عەلی قازی محەمەد: پڕۆژەی بەرەی كوردستانی بۆ رۆژهەڵات لاساییكردنەوەی ئەزموونی باشوور نەبووە و نییە

Monday, 03/08/2009, 12:00

2665 بینراوە


دیمانە: ستیڤان ئەحمەد شەمزینانی

عەلی قازی محەمەد سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان لەم دیمانەیە تیشك دەخاتە سەر پرسی گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان وبەرەی كوردستانیی وسازدانی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی لەشاری هەولێر. هاوكات پەنجە دەخاتە سەر رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی كورد لەو پارچەیەی كوردستان وهەر لەم دیمانەیەدا عەلی قازی باس لەرەوشی سیاسیی رۆهەڵاتی كوردستان دەكات.

ستیڤان:هێزە بەرهەڵستكارە كوردەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان رۆژ لەداوی رۆژ لەبری لێك نزیكبوونەوەو پێكهێنانی بەرەی بەهێز بۆ ئامادەباشی لەئەگەری هەر گۆڕانێكی ناوخۆی ئێراندا، پەرتەوازە دەبن ولەناوخودی حزبەكاندا بەردەوام لێكجیابوونەوە روودەدات. پێتانوایە ئەم پەرتەوازەبوونە لەیەكێك لەماناكانیدا زیانگەیاندنە بەدۆزی نەتەوەیی كورد؟ ئایا پێتوایە بەم حاڵەوە ئۆپۆزیسیۆنی كوردی رۆژهەڵات دەتوانێت كاری گەورەو گرنگ لەبردنە پێشەوەی پرسی كورددا ئەنجامبدات؟.
عەلی قازی:دیارە لێكترازان وجیابوونەوە لەریزی حیزبێكی سیاسیدا هەر لەجێدا دیاردەیەكی باش نییەو گەلێك خەسارەتی مەعنەویی بەدواوەیە لەسەر خودی حیزب وخەڵكەكەش شوێنی خراپ دادەنێ. بەڵام بەپێی پابەندبوون بەبنەمای دیموكراسی ناكرێ كەس یان گروپێك بەزۆریی لەریزی حیزبێكدا بهێڵدرێنەوەو پێویستە ئازادیی مانەوەو دەرچوون هەبێ. بۆیە بەبڕوای من كێشەكە هەمووی لێرەدا نییە، بگرە دەتوانم بڵێم كێشەی سەرەكیی لێرەدا نییە. كێشەی سەرەكیی لەجیابوونەوە لەریزی حیزبەكاندا كاتێكە كەبەهۆی لەتبوونی حیزبەوە ریزەكانی خەڵكیش لەت بن وبگرە ببنە دوژمنی یەكتر، دەنا ئەگەر پاش جیابوونەوەكان حیزبەكان یەكگرتنێكی بەرفراوان وەك بەرەیەك سازبكەن، ئەوە خەسارەتی جیابوونەوە پێكیدێنێ، كاڵدەبێتەوەو یەكگرتنێكی سیاسیی گەورەتری لێدەكەوێتەوە. بەڵام بەداخەوە لەریزی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان جیابوونەوەی زۆر روویداوە بەبێ ئەوەی یەكگرتنێك دروستببێ، بەبێئەوەی بەرەیەك دروستببێ. جا بەم حاڵەوە بەداخەوە دەبێ بڵێم حیزبە كوردستانییەكان ناتوانن لەدەرفەتە لەبارەكان كەڵك وەربگرن وبەرەنگاری پێشهاتە نالەبارەكان ببنەوە. شتێ بۆ من جێی سەرسووڕمانە ئەوەیە حزبەكان دەردەكە دەزانن، دەرمانەكەشی دەزانن، بەڵام بەكاریناهێنن.

ستیڤان:هاتنی ئۆباما وەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بەهەموو پێودانگێك هاتنی گۆڕانی ریشەیی دەبێت لەپەیوەندیی ودیپلۆماتی ئەمەریكاو تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بەم پێیە گۆڕانیش دێت بەسەر پەیوەندیی ئێران وئەمەریكادا، پێتوایە ئەو گۆڕانكارییانەی لەمیانەی سەرۆكایەتی باراك ئۆبامادا لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا روودەدات بەقازانجی رامیاریی كورد بێت؟ ئایا بەگشتیی سیاسەتی نوێی ئۆباما بەرامبەر ئێران سوودێكی تێدایە بۆ كوردی رۆژهەڵات؟.
عەلی قازی:بەبڕوای من سیاسەتی ئەمەریكا بەرانبەر ئێران گۆڕانی بنەڕەتی بەسەردا نەهاتووە بەڵكوو شێوازی رەفتارەكانی ئەمەریكا گۆڕاوە. بەڵام هێشتا زووە بۆئەوەی بتوانین بڵێین ئایا رەفتاری سیاسیی ئۆباما بەقازانجی كوردی رۆژهەڵات دەكەوێتەوە یان نا. پێویستە جارێ چاوەڕێ بین. هەروەها بۆ ئەوەی ئەمەریكاو دەوڵەتانی دیكە سەرنجیان بۆ لای كوردی رۆژهەڵات رابكێشرێ، دەبێ خودی كورد لەمەیداندابێ. كوردی رۆژهەڵات پێویستە بیسەلمێنێ دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ناوێ وخوازیاری ئازادیی ودیموكراسی‌ ومافە رەواكانی تایبەت بەخۆیەتی.

ستیڤان:بڕیارە لەهەولێری پایتەختی باشووری كوردستان كۆنگرەیەكی نەتەوەیی كوردستانی ئامادە بكرێت، هێزو لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەشێكن لەلایەنە سەرەكییەكانی ئەو كۆنگرەیە. پرسیار ئەوەیە: ئایا كۆنگرەیەكی نەتەوەیی لەم چەشنە دەتوانێت چی بەبزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان ببەخشێت بەتایبەت لەم قۆناغەدا؟ پاشان ئەی ئەو كۆنگرەیە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان چ گرنگییەكی سیاسیی هەیە؟.
عەلی قازی:ئێمە وەك پارتی ئازادیی كوردستان، زۆر لەمێژە داوای بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی دەكەین. لەساڵی1991بەملاوە، Pak بەردەوام لەكۆنفرانس وكۆنگرەكانیدا، ئەم پێشنیارەی كردووە، بۆیە ئێمە پشتیوانی لەوەها كۆنگرەیەك دەكەین. بەبڕوای ئێمە وەها كۆنگرەیەك دەتوانێ وپێویستە ماف وئەركەكانی كوردی هەر پارچەیەك لەگەڵ یەكتر رێكبخات ودیاریبكا. هەروەها ستراتیژ وگوتاری كورد وەك یەك نەتەوەو یەك كێشە دەستنیشان بكات. بەڵام بەشێوەی دیاریكراو باسی بەستنی ئەو كۆنگرەیە لەهەولێر هێشتا هەر بیرۆكەیەو‌ رێكنەخراوە،‌ ئاواتەخوازم ئەو كۆنگرەیە ببەسترێ. لەم ماوەیەدا هێندێك كەس بەپەلەو بەبێئەوەی زانیارییەكیان لە سەر ئەم بیرۆكەیە ببێ، كەوتنە دژایەتیكردنی وشتی ناڕەوا دەڵێن. ئەوان سەرۆكایەتی هەرێم موتەهەم دەكەن بەوەی دەیهەوێ لەو كۆنگرەیەدا هێزە سیاسییەكان بخاتە ژێر فشارەوە. بەڵام ئەوەندەی ئێمە بزانین وئاگاداری بین، ئەوە وا نییە. بارزانی سەرۆكێكی حەكیم وژیرە. ئەو مافی كورد بەهیچ شتێ ناگۆڕێتەوەو هەرگیز ئەوە لەبیر ناكا كوردی پارچەكانی دیكە لەبندەستیی ولەژێر زوڵم وستەمدا دەژین.

ستیڤان:وەك دەوترێت تەواوی هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەحاڵی بێ ئیرادەییدا دەژین، بەو مانایەی چاوەڕێی هێزێكی دەرەكیی دەكەن تاوەكو هەمان سیناریۆی ئێراق لەئێرانیش دووبارە ببێتەوەو هێزەكانی رۆژهەڵاتیش بچنە سەر حازری، پژاك تاكە هێزێكە لەم هاوكێشەیە بەدەرە. پێتوانییە ئەگەر ئەم بارودۆخە ئەگەر چەند ساڵێكی دیكە درێژە بكێشێ پاشەڕۆژی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەوێتە دەستی "پژاك،ەوە؟ یان بەمانایەكی تر گەر چەند ساڵی تر كۆماری ئیسلامی بمێنێ، ئەوسا پژاك نابێتە نوێنەری دۆزی نەتەوایەتی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان؟.
عەلی قازی:من لەگەڵ ئەو قەزاوەتەی ئێوەدا نیم كەدەڵێن هێزەكانی رۆژهەڵات لەبێ ئیرادەییدا دەژین. بەپێچەوانەوە، ئیرادەمان هەیەو بەهێزیشەوە تێكۆشان وخەبات بەردەوامە. بەڵام حیزبی سیاسیی وگەلی ئازادیخواز هەمیشە لەدۆخیكدا نییە. راستە ئێستا دەسەڵاتی سیاسییمان بەدەستەوە نییەو گەلەكەمان لەبندەستیدا دەژی، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر خەبات وئەستاندنی مافەكانی خەڵكەكەمان. هەروەها پێوەندیی لەنێوان خەڵك وحیزبەكاندا هەیەو حیزبەكان لەوریاكردنەوەی خەڵك ورێنوێنیكردنیان وجوڵاندنیان دەوری گرنگیان هەیە. بێجگە لەوەش نەخێر، ئێمە چاوەڕێی هاتنی ئەمەریكاو دووپاتبوونەوەی سیناریۆی عێراق نین. خەباتی ئێمە كۆنترە لەناكۆكییەكانی ئەمەریكاو ئێران. گەلی ئێمە كاتێك لەخەباتدا بووە ئەمەریكا دۆستی شای ئێران بوو. بەڵام دیارە پێمانخۆشەو هەوڵیشدەدەین ئەمەریكاو هەر دەوڵەتێكی دیكە، بكەینە پشتیوانی نەتەوەكەمان ولەپشتیوانی دوژمنی گەلەكەمانیان دوورخەینەوە. بۆ ئێمە وەك PAK گرینگ وئەسڵ ئەوەیە كورد بەئازادییەكانی بگاو مافەكانی وەدەستبێنێ، نەك ئەوەی كام حیزب ورێكخراو ورێكخراوە "بچنە سەر حازری". راستە حیزبە رەسەنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەم هەلومەرجەدا كۆمەڵێك گەفیان هەیە بەڵام ریشەیان لەناو خەڵكی خۆیاندا هەیە. PAK یەك لەو هێزانەیە ریشەی قووڵی داكوتاوە. PAK لەساڵی 1991 بەملاوە یەك لەچالاكترین هێزەكان بووەو خوێن وئارەقەی زۆری لەمەیدانە جۆراوجۆرەكاندا لەبەر رۆیشتووە. بێجگە لەوەش سەرۆكی PAK كوڕی پێشەوا قازی محەمەدو باوك ومامەكانی دامەزرێنەری كۆمار بوون و شەهیدبوون. جێگری سەرۆكی PAK دوو برای شەهیدكراون. ژمارەیەكی دیكە لەكادرەكانی PAK جگە لەخەباتی خۆیان، خوێنی كەس وكاریان لەخەباتدا رژاوە تۆ بڵێی هەروا بەئاسانی خوێن ببێ بەئاو؟.

ستیڤان:پڕۆژەی بەرەیەكی كوردستانی بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان وێڕای لاساییكردنەوەی ئەزموونی باشوور بوو، دەركەوت تەنیا لەدروشم بەولاوە چیتر نەبوو، بەگشتیی پڕۆژەی بەرەی كوردستانی شكستی هێنا بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان. ئاشكراشە هێزەكانی رۆژهەڵات هیچ ئەوەندە بەهێ. نین بتوانن بەتەنیا رووبەڕووی ئەو برە سەختە سیاسییە ببنەوە ئەمڕۆ كورد لەو پارچەیە دەرگیریەتی. ئایا باشترین رێگە بۆ هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی رۆژژهەڵاتی چییە؟ بەزمانێكی تر هێزەكانی رۆژهەڵات دەبێت چۆن وبەكام رێگا خۆیان رێكبخەنەوە تا دۆزی كورد لەو بەشەی كوردستان بەرەو هەڵكشان بەرن؟.
عەلی قازی:دیسان ناچارم، لەسەر خودی پرسیارەكەتان قسە بكەم. یەكەم، پڕۆژەی بەرەی كوردستانی لاسایی كردنەوەی ئەزموونی باشوور نەبووەو نییە. بەرە بۆ هەموو نەتەوەیەكی بندەست وداگیركراو پێویستەو پیشتریش لای نەتەوەكانی دیكە هەبووە. وەك بڕێ كەسیش موتەهەممان دەكەن، بیرۆكەی بەرە هی ئەمەریكا نەبوو. فەرموون یەكەم بەیاننامەی پارتی ئازادیی كوردستان لە20/5/1991 بخوێننەوە بزانن چۆن لەسەر بەرەی كوردستانی پێداگیراوە. پاشان كورد یەك نەتەوەیەو كێشەكەشی یەك كێشەیەو بارودۆخی سیایسی هەموو پارچەكانیش وێڕای جیاوازیی وتایبەتمەندیی خۆیان، زۆر لەیەك دەچن بۆیە سروشتییە خەبات وشێوەكانی خەباتیش لەیەك نزیك بن. دووەم:خۆ تائێستاش هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ساغنەبوونەتەوە لەسەر بەرەو بەرەیان پێكنەهێناوە حوكمی شكستهێنانی دەدەن، جارێ هەرچی هەیە هەر قسەو باسە، راستییەكەی‌ لەم هەلوومەرجەدا، ئاسان نییە، بەڵام درەنگ یان زوو هەر بەرە پێكدێ. بەڵێ ئەوە راستە لەرۆژهەڵاتی كوردستان هیچ هێزێك بەتەنیا ناتوانێ ئەركەكانی خەباتی رزگاریخوازییان بخاتە سەرشانی خۆی وهیچ هێزێكیش ئەو ئیدیعایەی نییە. بۆیە ئێمە باشترین رێگا هەر بەدامەزراندنی بەرەیەكی بەرفراوانی كوردستانی یان هەر شێوازێك كەهێزەكانی رێكبخاو سەركر‌دایەتی سیاسیی بۆ بزووتنەوەی كورد لەرۆژهەڵات پێكبێنێ، دەزانین.

عەلی قازی
*عەلی قازی محەمەد، ناسراو بە"كوڕی ڕەش"، ساڵی 1933 لەمهاباد لەدایكبووە.
*خوێندنی تا دواناوەندیی لەئێران بووەو پاشان لەئاڵمانیا كۆلێژی ماف وزانستە سیاسییەكانی خوێندووە.
*لە ساڵی 1985وە تا راپەڕینی 1991، لەزیندانی حكوومەتی عێراقدا بووە.
*لەگەڵ زۆربەی حیزبە كوردستانییەكاندا پێوەندیی باشی هەبووەو لەكێشەو ناكۆكییەكانی نێوانیاندا دەوری ئاشتیخوازانەی گێڕاوە.
*ساڵی 2006 لەكۆنگرەی یەكەمی پارتی ئازادیی كوردستان PAK دا، بەسەرۆكی ئەو پارتە هەڵبژێردراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە