هەڵكوتانە سەر و دەستگیركردنی ئەندامانمان ریسواو شەرمەزار دەكەین

Sunday, 30/01/2011, 12:00

1496 بینراوە


ئەم شەو كاتژمێر 8 ژمارەیەك لەئاسایش و زێرەڤانی، بەشێوەیەكی دوور لەهەموو یاساو رێساێك هەڵیان كوتاوەتە سەر ئەندامی ئەنجومەن و بەرپرسیاری پەیوەندیەكانی هەولێرمان هەڤالأ شاكر مستەفا ناسراو بە مام هەژار، لەناو خێزانەكەی بەبێ رێزی دەریدەخەن و دەیبەن بەرەو شوێنێكی نادیار.
ئێمە لەكاتێكدا ئەوكردەوە ملیتاریست و عەسكەرتاریانەی ئاسایش و زێرەڤانی هەولێر محكوم و ریسوا دەكەین هەمانكات داواش دەكەین هەردوو دەزگای ناوبراو داوای لێبوردن لەپارتیمان و لەخێزانی ناوبراوبكەن وەكو یەكێك لەخێزانەكانی شەهیدانی كوردستان و مام هەژاریش وەك تێكۆشەرێكی ماندونەناسی گەل و وڵات.
لەبەر ئەوەی هێزە ملیتاریستەكان هیچ ئاگاداركردنەوەو تەبلیغێكی حاكمەكانیان پێنەبووە بۆیە كارەكەیان دەكەوێتە چوارچێوەی فڕاندن و بێسەرو شوێنكردنی چالاكوانانی سیاسی، ئەگەر هەردوو دەزگایی ناوبراو لەسەر خۆپیشاندانی لاوان لەدژی كۆنسلخانەی ئێران بۆ رۆژی دژی سێدارە ئەنجامیان داو هەندێك لەلاوان بەردبارانی كۆنسولخانەیان كردبێت، لەگەلأ ئەوەی ئێمە پشتگیری هەموو چالاكیەك دەكەین لەدژی داگیركەران بەبێ جیاوازی، بەتایبەتیش كۆماری سێدارەی ئێران كەهیچ پەیوەندیەكی لەگەلأ جیهانی مرۆڤایەتی نییە، بەڵام ئێمە روونی دەكەینەوە كەئێمە وەك پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان پەیوەندیمان بەرێكخستنی ئەو چالاكیەوە نییە، بەڵكو ئێمەش وەك لایەنێكی سیاسی پشتگیریمان كردوەو ئەوەش بەمافی سیاسی خۆمانی دەزانین.
ئێمە لەگەلأ ئەوەی لەرەوشی ئەمڕۆی كوردستاندا بەهەستیاریەوە جموجۆڵدەكەین هەوڵدەدەین بەهەموو شێوەێك هەستیاری كۆمەڵگاكەمان لەبەرامبەر داگیركەران زیادبكەین و پشتگیری گەلی باشوور بۆ پارچەكانی تر دروستبكەین، هەمانكات ئیرادەی دیموكراتی لەكۆمەڵگاكەمان پێشخەین بەتایبەت لەشاری هەولێر.
بۆیە ئێمە لەكاتێكدا كاربەدەستانی پارتی دیموكرات لەهەولێر ئاگاداردەكەینەوە كەدامودزگا حزبیەكانیان بەرنەدەنە گیانی ئەندام و بەرپرسیارانی ئێمە، بەڵكو بابێن تا پێكەوە لەدژی هێزە داگیركەرەكان هەڵوێست وەربگرین. هەمانكات ئێمە بەكاربەدەستانی ئاسایش و زێرەڤانیش دەڵێین دەست لەكردەوەكانی ساڵانی رابردوویان هەڵگرن و وەك دەزگایەكی گشتی كاربكەن نەك بۆ مەرامە نادیموكرات و نانەتەوەیەكانی كاربەدەستانیان.
بەرپرسیاریەتی ژیان و تەندروستی ئەو بەرپرسیارەی ئێمە لەئەستۆی دەزگا ناوبراوەكاندایە، بۆیە هەرچی زووە داوای ئازادبوونی دەكەین بەسەلامەتی بیگەڕێننەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆی.

بەڕێوەبەرایەتی رێكخستنی هەولێری
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
شەوی 30 ـ 1 ـ 2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە