ كاك مەسعودو مام جەلال روون و ئاشكراتر لەبەرچاوى كۆمەڵانى خەڵكدا بێن دان بنێن بەهەڵەو رەخنەكانیاندا ، بەخۆیاندا بچنەوە ، هەوڵى ریفۆرمى جدى بدەن گەندەڵكاران بدەنە دادگا ، چونكە كورد ئەمجارە بدۆڕێ لەئەستۆى ئەو كەسایەتى و حیزبە باڵادەستەیە .. مێژوو و میللەت لێیان خۆش نابێ .ئەگەر ڕیفۆرم نەكەن پێم وایە ئەم دوو حیزبە تەمەنیان بەسەر چووە ئێكسپایەر بوون بە تەواوى دەبێ گەلى كورد بەدواى بەدیلێكى نوێنردا بگەڕێ وا دیارە ئەمانە لە باریاندا نى یە گۆڕانكارى بكەن!؟گرنگ نیە كێیە گرنگ ئازادى و دادگەرى و ڕێزوشكۆدارى كوردو كوردستان و تاكى مرۆى كوردە؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە