نەبەز گۆران ناوێکی زل و بێئاگا لە زمان

Tuesday, 14/05/2013, 12:00

2104 بینراوە


ئەم نووسینەم وەک خستنە ڕووی یەک تەغار هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌ویش له‌ کورتە وتارێکی نەبەز گۆرانی به‌ناو ڕۆژنامەنووس، کە ڕەخنەی لە وتاری بەڕێزێک گرتبوو بە ناو (پێشواز فەیزوڵا).
من نە لە بری ئەو برادەرە قسە دەکەم ، نە توانا و نووسینی ئەو برادەرەش زۆر بە شیاو دەزانم ، بەڵام هەر کەس لە هەرکوێ بە ئارەزووی خۆی شلکوتی زمانی کوردیی بکات و خۆیشی وەک شارەزایەک لەو بوارەدا نیشان بدات، ئەوا منیش وەک ڕەخنەگرێک بە کاری خۆم هەڵدەستم .
کاک نەبەز لە دەستپێکدا نوسیوویەتی: هەڵبەتە وتاری ئەو هاوپیشەمان. یەک باوەش هەڵەی زمانەوانی تێدایە, جگە لەوەی هێشتا شێوەی خاڵبەندی وتار شارەزا نەبووە ئەشێت زانکۆشی تەواو کردبێت.
سەرەتا دەکرێت بزانین لە دوای ئەم ڕستە ناتەواوەوە بۆچی خاڵ دانراوە، کە هیچ پێویست بە خاڵ ناکات.
(هەڵبەتە وتاری ئەو هاوپیشەمان) .
خۆتۆ بە حساب ڕەخنەی سەرەکیت لەو برادەرە زیاتر لەسەر خاڵبەندی بووە.
ئەو خاڵبەندییەی، کە بەڕێزت وەک کەسێکی زۆر شارەزا باسی لێوە دەکەیت! ئادەی بنواڕە وتارەکەی خۆت بزانە لە چەند شوێنی کۆتایی ڕستەدا خاڵت دانەناوە. تەنانەت لە کۆتا ڕستەی نێو وتارەکەتدا خاڵت دانەناوە.
خاڵبەندی شتێکی پێویستە، بەڵام خاڵ دانان لە شوێنێک، کە هیچ پێویست نییە، نازانم ناوی بنێم چی!؟
ئەی خاڵبەندی بەچی دەچێت، کە تۆ تاکوو ئێستاش نازانیت بە کوردییەکی بێ هەڵە بنووسیت.
لەوەیش سەیرتر ئەوەیە ڕەخنەی زمانەوانیی دەگریت!
لێرەدا هەندێک لە هەڵە زەقەکانت دەخەمە بەر چاوی خۆت و خوێنەرەکانت، بەڵکو شتێکی لێوە فێربیت.

١- زمانەوانی هەڵەیە * زمانەوانیی دروستە.
٢- فاریزەوەییە هەڵەیە * فاریزەوەیە دروستە
٣- نیە هەڵەیە * نییە دروستە، بە دوو -ی- کە زیاد لە ١٦ جار ئەم هەڵەیەت شانزەبارە کردووەتەوە.
٤- ڕێبوار سوەیلی هەڵەیە * یەک خۆی ئەو برادەر بە سیوەیلی دەینوسێت ، بەڵام گونجاوترە بنوسرێت سیوەیلیی.
٥- خاڵبەندیەوە هەڵەیە * خاڵبەندییەوە دروستە.
٦- فارسیەوە هەڵەیە * فارسییەوە دروستە، بە دوو -ی- کە ئەم هەڵەیەت حەوت بارە کردووەتەوە.
٧- سۆمەریەکان هەڵەیە * سۆمەرییەکان دروستە، بە دوو -ی- کە ئەم هەڵەیەت سێ بارە کردووەتەوە.
٨- یۆنانیەکان هەڵەیە * یۆنانییەکان دروستە .
٩- دەستەواژەییان هەڵەیە * دەستەواژەیان دروستە، لەو ڕستەدا.
١٠- زمانەوانیەوە هەڵەیە * زمانەوانییەوە دروستە، کە هەمان هەڵەت حەوت بارە کردووەتەوە.
١١- ئاساییی هەڵەیە * ئاسایی دروستە. کاک نەبەز لەو شوێنەی دوو- ی - پێویستە ناینوسێت، لەو شوێنەی پێویست نییە دوو جار، یان سێ جار دەیانووسێت.
١٢- ئاسایە هەڵەیە * ئاساییە دروستە.
١٣- زمانەوانیە هەڵەیە * زمانەوانییە دروستە.
١٤- واتاییەی هەڵەیە * واتایەی دروستە.
١٥- ڕێگاییەکان هەڵەیە * ڕێگایەیان دروستە.
ئێستا خۆت هەڵەکانی خۆت بژمێرە بزانە چەند هەڵەت کردووە. ئەمە تەنها هەڵەی کورتە وتارێکت بوو، کە لەوە دەچێت خۆیشت زۆر پێوە خەریککردبێت، چونکە هەڵساوی بە ڕەخنەگرتن لە هاوپیشەیەکی خۆت.
ئاخر لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا یان بەریتانیادا کەسێک، کە ناوی ڕۆژنامەنووس یان نووسەری لە خۆی نابێت، تەنها لە یەک کورتە وتاردا ئەو تەغارە هەڵەیە بکات، ئایا هیچ راگه‌یاندنێک دەرفەت به‌ بڵاوکردنەوەی وتارەکەی دەدات؟
بێگومان نەخێر! ئیدی بڵێین چی کوردستانە، شتی زۆر سەیر دەبینی و دەبیستی.
ئەوەتا کاک حەمە سەعید حەسەن یش، کە هەندێک کەس بە مامۆستا مەزنەکە ناوی دەبەن، تاکوو ئێستاش جیاوازی نێوان لەشفرۆش و سۆزانیی نازانێت چییە. هەروەها سۆزانیی بە سۆزانی دەنووسێت، کە خۆی ئەو وشەیە لە رووی فۆنەتیکەوە دەبێت بنووسرێت سۆزانیی.
با من چەند نمونەیەک بخەمە بەردیدەی خوێنەران لەسەر وشەکانی سۆزانی و، سۆزانیی.
خۆی سۆزانی تەنها واتا و دەنگی ناوی کچێک دەدات، کە ناوی سۆزان بێت، لەگەڵ- ی - ئامرازی پەیوەندیی دەبێتە سۆزانی. بۆ نمونە: سۆزانی مام عەلی. ئەی باشە، من لە کچێک دەپرسم ئایا تۆ سۆزانیت؟
باشە کێ دەزانێت من مەبەستم لەکام یەک لەم دوو ڕستانەی خوارەوەیە:

1- are you a bitch ?
2- are you sozan ?


بێگومان پرسیارەکە هیچ ڕوون نییە، که‌ من مەبەستم له‌ کام ڕستەیانە، بەڵام ئەگەر بنووسم ئایا تۆ سۆزانییت؟
کە لە ڕووی دەربڕینیشەوە ئەو شێوەیە دەدات، ئەوە ڕوونە، کە مەبەستم پرسیاری یەکەمە، به‌ڵام ئه‌گەر بەیەک - ی نووسیم، لە دەربڕینیشدا هەر یەک - ی بێت ، ئیتر ڕوون ده‌بێته‌وه‌، کە مەبەستم پرسیاری دووەمە.
سەبارەت بە هه‌ردوو وشه‌ی (لەشفرۆش) و (سۆزانیی): لەشفرۆش ناوەکەی بەخۆیەوەیەتی، کە لەشی بە ڕەگەزی بەرامبەری دەفرۆشێت بۆ چێژلێوەرگرتن، بەڵام سۆزانیی مەرج نییە هیچ پارەیەک وەربگرێت.
دەکرێت بڵێین لەشفرۆش واتا:(prositute) سۆزانییش واتا : (bitch).
لێره‌دا بە کاک نەبەز دەڵیم : چونکە تۆ تاکوو ئێستاش نازانیت بە کوردییەکی جوان و بێ هەڵە بنووسیت، بۆیه‌ باشتره‌ خۆت له‌ قه‌ره‌ی ده‌ستوری زمان و رێساکانی زمانه‌وانییه‌وه‌ نه‌ده‌یت، بۆ به‌رچاوروونی به‌ڕێزتان ئەم کۆمەڵە وشەیەی خوارەوەش نەک هەر لە شێوەی نووسیندا، بەڵکو لە واتایشدا جیاوازن:
1- خۆشەویستی * خۆشەویستیی
2- گشتی * گشتیی
3- ڕۆشنبیری * ڕۆشنبیریی
4- تایبەتی * تایبەتیی
5- نیشتیمانی * نیشتیمانیی .
من دڵنیام خۆت و هەندێک لەو نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسانه‌ی ده‌وروبه‌ریشت، جیاوازیی لە نێوان ئەو وشە لەیەک نزیکانەدا نابینن، کە تەنها یەک - ی - زیاتری تێدا بەکارهاتووە، هه‌ر یه‌که‌یان واتایه‌کی جیاوازیان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا هه‌یه‌. بۆیە پێم باشە دوو دانە لەو وشانە کە یەک - ی - جیاوازییان هەیە، لێرەدا ڕوونبکەمەوە. نمونە:
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەبێت بەم شێوەیە بنووسرێت، هەرچەند زۆر که‌س و لایه‌ن، تەنانەت سایتی pukonline ، که‌ سه‌ر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانه دەنووسێت(نیشتیمانی) وشەی نیشتیمانی واتا: land of بۆ نمونە: land of the kurds واتا: نیشتیمانی کوردەکان، بەڵام (نیشتیمانیی) دەبێتە patriotic
ماوەتەوە بڵێم:
دوو ناوی زل و بێئاگا لە زمان :(حەمەسەعید حەسەن) و (نەبەز گۆران.)
تێبینیی: کورتە وتارەکەی کاک نەبەز گۆران لە ماڵپەڕی خەنداندا بڵاوکراوەتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە