باوکم لە هەڵەبجەوە بۆ نوگرەسەلمان

Saturday, 14/04/2012, 12:00

3601 بینراوە


پاش ئەوەی دوو ڕۆژ بە بەردەوامی لە ژیر بەزەیی ڕاجیمە و تۆپەکاندا لە ژێرزەمینەکەی خۆمان شەومان کردەوە، ئیدی لە14-03-1988 هەموو خیزانەکەمان گواستمانەوە بۆ ژێرزەمینی ماڵی براگەورەکەم، بۆ ئەوەی ئەگەر مردین، یا ڕزگارمان بێت، پێکەوە بین بەڵام لەوێش دوای ئەوەی ڕەتلێک راجیمە حەوشە و کۆڵانەکەی ویران کرد و تراکتۆرێک و ئۆتۆمبێلێکی سوتاند، وە بووە هۆی پەڕاندنی قاچی حەمە تاڵ و گیان لەدەستدانی کاک ناسری حمەکەریمی چایچی بە بەرچاوی خۆمەوە. ئیترچرکە بە چرکە هەستمان بە نزیک بونەوەی مەرگ ئەکرد، نە ئەمانتوانی لە ژێر زەمینەکە بێینە دەرەوەو نەبواری هەڵاتن و دەربازبوون لە هەڵەبجە هەبوو،.
لە پرێکدا جەلال عازەبانی شاعیری لاو خۆی کرد بە ژێرزەمینەکەدا، زۆر دڵی خۆش بوو چاوەکانی ئەبریسکایەوە لە خۆشیدا. وتی ها ئەوە جەگەرەم بۆ هێناوی ،زانیومە لێرەی هەستە ئیتر ڕزگارمان ئەبێت لە بەعس، ئەمشەو تا بەیانی برادەران ئەگەنە ناو شار. پاکەتێک سۆمەری پێدام و ئەملاو ئەولای یەکترمان ماچکرد ، وتی من ئەڕۆم بۆ باوەکۆچەک،، وەک بڵیی ئەزانیت ئەوە دوا دیداری ئەبێت لە گەڵماندا. هەر واش دەرجوو لەو رۆژەوە نە جەلالم بینی و نە زانیشم لەکوێ دوا هەناسەی داوە و نە مەیتەکەشی دۆزرایەوە،،،. دڵنیام لە دوا لێدانی دڵیشیدا دڵی بە برادەران خۆشبوو کە شارەکەمان بۆ ڕزگار ئەکەن،،!! کە گەورەییەکی بێ سنورە مرۆڤ بە هیوای ڕزگاری و بە ئومێدی ئازادی بمرێت.



هەناسەکەم،،،،، .
هەناسەکەم ،،، ئەو شیعرە ناسکەی شەهید جەلال بوو کە پێش مەرگی هەڵەبجە ئاوازم بۆ دانا. وەلی دوای شانزەی سێ، هەناسە لە جەلال بڕا و شیعریش بە ناسکی خنکێنرا و کەمانچەکەی دەستی منیش بۆ هەتا هەتایە شکێنرا،
پاش نیوەڕۆکەی من و کاوەی زاوام بڕیارماندا برۆین پیکابەکەی لە گەراج دەربێنین و خۆمانی پی ڕزگاربکەین، بە هەزار زەحمەت، بە پشتو پەنا دیوراکاندا لە ژێرڕاجیمە و تۆپباراندا خۆمان گەیاندە گەراجە کەی عوسمانی حەمەی پیرەژەن ، بەڵام پیکابەکە شۆفڵێک بەری لێگرتبوو ، هەرچیمان کرد نەماتوانی بیجۆڵێنین یا کەسێک شۆفڵەکە لابات، دیسان بە نائومێدی بەهەمان شیوەی پێشوو گەڕاینەوە ژێرزەمینەکە،. بەڵام ڕۆژێک دوای ئێمە ماڵباتی خاڵی کاوە پیکابەکایان بۆ دەربازبوو، وەلی خۆیانیان پێ دەرباز نەکراو پیکابەکە بووە دوامەنزڵگەیان ، پاشان بوو بەو پیکابەی کە وەک وێنەی گەشتیارە خەوتوەکانی هەڵەبجە خۆی بە دنیا ناساند، کە ژمارەکەی(5814 سلیمانی) بوو، مۆدیلی ساڵی 58 بوو، 14 سەرنشینی سەریان بۆ هەتاهەتایە نایەوە. تائێستاش مەریوان و مهاباد و خاڵە ئەحە،،،لەبەرچاومن کاتێک چوین بۆ ژێرزەمینەکەیان و چاویان پڕبوو لە چاوەڕوانی،ئەوانیش دیاربوو وەک چاوەکانی جەلال ،جاوەڕیی ماڵئاوایی یەکجارەکی بوون.



ئیتر نان و شیری مناڵ وخواردن لە تەواوبوندابوو، ئەبوایە کارێک بکرایە، شار بەردەوام مەرگی بەسەردا ئەباری و ترس و تاریکی دۆخی هەموانی پەرێشان کردبوو، کاتێک زانیمان پاسە کۆستەرەکەی کاکم بە قوڕسواخکراو لە سەری کۆلانەکە وەک فریشتەیەک بۆ دەربازبوونمان وەستا و برا گەوەرەکەم هاواری لێکردین خیرا تا تۆپبارانەکە کەمی کردووە سەرکەون، هیشتا مناڵەکانی خۆی سەرنەخستبوو، پاسەکە جێی دانیشتنی تیانەما، خەڵکی گەرەک و ژێرزەمین هەموو چونە ناو پاسەکەوە لەکاتێکدا 21 کەسی ئەگرت، کەچی ٦٤ خۆی تێترازاندبوو.
باوکم و مامم بڕیاریان دا کە ئەوان بمێننەوە و ئاگایان لە ماڵەکان بێت و، ئەگەر شتیێکیش بوو ئەوە ئۆتۆمبیلییان پێیە، ئەتوانن بڕۆن بەرو سنوری ئێران، هەرچەند پاڕاینەوە کە لەگەڵماندا بێن، سودی نەبوو، باوکم وتی ئیوە گەنجەن با تیا نەچن، ئێمە هەر مشوری خۆمان ئەخۆین.
ئێوارەی پانزەی سێ بوو ،بارانێکی کەم ئەباری ، قەد هەڵەبجەم وا بە تاریکی لە ناو دوکەڵ و دڵەڕاوکیدا نەدیبوو، خەڵک هەمووی بە پیادە و ئۆتۆمبیل و تراکتۆر بەسەر جادەسەرەکیەکەی هەڵەبجە - سلێمانی بەرەو سیروان ئەڕۆیشتن، سەربازەکانییش وەک خەڵک خۆیان دەرباز ئەکرد بە تاک و کۆ شەتەک و ماندوو ملی ڕێیان گرتبوو. پاسێک پڕ بوو لە ژن و مناڵ ،بەناو تۆپبارانی نزیک و دووری سەرجادەو قەراخ جادە بە خێراییەکی سەرسام گەیشتە سەرپردەکەی زەڵم، و بە تێپەربوونی ئێمە زرمەیەکی گەورە هات و پرەدەکەیان تەقاندووە و ڕێی سەرەکی سلێمانی- هەڵەبجە یان داپچڕان. پاسەکەی ئێمە دوا ئۆتۆمبیل بوو کە توانی لەهەڵەبجە دەرچێت.
هەر بارهەڵگری سەربازی و زرێپۆش بوو بەرەو هەڵەبجە ئەڕۆیشتن، بەڵام نەیانزانی تا ئاوەکەی زەڵم جادە ماوە،،،. کە گەیشتینە ناو سەید سادق ، خەڵکەکە لەسەر جادە بەو شەو مابونەوە، جاوەڕیی هەواڵ و هەڵەبجەیان ئەکرد، لە جامی پاسەکەوە موچە نانیان بۆ فڕێئەداین ، بۆمان ئەگریان و هاوسۆزیان بۆ دەرئەبڕین، نەیان زانی ئەوانیش ئیتر دوای ماوەیەک زێدیان پێ چۆڵ ئەکەن، ئاوارەیان ئەکەن.
کە گەیشتینە سلێمانی، بۆ ئەوەی هەرکەس برواتە ماڵی کەسێکی ،لە بەردەرکی سەر کاکم اپاسەکەی وەستاند ، کاتێک لە پاسەکە دابەزیم سەیرێکی چواردەورم کرد ،یەکەم شت کارەبا بوو سەرنجی ڕاکێشام، ئاخر سێ ڕۆژ بوو کارەبای هەڵەبجە بچڕابوو. کاتێک سەیری خۆمم کرد،ئەو کاتە هەستم بە خۆم کرد کە پێڵاوم لەپیا نییە، شەڕواڵێک و کراسێکی خوێناویم لە بەردایە،،، خوێنی بریندار و شەهیدەکانم لەگەل خۆمدا هێنابوو. هەرچۆنیک بوو ئەو شەوە بەسەر کەس و ناسیاوەکانماندا دابەش بوین، بەیانی کە هاتین بۆ هەواڵ زانین ، ئەسحابەسپی و بەردەرکی سەرا، خۆڵی مردوی کرابوو بەسەریدا،کەست نە ئەبینی غەم و چاوەڕوانی دیارنەبیت بە ڕوخسارییەوە.
تا ئێوارە بەو شێوە وەک مناڵی لە دایک ونبومان لیهاتبوو، تا دڵنیا بووین لەوە کە بۆردمانی کۆمەڵکۆژیە کیمیاییەکە ڕویداوە و شارەکەمان مەرگی بە سەرا باریوە، ئیتر هەر یەکە لە ماڵێک وەک کۆست کەوتویەک خۆمان مەڵاس دابوو، تا بارودۆخەکە ئارام بێتەوە و هەواڵی باوک و کەسوکارمان بزانین. سەرڕای شپەرزەیی و جەرگبڕانمان، لە سلێمانیش دەستکرا بە گرتنی هەڵەبجەییەکان،.
باوکم دیار نەما و هەواڵی نەزانرا، پاش نزیکەی مانگێک بورهانی حاجی محمەدی بامۆکی وەک زۆر لە هەڵەبجەییەکان خۆیان بە هەرزارحاڵ لە سنورەوە گەیاندوە سلێمانی، پێی ووتم من باوکتم بینیوە سەری بەسەر سکانی پیکابەکیدا کەوتبوو و دەستی بەچاوییەوە بوو، بەدەنی ئاوسابوو، وابزانم مردبوو،،،. من هەواڵەکەم بە کەس نەوت، ئەویش پەیمانی پێدام کە بۆ کەس باسی نەکات. بە داخەوە ئەو هاوڕێ دڵسۆزەشم بە کارەساتێک گیانی لە دەستدا.
دیسان هەواڵ هات وتیان باوکت ماوە بەڵام کوێر بووە، ئەمەیان ئارامییەکی پێبەخشین، چونکە بینراوە کە ماوە. بورهانیش ڕاستی کردبوو ، کە کوێر ببو لەڕێ عەنەب، نەیتوانیبوو بجوڵێت ، سەری نابوو بەسەر سکانەکەوە، تا ماویەک خێرخوازێک خۆی و ئۆتۆمبیلەکەی گەیاندبووە گوندی بەڵخە، لەوێ پاسدارەکان دەرمانیان کردبوو، هەر لە دێی بەڵخە لەگەڵ جەند خێزانێکی ناسراوی خۆمان مابویەوە، جونکە ویستبووی کە نەچێت بۆ ئێران و هەر لە ناو عێراقدا بمێنێتەوە، بەڵکو لە هەلێکدا بە ئێمە شاد بیتەوە. لەو ماوەیە سەربازە ئێرانییەکان خواردن و پێخەفیان پێدابوون.
هەرچۆنیک بوو خانویەکمان بە ناو بەکرێ گرت، چونکە خاوەنەکی پیاوچاکێکی سلێمانی بوو، وە نەیئەویست ڕژێم پێی بزانێت و گرفتی بۆ دروستبکات، وەک خەڵکی پێنجوێن خانوەکەی پێمان بەکریدابوو، وە تا ساڵێکیش کرێی لێنەسەندین، نمونەیەک بوو لە ڕەسەنایەتی خەڵکی سلێمانی کە تا ئێستاش بەدوایدا ئەگەڕیم وبۆ ئەوەی سوپاسی بکەم،مەخابن هەر خۆی نەناساند و نەماندۆزییەوە،.

دوای ئەوەی لە 08-08-1988 شەڕی عێراق-ئێران ڕاگیرا و سوپای ئێران لە هەڵەبجە کشانەوە خاکی ئێران، ئیدی ئەبوایە باوکیشم لەگەڵ ئەوخەڵکەی کە لە سەر سنوور مابونەوە سوپای عێراق ڕێگەی پێدانایە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ناو خیزانەکانیان. بەلام نەک هەر ئەوەیان نەکرد ، بەڵکو کەوتنە بەر بڕیاری شاڵاوی ئەنفال،و بە قوڵبەستکراوی هێنایانن بۆ یارگای سلێمانی وسەربازگەی ئیستخباراتی عەسکەری و تەواریەکەی سلێمانی.
بە هەر فێڵ و فەلاکەیەک بوو، ڕێگایان پێدام کە پێنج خولەک باوکم لە زیندان ببینم، ٢ پارجە سۆمەر و ٢٥ دینارم بۆبرد. باوکم ڕەنگی زەرد، شەتەک وحەسرەتاوی ئەهاتە بەرچاو، وەلی بە بینینی من وەک گوڵ گەشایەوە و پاش راموسکردنی یەکتری، یەکسەر وتی ئێوە ئاگاتان لە خۆتان بێت، لەوانەیە ئیتر من نەبیننەوە. پاشان ووتی کاشکی بمردمایە و ئەو کوشتارگەیەی هەڵەبجەم نەبینایە، نازانم خوا بۆ منی هیشتەوە؟، لەم قسانە بوین دوان لە پاسەوانەکان هاتن و جاویان بەستەوە و بردیان. هەر ئەوەنە لێی تێگەیشتم کە وتی غەمی منتان نەبێت ،.
پاش هەفتەیەک ژن و مناڵانیان لە پیاوەکان جیاکردەو بردیانن بۆ سەربازگەی تۆپزئاوا ی کەرکوک. هەندێک لە پیاوەکان هەر لە تەواریەکی سلێمانی بە دەسڕیژ لەناوبردبوو. باوکم و ئەوانی تریان لە تۆپزئاوا وە گواستبویەوە بۆ نوگرەسەلمان.
ئیتر کەس هەواڵی هەلەبجەییە ئەنفالکراوەکانی نەزانی، کە لە کوێ کوژراون یان زیندانن یان لە ژیاندا ماون،،،. ئێمە تازە دەستمان لەوە شتبوو کە بگەڕیتەوە لامان، چونکە شالاوی ئەنفالی کۆتایی هاتبوو، ئیتر تەنیا دڵی خۆمانمان بە چاوەڕوانیی خۆش ئەکرد.
پاش دوو مانگ بڕیاری 737-738 ی لێبوردنی گشتی لە ڕژێمی بەعسەوە دەرچوو، توانیمان بە ئازادی بجوڵینەوە، کەمێک هەناسە بدەین. ڕیگایان پێداین سەردانی هەڵەبجە بکەین بۆ ‌هێنانەوەی کەلوپەلی ماڵەکانمان، بەڵام نەک هیچمان نەمابوو، وێران ببوو بەسەریەکدا، تەنانەت یەک کتێبم بۆ نەمابوو وەک یادگارییەک لەگەڵ خۆمدا بیهێنمەوە . هەموو ماڵمان تاڵان و دزرابوو!.
نیوەڕۆیەک زەنگێک درا لە ماڵمان، خوشکە بچوکەکەم وتی کاکە پیاوێک لەبەر دەرگایە، نەوەک سواڵکەر بێت، بزانە چی ئەوێت، منیش کە دەرگای حەوشەم کردەوە، پیاوێکی چڵکن و ڕیشسپی و دەومچاو قوپاو، ئەوەندە لاواز بوو خەریکبوو ئەکەوت. شەڕواڵیک و چاکەتێکی کۆنی نیوەدڕاوی سەربازی لەبەردا بوو. ووتم فەرموو خاڵەگیان، کە وورد بومەوە لە ڕوخساری جاوی لەوابوو فرمێسکی قەتیسم دابێت، ووتی کوڕم ئەڵێی نامناسیتەوە؟ بە دوای ئەم پرسیارە چۆڕی فرمێسک ڕومەتە وشک و چەقەکەی پاراوکرد. من تەنیا بە دەنگیدا زانیم ئەوە باوکمە، وای لەو ساتەی کە زاینم باوکم ماوە و گەراوەتەوە ناومان،،،. نوسین قەد ناتوانێت ئەو هەستەم لەقەلەم بدات..... . کاتێک لە ئامێزم گرت و زانرا ئەوە باوکمەوە لە قیژەی و هاواری خۆشیمان هەموو گەرەک هاتن بۆ لامان ، هەم ئەگریان هەم هەلهەلیان لێ ئەدا.
باوکم کەسێکی بە خۆەو قەڵەو، ڕومتێکی سوور، خۆش مەعشەر،ئێستاش کەسێکی لاواز و بێدەنگ تا ئەوپەڕی سکوت. زۆر هەوڵم ئەدا کە باسی بەسەرهاتی خۆیم بۆ بکات کە چییان لێکردوون، چۆن و چی بووە، هەر بە جاوە کزکانی سەیرێکی شەرمنانەی ئەکردم و هیچی نەئەووت.
تا رۆژێکیان گەیشتە تینی بە هیواشی بە تەنیا پێی ووتم: کوڕم کاتێک باوک کەرامەتی ئینسانی نەمینیت، عیزەتنەفس و کەسایەتی نەمێنیت، وەک پوش سوک و ڕیسوابکرێت، ئیتر بۆ تۆ بزانی و کاریگەری لەسەر تۆبکات، بە چاوی گریانەوە ووتی ڕۆژانە سەد خۆزگەم ئەخوارد کە بکەوتمایتە بەر دەمی سەگە ڕەشەکە و ئەو هەموو سوکایەتیەم بە کورد نەبینایە،،،. واز بێنە ئەوەی خۆم بینم با هەر خۆم بیزانم، تاوانی ئێوە چییە کە ئەو ناخۆشیانە ببیستن ،،.

منیش بریارمدا ئیدی پرسیاری لێنەکەم، وەلی لە یەکێک لە هاوڕیکانیم پرسی، بۆ باوکم قسە ناکات، هاوڕی ئەنفالکراوە رزگاربووەکەی ووتی: ئێمە نزیکەی ٤٠٠ کەس بووین لە هۆڵێکدا، باوکت لە گۆشەی سەرەوەی هۆڵەکە وەک ئەمیندارێک زۆربەی جگەرەو نامەو ئەمانەتمان لای ئەو دانابوو شەوان دەردەدڵمان لەدەوری ئەو باس ئەکرد، وتمان ئەو پیرە نایکوژن، ڕەحمی پی ئەکەن. بەلام کە زانیان هەڵەبجەییەکان ئەم پیرەمێردەیان وەک ئەمینداریک داناوە، ئیتر بە باوکت فێر ببون، هەموو بەیانییەک دوو سەرباز ئەچوون بۆی بە شەق و لێدان بە ناو خەڵکەکەدا ئەیانهێنایە بەر دەرگاگە تا لەتە سەمونەکەیان ئەداینێ، بە دەم سوکایەتی پێکردنیەوە، ئەیانووت ئەمە شێخ و پیرەکەتانە ؟ ،،.
باوکم بەو هەموو زۆڵم زۆرەی کە لە هەڵەبجە بینی، بەو کۆمەڵە کوژییەی کە بەرچاوییەوە لەزیندانەکانی ئەنفال کرا، سەدان چیرۆک و بەسەرهاتی خەڵکی لابوو، بۆیە هەر دەمی بکرادیەتەوە ساتە تاریک و ناخۆشەکانی مرۆڤی کوردی تیا ئەبینرا، بۆیە بڕیاری دابوو ، یا بێدەنگ بێت یا باسی رابردوو نەکات. هەربۆیە پاش ماوەیەک بەو تاسەوە گیانی لە دەستداو چیرۆکە نەبیستراوەکانی هەڵەبجە و ئەنفالی لەگەڵ خۆیدا برد، بەڵام دڵی بە کورد و پاشەڕۆژی هەر خۆش بوو، چونکە لە دوا ساتی سەرەمەرگی وتم باوکە گەردنم ئازاد کە، وتی کوڕم کورد هەمووی گەردنی ئازادە، خوا ئەو هەموو ناحەقییەی بینیوە بەرامبەر کورد کراوە، ئیتر ئەو چۆن گەردنمان ئازاد ناکات؟ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە