تیرۆریست بونى زەردەشت تەواو نزیكە لە راستیەوە

Wednesday, 22/09/2010, 12:00

969 بینراوە


ئەم تۆمەتانە دەمێك ساڵە بەدواى ئەو كەسانەوەن كە رێگاكانیان لەگەڵ دەسەڵاتو خاوەن بەرژەوەندیە باڵاكاندا یەك ناگرێتەوە،یاخود ئەو كەسانەى كە بە دەهۆڵى دەسەڵات هەڵناپەرنو سەما ناكەن.وەیان ئەوكەسانەى دەیانەوێت رەنگەكان وەك خۆى ببیننو بەسپى بڵێن سپىو بە رەش بڵێن رەشە.بۆیە لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین پەیوەندى زەردەشت بە گروپە تیرۆریستیەكانەوە تەواو لەراستیەوە نزیكە،وە دەكرێت بڵێن ئەمە كەمترین تۆمەتە كە داویەنەتە پاڵى.بۆیە من لێرەدا هیچ قسەیەكم بۆ لیژنەى بە دوادا چون نیە چونكە ئەوان کۆیله‌ی بنه‌ماڵه‌ن ئەوەى پێیان وتراوە ئەنجامیان داوە،بۆ ئەوان تەنها ئازارى ویژدان بەسە تەنها ئازارى ئەو وشانە بەسە كە دەبێت بە زۆر لە زاكیرەیاندا حەشارى بدەن هیچ شتێك لەم دونیایە لە ئازارى سەر ناخۆشتر نیە لیژنە لە مەبەدوا بە ئازارى بەردەوامى سەریانەوە دەبێت بژین،بەڵام دەكرێت بە دەسەڵات بڵین ئایا ئێوە دەتانەوێت چەند رۆژنامەنوسى تر بڕ فێنو بیترسێنو بیكوژنو دەمبەستى بكەن؟.ئایا دەتانەوێت تاكو چەند سەدەى تر بە زەبرو زەنگو چاو سوركردنەوەو هەرەشە كردنى ناو موبایلو لولەى دەمانچەكانتان سەروەریەكانتان بپارێزن؟

زەردەشت وتى:جەلادەكانم وتیان مۆڵەتى هەناسەدانم لەم شارەدا نەماوە،بەڵام ئەم شارە شارى منەو بۆ هیچ كوێ ناڕۆم،چاوەڕوانى هاتنى مەرگم دەكەم.بزانن بەرێزان هەموو هێزو دەساڵاتێكى دونیا نەیتوانى ئیرادەى گەنجك ناچار بە هەڵهتن لە مەرگ بكات.كەواتە گەنجى كورد ئەوەى دەیەوێت ئەیكاتو ئەیڵێت ئەگەر بەهاى رۆحى خۆشى هەبێت.

زەردەشت وتى:تائەوكاتەى مۆڵەتى وتنم هەیە دەنوسمو دەڵێم لەوكاتەوەى كەمۆڵەتم نەما نوكتەیەك دادەنێمو با هاوڕێكەم لەدواى منەوە دەست پێبكات.

ئایا ئێوە بینیتان لەدواى ئەو نوكتەیەى كە زەردەشت داینا هاوڕێكانى چەند هەزار ناونیشانى نوێیان نوسى؟ئایا ئێوە دەتانەوێت چەند تیرۆرستى تر لەناو بەرن؟

من ئەوەندەى نوسینەكانى زەردەشتم خوێندبێتەوە بە تەواوى رۆحى تیرۆرست بونم تیا بەدى كردووە.بۆیە هیچ گومانم لە تیرۆرست بونى نیە بەم بەڵگانە.

زەردەشت لەنوسنەكانیدا تیرۆرى ئەو هەیمەنەو سامو ترسەى كردووە كە دەسەڵات سەپاندوویەتى بەسەر تاكەكانى كۆمەڵدا.وە تیرۆرى ئەو پەرژینانەى كردووە كە دەسەڵات بۆ ئافرەتانى نێَو ماڵەكانى خۆى كردووەو نایەوێت تەنها مێرولەیەكیش بیبەزێنێت.وە تیرۆرى ئەو هێڵە سورانەى كردووە دە دەسەڵات بە لێدانیان دەهرى دەبێت.وە تیرۆرى ئەو تفەنگانەى كردووە كە لولەكانیان گەنجانى بەئیرادە لە زێدى خۆیان راو دەنێن.

زەردەشت نەك هەر تیرۆرستە بەڵكو ئێستا سەركردەو یەكەم شەهیدى نێو گروپێكى تیرۆریستیە كە هەزاران ئەندامى هەیە نە دەزگا ئەمنیەكان فریاى گرتنو كوشتنو راوەدونانیان ئەكەون،نە دەسەڵاتیش بەرگەى دەنگى تەقینەوەى قەڵەمەكانیان ئەگرێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە