ژمارەیەک هونەرمەندو نوسەر، ماوەی هەشت مانگە موچەی رێزلێنانیان پێنەدراوە

Monday, 21/11/2011, 12:00

1553 بینراوە


فەرەیدون بێوار

لە مانگی سێى ئەمساڵەوە تائێستا ژمارەیەک هونەرمەندو نوسەر موچەی رێزلێنانیان پێنەدراوە، وەزیرى رۆشنبیریش رایدەگەیەنێت 113 کەس گرفتیان هەبووە و ئێستا سەرقاڵى پێداچونەوەن بەناوەکان بەهۆى بوونى هەندێ ناوى وەهمیەوە.
عومەر چاوشین، هونەرمەندی ئەکتەر کە نزیکەی 40ساڵ دەبێت کاری ئەکتەری دەکات، بێزاری خۆی بەرامبەر بە بریکاری وەزیری دارایی دەربڕی و ئەوی بەهۆکاری دەواکەوتنەکە زانی. جەختی لەوەش کردەوە کە ماوەی 8مانگە موچەکەی وەرنەگرتووە بێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانێت.
سیروان ناشادی شاعیر، یەکێکە لەو کەسانەی کە موچەی رێزلێنان وەردەگرێت، وتى لەمانگی (3)ەوە موچەی رێزلێنانمان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا موچە لە میزانیەی حکومەتە و لە سەوابتەکانە، مومکین نییە 8 مانگە وەرنەگیراوە، ئەی ئەو پارەیە چی لیهاتووە.
ناوبراو رەخنەی لەم دواکەوتن و سیستەمە گرت و وتی ئەمە گەورەترین بێڕیزی کردنە بەو چینە.
لاى خۆیەوە، د. کاوە مەحمود، وەزیری رۆشنبیری و لاوان رەتی کردەوە کە ماوەی هەشت مانگ بێت موچەی رێزلێنان نەدرابێت. وتی موچەکە دراوە، تەنیا 113 کەس گرفتی هەبووە، چونکە هەندێک ناوی وەهمی هەبووە، ئێستا پێداچوونەوەی بۆ دەکەین.
رونیشیکردەوە ئەو میزانەیەی کە بۆ رێزلێنانی نووسەران تەرخان کرابوو کورتی هێناوە، بۆیە هەندێکیان لە مانگی هەشتەوە موچەکەیان وەرنەگرتووە، ئێمەش نووسراومان بۆ وەزارەتی دارایی کردووە کە ئەو کورتهێنانەمان بۆ پڕ بکەنەوە.
موچەی رێزلێنان بەپێی ساڵانی خزمەت لە (75) هەزارەوە دەست پێدەکات تا (150) هەزار دینار، مەرجەکەش ئەوەیە کە ئەو نووسەرە نابێ موچەی تری هەبێت لە حکومەت.
پێِشتر چەند سەرچاوەیەک بڵاویانکردەوە، لەسەردەمى کابینەى پێنجەمى حکومەتدا بەناوى 113 کەسەوە موچەى رێزلێنان وەرگیراوە بەڵام موچەکە بەو کەسانە نەدراوە.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە