هەڵسەنگاندى وەڵامەكانى(ئاشتى هەورامى) لە ڕوانگەى فراكسیۆنە جیاوازەكانى نێو پەرلەمانى كوردستانەوە..

Wednesday, 21/10/2009, 12:00

1895 بینراوە


یاساناسێك:" خۆ پەرلەمان دیوەخان نیە میواندارى تێدا ڕێكبخرێت ..!
ڕۆژى دووشەممە 19-10-2009- پەرلەمانى كوردستان شەشەمین كۆبونەوەى خۆى ئەنجامدا .. كۆبونەوەكان وەك پێشتر باسكرابوو تایبەت بوو بە بانگهێشتكردنى وەزیرى سامانە سروشتیەكان (د.ئاشتى هەورامى) بۆ لێپرسینەوە لەو تۆمەتانەى كە ڕووبەڕوى دەكرێتەوە سەبارەت بەگرێبەستە نەوتیەكانى حكومەتى هەرێمى كوردستان لە گەڵ كۆمپانیایەكى نەرویژى. فراكسیۆنە جیاوازەكانى ناو پەرلەمانى كوردستان هەریەكەیان بە جۆرێك كۆبونەوەكان بە گشتى و وەڵامەكانى وەزیرى سامانە سروشتیەكان هەڵدەسەنگێنێت..
سەرۆكى فراكسیۆنى خزمەتگوزارى و چاكسازى (عمر عبدالعزیز) .پێى وابوو كە وەڵامەكانى وەزیر زۆر جێگەى بڕوانەبوو . وە لەوەڵامەكانى وەزیرى سامانە سروشتیەكاندا جۆرێك لە تۆمەت باركردنى پەرلەمانتارانى ئەم خولەى تێدابوو بە بێ ئاگاییان لە شێوازى مۆركردنى ئەو گرێبەستانە.وە نیگەرانى خۆى لە بارەى سنوردانانى سەرۆكایەتى پەرلەمان بۆ پرسیارى پەرلەمانتاران بۆ وەزیرى سامانە سروشتیەكان خستەڕوو .. لەو بارەیەوە (عمر عبدالعزیز) لە لێدوانێكى تایبەت بە سایتى یەكگرتووى ڕاگەیاند " بەڕاستى وەڵامەكانى وەزیرى سامانە سروشتیەكان (ئاشتى هەورامى) جێگەى باوەڕى ئێمە نەبوو وەك چۆن دەڵێن (كافى- شافى) نەبوون.. ناوبراو ئاشكراشى كرد " لە قسەكانى بەڕێز وەزیرى سامانە سروشتیەكان وا دەرئەكەوت كە پەرلەمانتارانى ئەم خولە تۆمەتبار بكات , بەوەى كە بڵێ ئەم خولەى پەرلەمانتاران بێ ئاگان لە چۆنێتى واژۆ كردنى ئەو گرێبەستانەو وردەكاریەكانى, سەرۆكى فراكسیۆنى خزمەتگوزارى و چاكسازى ئەوەشى خستە ڕوو " دیارى كردن و سنور دانان بۆ پرسیارەكان زۆر جێگەى ناڕەزایى پەرلەمانتاران بوو. بە تایبەت كە بە پێى ڕێژەى كورسیەكان پرسیارەكان دیارى كرابوو , ئاماژەى بەوەشدا كە لە لایەن خودى پەرلەمانتارانى لیستى كوردستانیەوە پرسیارى زۆر كاریگەر ڕووبەڕووى وەزیر كراوەتەوە.وتیشى " من وەك خۆم داوام كردووە كە لیژنەیەك بۆ بەدواداچون پێك بهێنرێت وە داواشم كردووە كە لەمەودوا گرێبەستە نەوتیەكان بهێنرێتە پەرلەمان.
بەیان احمد بەروارى پەرلەمانتارى لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازى هاوبۆچون لەگەڵ سەرۆكى فراكسیۆنەكەى پێى وایە ەڵامەكانى وەزیر زۆر جێى باوەڕ نەبوون , ئاماژە بەوە دەكات كە سور دەبن لەسەر داواكارى خۆیان , وە داواى پێكهێنانى لیژنەیەكیش دەكەن بۆ بەدواداچونى ڕاستیەكان,, لەو بارەیەوە (خاتوو بەیان احمد بەروارى) لە لێدوانێكى تایبەت بە سایتى یەكگرتووى ڕاگەیاند " ئێمە وەك لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازى داوامان كرد كە ئەو وەزیرە بانگ بكرێتە پەرلەمانى كوردستان بۆ لێپرسینەوە, بەڵام وەڵامەكانى زۆر جێى بڕواى ئێمە نەبوو وە لە ئاست پێویستدا نەبوو , وتیشى" ئێمە سورین لەسەر داواكاریەكانمان سەبارەت بە پێكهێنانى لیژنەیەك بۆ بەدواداچونى ڕاستیەكان.)
لیستى گۆڕان كە خاوەنى (25) كورسى پەرلەمانیەوە , هاوشێوەى ئەندامانى لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازى پێیان وایە هەندێك لەو وەڵامانە لە جێى خۆیدا نەبوو,پەرلەمانتارێكى لیستى ئاماژەپێكراو. باس لەوە دەكات كە پەرلەمان بە پێى یاساى نەوت و گاز كە لە پەرلەمانى پێشوودا پەسەند كرا بۆیان نیە بە دواى گرێ بەستە نەوتیەكاندا بچن, بەڵام ئەوان وەك پەرلەمان لە دەرگایەكى ترەوە چاودێرى دەكەن ئەویش وەك یەكێك لە ئەركەكانى پەرلەمان كە چاودێرى كردنى كارەكانى حكومەتە, لەو بارەیەوە (د. زانا رەئوف) ئەندامى فراكسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى كوردستان لە لێدوانێكى تایبەت بە سایتى یەكگرتووى ڕاگەیاند " لەگەڵ ئەوەى هەندێك بابەتى گرنگ لە دانیشتنەكانى دوێنێى پەرلەمانى كوردستاندا وروژێنران كە دەكرێت لە داهاتوودا سودى لێ وەربگرین .بۆیە ئێمە قەناعەتمان بە هەندێك لەو وەڵامانە هەبوو وە هەندێكیش وەك پێویست وەڵامى نەبوو .ناوبراو وتیشى : ئەگەرچى بە پێى یاساى نەوت و گازى پەرلەمانى كوردستان بۆى نیە بەدواداچون بۆ كارى ئەو گرێبەستانە بكات,بەڵام ئێمە وەك پەرلەمان لە دەرگایەكى ترەوە دەچین ئەویش یەكێك لە ئەركە گرنگەكانى پەرلەمانى كوردستانە كە چاودێرى كردنى كارەكانى حكومەتە لە لایەن پەرلەمانەوە.
(د.ێباح بەرزنجى) پەرلەمانتار پێى وایە كە دانیشتنە كانى دوشەممەى پەرلەمانى كوردستان لە دانیشتنى پەرلەمان نەدەچوون . ئاماژە بەوە دەكات كە وەڵامەكانى وەزیر هەندێكى كرد بە ژێر لێوەوە وە هەندێكیشى وەڵام نەدایەوە ,وە پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان وەك دەست وپێى پەرلەمانتارى بەستووە.. لە هەمانكاتدا سنوردانان و ڕێگرتن لە پەرلەمانتاران بۆ پرسیارەكان بە جۆرێك لە پشتیوانى كردن لە پەرلەمان بۆ وەزیرى سامانە سروشتیەكان لێك دەداتەوە.. لەوبارەیەوە ..پەرلەمانتار (د.ێباح بەرزنجى) لە لێدوانێكى تایبەت بە سایتى یەكگرتووى ڕاگەیاند " بە شێوەیەكى گشتى دانیشتنەكانى ڕۆژى دووشەممەى پەرلەمانى كوردستان لە دانیشتنى پەرلەمان نەدەچوو . چونكە بەڕاستى نەتوانرا وەك پێویست پرسیارەكان ئاراستەى وەزیر بكرێت سنور دانرابوو بۆ پریساركردن , وەزۆربەى وەڵامەكان نەدرانەوە كران بە ژێر لێوەوە. بەرزنجى وتیشى " كە پەیڕەوى ناوخۆیى پەرلەمان دەست و پێى ئەندامەكانى بەستۆتەوە چونكە هەموو شت لە دەست سەرۆكایەتى پەرلەمانە , ناوبراو لە لێدوانە تایبەتیەكەیدا بۆ سایتى یەكگرتوو ئەوەشى خستە ڕوو " كە سنوردانانى پەرلەمانى كوردستان لە بەردەم پەرلەمانتاران بە جۆرێك لە پشتیوانى سەرۆكایەتى پەرلەمان بۆ وەزیرى سامانە سروشتیەكان لێك دەدەنەوە.
فراكسیۆنى بزوتنەوەى ئیسلامى كوردستان كە خاوەنى دوو كورسى پەرلەمانیە بە هەمان شێوەى فراكسیۆنەكانى ترى ناو پەرلەمانى كوردستان (جگە لە فراكسیۆنى كوردستانى) تێبینى و سەرنجى خۆیان هەیە لەسەر شێوازى كۆبونەوەكانى پەرلەمانى كوردستان , پێشیان وایە كە ڕەچاوى دادگەرى نەكراوە وە دەبوایە ڕێگە بە ئەندامانى تر بدرایە تا پرسیارى خۆیان ئاڕاستە بكەن .وە شەفافیەت تێدا بەدى نەدەكرا ,سەرەڕاى ئەوەش وەزیر بە هەڵە تێگەیشتووە لە داواى ئەندام پەرلەمان بۆ دروستكردنى لیژنە, بەڵام سەرۆكایەتى پەرلەمان ڕێگر بووە لە ئەندامان تا ڕونكردنەوە لەو بارەیەوە بدەن..
لەو بارەیەوە (د.احمد وەرتى) ئەندامى پەرلەمانى كوردستان لەسەر لیستى بزوتنەوە لە لێدوانێكى تایبەت بە سایتى یەكگرتووى ڕاگەیاند " ئێمە وەك لیستى بزوتنەوە سەرەڕاى ئەوەى كە تێبینى خۆمانمان لەسەر وەڵامەكانى وەزیر هەبوو , وە تێبینیشمان لەسەر شێوازى ڕێكخستن و بەڕێوەبردنى كۆبونەوەكانى پەرلەمان هەبوو چونكە شێوازێكى دادپەروەرانە بەڕێوە نەچوو , دەبوایە ڕێگە بدرایە بە ئەندامەكان بۆ پرسیاركردن و گفتوگۆ بەڵام لەلایەن سەرۆكایەتى پەرلەمانى كوردستانەوە ڕێگر بوون. وەرتى ئەوەشى بۆ سایتى یەكگرتوو خستەڕوو " كە ئەوان لەگەڵ داواكاریەكەى لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازیدا بوون سەبارەت بە پێكهێنانى لیژنەیەك بۆ بەدواداچونى ئەو گرێبەستانە تا شەفافیەت زیاتر بێت بەڵام وەك ئاماژەى پێدا دیاربوو وەزیر بە هەڵە واى زانى بوو كە ئەوە كارى پەرلەمانە بۆیە وەزیر پێى وتون كە كارى ئەندام پەرلەمان بەدواداچوون نیە بەڵكو پێشكەشكردنى پڕۆژە یاسایە. وتیشى : هەرچەند هەوڵمان دا كە ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە ڕاست بكەینەوە بەڵام لە لایەن سەرۆكایەتى پەرلەمانەوە ڕێگریمان لێكرا!!
پێچەوانەى بۆچون و سەرنجى هەموو فراكسیۆنەكانى پەرلەمانى كوردستان (سۆزان شهاب) سەرۆكى لیستى كوردستانى لە پەرلەمانى كورستان پێى وایە كە هەموو وەڵامەكانى وەزیر لە جێى خۆى بوو وە ڕەخنەگرتنى پەرلەمانتاران و لیستەكانى ترى نێو پەرلەمان بۆ نەشارەزایى و بێ ئاگایى پەرلەمانتارانى ئەم خولەى پەرلەمان دەزانێت . پێشى وایە كە هیچ لەو تۆمەتانە نەتوانرا ساغ بكرێتەوەو بسەپێنرێت بەسەر وەزیرى سامانە سروشتیەكاندا لەو بارەیەوە : سەرۆكى لیستى كوردستانى (سۆزان شهاب) لە لێدوانێكى تایبەتدا بە سایتى یەكگرتووى ڕاگەیاند " لە میواندارى كردنى پەرلەمانى كوردستان بۆ وەزیرى سامانە سروشتیەكان بەڕێز (د.ئاشتى هەورامى) ئێمە بڕواى تەواومان بە هەموو وەڵامەكانى وەزیر هەبوو وە نەشتوانرا هیچ لەو تۆمەتانەى كەڕووبەڕووى كراونەتەوە بسەلمێت وە دەركەوت كە ئەو كێشەیە نە لە دوور نە لەنزیك هیچ پەیوەندى بە هەرێمى كوردستانەوە نیە , بەڵكو ئەو كێشەیە پەیوەندى بە بە خودى بۆرسەكە وەكۆمپانیاكەوە هەیە.. ناوبراو وتیشى : لە بەر ئەوەى ئەو ئەندام پەرلەماندا لە خولى پێشوودا ئەندام نەبوون بۆیە هیچ ئاگادارى شێوازى ئەوگرێبەستانە نین و شارەزانین ,چونكە من بۆ خۆم ئەندام پەرلەمانى پێشوو بووم شارەزاو ئاگادارى شێوازى بەستنى ئەو گرێبەستانەم و دەزانین چۆن مۆركراوە.
ئیسماعیل گەڵاڵى) پەرلەمانتارى لیستى گۆڕان سەرجەم قسەكانى (سەرۆكى فراكسیۆنى) كوردستان ڕەت دەكاتەوە .لەو بارەیەوە تایبەت بە سایتى یەكگرتووى ڕاگەیاند " وەڵامەكانى (ئاشتى هەورامى) بەڕاستى لە ئاستى وەزیر نەبوون , بۆ نمونە كە باسى (مینحە) ى دەكرد خۆیان بە سوپەرمان دەزانى لە چاو وەزارەتى نەوتى عیراقیدا بەوەى ئەوان وەك وەزارەتى سامانى سروشتى نزیكەى (32) گرێبەستى نەوتیان مۆركردووە .كە بە پێى ستاندەرى جیهانى لە5% دەدرێتە ئەو كۆمپانیایە , بەڵام ئەمان لە 15% یان داوەتە هەریەك لەو كۆمپانیایە..بۆیە ئەم وەزارەتە زۆر شانازى بە خۆیەوە دەكرد لە كاتێكدا ناڕونترین وەزارەت بووە زۆر بەلاسارى بە بێ منەتى كارى خۆى دەكرد تا توشى ئەو ئابڕوچونە گەورەیەى كرد. ناوبراو وتیشى " لە ڕاستیدا دانیشتنەكانى دوێنێ بۆ لێپرسینەوە نەبوو ,,درێژە پێدەرى ئەو سیاسەتە بوو كە وەزیر خۆى دایڕشتووە ئەگینا لەسەر داواى ئێمە نەهاتۆتە پەرلەمان بەڵكو وەك هەفتەى پێشتر بینیمان كە وەزیر لەگەڵ میدیا ئەهلیەكاندا كۆبونەوەیەكى سازكرد بۆ ئەوەى ئەو ڕاگەیاندنانە ئەوەندە هێرش نەكەنە سەرى. وەدوشەممەش كە هاتە پەرلەمان وەك هەنگاوى دووەمى سیاسەتەكەى هات تا لەڕێگاى پەرلەمانەوە تۆزێك ڕووى خۆى لاى میللەت و هەمووان سپى بكاتەوە.
گەڵاڵى ئەوەشى بۆ سایتى یەكگرتوو ئاشكراكرد " كە ئەگەر بێت و ئەوان وەك فراكسیۆنى گۆڕان وە فراكسیۆنى خزمەتگوزارى و چاكسازى كار بۆ ئەوە بكەن كە وەزیرێك (استجواب) بكەن ئەوا ناتوانن و سەركەوتوو نابن .چونكە بەوتەى ئیسماعیل گەڵاڵى پەرلەمانتار حكومەت لە ناو پەرلەماندا (59) پارێزەر(محامى) هەیە كە ئەندامەكانى لیستى كوردستانین, چونكە ئەوان نوێنەرى خەڵك نین لە پەرلەمان ئەوان محامى حكومەتن لەناو پەرلەماندا, وتیشى " ئەگەر ئێمە بە پێى وتەى سەرۆكى فراكسیۆنى كوردستانى و وەزیرى سامانە سروشتیەكان ئەم ئەندامانە ئاگادارى ئەو گرێبەستانە نین ئەوا سەرۆكى فراكسیۆنى كوردستانیش وادیارە ئاگادارى ئەو (2500) ڕاپۆرتى گەندەڵیە نیە كە هاتۆتە پەرلەمانەوە بۆیە ئێمە لەسەر سەرۆكەكەى ئەو سكاڵا لەسەر ئەو گەندەڵیانە تۆمار دەكەین لە دادگا,, لە كۆتایى وتەكانیدا (ئیسماعیل گەڵاڵى) پەرلەمانتارى فراكسیۆنى گۆڕان ئاماژەى دا بەوەى " كە هەستیان كردووە ئەوانەى لە لیستى كوردستانى پرسیاریان ئاڕاستەى وەزیر دەكرد بە تایبەت كە پرسیارى كاریگەرو توند بوو ڕووبەڕووى وەزیریان كردەوە بە تایبەت پرسیارەكەى (د.ڕەفیق سابیر) جۆرێك لە ناكۆكى وململانێ لە نێوان یەكێتى و پارتى هەیە لەسەر ئەم وەزارەتە .
هەڵسەنگاندنى یاساناسان بۆ كارو بارو كۆبونەوەكانى دەسەڵاتى یاسادانان جۆرێكى ترە,یاساناسان پێیان وایە خۆى ناوهێنانى بانگ كردنى وەزیر بۆ لێپرسینەوە وەك میواندارى پەرلەمان زۆر هەڵەیە و نایاساییە چونكە لە یاسادا شتێك نیە بە ناوى میواندارى كردن لە پەرلەماندا وەك باسى دەكەن خۆ پەرلەمان دیوەخان نیە تا میواندارى تێدا بكرێت.وە ڕێگە نەدان و سنوردانان پێش كۆبونەوەكان لە لایەن سەرۆكایەتى پەرلەمانەوە بە نایاسایى یەكى ترى پەرلەمانى كوردستانى ناودەبەن,, وەپێشیان وایە ئەگەر ئەو تۆمەتانە بەسەر وەزیردا ساغ بێتەوە ئەوا داواكارى گشتى دەبێت داوا بەرز بكاتەوە بۆ دادگا تا وەزیر و هەموو ئەوانەى لە دورو نزیك ئاگادارو پەیوەندیدارن ڕاپێچى بەردەمى دادگا بكرێن, وە هەر بەرگریەكیش لەو وەزیرە لە ئێستادا لە لایەن لیستى كوردستانیەوە بە قسەو كارێكى سیاسى دەزانن نەوەك یاسایى.
لەو بارەیەوە پارێزەرو یاساناس (عوسمان شێخ ێدیق) پارێزەرى گۆڤارى لڤین) لە لێدوانێكى تایبەت بە سایتى یەكگرتووى ڕاگەیاند " لە ڕووى یاساییەوە بە پێى پەیڕەوى ناوخۆیى پەرلەمان دوو ڕێگا هەیە. یەكەمیان ئاڕاستە كردنى پرسیار لە لایەن ئەندام پەرلەمانەوە بۆ ڕونكردنەوەى هەر بابەتێك كە ئەندام پەرلەمان لە حكومەت یا خود وەزیرى ویست, دواى ئەوەى وەزیر وەڵامى دایەوە ئەندام پەرلەمان قەناعەتى بە وەڵامى ئەو وەزیرە نەبوو ئەوە وەزیرەكە بانگهێشتى پەرلەمان دەكرێت بۆ لێپرسینەوە نەك بۆ میواندارى وەك لە ڕاگەیاندنەكانى دەسەڵاتەوە ئاماژەى پێدرا, چونكە خۆ پەرلەمان دیوە خان نیە میواندارى تێدا ڕێك بخرێت! بەڵكو پەرلەمان شوێنى دەركردنى یاساو دەسەڵاتى یاسادانان و چاودێرى كردنى كارەكانى حكومەتە,دەربارى شێوازى ڕێگە پێدانى پرسیاركردن لە لایەن سەرۆكایەتى پەرلەمانەوە بۆ دیارى كردنى پرسیارى لیستەكان بە پێى ڕێژەكانیان ئەو یاساناسە وتى : ئەوە شتێكى نایاسایە كراوە كورسى و ڕێژەى پەرلەمان لەو حاڵەتانەدا هیچ گرنگیەكى نیە, خۆ ئەگەر دەڵێن ڕێكخستنى كۆبونەوەكان لە دەست سەرۆكایەتیە و ئەمە وەك ڕێكخستن ئەنجامدراوە ئەوا دیسانەوە نا یاساییەكى ترە چونكە دەبوایە لە ناو كۆبونەوەكان ئەوە بكرێت نەك پێش كۆبونەوەكان ئەو جۆرە ڕێكخستنە بكرێت.عوسمان شێخ ێدیق ئەوەشى بۆ سایتى یەكگرتوو ئاشكرا كرد كە بەرگرى كردنى لیستى كوردستانى لە وەزیرى سامانە سروشتیەكان بەوەى ئەم ئەندام پەرلەمانانەى تر ئگادارى كۆبونەوەكانى پێشتر نەبوون ئەوا قسە و بەرگرییەكى سیاسیە نەك یاسایى. ڕونیشى كردەوە ئەگەر ئەو تۆمەتانە بچەسپێنرێت ئەوا دەبێت داواكارى گشتى داواى یاسایى دژى وەزیر و هەموو ئەوانەى لە دوورو نزیك پەیوەندیدارن تۆمار بكات لە دادگا, تا بە سزاى یاسایى خۆیان بگەن.ئاماژەشى دا بەوەى كە با كابینەى نوێش پێك بێت ئەوا ئەو كەسە (وەزیر) ەى گرێبەستەكەى مۆركردووە هەر ئەو ڕوبەڕووى یاسایى دەكرێتەوە نەك وەزیرى نوێ لە كابینەى شەشەمدا.
تێبینى...پەراوێز بۆ وە بیرهێنانەوەى خوێنەرانى بەڕێز پەرلەمانى كوردستان لە یەكەم كۆبونەوەیدا (افتتاحى) كۆبونەوەكانى خۆى بە نایاساییەكى زەق دەستى پێكرد ئەویش سەرەڕاى ئەوەى كەدەستەى سەرۆكایەتى پەرلەمان بە تەزكیەى حزبى دانران, كە وەك باسى لێوەدەكرا.. بەڵام ئەوەى كە باسى لێوە نەكرا گواستنەوە و كۆبونەوەى پەرلەمان بوو لە هۆڵێكى تر كە دەبوایە بە پێى یاسا ڕەزامەندى ئەندامان لەسەر ئەو جێگایەى جگە لە هۆڵى پەرلەمان خۆى وەربگیرێت بۆ كۆبونەوە..!!!!






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە