كورتە ژیان و چالاكی ئەفسانەیی كچە گەریلای كورد شەهید " بێریتان "

Sunday, 25/10/2009, 12:00

4088 بینراوە


گوڵناز قەرەتاش ناسراو بە بێریتان لە ساڵی 1971 لە بنەماڵەی خێزانێك كە كارمەندی دەوڵەت بوون لە شاری دێرسم لە دایك بوو. قۆناغی سەرەتایی لە شاری ئەلازیخ تەواو دەكات و لە ساڵی 1989 لە بەشی زانستی ئابووری ئینگلیسی دەستی بە خوێندنی كردووە.
گوڵناز لە خوێندنگا دەبێتە كاپیتانی تیپی هەندباڵ و یەكێك لەو خوێندكارانە بووە كە حەزێكی زۆری لە خوێندنەوەی كتێب دەكرد.
گوڵناز هەرگیز نەكەوتە ژێر كاریگەری سیستەم و تەنانەت لە بەرامبەر یاسا و ڕێساكانی باوی ناو كۆمەڵگا هەڵناخەڵەتێ و لە دژیان دەوەستێتەوە.
لە نەورۆزی ساڵی 1989 هەستی بە راستی كورد بوونی كردووە و لە ساڵی 1990 هاوڕێ لە گەڵ دەزگیرانەكەی، بەشداری ناو ڕیزەكانی پە كە كە دەبێ. بێریتان لە كاتی خەبات و تێكۆشان لە ناو گەل دا دەستگیر و زیندانی دەكرێت.
دوابەدوای دەركەوتن لە زیندان، ڕوو لە چیاكانی كوردستان دەكات و لە ڕۆژی 9ی مانگی مای ساڵی 1991 لە چیای جودی، چەكی گەریلایەتی لە شان دەكات.

بێریتان تەنیا لە ماوەی یەك ساڵ دا، لە ناو ڕیزی گەریلاكان پێشكەوتنی گەورە بە دەست دەخات و دواتر وەكوو فەرمانداری تاقمێكی گەریلا دەچێتە هەرێمی شەمزینان.
لە ساڵی 1992 دەربازی باشووری كوردستان دەبێت و لەوێش ڕووبەڕووی شەڕێكی داسەپاو دەبێتەوە. هێزەكانی داگیركەری تورك كە دەربازی باشووری كوردستان ببوون، هاوڕێ لە گەڵ كوردە بەكرێگیراوەكانیان، ئەو تاقمە گەریلایەش دەدەنە بەر هێرشی خۆیان و لە بەرامبەریش دا بێریتان و هەڤاڵانی بەرپەرچیان دەدەنەوە و بەرخۆدان دەكەن.
بێریتان و هەڤاڵان كە ژمارەیان زۆر نییە لە گەماڕۆی هێزێكی زۆر دابوون. لەو شەڕە دژوارە دا، بێریتان لە زۆر شوێنی جەستەی خۆی بریندار دەبێ، بەڵام تا ئاخرین گوللەی شەڕ دەكات.
لە كۆتایی دا بێریتان بۆ ئەوەی نەكەوێتە دەستی دوژمن، تفەنگەكەی خۆی دەشكێنێت و لە تاشە بەردێكی بەرزەوە، بەدروشمی بژی سەرۆك ئاپۆ، بێ سەرۆك ژیان نابێ، خۆی فڕێ دەداتە خوارەوە و ژیانی لە دەست دەدات...
چالاكی بێریتان دەبێتە هۆی سست بوونی لایەنی بەرامبەر و تەنانەت ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی كوردی لایەنی بەرامبەر، بە دیتنی ئەو چالاكیەی بیریتان بە چۆك دادێن و چەكەكانی خۆیان فڕێ دەدەن.چالاكی بێریتان لە مێژووی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی كورد بوو بە ئەفسانەیەك وزۆر منداڵی كچ ناوی بێریتانیان لە سەر دادەنێن و زۆر شێعر و ئاواز و گۆرانیش بۆ بێریتان و قارەمانیەتی ئەو گووتراون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە