کەسێکی دیکە لە ناودارانی ناوچەی مهاباد بناسە

Thursday, 15/05/2014, 12:00

1700 بینراوە



" دوکتور سەید کەریم ئەییوبی"
مامۆستای دوکتور، کەریم ئەییوبی کوڕی سەید ڕەحمان لە ساڵی ١٣٠٢ هەتاوی لە رۆژی ٢٣ خاکەلێوە لە شاری مهاباد لە دایک بووە .سەردەمی منداڵی ومیرمنداڵی لە مهاباد بەسەردردووە لەساڵی ١٣٢٤ هەتاوی کە گەنجێکی ٢١ ساڵە بووە وێڕای تاقمێک لە گەنجەکانی شاری مهاباد لە لایان دەسەڵاتی کورد کەساڵیکی تەمەن بوو (مەبەست کۆماری کوردوستانە) ناردرایە شاری / باکو / لە ئازەربایجانی شوڕەوی کە لەوێ بتوانن فێری زانست بن ودەرس بخوێنن تا لە داهاتودا بگەڕێنەوە وڵات و خزمەتی وڵات بکەن .
هێشتا کاتێکی دوورودرێژ تێپەڕنەببو کەدەستی خێر نەخوازان لە ناوچەی مهاباد ئاژاوەیان دروست کرد وچەرخی رۆژگار وەرگەڕایە ئالیەکی دی .ئەو گەنجانەی کە چوبونە / باکو / زانیان کەوەدوای ترویلکە کەوتون . تاقمێک لەوان بڕیاریان دا بگەڕێنەوە وتاقمێکیش مانەوەیان هەڵبژارد ودەردی دووریان چێشت تا زیرەکانە فێری زانست بنو بۆ داهاتو بە چاوێکی ئاواڵا لە خزمەتی نەتەوەکەیان دابن . دوکتور کەریم یەکێک بوولەو کەسانەی کە وەدوای زانست کەوت ولە بواری / زمان ناسی / دا تا پلەی دوکتورای بڕی .
لەدەقی سەرەکی پەڕتوکی / کۆماری ١٩٤٦ کوردوستان / " ویلیام ئیگڵتۆن " دەنوسێ : سەید کەریم ئەییوبی خوێندنی خۆی لەوێ تەواو کرد وباکو مایەوە.هەنوکە دوکتوری توێکاری پەلاستیکە " لاپەڕەی ٨٤ رستەی ٣٩ دەقی ئینگلیسی پەڕتوکەکە>" بەرواڵەت دەردەکەوێ لەزەمانی کۆکردنەوەی پەڕتوک (دەقی سەرەکی پەڕتوک لەساڵی ١٩٦٣ ز لە چاپ دراوە) .ویلیام ئیگلتۆن زانیاری دروستی لە شێوەی تەواوکردنی زانکۆی دوکتور ئەییوبی نەبووە یان ئەو کات لە مهاباد وا بیر کراوەتەوە بە هەر کەسیان گوتبا دوکتوروادەزانرا دەبێ دوکتوری بۆ هەموو کەس بکا و دوکتورێکی هەمە لایەنە بێ .
دوکتور ئەییوبی لە شوڕەوی پێشوو لەگەڵ خاتوو " ئیریدە ئاناتولێونا سمیر نووا " ژیانی هاوسەری پێک هێناو کە ئەویش لە زمانناسی وئێرانناسی دوکتور بووە . کەسانێک کە بخوازن زانیاری زیاتر دەربارەی خانم دوکتور وەدەست بخەن دەتوانن چاو لە گۆواری / مامۆستای کورد ژمارەی ٧، بەهاری ١٩٨٩ لە پەڕەی ٦٧تا٦٩ چاپی سوئێد بخوێننەوە .
زۆرێنەی بەرهەمەکانی دوکتور کەریم بە هاوکاری هاوسەرەکەی ئامادە کراوە .هیندێک لە بەرهەمەکانی بریتین لە : زاراوەی موکری کوردی / لنینگڕاد ،١٩٦٧
فۆنیتیکی زمانی کوردی، ١٩٨٥
مێژووی رێنوسی زمانی کوردی وچاوخشاندنێک بەسەر بەڵگەکانێک لە ، کرمانجی ، سۆرانی ، گۆرانی ، زازایی .
دیوانی مەلای جەزیری (لە کوردی بۆ روسی)
نوسراوەی زیاد دەربارەی زمان وزمانناسی .
لە هاوینی ساڵی ١٣٧٢ هەتاوی پاش ٥٠ساڵ دووری لە وڵات ودیداری دۆستان بۆ ماوەی دوو مانگ گەڕایەوە شاری مهاباد. کەسایەتی سرنجڕاکێش بێگەردو مرۆودۆستانەیو لە بیر نەکردنی کولتورو رەسەنایەتی وهەروەها خۆشوێژی دوکتور کەریم وای کردبو کە هەر کەسی دەخستە ژێر کاریگەری باشی خۆی . ئەو دەیخواست بۆ جارێکی دیکە بگەڕێتەوە شاری مهاباد بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٤ بە هۆی جڵتەی دڵ لە شاری لنینگڕاد چاوی لە جیهان پۆشی و ماڵئاوایی لێ کردین (و: رەوانی هەر شاد بێ) چونکە وەسیەتی کردبو تەمەکەی بگەڕیننەوە مهاباد لە رۆژی چوار شەممە ٢٢/ ٦/ ١٣٧٤ (١٩٩٥ز) لە کۆڕستانی / بوداق سوڵتان / بە خاک سپێردرا . (روحی شاد بێ)
سەرچاوە : مێژووی مهاباد ، جەنابی موحەممەد سەمەدی
چێوراندن بۆ هەنگوین زمانی کوردی،، سەرکەوت،، کەریمی / جەعفەر کەریمی
١٣/ ٨/ ٢٠١٣/ ت/ فەنلاند

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە