با بیرتان بخەمەوە , گەر لەبیرتان چووبێت‏

Friday, 03/07/2009, 12:00

1690 بینراوە


لە شەرە ناوخۆیی یەكەى كە هەردوو بنەماڵەى دەسەڵاتدار هەڵیان گیرساند و بەدەیان هەزار كەسی تیا كوژراو بریندار و زیندان و سەقەت و شەل و كوێر و بێ سەروشوێن ودەربەدەرو ئاوارەبوو و دواتریش ئۆباڵی شەرەكەیان خستەسەر جەماوەر و خۆیان لێ بێ بەرى كرد, لە بیرمە ئەو كاتە هەردوولایەن بۆ خۆش كردنى شەرى ناوخۆ و زیاتر بەكوشتدانى گەنج و لاوە برسی و بێ پارە وبێ ئیش وكارەكانى ووڵاتەكەم لە رێ ی دەزگاكانى راگەیاندنیانەوە بەردەوام خەریكى چەواشەكردنى خەڵك بوون , لەم لاوە دەزگاكانى راگەیاندنى پارتی بە بەردەوامی بانگهێشتى فەرەنسۆ حەریری یان دەكرد بۆ ئەوەى تۆزێك بەدەمە پیسەكەى جنێو بە بنەماڵەی تاڵەبانى بدات و ئنجا لە رێگەى تەلەفزیۆن و گۆڤارى گوڵان كە ئەو كات لە ناو خەڵك بە یەڵان واتە درۆزن بەناوبانگ بوون كە سەرۆ قادر ى زۆر رەو سەرپەرشتی دەكرد و محمەدی مەلا ئەسعەد و فرهاد ئیسماعیل زۆربەی راپۆرتەكانیان ئامادە دەكرد و دواتر بەرنامەكانى حەمكۆ و حەسكۆ و هى تر رۆژانە بەدرۆ كردن و بوختان و چەواشەكردن و فەبرەكەكردنى وێنە و هەواڵ و راپۆرت خەڵكیان هان دەدا بۆ ئەوەى زیاتر یەكترى بكوژن و ئاگری شەرى ناوخۆ گەرمتر بێت, لەولاشەوە دەزگاكانى راگیاندنى یەكێتى هەموو رۆژێ بانگهێشتى سەعدی پیرەو جار جارە مەلا و جوندیانیشیان بانگهێشت دەكرد بۆ وەڵام دانەوەى ئەوان و بەهەمانشێوە فەبرەكە كردنى هەوال َ و بوختان و شەرنانەوە خەڵكیان پر دەكرد. شەر هەڵگیرساو (ئەوەی كوژرا لە تری سەى چوو) و ئەوەى بریندار و سەقەت بوو ئێستا بە منەتەوە مەعاشی ئەدەنێ , ئەوانەى زیندانی كران چەندساڵێك بە هەدەر لە عومریان رۆیشت و ئەوانەى ئاوارەش بوون زۆربەیان ئێستاش لە ژێر قادرمە دەژین, هەولێر كەوتە ژێر سێ ئابڵوقەى ئابوورى و دوو ئابڵوقەى سەربازی و ئیبراهیم خەلیل بوو بە دەخلی قەومی بنەماڵەو خەڵك برسی كراو مەعاش نەماو سەرانە لە دەوڵەمەند سەندراو نەخۆشی و مەجاعە بڵاوبۆوەو توركەكان تەراتێنیان لە هەولێر دەكرد و نیوملێونی كوردیان بە توركمان ناونوسكرد, هەركوردێك دوو سێ ووشەى توركى فێر ئەبوو و ئەپارایەوە بۆ خواردن لە بەردەم بنكەكانی مانگى سورى توركى ئەیوت توركمانم بۆ ئەوەی كیلۆیەك برنج وەربگرێت. ئەمانەم هەمووی لە بیرە ناشهێڵم لە بیرم بچێتەوە و بۆ گەنج و لاوی ئەمرۆ و داهاتووشی ئەگێرمەوە و هەر ئەیگێرمەوە تاكو ئەو دوو بنەماڵەیە لە دونیا مابن وئیزعاجمان بكەن.

ئەوەی ئەمرۆ ئەیبینین چی یە؟

هەردوو بنەماڵە پاش ئەوەى رێك كەوتن لەسەر دزینی سامان وداهاتی میللەتی كورد وا ئێستا لیستی كوردستانیان پێكهێناوە و ئەوانەى ئەوسا دەهۆڵ كوتى شەرى ناوخۆ بوون و ئیهانەى خێزان و شەرەفی بنەماڵەى یەكتریان دەكرد و تی ئێن تیان بە دیاری بۆ یەكترى ئەنارد, ئێستا تەباییی و برایەتى هەیەلە نێوانیان !!!!! ئەى چۆن!!!!! راگەیاندنەكانی پارتی میواندارى سەركردەكانی یەكێتى دەكەن و بە پێچەوانەشەوە . هەمو جارێكیش و لە هەموو كۆبوونەوەكانى یەكێتى و لەو راگەیاندنانە ئاماژە بەوە دەكرێ كە نەوشیروان لەكاتی ئەزمەكانى یەكێتی دا رای كردووەو یەكێتی جێ هێشتووە, ئەوانەى نازانن ئەزمە پێناسەى چی یە با بزانن ئەزمە بریتی یە لە شەرى ناوخۆ , ئایا كە نەوشیروان لەوكاتی ئەزمەیەدا یەكێتى جێ هێشتووە بە چ هەڵوێستێك ئەژماردەكرێ خاین یان نیشتمان پەروەر و كورد پەرست؟

ئێستا بە یەك دەنگ كەوتوونەتە چەواشەكردنى خەڵك و جنێودان و بوختان كردن بۆ لیستى گۆران و سەركردەكانیان.شەوانە دیقەت بدەنە یەڵانەكانى هەردوو لا (تەلەفزیۆنى گەلى كوردستان و زاگرۆس) كە خەریكى دروستكردن و پیشاندانی دیمەنى ناشیاون لەسەر لایەنگرانی لیستی گۆران و بەردەوام خەریكى تاوانباركردنى لیستى گۆرانن بەوەى كە ئەو لیستە لیستێكى ئاژاوەچى و گێرەشێوێن و شەرانگێز مێردمنداڵ و تێكدەرن و لیستی كوردوستانى لیستێكی شارستانین و بەردەوام غەدریان لێ ئەكرێت . ئەوانەى ئەیانەوێت داهاتووی حكومەتێكى تر ببینن كە لیستى كوردوستانى بەرێوەى ببات ئەوا پێویستە سەیری رابردووی دوورو نزیكی هەردوو حزب بكەین و بزانین داهاتووش ئاوێنەى رابردووە وبۆیە ئەبێ دەنگیان پێ نەدەین وئەم فرسەتە هەلێكى مێژووی یە و زێرینە تاكو چوار ساڵی تر دووبارە نابێتەوە ئەگەر بمێنین و تیرۆرمان نەكەن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە