بۆچی خەڵك متمانەی بە دەسەڵاتی كوردستان نەماوە ؟

Wednesday, 07/01/2015, 12:00

1510 بینراوە






پێش هەموو شتێك دەبێت سەركردایەتی كورد ئەوە بزانێت، كە نیشتمان لەوە گەورەترە ببێتە موڵكی تایبەتی كەس و تاقم و لایەنێك . میلەت لەوە باڵاترە ببێتە كرێكار و فەرمانبەر و سەپانی كەس و تاقم و لایەنێك. نیشتمان و میلەت ئاوێتەی یەكبتر بون و بە سیستم و حوكمێكی داپەروەرانەی ئاسایی بەرێوەدەچن نەك بەخۆ فەرز كردنی هیچ لایەك و، بەم شێوە بەرێوەبردنەی ئێستای كە چەند جارێك لەسەرمەرگدا كەراوەتەوە ئایندەی باش نابێت .
سەرەرای زیاتر لە دوو دەهەی حوكمی خودیی پاش راپەرینی كورد، تا ئێستا ئێمە لە حاڵەتی شۆرشدا دەژین و تەنانەت بەرەو كاتی روودان و كردەییبونی شۆرش كە خۆی لە جێگیربونی ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵات و سیستمی كۆندا دەبینێتەوە، نەرۆیشتوین . ئەوەتا لە بواری عەسكەری و ئابوری و كۆمەڵایەتیشەوە لە قاوغ و دۆخی شۆرشداین و، هەرچەند باس لە مەدەنیەت و دەوڵەت دەكرێت بەڵام خۆمان لە سەرەتای خۆریكسختنەوەدا دەبینینەوە، تەنانەت ئەویش بە شڵەژان و نەزانین و كەموكورتیەكی لەرادەبەدەرەوە.
ئەم رەفتار و خو و رەوشتەی دەسەڵاتی كوردی ئێستامان لە مێژووەوە بۆمان ماوەتەوە . ئەگەر كەمێك واوەتر برۆین، وەك دەزانین، سەرەتای دابەشبونی كورد هەر لەشەڕی چاڵدێرانەوە دەستیپێكرد، بەڵكو پێش ئەوەش لە درەئەنجامی هەڵخەڵەتاندنی میرەكان لە لایەن مەلا ئیدریسەوە بوو، سەرەتاش بە دابەشبونی لایەنگیری كردنی میرەكانی كورد لە ئیمپراتوریەتی عوسمانی و سەفەوی و لەدەستدانی خۆپاراستن و دوركەوتنەوە لە پارێزگاری كردن لە بەرژەوەندیەكانی كورد و، هەمیشە لاوازیی پابەندبون بە بنەما سەرەكیەكانی جیگیربونی بنەماكانی نەتەوە و نیشتمان و، زاڵبونی بیری دواكەوتویی وئەنجامدانی كردەوەی ناشیاوی نانەتەوەیی و ناپاكی و خۆخۆری وای لێكردوین كە هەمیشە بەجێمان لە كاروان و دۆراندنی بەرژەوەندیەكان، بەشی ئەم میلەتە ستەمدیدە بوبێت .
تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەمیشە هۆكاری دۆراندنی ئێمەی كورد لە ململانێكان، سەركردایەتی بووە نەك گەلە قوربانیدەرەكەی . كورد وەك خەڵك و نەتەوە تا بۆی كراوە لەو پێناوەدا كۆششی كردوە و خوێنی بەخشیوە . كەچی بە هۆی روحی دوبەرەكی و پەرشوبڵاوی و شەروشۆری سەركردایەتیەكانیەوە ژەهری تاڵی خۆی نۆشیوە، كە ئەمەش بەهۆی تەنها بیركردنەوە لە بەرژەوەندی تەسكی شەخسی و نەزانین و جەهلی سەركردایەتیەكەیەوە بووە .
سەرجەم شوڕشەكان بە شكست كۆتاییان هاتوە، چ عەسكەری بێت یان سیاسی. نەبونی عەقڵیەتێكی پێشكەوتوی پێویست كە لەئاستی قۆناغەكاندا بێت، رێگری سەرەكی سەركەوتنەكان بووە .
شەرعیەت بەتەنها دەسەڵات نیە، دەوڵەتیش تەنها هەر سیستم نیە، بەڵكو كۆمەڵێك فاكتەری سەرەكی مێژوویی و تایبەتمەندی گەل و نیشتمان خۆیان لە بەرێوەبردنی وڵاتدا دەبیننەوە، بەڵام سەركردایەتی كورد خۆی لێیان دەدزێتەوە و حوكمی نیشتمان تەنها لە ململانێیەكی دواكەوتوانەی حزبیدا دەبنێتەوە، بەو شێوەیەش مەودایەكی گەورەی لە نێوان خەڵك و دەسەڵاتدا دروستكردووە و تا دێت دووری خەڵك لە دەسەڵاتی ئێستا و تەنانەت لە كوردستانیش فراوانتر دەكات .
دوای دوو دەهە، تا ئێستا حزب خاوەنی هەموو شت بێت لە سەرجەم بوارەكاندا و حزب بەخۆی دەسەڵاتی راستەقینە بێت و حكومەت تەنها بەناو بێت، تا ئێستا لە بواری كشتوكاڵ و پیشەسازی لەزەمانی حەفتاكانی سەدەی بیستەمدا بژین، تا ئێستا هیج سەرچاوەیەكی بەرهەمهێنانمان نەبێت و هەموان بەكاربەر بن، تا ئێستا لە دڵە راوكێدا بژین و ئاسۆمان دیارنەبێـت، تا ئێستا میلەت ئەم دەسەڵات و حكومەتە بە هی خۆی نەزانێت و بە موڵكی دەستە و تاقمێكی لەقەڵەم بدات و پەیوەندی خەڵك و دەسەڵات لەچوارچێوەی فەرمانكەر و جێبەجێكەردا بێت و، هیچ دڵسۆزیەكی راستەقینە نەبێت بۆ نیشتمان، رەفتاری دەسەڵات رۆژ بەرۆژ خەڵك لە وڵات و دەسەڵاتەكەی دوور بخاتەوە . چۆن متمانە بمێنێت ؟
ئەگەر پێشتر باورەبون بە ئازایەتی كورد و دڵسۆزی و خۆشەویستی نیشتمان هاندەری قوربانیدان بێت لە پێناو پاراستنی نیشتماندا، ئێستا ئەو هەست و روانینە وا كزبوە كە باوەرناكرێت كەس بەرگری لە ئەم دەسەڵاتە بكات، لە شەری داعش زۆر شتمان بۆ روون بووەوە، ئەوەشمان بینی تەنها پێشمەرگە و گەریلا و شەرفانانی دڵسۆز بوون بەرگریان كرد، بەڵام پیاوانی حزب فرتەیان كرد . ئەگەر لە كاتی پێویستی خۆیدا یارمەتی و بەرگری هێزی دەرەكی نەبوایە ئێستا سەركردایەتیی بەرژەوەندخوازی دەسەڵاتداری كورد لەوبەری سنوور خۆیان دەبینیەوە، ئەمەش متمانەی خەڵكی بەم دەسەڵاتە كزتر كردەوە، تاوەكو هێنایە سەر سفر .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە