لە دوای سەردەشت عوسمان وێنەکانی دەبن بە جیڤارا

Sunday, 05/05/2013, 12:00

2281 بینراوە








کە جیڤارا کوژرا، بکوژەکانی ویستیان تەرمەکەی بەکاربێنن بۆ چەند مەبەستێکی سیاسی و میدیایی، بۆیە دەموچاویان پاککردەوە و، وێنەیان لەگەڵدا گرت، بە مەبەستی ئەوەی بڵێن بە برینداری گیراوە و بە شیوەیەکی ئینسانانە هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە و دواتر وەفاتی کردووە کە لە ڕاستیدا واش نەبوو، چونکە ئەو وێنەیەی بە مردویی گیرابوو.
ئەوەی کردیان سیحرێک بوو بەڵام بەسەر خۆیاندا شکایەوە.
گرفتی بکوژەکان و بەرەی دژە شۆڕش لەوەدا بوو کە ئەو وێنەیە و دەموچاوە پاک و پاکیزەکەی تشی دڵی زۆربەی هەرە زۆری دنیای ڕاچڵەکاند، مەسیحێکی تری بیرهێنانەوە کە بە شێوازێکی نوێ لە خاچ دراوە.
لە ڕێگەی وێنەکەوە جیڤارا بوو بە مەسیحی چەپ و شۆڕشگێڕەکان و گەنجانی دنیا!

.....

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە لای زۆربەی تاکەکان خولیایەکی دەستەجەمعی هەیە کە لە ساتەوەختی زۆر تایبەتیدا روح دەچێت بەبەریدا و، یەکێک لەو ساتە وەختانەش ئەو وێنەیەی جیڤارا دروستی کرد کە بوو بە هاندەری هاتنە ئارای ئەو سۆز و هەستە کە جیڤارای وەکو مەسیحێک یان غەدرلێکراوێک نیشاندا و ویژدانی هەمووانی بزواند.
ئەوەتا ئەمڕۆ ئەو ئیکۆنی هەموو جیهانە!

.....

کوشتنی سەردەشت عوسمان لە بری ئەوەی بکوژەکانی ئاسودە بکات بوو بە بەڵایەکی گەرورەتر لە سەردەشت بۆیان!

:دوو دیدی جیاواز هەیە لەسەر هۆکاری تیرۆرکردنەکەی

یەکەمیان کە پارتی و بنەماڵەی بەرزانی کاری لەسەر دەکەن، ئەویش کوشتنە لەسەر شەرەف، دیارە ئەم ئاڕاستەیە شێوازێکی نا فەرمی وەرگرتووە، بۆ نمونە یەکێک لە وتەبێژەکانیان باس لەوە دەکات کە سەردەشت بە زمانێکی یان شیوازێکی نزم باسی سەرۆکی کردووە.
دیارە لە نێو بەرەی دژە دەسەڵاتی بنەماڵەدا کەسانێک هەن تا ڕادەیەک لەگەڵ ئەگەری هۆکاری کوشتن لەسەر شەرەفن.
دووەمیان ئەو دیدەیە کە کار لەسەر ئەوە دەکات کوشتنەکەی لەسەر بیروڕا و دیدی جیاوازی سەردەشت و ڕەخنەکانی بووە.

من پێم وایە ئەو دوو بۆچونە لە یەک شوێنەوە ڕچە دەگرن و دەشچنەوە سەر یەک سەرچاوە کە ئەویش نەبونی تۆلێرانس و کەلە رەقییە، کە بیگومان هەردوکیان دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە ئەو ئەقڵیەتە بە کەڵکی دەسەڵاتێک نایەت کە کوردستان بەرێوەببات.

ئەقڵیەتی بنەماڵەیەک کە هێشتا لە نێو فەزای فیکری و تاریکستانی خیڵێکی داخراودا دەژی و خۆراکی خۆی لەوێوە وەردەگرێت، بارێکی گرانە بەسەر دەسەڵات و پەرەپێدانی دیموکراتییەوە.

ئەو ئەقڵیەتە وشەیەک کە نەشچووەتە بواری کردارەوە بە بەڵاو نەفرەتێکی گەورە دەزانێت بۆ سەر تێگەیشتن و تموحەکانی خۆی، بۆ سەر ناوناوبانگی خۆی. با سەردەشت بە کردارەکیش پەیوەندی خۆشەویستی و عیشقی لەگەڵ کچەکەی بەرزانی دا نەبووبێت، بەڵام لای ئەو ئەقڵیەتە لە خۆباییە جیقەڵان بچوکە وەکو دەست بۆ شەرەف بردنە بۆیە ئامادەیە تۆڵەی بکاتەوە.

لە لایەکی ترەوە ئەو بابەتانەی سەردەشت بزواندونی هەرەشەیەکی جدین بۆ سەر فەزا و تێگەیشتنی ئەو ئەقڵیەتە بۆ دەسەڵات.

کەواتە هەر دوو حاڵەتەکە راستییان تیایە. دیارە گەر کوشتنەکە ببەینەوە سەر تۆڵەی شەرەف یان بیروڕای جیاواز لە قیزەونی و قورسایی تاوانەکە کەمناکەنەوە و لە پەیامەکەی سەردەشتی لاویش کەمناکاتەوە.

لە هەر دوو حاڵەتەکەدا پشوکورتی و ناکارامەیی ئەو ئەقڵیەتە بۆ بەرێوەبردن و دەسەڵاتکردن دەردەخەن و ڕاستی بۆچوەنەکانی سەردەشت دەسەلمێنن.

.....

ئەوەی پێی وایە کە کۆمەلگەی کوردی لە میژەوە کورت نەفەس بووە بەرانبەر پرسەکانی عیشق و سۆزداری بە هەڵە لێی تێگەیشتووە. ئێستاکەش لە نێو داخراوترین و لاتەریکترین بەشی کوردستاندا ڕەدوکەوتن هەیە بە بێ ئەوەی کوشتن و لەناوبردنی جەستەیی لێبکەوێتەوە. تاکو ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی بیستەمیش، تەنانەت لە نێو شارە گەورەکانی باشوردا ڕەدوکەوتن هەبووە بە ناوی هەڵگرتن!

هەڵگرتن کاتێک روویداوە یان پیادەکراوە کە کوڕێک چەند جارێک چووە بۆ داواکردنی
کچێک یان دڵخوازەکەی خیزانی کچەکە ڕازی نەبوون و، لە ئەنجامدا کوڕوکچەکە لەسەر هەڵگرتن ڕێککەوتوون و بڕیاریانداوە پێکەوە بڕۆن بۆ شوێنێکی نادیار، بەڵام زۆربەی کات لەو رەدوکەوتن یان هەڵگرتنەکەدا دۆست و ناسیاوی خۆیان لەگەڵ بووە.
دواجار کەسوکاری کچەکە ناچار بوون بڕۆن و بگەڕین بە شوێن کچەکەیاندا.

ئەمجارە کچوکورەکە بە مەرجی ئەوە گەڕاونەتەوە کە کچەکە بە فەرمی بدرێت بە کوڕەکە و ئیتر بەو شێوەیە کێشەکە چارەسەرکراوە.

......

گەر کوشتنی سەردەشت لەسەر شەرەفیش بوبێت ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەو بنەماڵەیە زۆر داخراو و کورتبین و دژە خۆشەویستین، بۆیە بە هیچ شێوازێک بۆ بەرێوەبردنی وڵاتێک ناگونجێن. ئەوە دەری دەخات کە ئەوان لەرووی ڕوئیاو دنیابینیەوە کوێرن و توانای بیرکردنەوەی نوێیان نییە. با بڵێین کۆمەڵگەی کوردیش وەکو ئەوان سەیری مەسەلەی عیشق دەکات، با بڵێین هەر کەسێکی کۆمەڵگەی کوردی تەنانەت لەسەر قسەیەکی وا کوڕەکەش دەکوژێت، لەو حاڵەتەدا دەسەڵاتداری خاوەن روئیا نابێت هەڵسێت وەکو کۆمەڵگەکەی بکات بەڵکو دەبێت هەنگاوێک بەرەو گۆڕان بنێت و، لە ڕووی دنیابینی و کراوەییەوە ببێتە نمونە بۆ کۆمەڵگەکەی خۆی و فێری تۆلێرانسیان بکات. دەبوو ئەوان لە بری ئەوەی هەڵسن بە کوشتنی سەردەشت ئەو عەشقنامەیەیان بقۆزتایەتەوە و بە فەرمی ڕێگەی کچەکەی خۆیان بدایە وەڵامی سەردەشتی بدایەتەوە یان بە مەرسومێکی سەرۆکایەتی وەڵامێکی جوان و کراوەیان بدایەتەوە و، سوپاسی سەردەشتیان بکردایە کە وەکو گەنجێکی وڵات بە کچەکەیان خولیایەو پەنجە دەخاتە سەر کەموکورتیەکانی دەسەڵاتەکەیان.

ببونایە بە نمونەی گۆڕانکاری و کراوەیی بۆ کۆمەڵگە داخراوەکە ئەمە گەر داخراوبوایە، کە لە ڕاستیدا ئەو کۆمەلگەیە داخراویش نییە و ڕۆژانە سەدان کەس عاشق دەبن بە بی ئەوەی بەرانبەرەکەیان بکوژن. لە زۆر حاڵەتیشدا ئەو عیشق و خۆشەویستییە بە پێکگەیشتن کۆتایی دێت.

کوشتن لەسەر شەرەف بە ڕوکەش لەسەر شەرەفە باڵەم لە ڕاستیدا کوشتنە لەسەر دەسەڵات و پارە، لە سەر موڵک و ماڵ و ئابوری. بۆ؟
گەر سەیری وتارەکەی سەردەشت بکەین ئەوەندەی باسی کەمدەرامەتی خۆی و خەڵکی و، هاوکاتیش دەوڵەمەندبون و بە سەرمایەداربوونی بنەماڵە دەکات هێندە کچەکەی بەرزانی وەکو هاوسەر بەلاوە گرنگ نییە. ئەو عیشقە دەکات بە ئامڕازی تانەدان لە پارە و موڵک و تاڵانکاریەکانی بنەماڵە، هەر ئەمەشە هۆکاری سەرەکی کوشتنی شەرەفەکە.
بنەماڵە نایەوێت لەڕێگەی کچەکانیەوە شەریکی بۆ دەسەڵات و موڵکەکانی بۆ دروست ببێت، هەر ئەمەشە وا دەکات کە گەر کچەکانیشیان دڵخوازی لەگەڵ یەکێک بکەن لە دەرەوەی بازنەی بنەماڵە و بەرزانیە نزیکەکانی خۆیانن دەیکوژن.

....

:خوێندنەوەیەکی کورت بۆ نوسینەکانی سەردەشت
نوسینەکانی سەردەشت مەجازیان تێدایە، بۆ نمونە عاشق بوون بە کچەکەی بەرزانی. من پیم وایە ئەو بە هیچ جۆرێک عاشقی ئەو کچە نەبووە و ئەو مەجازەی تەنیا بۆ پەنجە ڕاکێشان بۆ ئەو نایەکسانی و ناداپەروەریە بەکارهێناوە کە لە سایەی حوکمی ئەو بنەماڵەیە و ئەو ئەقڵیەتە داخراوەدا هاتۆتە ئاراوە.
ڕەگەزی کۆمیدیایی لە نوسینەکانیدا بە ئاشکرا دەبینرێت، یان باشترە بڵێم ساتیر، کە ئەمەش ڕەگەزێکە گەر نوسەر تیایدا زۆر بە توانا نەبێت نوسینەکە بیزەوقو بێتام دەبێت، کە نوسینەکانی سەردەشت بە هیچ جۆرێک بۆ خوێنەرێکی بێلایەن بێزەوقوبێتام نین و جیگەی تەنگەنەفەسییان تیا نابێتەوە.
نوسینەکانی کورتن، نوسینی کورتیش گەڵاڵەکردنی ئاسان نییە، چونکە لە کورتترین داڕشتندا دەبێت زۆرترین مەبەست دەرببڕدرێت. نوسینی کورت شارەزایی و ئەزمونێکی زۆر یان کاتێکی زۆری بیرکردنەوە و تێڕامانی گەرەکە. لەبەر ئەوەی نوسینەکانی سەردەشت کورت و کاریگەرن ئەو ڕاستیە دەردەخەن کە ئەو لەو بوارەدا زۆر شارەزا بووە و کاتێکی زۆری بۆ بیرکردنەوە و داڕشتنەکانی تەرخان کردووە.

چەرچڵ لەبارەی نوسین و وتاری کورتەوە وتویەتی کە ئەو کاتی ئەوەی نیە وتاری کورت دابرێژێت. ئەمە مانای وایە نوسینی وتاری درێژ ئاسانترە لە وتاری کورت، لەبەر ئەوەی وتارەکانی سەردەشت کورت بوون کاتی زۆری بۆ تەرخانکردوون و شارەزاش بووە تیایاندا.

لە ڕووی ژێرخانی فیکریشەوە ڕوحێکی گەش لە نوسینەکانیدا دەبینرێت.

......

لە دوای سەردەشت ژمارەیەکی زۆر نوسەر هاتونەتە مەیدانەکە و خەریکی نوختە دانانن لەسەر پیتەکانی ئەو، ئەمەش پێشبینیەکانی ئەو پشتراستدەکەنەوە کە گەر بشکوژرێت سەردەشتەکان زۆرتر دەبن.

......

گەر کوشتنەکەی لەسەر ئەو دو وتارەی بێت کە بۆ کچەکەی بەرزانی نوسیوە، واتە کوشتنی شەرەف بێت، ئەوا ئەو کوشتنە بووە بە بەڵاو نەفرەتێکی گەورەتر لەسەردەشت خۆی بۆ بنەماڵە. ئەوەتا ئەمڕۆ دەبینین میدیای ئەهلی لە ناوخۆش وتاری من عاشقی کچەکەی بەرزانیم بڵاودەکەنەوە. بۆ زانینی ژمارەی ئەو کەسانەی خوێندویانەتەوە گەر سەرجەم کلیکەکانی رۆژنامەو سایتەکان کۆبکەینەوە لە ملیۆن تێدەپەڕێت. جار لە دوای جار کە دەیخوێنیتەوە حەز دەکەیت جارێکی تر بیخوینیتەوە.

سەردەشت بووەتە سیمبۆلێک بۆ بەرەی دیموکراتی و دژە دیکتاتۆری و تیرۆر. خەندە و بەرائەتەکەی خەریکە وردە وردە بە شێوەی وێنەکەی جیڤارا دڵی تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردی ڕادەچڵەکێنێت و، لە قێزەونی و پیسی ئەو نیازە تیدەگەن کە ئەو گەنجە جوانەی بەو شیوەیە تیرۆرکردووە.

لەو سیحرە تێدەگەن کە بکوژەکانی ویستیان کۆمەڵگەی کوردی پێ ئیفلیج بکەن و لە کاری بخەن، رەخنەگران بترسێنن و بێدەگیان بکەن!

ئەو سیحرە خەریکە وردە وردە بەسەر ساحیرەکەیدا دەشکێتەوە و لەبەر دەم دەنگی نارازی و خوازیاری دیموکراتیدا ئیفلیج دەبێت، ئەوە نییە لە بری بێدەنگکردنی سەردەشت دەیان سەردەشتی تری لێ راست بۆتەوە. ئەو دوو وتارەی ئەوی لەسەر کوژرا جار لە دوای جار دەبنەوە بە مانشێتی سەرەکی ڕۆژنامە و سایتە ئەلەکترۆنیەکان.

جوانی و بەرائەتە غەدرلێکراوەکەی سەردەشت خەریکە ئەو خولیا دەستە جەمعیە زیندودەکاتەوە کە کوشتنەکەی جیڤارا زیندووی کردەوە و، زۆر دوریش نییە وێنەکانی سەردەشتیش ببنە وێنەی مەسیح ئاسا و وەکو ئەوانەی جیڤارا لە کوردەواریدا بۆ هەتاهەتایە بڵاوبکرێنەوە!

.....

لەبەردەم گەورەیی وشەدا،
دنیا دروست دەبێت

"سەرەتا وشەیەک"

و ،

دوایی،

ببە، دەبێت

من هەرچەند دەکەم،
لەئاست پاکیزەیی ڕوحی تۆدا،
دۆش دەمێنم.

لە ئاست بێگەردی نیازی تۆدا،
!گەشدەبینم

من تێناگەم،
تۆ بەتەمەن هێند بچکۆلە،
بە لاشە هێند خنجیلە،
بە بزە هێند منداڵ،
بە ڕوح هێند سپی،

چۆن توانیت،
بە هەڵوێست هێند خۆڕاگر،
بە ویژدان هێند ئاسودە،
بە بەختەوەریی هێند گەش و،
!بە وشە هێند گەورە بیت

تۆ پێت ووتن،
!ئیتر بەسە گوێیان نەگرت

تۆ پێت ووتن،
!کەچی ئەوان تووڕەتر بوون

کێ هەیە وەکو ئەوان،
لە دەنگی وشە بترسێ؟

کێ هەیە وەکو ئەوان؟

ئەوان گوێیان نەگرت و،
!ویستیشیان تۆ و هەمومان بێدەنگ بکەن

بە غەدر،
بە خیانەت،
بە گومڕایی،
بە ڕۆژی ڕوناک و بە ئاشکرا،
!وەکو زوحاک تۆیان ڕفاند

ئەوەی ئەوان پەییان پێنەبرد،
مانەوەی بزەی پڕ خەندەت و
بەهێزیی وشەت و
!پەیامی زیندووت بوو

تۆ

بە بچوکی لاشەت و
بە گەورەیی ئیرادەت،
دڵنیابوویت ئەوان چ نین!

سەرەتا وشەیەک و
دواییش بوون.

تۆ تازە گوتت
!ئازادی کەمترین شتە پێی ڕازی بین

تەلیسمی وشە ڕۆشنە و سیحراویە،
دەنگی وشە بنیاتنەر و گەورەیە.

ئەوەی ناڵێت دروستناکات،
ئەوەی نابیستێ دەڕوخێنێ
!یان دەڕوخێ

تۆ

بە هەڵوێست هێند خۆڕاگر و،
بە ویژدان هێند ئاسودە و،
بە بەختەوەریی هێند گەش و،
بە وشە هێند گەورە،
لە ناو دڵی ئێمەدا،
لە بوغزی ئەوان مەزنتر و،
!لە ترسی ئەوان باڵاتری

ئاسودە بە،
کاروانێکی ڕوح سووکی تر
لە سۆفییەکانی ئازادی بەڕێوەن و،
!ئەمڕۆ نا سبەی دێنە لات

سەرەتا وشەیەک و،
!دواییش ئازادی هەر دەبێت


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە