وه‌ڵامێك بۆ وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب ، به‌رێوه‌به‌ری ده‌زگای ئاراس

Friday, 23/04/2010, 12:00

1973 بینراوە


كێشه ‌له‌گه‌ڵ وه‌لامه‌كه‌ى به‌دران دا له‌وه‌دایه ‌ئه‌و به‌زمانێكی مرۆڤیانه‌ وه‌لامى نه‌داوه‌ته‌وه‌، زمانه‌كه‌ی زمانی دڕنده‌یه‌ نه‌ك مرۆڤ، زمانێكه‌ تۆقاندن و تیرۆرى لێ ده‌بارێت . زمانی مرۆڤ ده‌بێ به‌لای هندكه‌وه ‌نیانییه‌كی تێدا بێ تا مرۆڤ له‌ئاستیدا نه‌تۆقێ و هه‌ڵنه‌یه‌. هه‌مووئه‌وانه‌ى وه‌ك به‌دران بیرده‌كه‌نه‌وه‌ و شه‌ریك شعورن و له‌ حیزبێكى تره‌وه‌ سه‌نگه‌ریان گواستوه‌ته‌وه‌ له‌م نه‌ریته‌دا وه‌ك یه‌كن، له‌رۆشنبیر و مونه‌زیرێكیانه‌وه‌ بگره‌ تا ئه‌و به‌رپرسانه‌ى كه‌ پاره‌ى بودجه‌یان بۆ خستونه‌ته‌ قاسه‌كانیانه‌وه‌. من به‌نیاز نه‌بووم له‌گه‌ڵ به‌دراندا وتووێژ بكه‌م و وه‌لامى بابه‌ته‌كه‌ى بده‌مه‌وه‌ به‌ڵام وه‌ڵامه‌ ئاگراوییه‌كه‌ی بۆ به‌یاننامه‌كه‌ى مه‌كته‌بى راگه‌یاندنى یه‌كگرتووی ئیسلامی ناچاری كردم وه‌ڵامێكى هاوشێوه‌ى نوسینه‌كه‌ى خۆى بده‌مه‌وه‌. خۆزیاش ئه‌و بابه‌ته‌ى ئه‌و له‌مه‌ستى و كۆ رقى (به‌دران) له‌گه‌ل ئیسلام و ئیسلامیه‌كاندا نه‌نووسرایه‌و ناوه‌ڕۆكێكی هزریی تێدا بوایه ‌تا مرۆڤ بیتوانیایه‌ دانوستاندنێكی له‌گه‌ڵدا بكا. چی ده‌كه‌ی؟ كوردی كڵۆڵ له‌وه‌ش بێبه‌شه‌ به‌ناو رۆشنبیره‌كانى له‌هی ئۆمه‌ت بچن.

\"كۆواری وێران كه‌تنێكی كردووه‌\"، كه‌ ئه‌مه‌ راستیه‌كه‌ نكوڵى لێناكرێت، به‌ڵام ئه‌و كۆواره‌‌ ئه‌وه‌نده‌ ناسراو و ناودارنیه‌ به‌لام به‌دران ویستى شه‌قامه‌كه‌ تاقى بكاته‌وه‌ و بزانێت ئیسلامیه‌كان چى ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر وه‌ڵامیان هه‌بوو ئه‌وه‌ لێیان ده‌كاته‌ هه‌را و ده‌ڵێت دژ به‌ رۆشنبیرى و كرانه‌وه‌ن و خۆ ئه‌گه‌ر وه‌لامیشیان نه‌بوو ئه‌وا له‌ چه‌ند كه‌ناڵێكه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ موزایه‌ده‌ به‌سه‌ریانه‌وه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى چاوه‌روانى ده‌كرد بینی ته‌نانه‌ت ئه‌و مامۆستایانه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ خۆشیاندان ئه‌و سه‌هوو خراپ نوسینه‌یان لێ قبوڵ نه‌كردن و ده‌ركه‌وت شه‌قامى كوردى له‌گه‌ڵ بیر و هزرى ئیسلامیه‌كاندایه‌، ئه‌مه‌ش نه‌ریتی به‌دران و شه‌ریك شعوره‌كانیه‌تى و چه‌ندان ساڵه‌ بۆیان نه‌چووه‌ته‌سه‌ر. به‌رده‌وام سوكایه‌تى به‌دین و پیرۆزیه‌كانى ده‌كه‌ن و هه‌میشه‌ش یه‌كگرتوو له‌سه‌نگه‌رى داكۆكیكارى یاسایى مه‌سه‌له‌ نیشتمانى و ئاینیه‌كاندایه‌، به‌جۆریك نوسه‌ره‌ به‌ویژدانه‌كان ئه‌و زیاده‌ره‌ویه‌ى به‌درانیان پێ قبول ناكرێت.

به‌ڵام من له‌وزمانه‌ نزم و داشۆراوه‌ له‌ هه‌موو قیه‌مێكى كۆمه‌لایه‌تى و ئینسانى ناترسم، به‌دران و شه‌ریك شعوره‌كانى ئه‌و كه‌سانه‌ نین له‌ كۆمه‌لگه‌دا پێگه‌ و جێگه‌یان هه‌بێت تا كاریگه‌رییان هه‌بێت. بۆ ئه‌مه‌ش پێویست به‌به‌ڵگه‌ ناكات ‌كه‌س به‌دوعاى به‌دران ناڵێت ئامین و ته‌نها رێگه‌یه‌ك كه‌ هه‌بێت له‌به‌رده‌ستیاندا تیرۆر و تۆقاندنه‌ ئه‌ویش ئه‌گه‌ر بتوانن ئه‌وه‌ یان ده‌سه‌لاته‌ یان لاوازى ده‌سه‌لات.

پرسی ئه‌م به‌درانانه‌ كورت و ئاشكرایه‌، له‌هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كه‌ی پێشوودا ئیسلامیه‌كان به‌ تایبه‌ت یه‌كگرتوو ده‌نگێكى زور باشى به‌ده‌ست هێنا. ئه‌مه‌ شێت و شووری كردوون. له‌پاش ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌ن تووشارن به‌ده‌ردی مردن و ڵپووكانه‌وه‌ و چیان چاندبوو سه‌وز نه‌بوه‌و كوردستان به‌گوڵى جوانى یه‌كگرتوو بالاى پۆشیوه‌. بۆیان ده‌ركه‌وت ئه‌و خه‌یاڵه‌ی له‌سه‌ری خه‌وتبوون پووچ بوو. له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ساڵی 1992ه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ یه‌كگرتوو له‌ به‌روه‌پێش چوندایه‌.

دۆڕان ناخۆشه‌ بێگومان. پووچ ده‌رچوونی به‌رنامه‌ مرۆڤ په‌رێشان و ریسوا ده‌كا، ڕاسته‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مرۆڤ مرۆڤێكی هه‌ست به‌به‌رپرسیاریكه‌ر بێ، سوود له‌دۆڕان وه‌رده‌گرێ و به‌خۆیدا ده‌چێته‌وه‌. به‌دران و شه‌ریك شعوره‌كانى له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌، خۆیان تووشی هیستیریا كردووه‌. براینه‌: كه‌وتن شه‌رم نییه ‌به‌لام شه‌رم ئه‌وه‌یه‌ نامۆ بیت به‌كۆمه‌لگه‌.

نموونه‌یه‌ك ده‌هێنمه‌وه‌ به‌دران وده‌سه‌لاتداران تا پێیان كرابێت ساحه‌ سیاسیه‌كه‌یان به‌جۆرێك لێ كردوه‌ كه‌ ده‌رئه‌نجام به‌سلبى بشكێته‌وه‌ به‌سه‌ریاندا زۆرجار پشتیوانیان له‌ گوتارێك كردوه‌ بۆ لاواز كردنى یه‌كگرتوو بۆیان كرا بێت ده‌نگیان كۆكردوه‌ته‌وه‌ بۆ لایه‌نێكى تر بۆ لاواز كردنى یه‌كگرتوو به‌ڵام ئه‌ویش سه‌رى نه‌گرت له‌م سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مه‌دا گریانت بۆ یه‌كێك دێ وا بیر بكاته‌وه‌، یان پێی وا بێ خه‌ڵك باوه‌ڕ به‌م گه‌مه‌ سیاسیه‌‌ده‌كات. ئه‌وه‌ی ئێستاش به‌بۆنه‌ی به‌یاننامه‌كه‌ى مه‌كته‌بى راگه‌یاندنه‌وه‌ به‌دران كردویه‌تى داماوییه‌كه‌ له‌جۆری ئه‌وگه‌مه‌ سیاسیه‌یان ، گه‌وجانه ‌تریشه‌. ئاخۆ تا ئێستا كه‌س به‌هۆی به‌یاننامه‌یه‌كه‌وه‌ رووخاوه‌؟ ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌خۆ و له‌خه‌ڵك شێواندنه‌. بێگومان به‌دران و شه‌ریك شعوره‌كانى ناتوانن له‌خه‌ڵك بشێوێنن، ئه‌وان به‌رده‌وام له‌خۆیان ده‌شێوێنن. له‌به‌رئه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی به‌ته‌مای په‌ڕینه‌وه‌ی بێ سه‌رئێشه‌بێ له‌پرسى سیاسیدا، ده‌زانێ ده‌بێ به‌كرده‌وه‌ی خۆی پێی بگات نه‌ك بێ حورمه‌تى كردن به‌رامبه‌ر پێغه‌مبه‌ران. خه‌ڵكی ئه‌م وڵات و ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ئه‌وه‌نده ‌له‌مێشكدا رووت و ره‌جاڵ نین نه‌زانن چى ده‌گوزه‌رێت. ئه‌وه‌ی بیه‌وێ بگا به‌كورسیی ده‌سه‌ڵات ده‌بێ به‌رنامه‌ی بۆ ئه‌م دنیایه‌ هه‌بێ، نه‌وه‌ك په‌لامارى مردوان و پیغه‌مبه‌رانى خوا بدات كه‌ ژیانیان مۆم بوه‌ بۆ روونكردنه‌وه‌ دونیاى مرۆڤایه‌تى.

بابێمه‌وه ‌سه‌ر وه‌لامه‌ ئاگراوییه‌كه‌ی به‌دران كه‌ته‌نیا یه‌ك شت تیایدا هه‌ڵوه‌سته‌ی پێ كردم، ئه‌ویش ئه‌و په‌رۆشی و خه‌مباری پێشاندانه‌ی به‌درانه‌ بۆ ئاینی مه‌سیحییه‌ت و یه‌هوودییه‌ت. ئه‌رێ خێره‌؟ ئه‌وه‌چه‌ندان ساڵه‌له‌م شاری مووسڵه‌ی ته‌نیشتمان رۆژانه ‌په‌یڕه‌وكارانی ئاینی مه‌سیحی قه‌ڵاچۆ ده‌كرێن و نه‌مانزانیوه ‌ئێوه‌ بزه‌له ‌لێوتان كه‌وتبێ، وا ئه‌مڕۆ بوون به‌خه‌مخۆر و سووتاویان. له‌هه‌موو ئاینه‌كاندا مرۆڤ رێز لێگیراوترین بوونه‌وه‌ره‌، ته‌نانه‌ت ئاینه‌كان خۆیان بۆ رێز لێگرتن و پارێزگاری له‌سه‌روه‌ریی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤ هاتوون. به‌ڵام وتاری فریوده‌ری به‌دران وشه‌ریك شعوره‌كانى ئه‌و دوو شته‌به‌جیا ده‌بینێ. به‌هه‌مان وتار په‌یڕه‌وكارانی مه‌سیح دێنه‌كوشتن و بێرێزى به‌رامبه‌ر پیغه‌مبه‌ره‌كان ده‌كه‌ن وبۆسه‌یان له‌موسلدا بۆ داده‌نین، شیوه‌نیش بۆ پیرۆزیی مه‌سیح و ئاینه‌كه‌ی دێته‌كردن. گه‌لۆ ئه‌مه‌چ مه‌هزه‌له‌و سه‌رلێشێواوییه‌كه‌.

ئه‌و عیسایه‌ی له‌ وێران دا سووكایه‌تیی پێ كراوه‌، له‌كۆمه‌ڵگه‌ی په‌یڕه‌وكارانی خۆیدا له‌ئه‌وروپا، رێزى لێ ده‌گیرێت و رێز له‌ ئاینه‌كانى تریش ده‌گرن مه‌گه‌ر ریزپه‌ریكى وه‌كوو به‌دران له‌ ئه‌وروپادا بێرێزى بكات. ئه‌وان پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی خۆیان خۆش ده‌وێ، به‌دڵۆڤان و په‌پووله‌ی سه‌ر گوڵانی ده‌بینن نه‌ك به‌دڕنده‌ی دڵتۆقێن.

باسی ئه‌وه‌ناكه‌م چۆن له‌ فرۆكه‌خانه‌كانى هه‌ولیره‌وه‌ كه‌سانى ئیسرائیلى به‌ پاسپۆرتى ئیسرائیلى داخڵى هه‌ولیر ده‌بێت له‌كاتیكدا به‌پێى یاساكانى عیراق (كه‌ ئێوه‌ په‌یره‌وكارى ئه‌و یاسایه‌ن) كارى له‌وجۆره‌ قه‌ده‌غه‌یه‌.

رۆشنبیرانی وه‌ك به‌دران، گه‌لێ جار به‌ئێمه ‌ده‌ڵێن دیموكراتیه‌ت بۆ هه‌موانه‌ و ئازادیش بۆ هه‌موو لایه‌ك به‌رقه‌راره‌‌، له‌كاتی ته‌نگژه‌كان و له‌كاتانه‌ى كه‌ ده‌سه‌ڵات نایه‌وێت چه‌وتی و به‌ره‌واژیی ئه‌م بۆچوونانه‌ هه‌مووی ده‌رده‌كه‌وێ. وه‌ڵامه‌ ئاگراوییه‌كه‌ی به‌دران باشترین به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌چه‌ند چاونه‌ترسه‌ له‌ هێرش و سوكایه‌تى كردن به‌ پیغه‌مبه‌ران و به‌ هێزگه‌لێكى شه‌رعى له‌ كوردستاندا. ئه‌گه‌ر ئه‌م زورناژه‌نانه‌ى ده‌سه‌لات فرسه‌تیان بۆ بره‌خسێت كوردستان خه‌ڵتانى خوێن ده‌كه‌ن و فه‌وزایه‌كى كۆمه‌لایه‌تى واده‌خوڵقێنن كه‌سه‌ر و بنى دیار نه‌بێت ئاخر ئه‌وان له‌ نه‌سلى چه‌كوش وداسن .

ئه‌م ساته‌كه ‌له‌نووسینی ئه‌م دژه‌ وتاره‌ بوومه‌وه‌هه‌مان به‌یته‌شیعرى مه‌حوی ده‌كه‌مه‌وه‌ دیارى بۆ به‌دران و شه‌ریك شعوره‌كانى:

كه‌ی له‌كن ئه‌حمه‌ق ده‌بێ حاجه‌تی دانا ره‌وا

قه‌ت ده‌كرێ چه‌رمه‌كه‌ر یا به‌عه‌با یا كه‌وا؟



هه‌ولێر 23/4/2010

تێبینى / ویستم هه‌مان زمان و هه‌مان و شه‌ و هه‌ندى جار هه‌مان رسته‌ش به‌كار بینم بۆ وه‌لامه‌كه‌ى به‌دران احمد بۆ ئه‌وه‌ى وه‌لامه‌كه‌ له‌ ره‌گه‌زى وه‌لامه‌كه‌ى ئه‌و بیت.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە