کاتی ئەوە هاتووە " بزوتنەوەی گۆڕان " تاوانباران ڕادەستبکات !

Friday, 12/08/2011, 12:00

1502 بینراوە


١٧/٢/٢٠١١ و دواتر ، ڕوداوێک بوو ، کەئاوازەی تاکی کورد پەسندی جارێکی تری زوڵمو زۆری نەکرد ، ڕاپەڕی و پەرەیەکی تری مێژوویی خۆی نەخشاند . دەسەڵات بە شێوەیەک وەڵامی دایەوە ، کە ڕووی هەمان چەکی سپی کرد ، کەساڵەکانی هەشتاکان و ڕاپەڕینەمەزنەکەی ١٩٩١ ئاراستەی گەلەکەمان کرا ..
لەسەرەتای ساڵی ١٩٨١ بەدواوە کۆمەڵێک خۆپیشاندان ئەنجامدرا ، ئەم خۆپیشاندانانە ناوچەیی و هەر جارەی لەشوێنێک بوو ، گەورەترین خۆپیشاندان لەناوچەی پشدەرو کۆیەو سلێمانی بوو ، زانکۆی سلێمانی کوانووی خۆپیشاندانەکانی هەولێر بوو ، بۆیە پارتی توانی پێداچوونەوە بە ڕابردووی خۆپیشاندانەکانی هەولێردا بکات و کێڵگەی سەوزی بەهاری ڕاپەڕینی ئەوشارە پایز بکات . بە داخستنی زانکۆی هەولێر و ڕاگەیاندنی شێوەیەک لەحوکمی عورفی و تەنینی کوچەوکۆڵانەکان بەپیاوی نهێنی و چەکدار لەسەروەختی راپەڕینەکانی سلێمانی؛ هاوکات یەکێتی یارمەتیدەرێکی گرنگی خەفەکردنی دەنگەناڕازییەکانی ئەم شارە بوو .
دەسەڵات یاسای چەوت دەکاتەیاساو دەشتوانێت بەپێچەوانەوە بیچەسپێنێت . یاساچەوتەکان گونجاون لەگەڵ دەسەڵاتە خوارەکان . (سەدام) وانەیەکی جوانی پێشکەشکردین کەهەژارانە بیر لە دەسەڵاتە چەوتەکان نەکەینەوە ، ئاوازەو بینینمان کوێرانە نەبێت لەئاست دەسەڵاتی خوار و چەوتی سەرکردەدا . جیاوازی نەکەین لەگەڵ سەدام و ئەوانەی ڕۆڵەیەکی ئەم گەلەدەکوژن ، حوکمی کوێرانە بەسەر دەسەڵاتی خوارو ڕاستدا وەک ئەوەی هەیە لەناو دەسەڵاتی کوردی و دەرەوەی دەسەڵاتدا دەکرێت ، نەدەین ... ئەوانەی لەناودەسەڵاتدان ئەگەر ئەقڵ و بەرژەوەندییەکانیان لێ بسێنرێت ! دەشێت مرۆڤێکی ڕاست و حاکمێکی دروست بن ؛ بەڵام مرۆڤ نەبەبێ ئەقڵ و نەبەبێ بەرژەوەندی ناژیی ، کەواتە ئەمانە لەجیهانی ڕاستیدا مردوون ، نانی زیندوەکانمان دەخۆن .. هێندە نییە (موبارەک) وانەیەکی دروستی تری فێرکردین ، دەسەڵاتە تۆتیالیتارەکان میژوویان هەمووی وانەیە ، بەڵام ئەوە مردووە بەشخوراوەکانی زیندووە سود لەم وانانە وەرناگرن . موبارەک وتی : (ئامادەم واز لەهەموو سەروەتەکەم بهێنم لەبەرامبەر ڕازی بوونی گەلەکەمدا) ئەم وتەیە لە (میدیاکانی جیهان) " چەندبارەکرایەوە .. بەڵام دادی نەدا.. ئەمە چ وانەیەکە ، مرۆڤی کەڕ " بێنێتە گوێ ، بەڵام سەرداران و کۆیلەکانی مەڕ ئێمە نەیبیستن و تێی نەگەن .. دەشیا لەدوای ئەم وانەیەوە سەرانی کورد شاباشیان لەبەرژەوەندی و لەبیری تەسک و چاوی تێرنەبوویان بکردایەو بهاتنایەوە ئەو جیهانەی وەک مرۆڤێکی نۆڕماڵ و لە چاوی زیندووەکانەوە زیندوبوونایە ..
حەڤدەی فێبریوەر وانەی وانەکان بوو ! پەیامێک بوو زۆر لەمێژ بوو بەدوای درکاندنی نهێنییەکانی ئەم وانەیەدا دەگەڕاین ، بەڵام وەک خۆی بۆمان نەدەهاتە بەرسەیوان .. ئەو وتارە گەوجێنەرانەی لەسەیوانی کوردایەتیدا هەڵنشیو بوون ، بەتاوانەکانی لەم ڕاپەڕینەنوێیەدا هەڵفڕینو لەجێگایدا زەنگی هۆشیاری و تێگەیشتن هەڵنشی ..
لەبەرامبەر بەرددا " فیشەک ... لەبەرامبەر شکاندنی جامی پەنجەرەیەکدا " فڕینی مەرگێکی هیوابەخش و چرۆگیر ... لەبەرامبەر داخوازی و ماف و هیوادا " وەڵامێکی ڕەشەکوژی .. ئەمانە بریاری ئەو ئەقلانە بوون ، کە دوێنی وێنەی ئەمانە لەسەر یەخەو ، لەسەر دەستی بڵندو ، لەسوچی ماڵەکانمان و ، لەناوجەستەماندا هەڵمان گرتبوو .. کێ تاوانبارە ؟ ئەوەی مرۆڤ دەکوژێت ، یان ئەوەی پەنجەرەی ماڵێک دەشکێنێت ! . ئەم وڵاتە سەرەتاو کۆتایی مەرگە ؛ تا بەعس مابوو ، بڕیاری مەرگی بەسەرماندا دەدا ؛ کەبڕیاری بەعس کۆتایی هات ، سەرانی کورد هاتنە سەردێری نوێ و درێژەیان بەهەمان تاواندا ..
کێشە لەسەر ڕادەستکردنی تاوانبارانی بەرد وەشین و پەنجەرەشکێن نییە ، ئەوان هەموو کاتێک لەبەردەرگای دادگان و بەپێی خۆیان دەڕۆن و دەچن ، هەموویان نەک گیراون بەڵکو بەدڕندەترین شێوە ڕاپێچی زیندان و هەمیشەش دەشگیرێن و سزای خۆیان وەرگرتووە ؛ ئێستا کێشە لەڕادەستکردن و ڕاپێچکردنی پیاوکوژەکاندایە بۆبەردەم دادگا..
لەم وڵاتی بەناو یاسا و نایاسایەدا ، پەنایەک بۆ عەسڵی یاسانییە ؛ بۆ کوێ بڕۆیت یاسا دیزاینی حیزبە ، حیزب وەکیلی یاسایە ، لەم جۆرە یاسایانەدا تاوانباران و پیاوکوژانی حیزب بۆکەس نییە بیانگرێت و لێپێچینەوەیان لەگەڵدابکات ؛ ئازادانە و بێباکانەتر لەجاران دێن و دەچن و لەچاوەڕوانی خەڵات و پاداشی زیاترن..
کەواتە دەبێت کێ توانبارو کێ حاکمی دروستی ئەم وڵاتە بێت ؛ لەکاتێکدا خەڵک کوژراوەو خەڵک بەردیهاویشتووە ؟ ...

بۆ دەبێت گۆڕان تاوانبارەکان ڕادەست بکات ؟
کاتێک حکومەت بەئەرکی خۆی هەڵنەسێت ، کاتێک حیزب پیاوکوژەکانی خەڵات بکات و ڕاپێچی ئەو دادگایەی سێبەری بڕیارو فەرمانی خۆیشی نەکات .. بەناچاری خەڵك لەهەناویدا توڕەبون و ورتە ورتەو پاشان گەڕان بەدوای یەکلاییەکردنەوەدا بنیاد دەنێت . ئەوەی لە ١٧ فابریوەردا سەریهەڵدا ، ناوچەیی بوو ، پانتایی هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە ، زەمینەی خۆپیشاندان و ڕاپەڕین سنوردار بوو ، هەولێرو ناوچەکانی تر بەهۆی کۆمەڵێك هۆکارەوە زەمینەکەی نەزۆک کرا ، ئەرکی گۆڕان کارکرنە لەسەر ئەو توێژەیە ، ئەوەی کەلەم مایەوەدا کۆمەڵێك کادری یەکێتی و هەندێک لە کەسەجالاکەکانی نێو پارتی مەیلیان لەلای پارتی و دەسەڵات تۆرا ، گۆڕان دەتوانێت بیانکاتە زەمینەی هەڵکشانی توڕەبونەکان و بڵانسی یەکلایی کردنەوەی نێوان (ڕۆیشتن و کۆتایی دەسەڵات) ، کارکردن لەسەر ئەمانە کارکردنە لەسەر نزیک بوونەوەی داڕمانی دەسەڵات ؛؛ (بزوتنەوەی گۆڕان کاتێک توڕە دەبێت و چەمکی ڕاستەقینەی توڕەبووەکانی سەرشەقام بەیان دەکات ، کە بتوانێت پانتایی خەڵک بجوڵێنێت) ... ڕاپەڕینەکانی ١٧ فابریوەر " لای گۆڕان خۆناسین و تاقیکردنەوەی سەرەتایی بوو ، ئێستا کاتی ئەوەیە کار لەسەر کێش بکات بۆئەوەی هێزی بەرامبەر بباتە سەر هەڵدێر بۆ خلکردنەوە .. کاری هێمنانەو ژیرانە لەنێو پرۆگرامێکی پڕ ئامانجدا دەمان گەیەنێتە ئەو شۆڕشە سەرانسەرییەی کەلەمیسرو تونس و وڵاتانی دیکتاتۆر ڕماندا بینیمان ،، ئەم هیوایە دەمان گەیەنێتە ئەو ڕستەیە کەگۆران تاوانبارەکان هەرلەئێستاوە ئامادە دەکات بۆبەردەم داداگا .. هەرلەئێستاوە تاوانبارەکان لەقەفەزی دادگادا لەزەهنی خەیاڵماندا دادگایی دەکرێن ، چونکە گۆران گەر لەسەر ئەم سکەیەی ئێستا بۆ چەند مانگێکی تر ڕابوەستیت و قیتاری کارکردنی هەڵنەدێرێت ، پشت بەخوا خەونەکانمان دێتە دیی ..
کونجــرینی
12/08/2011





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە