کورتە وەڵامێک بۆ " بەرزان بەرزانێکەی"، رێبوار كەریم وەلی رووداو

Wednesday, 19/03/2014, 12:00

2502 بینراوە


لە یانزەی ئازاری ساڵی 1970 دا، لاوبووین، تەمەنمان پێش بیست ساڵان بوو. لەبەر دەرگای ماڵی هاورێیەکمدا، لەتەمەنی خۆمدا بوو، لەگەرەکی سەرشەقام، وەستابووین. پاش قەیرێک کەسێکی نە ناسراو، بەهەڵەداوان بەرامبەرمان هات ووتی: بەقوربانتانبم بارزان بەرزانێکە لە کوێوە رۆی.
ئەو دەمە فرە رێپێوانی بەرزان بەرزانی شەقامەکانی سولێمانی دەپێوا. نوسراوەکەی کاک رێبوارم، ئەم بەیانیە لە رووپەری رووداودا خوێندەووە. بیری پرسیاری ئەو کەسە نەناسراوەی یانزەی ئازاری 44 ساڵی پێش ئێستای خستمەوە. " بەرزان بەرزانێکە لە کوێوە رۆی ".
کاک رێبوار وەلی " نوسینی بەرزان بەرزانێکەی"، بۆ هەر رۆژنامە وگوارێکی کوردی جگە لە ماڵپەری رووداو بناردایە، بۆ یان بڵاو نەدەکردەوە.
بە دەلیلی ئەم خاڵانەی خوارەوە.
لە یەکەم چوار دێر و نیوی نوسینەکەیدا، 5 "کە"ی و 5 "و"ی بەکار هێناوە. وەلێ 3 هیمای فاریزەی بەکار هێناوە. نوسینەکەی کەمی تاقی کردنەوەی نوسین، هەروەها کەمی خوێندنەوی لە بواری وێژە وئەدەبی کوردیدا نمایش دەکات.
نە خۆشی " کە " لە نوسین و رێنووسی کوردیدا، نە خۆشیەکە ریتمی ئاوازی نوسین دەمرێنێت، خوێندنەوەی تێکست بێ تام دەکەن. بۆ وێنە: سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە رۆژێك بێت بتوانێ.
ئاسانتر بنووسین:
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژێک بتوانێت.
جوداکردنەوە وپەیوەندی نێوان رستەکان، لە بری هیمای فاریزە بۆ پەیووەندی رستەکان دابنێت. بە "و" رستەکان بەیەکەوە دەبەستێتەووە. وەک لە چاخانەیەکدا بەیتی رۆستەم وزوراب بخوێنێتەوە.
نوسین لە باس وخواسی گوێ ئاگردان جودایە.زمانی نوسینی کاک رێبوار، هێشتا لە قۆناغی گروو گاڵدایە، پێویستی بە فرە خوێندنەوەی وێژەی کوردی هەیە. یەک دوو زیندو وێنەی بۆ نمایش دەکەم:
بەڵام سەرۆك بێدەنگە لە ئاستیدا.
راستر بی نوسیبایە،
بەڵام سەرۆك لە ئاستیدا بێدەنگە.
لەو خەرمانە هەڵە نوسینەیان، تا خوێنەرانی بە رێزمان ورێنوسی کوردی وەرس نەکەم، مشتێکتان بۆ دەنوسمەوە:
ئێستا خاوەنی پتر لە 50 كورسی دەبوو لە پەرلەمان.
بە زوبانی کوردی دەنوسین:
لە پەرلەماندا، ئەمرۆ خاوەنی 50 کورسی دەبوو.
بەو هۆیەی لە رێنوسی زوبانی کوردیدا فەرمان پاشکۆی رستە دەکات.هزرو بیرۆکەکەی بگرە لە رێنووسە کوردێیە داتاشراوەکەی چەوت ترە. بیناسازی نوسینەکەی لەسەر " ئەگەر " دارێژراوە. هاورێیانم، بەوردی بیخوێنەوە بە ئاسانی هەستی پێدەکەن کاکی نوسەر فری بە مێژووی سیاسی کوردستانەوە نییە، چەند وێنەیەکتان بۆ دەنووسمەووە.:
رستە ونوسینی نوسەرە:
كوردستان لە پێنج ساڵی رابردوودا تووشی شێوازێك لە دەستاودەستكردنی سیاسی بووە.
کەیفم پێدەهات بمان زانیبایە دەستاو دەستی سیاسی مانای چی؟.
دەشێ بنوسرێت یان بوترێت، دەستاو دەستی دەسەڵات کردن. وەلێ تا ئەمرۆ، دەستاو دەستی سیاسیم نە بیست بوو.
زیندە وێنەیەکی تری ئەم بەرێز هەڤاڵە:
ئەم تابلۆ گشتییە موختەسەرە، ئەوە نیشان دەدات كە سەرۆك بارزانی بۆ هێنانەدی خەونی لەمێژینەی میللەتی كورد، پێویستە زۆر گەورەتر لە حیزبەكەی بیربكاتەوە.
پێش بیرۆکەی بیردۆزێکەی فەرموون بروانە کوردییە گروو گاڵەکەی:
تابلۆ پوختە گشتێکەی، سەرۆک بەرزانی، بۆ بەدیهێنانی خەونە مێژووییەکانی میللەتی کورد، بگرە لە پارتەکەی پتربیربکاتەوە.
یەکەم) بیر کردنەوە بە پلەی یەک و دوو گەورەتر، ناپێورێت.
دوو) خەونی لەمێژینەی میللەتی كورد، مانا نابەخشێت. بەداخەوە پێویستە بەرێزیان بە عەرەبی بۆمان شێبکاتەوە.
هاورێیان "موختەسەر" سەری خۆم خۆتان نەئێشێنم: رێبوار کەریم ی بەرێز، توشی نەخۆشی شێرەپەنجەی " سەرۆک : بووە. رووس وتەنی لەبەر ماڵی بەر دارستانەکە، دارستانەکەی پشت ماڵەکە نابینێت.
رزگاری کوردستانی گەورە لە لولەی تفەنگی سەرۆکە تاقانەکەیانەوە دەبینن.
تێکۆشان، خەبات، راپەرین وئەنفال و کیمیابارانی خەڵکی، بڵقی سەر ئاوە، لە ئاست نقە نقەی سەرۆکییاندا.
خاوەن شکۆ تا بەرگدرووی دەست رەنگینی وەک کاکە رێبواری هەبێت. سەرۆکمان، خاس و جوان پۆشتە وپەرداخ دەبێت، میللەت باکی نابێت.
گەر وایە!! هەموو بێژن "سەیی عەللە سڵاوات".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە