تایبەتمەندیی شۆڕشە جەماوەرییەكەی سوریا و بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

Wednesday, 15/06/2011, 12:00

1857 بینراوە


یەكەم: هەبوونی دۆزی كورد لە سوریا
نزیك بە سێ مانگ دەبێ خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانی دەوڵەتی سوریا، بە تایبەتی لە ناوچە كوردنشینەكان چڕتر بۆتەوە و رۆژە بە رۆژ بەرفروانتر دەبێ، لە بەرامبەریشدا حكومەتە دیكتاتۆر و داپڵۆسێنەرەكەی بەشار ئەسەد بە توندترین شێوەی دڕاندانە بە چەك و هێز هەوڵی سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان دەدات و تا ئێستا زێتر لە (1300) خۆپیشاندەر لە لایەن هێزە چەكدارەكانی بەشار ئەسەدەوە شەهید كراون و، (5000) هەزار كەس بریندار كراون، ئەمە وێرای ئەوەی كە بەسەدان كەسیش قۆڵبەست كراون.
ئەوەی جێی سەرنج و هەڵوەستە كردنە بێدەنگی و بێهەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، بەتایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەمریكا و ئەوروپا و رێكخراوی ناتۆ، بەرامبەر بەو كوشتن و كوشتارەی كە حكومەتی بەعسی سوریی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی سڤیل گرتوویەتەبەر.
من پێموایە ئەو بێدەنگییەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی روویەكی سیاسی هەیە و پەیوەستە بە پێكهاتە جیاكانی ناو وڵاتی سوریاوە، هەر ئەمەشە كە شۆڕشی جەماوەریی سوریی لە شۆڕشەكانی تونس و میسر و لیبیا و بەحرەین و.. جودا دەكاتەوە. شۆڕشی سوریا جگە لەوەی كە دژی سیستەمی دیكتاتۆری و هێناكایەی سیستەمێكی دیموكراسی و ئازادی و مافەكانی مرۆڤە، لە هەمانكاتدا شۆڕشێكی نەتەوەییشە بە نسبەت كوردستانی رۆژئاواوە. واتە سوریا جگە لەمەی كە دەیەوێ بپەڕێتەوە بۆ سیستەمی دیموكراسی و ئازادی و مرۆیی، لەهەمانكاتیشدا كێشەی بوون و مافی نەتەوەیەكی هەیە، كە دۆزی نەتەوەی
كوردە. هەر ئەمەشە وای لە ئەوروپا و ئەمریكا كردووە كە بە چاوێكی جیاوازتر و نەرمتر لە شۆڕشە جەماوەرییەكەی سوریا و كوشتارەكەی بەشار ئەسەد بڕوانن. بەتایبەتی كە سوریا بە درێژایی (850) كیلۆمەتر هاوسنووری توركیایە، توركیاش هاوشێوەی سوریا كێشەی دۆزی نەتەوەی كوردی هەیە، بۆیەشە كۆنگرەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا لە شاری ئەنتاڵیای توركیا بەسترا، كە من پێموایە توركیا مەبەستێكی سیاسی هەبوو لەم میواندارییە، بەتایبەتی كە ئێستا باسی رێكەوتنی نێوان دەوڵەتی توركیا و ئیخوان موسلیمینی سوریی دەكرێت.
هەر چەندە من دڵنیام لەوەی كە شۆڕەشە جەماوەرییەكانی لیبیا و بەحرەین و سوریا بەردەوام دەبێت تا رووخانی حكومەتەكانیان و سەركەوتنیان، دواتر چەند وڵاتێكی تری ناوچەكەش دەگرێتەوە.

دووەم: نەبوونی یەكهەڵوێستی و سەركردایەتی
تایبەتمەندییەكی تر كە شۆڕشەكەی سوریا لەوانی تر جودا دەكاتەوە، بریتییە لە دوو كێشەی سەرەكی:
یەكەم، نەبوونی گوتارێكی یەكگرتووی سەرجەم هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریایە بەرامبەر حكومەتەكەی بەشار ئەسەد و داهاتووی سوریا.
دووەم، نەبوونی سەركردایەتییەكی هاوبەشی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانە بۆ رابەرایەتی كردنی شۆڕشەكە و دانانی نەخشە رێگەیەك بۆ سوریای دوای بەشار ئەسەد، یان لانیكەم بۆ دانووسان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ئەم دوو هۆكارە وایكردووە كە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بەرامبەر بە حكومەتەكەی بەشار و داهاتووی سوریا یەكهەڵوێست و یەك گوتار نەبن، تەنات ناكۆكی و راجیایی لە نێوان هێزە كوردییەكان و عەرەبییەكاندا هەیە سەبارەت بە سیستەمی حكومڕانی پاش ئەسەد و مافی نەتەوەیی و پێگەی كورد لەو حكومەتە تازەدا، ئەمە لە لایەك، لە لایەكی تریشەوە راجیایی و ناكۆكی لەنێوان هێزە عەلمانییەكان و ئیخوان موسلیمینی ئەو وڵاتەدا هەیە سەبارەت بە جۆری سیستەم و فەلسەفەی حكومەتی داهاتوو، ئەمەش وایكردووە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەزانێ مامەڵە لەگەڵ كامە هێزەدا بكات و بە
گومانەوە بڕوانێتە شۆڕشەكە، یان لانیكەم بەرچاوی روون نەبێ پاش حكومەتەكەی بەشار، چارەنووسی سوریا بە چی ئاراستەیەك دەبێ.
بەڵام بە پێچەوانەی شۆڕشەكەی سوریاوە، (پێشتر لە تونس و میسر) ئێستا لە لیبیا لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە ئەنجومەنی كاتی پێكهێنراوە، كە یەكگوتار ویەكهەڵوێستن و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مامەڵەی فەرمی لەگەڵدا دەكات و بەنوێنەری جەماوەر و شۆڕشەكە و جێگرەوەی حكومەتەكەی قەزافی دەزانێت.
نەبوونی یەكگوتاری و نەبوونی یەكێتی هێزە ئۆپۆزسیۆ‌ونەكانی سوریایە كە وایكردووە بەشار ئەسەدیش سوود لەو بێهێزییەیان وەرگرێت و بە تەنیا بانگهێشتی هێزە كوردییەكان بكات بۆ دیالۆگ و دانووسان، كە من پێموایە هێزە كوردییەكان هەڵەیەكی كوشندە دەكەن ئەگەر بەبێ بەشداری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی تری سوریا لەگەڵ بەشار دانووسان بكەن و خۆیان لەو شۆڕشە جەماوەرییە جیا بكەنەوە، چونكە پێموایە لە ئێستادا كارتەكانی حكومەتەكەی بەشار هەمووی سوتاو و بەتاڵن. خۆ جیا كردنەوەی هێزە كوردییەكان لە هێزە دیموكراتخواز و ئازادیخوازەكانی شۆڕشەكە و دانووسانی
تاكلایەنە، هەم زیان بە بە خودی شۆڕشەكە و هەم زیان بە دۆزی نەتەوەیی كورد دەگەیەنێت، بە تایبەتی لە داهاتوودا. لۆژیك ئەوەیە كە لەگەڵ هێزەكانی تری ئۆپۆزسیۆن بمێنێتەوە و شەقام چۆڵ نەكات.

سێیەم: بێهەڵوێستی حكومەتی هەرێم و حزبەكانی باشوور
ئەوەی جێی داخ و نیگەرانییە، بێهەڵوێستی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرجەم حزبە سیاسییەكانی كوردستانە بەرامبەر بە حكومەتە دیكتاتۆر و خوێنرێژەكەی بەشار ئەسەد و قەتڵ و عام كردنی كوردانی كوردستانی رۆژئاوا لە لایەن چەكدارەكانی بەشار ئەسەدەوە. تا ئێستا هەڵوێستێكی روون و یەكلاكەرەوەیان نەبووە لە پشتگیری كردنی جەماوەرە راپەڕیوەكەی سوریا و ئیدانە كردنی قەتڵ و عامەكەی رژێمە بەعسییەكەی بەشار. بەلای منەوە جێگەی نیگەرانییە كە میدیای كوردی بە ئەهلی و حزبییەوە هیچ بایەخێكی ئەوتۆی بە شۆڕشی كوردستانی رۆژئاوا
نەداوە. ئەگەر راگەیاندنی حزبی تەعبیر لە هەڵوێست نەنواندنی حزبەكەی بكات، پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئەی بۆچی میدیای ئەهلی و سەربەخۆ بە هەر سێ بوارەكەیەوە (بە رێژە نەك بە رەها، لەمڕووەوە ئێن ئارتی باشترە) ئەو بایەخەی پێنادات و كەمترین لێكدانەوە و بابەت و هەواڵ و شرۆڤەی لەسەری هەیە.

رێگە چارە
رێگە چارە ئەوەیە كە سەرجەم هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا یەكهەڵوێست و یەكگوتار بن و ئەنجومەنێكی سەركردایەتی كاتی بۆ رابەرایەتی كردنی بزووتنەوە جەماوەرییەكە و دانووسان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دانانی نەخشە رێگەیەك بۆ حكومەتی كاتی و داهاتوو، پێكبهێنن. لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە كە هێزە كوردییەكان یەكبگرن و یەكهەڵوێست و یەكگوتار بن و نەخشە رێگەیەكی كوردستانیانە بۆ ماف و دۆزی كورد لە سوریا دابڕێژن و جۆری سیستەمی حكومی داهاتوو و پێگەی و مافی نەتەویی كورد لەو حكومەتەدا لە ئێستاوە بەرچاو و دەستەبەر كراو بێت.
لەگەڵ ئەمانەشدا پێویستە حكومەتی هەرێم و حزبە كوردییەكان هەڵوێستێكی روونیان بەرامبەر بە كوردستانی رۆژئاوا هەبێت و میدیای كوردی بەتایبەتی كەناڵە ئاسمانییەكان بایەخێكی زێتر بە شۆڕشەكەی سوریا بدەن و وشیاری زێتر بە جەماوەر ببەخشن و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر بهێننە دەنگ.
ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ بەستنی (كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان) بە بەشداری سەرجەم هێزە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان و یەكخستنی یەكگوتاری و یەكهەڵوێستی كورد سەبارەت بە دۆزی كورد و دانانی نەخشە رێگەیەك بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان بە لەبەر چاوگرتنی تایبەتمەندی پارچەكانی كوردستان و حكومەتە داگیركەرەكەیان.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە