به‌ڕێز کاک ئه‌کره‌م حه‌مه ژاژڵه‌یی ده‌رزیه‌ک به‌خۆتاندا بکه‌ن ئه‌و جا سوژنێک به‌خه‌ڵکدا!
Monday, 14/09/2009, 12:00
1447 بینراوە
وه‌ڵامێکی کورت بۆ نوسراوه‌که‌ی کاک ئه‌کره‌م حه‌مه ژاژڵه‌یی که له کوردستان پۆستی به‌ڕیز به‌ناو نیشانی (كاكەحەمە ى پشتێن پان و كاكە قادر پارەیان لێ بڕاوە) بڵاو کردۆته‌وه.
کاکی به‌ڕێز من ئێستا نه سۆشیالیستم و نه زه‌حمه‌تکێشانی کاک قادر عه‌زیز، له‌وه‌ته‌ی کاک نه‌وشتروانیش باسی گۆڕان ده‌کات ناخۆشم ناوێت، هه‌ر چه‌نده خۆی و به‌ر نامه‌که‌شی تا ئێستا نیشانه‌ی پرسیاری زۆریان له‌سه‌ره!
وه‌ک مرۆڤێکی بێلایه‌نی کورد په‌روه‌ر تکایه ئه‌م چه‌ند تێبینیه‌م لێ قبووڵ بکه:
1- قسه‌م زۆره له‌و ته‌علیقه‌ی له کاکه حه‌مه و کاک قادرعه‌زیزت داوه وه‌ڵامت بده‌مه‌وه به‌ڵام به‌مافی ڕاگه‌یاندنه‌کانی ئه‌وانی ئه‌زانم وه‌ڵامت بده‌نه‌وه نه‌ک یه‌کێکی بێ لایه‌ن.
2- له به‌شێکی نوسینه‌که‌ت دا هاتووه که: ئاخر حیزبێكى وەكو سۆسیالیست بەردەوام پاشكۆى یان پارتى بوە یان یەكێتى لە شاخ بەردەوام پاشكۆى پارتى بوو , لە شاریش بەردەوام پاشكۆى یەكێتى بوە چونكە بەو سواڵە ژیاون كە تاڵەبانى بەشى داون , ئەوان حیزبێكن كەس نازانێ هەڵویستیان چیە ؟ هەر ڕۆژەى لەسەر پەتێك یارى دەكەن و لەكوێ پارە هەبوو لەوێن ئیتر گوێ بەهیچى تر نادەن.....
به‌ڕاستی کاکه لێره‌دا زۆر زوڵمت له خۆت و هاوبیره‌کانیشت کردووه که هه‌نده ماف به‌خۆتان ئه‌ده‌ن، مێژوو و خه‌باتی ئه‌م و ئه‌و به‌که‌م ئه‌نرخێنن و ته‌وهینی پێ ئه‌که‌ن. به‌داخه‌وه لای خه‌ڵک وایه گۆڕاوون به‌ڵام پێ ناچێت بتانه‌وێت گۆڕان له خۆتانه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ن.
براله ئه‌وه‌ی ئه‌لف و بێ یه‌ک له‌سیاسه‌ت بزانێت ده‌زانێت که 30 ساڵ له‌مه‌و پێش له قه‌ندیل نه‌ک له گرده‌که‌ی ناو جه‌رگه‌ی سلێمانی کێ له یه‌کیه‌تی جیا بۆوه؟ کێ بانگ هێشتی نه جه‌لالی نه مه‌لای به‌گوێ‌ی خه‌ڵک دادا؟ به پاره‌ی یه‌کیه‌تیش نا به نانی ناو هه‌مبانێ. گه‌ر ته‌مه‌نتان ئه‌وه‌نده نیه یا خود ئاگات لێ نیه، تکا ئه‌که‌م بپرسه بزانه له‌یه‌که‌م کۆنفڕانسی حزبی سۆسیالیستی کوردستان له ساڵی 1979 له دۆڵه‌توو کێ به کاک دکتۆر مه‌حمود سۆرانی ووت خۆت هه‌ڵ مه‌بژێره‌وه بۆ سکرتێری با مام جه‌لال و مه‌لامسته‌فایه‌کی تر دروست نه بێت؟
با ئه‌زیه‌ت نه‌کێشی به‌دوای سه‌رچاوه‌دا بگه‌ڕێیت، هه‌ر خۆم وه‌ڵامه‌که‌یت پێ ئه‌ڵێم ئه‌وه شه‌هید شێرکۆی شێخ عه‌لی بوو که به‌ده‌ستی هاوڕێکانی دوێنێ تۆ له ناوچه‌ی دوکان شه‌هید کرا.
به‌ڕێز نامه‌وێت خوێ به‌زامه‌کاندا بکه‌م، چونکا سوکایه‌تی کردن به‌مرۆڤه‌کانی کورد و ڕابردوویان که‌م کردنه‌وه له خه‌باتیان له ته‌ربیه‌تی مندا نیه. به‌ڵام ئه‌وه‌نده ئه‌ڵێم که‌مێک نرخ بۆ ڕابردووی خه‌ڵک دا بنێن بۆ ئه‌وه‌ی له ئاینده دا خه‌ڵک بڕواتان پێ بکات که به‌ڕاستی ڕه‌خنه‌تان له ده‌مارگیری ڕابردووی خۆتان هه‌یه و گۆڕاون!
3- له شوێنێکی ده‌فه‌رموویت: جارێكى تر لەژێر ناونیشانى بەشدارى كردن لەم حكومەتەدا ئەركێكى نیشتمانیە گەڕانەوە بۆ ماڵە باوان و تێكەڵاوى ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە بونەوە , ئەو دەسەڵاتەى لاى زۆربەى میللەت ڕیسوا بوە و هیچیان نەماوە , ئێوەش كە ئەچنەوە وەكو ئەوان سوك و ڕیسوا ئەبن و جارێكى تریش وەكو ئەوان ئەكەونە پەراوێزەوە , ئاخر نازانن ئەوەى بە زەلیلى و سەر شۆڕى ژیابێت هەرواش ئەژى , ئەمە قانونى ژیانە و گۆڕ‌انى تیا نیە....
چاوه ڕاسته‌که‌م فه‌رهه‌نگی زمانی کوردی مه‌شێوێنن هه‌روه‌ک سیاسه‌تان شێواندووه. ده‌سته واژه‌ی گەڕانەوە بۆ ماڵە باوان قسه‌یه‌کی جوان نیه به نێرینه‌یه‌ک بووترێت! ئه‌و ده‌سته‌ڵاته گه‌نده‌ڵه‌ش به‌شی زۆری گه‌نده‌ڵیه‌که به‌ر کۆنه براده‌ره‌کانی خۆت ئه‌که‌وێت که سلێمانیان ئاوه ڕووت کردووه به به‌رچای خه‌ڵکه‌وه. دڵنیام گه‌ر حاکمی هه‌ولێریش بوونا‌یه زۆر زه‌حمه‌ت بوو به‌و زوانه بۆنی دوبه‌ی لێ هاتبایا.
برا شیرینه‌که‌م با قسه‌یه‌ک بۆ دز بکه‌ین، ده‌سته‌ڵاتی کوردی به‌و هه‌موو ناڕێک و پێکی و نا عه‌داله‌تی و نا به‌رابه‌ریه‌ی هێشتا له به‌ر هه‌ڵستکاران ڕێکخراوه تره (ناڵێم عه‌داله‌ت تره). هێشتا ئێوه له‌ژێر ته‌جروبه‌یه‌کی هه‌ستیاری مێژوویی دان، ده‌نگی هه‌موو ناڕازیانی کوردستانیشتان له پشته، پێویسته به‌و ئاقڵیه‌ته‌ی جاران بیر نه‌که‌نه‌وه، واز له‌قسه‌ی تووند و شکاندنی ئه‌م و ئه‌و بێنن! خۆتان ڕێک بخه‌ن، دوایی به‌رهه‌ڵستکاران یه‌ک بخه‌ن و ڕێکخه‌ن ئه‌وجا دروشمی بایکۆتی ده‌سته‌ڵاتی ئێستای کوردی به‌رز بکه‌نه‌وه. با بتان بینین به‌کردار نه‌ک به وتافکێشان چۆن کۆتای به‌گه‌نده‌ڵی و نا عه‌داله‌تی ده‌هێنن. دڵنیا به کاکی هاوخوێنم که به‌ڕێوه‌بردن زۆر به‌زه‌حمه‌تره له به‌ر هه‌ڵستکار بوون.
تاکه ده‌سته واژه‌یه‌ک که له نوسینه‌که‌ی به‌ڕێزتان دا هاتووه ئه‌گه‌ر بۆ هه‌مووانت وه‌ک یه‌ک بوێت زۆر به‌دڵمه؛ (ئاخر نازانن ئەوەى بە زەلیلى و سەر شۆڕى ژیابێت هەرواش ئەژى , ئەمە قانونى ژیانە و گۆڕ‌انى تیا نیە....). ده‌ستان خۆش مه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ژێر ده‌سته‌ی و یه‌کتر دڕاندن! چیتر ژیانی زه‌لیل و سه‌ر شۆڕی و به‌ر ده‌ستی مامی قبووڵ مه‌که‌ن به‌یه‌ک جاری وه‌رنه‌ده‌ر. چیتر هه‌ر به‌ناو جێگری یه‌که‌م مه‌بن له ناوه‌ڕۆکیشدا ته‌ورێکی ڕووت بۆ ده‌م کوت کردنی ئه‌م و ئه‌و! بزانن ژیانی ئازادی و نانی ده‌روێشی چه‌نده عیزه‌تی تێدایه و به‌تامه، که‌مێک تامی بکه‌ن.
4- له به‌شێکی تری نووسینه‌که‌تدا هاتووه: قورسایى ئێوە بەقەد ئەو پۆلیس و پێشمەرگە و ئاسایش و كادرە نیە كە نانیان برٍین لە پێناوى گۆڕانكاریدا , هەزارەها خەڵك ئامادە بوو نان بڕاو بكرێت لە پێناوى گۆڕانكارى لەم دەسەڵاتەدا تازە ئێوە دێن و بەشدارى ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە ئەكەنەوە. چاوه ڕاسته‌که‌م جارێکی تر داوات لێ ئه‌که‌م خه‌ڵک به‌که‌م مه‌زانن، ئه‌وانی که‌تۆ سوکایه‌تیان پێ‌ئه‌که‌ی دڵنیا به له کراسی خۆیاندا زۆر مه‌ردن. چونکا ده‌مێکه تامی برسیه‌تیان چه‌شتووه، هاوڕێکانی به‌ڕێزت ئه‌وه بسم الله! من دژی نان بڕانم چونکا من تا به‌عس مابوو هه‌ر نان بڕاو بووم و ئێستاش زیاتر له 13 ساڵه نان بڕاوی یه‌کیه‌تی و پارتیم. به‌ڵام دڵنیا به شۆڕش ، گۆڕان هه‌ر شتێک که عزه‌تی پێوه بێت به پاره و مه‌نسه‌ب و ڕوتبه‌ی یه‌کیه‌تیه‌وه ناکرێت. با قسه‌یه‌ک بۆ خوا بکه‌ین، ئێوه به‌شێکی زۆری ڕه‌خنه‌کانتان له هاوه‌ڵه کۆنه‌کانی خۆتان له ناو یه‌کیه‌تی ئه‌وه‌یه؛ که ئیداره‌یان قۆرغ کردووه بۆ حزبیه‌کان. به‌دڵنیایه‌وه ڕاست ئه‌که‌ن. به‌ڵام دڵنیا بن ئه‌م هاوڕێ یانه‌ی ئێوه‌ش که ئێوه ئه‌مڕۆ شیوه‌نیان بۆ ئه‌که‌ن که نان بڕاوون ئه‌و پله‌و پایه‌و مه‌نسه‌به‌ی که هه‌یان بوو به هۆی ئه‌م قۆرغ کردنه‌وه ده‌ستیان که‌وتبوو.
ده‌ی که‌واته گه‌ر ئێوه دژی گه‌نده‌ڵین بۆ شیوه‌ن بۆ ئه‌و پله‌و پایه حه‌رامه قۆرغ کراوه ئه‌که‌ن؟! کاکی به‌رێز مرۆڤی دژه‌گه‌نده‌ڵ نابێت چاوی له لوتفی یه‌کیه‌تی بێت به نان و ڕاتب و ڕوتبه‌ی خۆی وه‌ک مو‌سا له ماڵی خۆیدا گه‌وره‌ی بکات! هیچ لایه‌کیشمان ناتوانین حاشا له‌وه بکه‌ین که ئێوه تا دوێنی دڵ، مێشک و هزی یه‌کیه‌تی بوون، که‌واتا به‌شێکی سه‌ره‌کی له‌و گه‌نده‌ڵستانه به‌ر هاوڕێکانی خۆتان ئه‌که‌وێت.
له کۆتایدا هیوادارم ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به گۆڕینی بارێکی نا هه‌موار بۆ بارێکی باشتر هه‌یه، بڕوایان به برسیه‌تی و خۆ ڕاگری هه‌بێت و چاویشی له ڕه‌حمی مامی نه‌بێت! چاوه‌ڕوانی خراپتریش بکات. تکایه چیتر نوزه‌ی نان مه‌که‌ن چوونکا ئه‌وه‌ی زۆر چاوی له پله‌و پایه بێت زه‌حمه‌ته گۆڕانی پێ بکرێت. ئه‌بێ ئه‌وه‌ی به ناحه‌قی ئه‌زانین بۆ کۆنه هاوڕێکانمان بۆ خۆشمان به حه‌رامی بزانین.
14 ئه‌یلولی 2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست